شەوێک دڵتەنگی لێرە بوو

0 367

سۆران ساڵح

بەنێو ڕستە تەزیوەکانی کەوتن هەنگاوم دەنا
بۆ بیرکردنەوە لە شێوەت
چەندین جار دەگەڕامەوە خاڵی سەرەتا
ترسم هەبوو دوای ڕۆیشتنت ئاوارەی شاقەمەکان بم
هەرچەنده گێڕانەوەکان وەک بیرەوەرییەکی تاڵ،
شتێکی تازەیان پێ نەبوو
بەڵام بیرم نایەت هاوارم کردبێت بۆ ئازاری شەوەکان
چونکە بەڵێنم دا هەموو شتێکتم خۆشبوێت شکان نەبێت
بەڵێنت دا هەموو شتێکمت خۆش بوێت ڕۆیشتن نەبێت
ئێستا تۆ ڕۆیشتوویت و
بەڵێنێک وەک حەسرەتی غەریبەیەک بۆ نیشتیمان،
بە ساردیی ماوەتەوە
بەڵام چونکە حەزم دەکرد
وەک جانتاکەی شانت نازم هەڵبگری
قەت بیرم لە ڕۆژە خراپەکانی ڕۆیشتنت نەدەکردەوە
چونکە وەک شاعیرێک،
گەرچی گۆرانییەکان بێ ویژدانانە دەیان کوشیم
بەڵام بۆ خاتری ئەو ڕۆژانەی دڵت ئاوێنەیەک بوو
بەختەوەری خۆم تیادا دەبینی
دووبارەم دەکردەوە و
بەڕووی ئازاردا پەنجەرەیەکی کراوە بووم.

ئاسان نییە ئەمە بڵێم
بەڵام بە چاوی جادەکان،
کە عامودێکی خوارە
ئەوە من بووم تەنیاییم بە شەقامەکان ناساند
چونکە هەر شەوێک کە بەم ڕێگایەدا دەڕۆیشتم،
وەک دەربەدەر و بێچارەکان لە سێبەری خۆم زیاتر
هیچم نەدەبینی هانەی بۆ بەرم.

دڵتەنگی سەرەتای کرانەوەیە بە ڕووی شکاندا
ئەوەی منی ڕاگرتبوو ئەوینت بوو
کرانەوەم بە ڕووی تۆدا
کرانەوەم بوو بە ڕووی جیهاندا.

بۆ ئەوەی بەردەوام بم، زوو تاریک داهاتم
چونکە یادت لەگەڵمدا بوو
قوڕسایی شەوەکان نەیان دەتوانی بمنێژن
هەرچەندە ڕێگاکان
سەبارەت بە سەختی ڕۆیشتن، نەرمیان دەنواند بۆ قاچەکانم
بەڵام نایشارمەوە
ئەم سەردەمە بێدەنگی لێنایەت
دەتوانم بە ناوی هەموو ئەو ڕۆژانە قسە بکەم
کە دەمانویست لە پشت بێدەنگبوون
برینێک بشارینەوە.

ژیان لێڵ بووە
هەمووان ئەو ڕاستییە دەزانن
وەک ئەستێرەیەکی پیر،
بیر لە ئاسمانێکی نوێ دەکەمەوە
بۆ مانەوە لێرە دڵم تەنگە
چونکە ڕابردووم خەمێکی قووڵە
ناتوانم حەزەکانم لەنێو ئەم شارە بەڕەڵڵا بکەم
ئەوانەی زوو ئێرەیان بەجێ هێشت، خۆشبەختن
من ناتوانم ئەم تەنیاییە بەجێ بێڵم و
بچمە نێو قەرەباڵغییەکی نەخۆشەوە
چونکە بە ئاگایانە ژیان دەکەم
ئەوەش وەک کێشەیەک ئازارم دەدات.

دەڕۆم و دەچمەوە نێو زستان
ئەوەی لەبەر بارانەکە وەستاوە، منم
هەوری تۆ کێیە؟
باشبوونی من کەوتووەتە کوێندەری ئێستا؟
ئەم پرسیارە درێژ دەبێتەوە و
خەیاڵم دەیبەستێت
خەوتن نایەت و
لەم دڵەڕاوکێیە دەرم بینێت.

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.