به نموونه‌ی شیعریی
سۆران محه‌مه‌ده‌سووره
ئه‌م تێگه‌یه بۆ یه‌كه‌مین جار نیتشه ساڵی 1859 وه‌ك ناونیشان بۆ شیعرێكی به ناوی بێ‌ماڵ (Ohne Heimath) به‌كاری هێناوه، كه دواتر تێگه‌ی بێماڵیی بوو به یه‌كێك له كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی (كه‌مال، 2021: 70)
دواتر باومان له كتێبه گرینگه‌كه‌ی خۆیدا “ئێمه له پۆست‌مۆدێرن نیگه‌رانین” له خوێندنه‌وه‌ی بۆ مرۆڤی پۆست‌مۆدێرن، ئاماژه به‌وه ده‌دات كه مرۆڤه‌كان له‌یه‌كتر جیاوازن و به‌سه‌ر چوار جۆر دابه‌شیان ده‌كات، كه جۆری دووه‌می ئه‌م مرۆڤه، مرۆڤی بێماڵه، له‌ڕوانگه‌ی “باومان”ـه‌وه، ئه‌م مرۆڤه خۆی وه‌ك گه‌ڕۆكێك وێنا ده‌كات، ئه‌مه‌ش بریتییه له هه‌ستی بێماڵیی و ئازادییه‌كی ڕه‌ها. ئه‌م مرۆڤه هیچ شوێنێك به ماڵی خۆی نازانێت، بۆیه هه‌میشه كۆچه‌ره و لە سه‌فه‌ر دایه. (هه‌ندرێن. 2010: 14)
بێماڵیی به یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییه سەرنجكێشانه داده‌ندرێت، كه شیعری نوێترخوازیی پێ ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌م هه‌سته بێماڵیییه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌كه‌ی نیتشه په‌ره ده‌سێنێت، كه فه‌لسه‌فه‌كه‌ی ڕوو له ئاسمان وه‌رده‌چه‌رخێنێت و ڕووی هزر و فه‌لسه‌فاندن؛ به‌ره‌و دوورگه دوور و بهرزاییییهكانی زه‌ویی، زهوینشین ده‌كات. ئه‌مه‌ش ده‌بێته ده‌س پێ كێك له شیعری نوێترخوازییدا، كه مرۆڤی له ئاسمان و بانسرووشت دابڕی و بووه هۆی بێماڵیی و ناسنامه‌یه‌ك له بۆشایییهكی نادیار له مرۆڤی پۆستمۆدێرندا؛ كه له‌سه‌ر زه‌وی به‌دوای ناسنامه‌یه‌كی تردا بگه‌ڕێت، كه دوای جێهێشتنی ئاسمان/ خودا وه‌ك چه‌ق و ماڵ وه‌ك فریادڕه‌س، ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر زه‌وی نیشته‌جێ ببێت.
ئه‌مه‌ش خۆبێماڵییكردنه، ئارامنهگرتنه له هیچ شوێنێك. ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی داهاتووه، به‌و ڕووهرگهڕاندنهی له ماڵی ئاسمان. ڕووه‌رچه‌رخاندنی به‌ره‌و زه‌وی، ڕووه‌رچه‌رخاندنه به‌ره‌و داهاتوو، “مرۆڤی بێ‌ماڵ به‌رده‌وام ڕوو له داهاتوو ده‌كات، به‌ڵام مادام ئه‌م مرۆڤه داهاتوویییه، یاخیبوویه‌كی مێتافیزیكه و ئاسمانچهقیهتیی ڕه‌تداوه، پێویسته ڕوو له داهاتووكردنهكهی داهێنه‌رانه بێت.” (كه‌مال. 2021: 73) داهاتوویه‌ك كه شاعیر له‌نێو وشه‌كانیدا وه‌ك ڕه‌وه باڵنده‌ی كۆچه‌ریی بۆی ده‌فڕێت. هه‌ر چه‌ند ئه‌م وشانه، بێ هیوان، به‌ڵام بێ هیوایییهكهی دوور له ڕه‌شبینییه، كه له‌نێو هه‌تاوی به‌یانییدا ده‌دۆزرێته‌وه. شاعیری بێ‌ماڵ خاوه‌ن ڕۆحێكی سرك و سه‌رشێته. هه‌ستی بێماڵیی كۆچه‌رییبوون و غهریبیییه، كه له هه‌موو شوێنێك هه‌ست به غه‌ریبیی ده‌كات و ده‌یه‌وێت هه‌میشه له كۆچ، سه‌فه‌ر و گه‌ڕاندا بێت. خودی ئه‌م هه‌سته سه‌رشێت و مه‌یلی گه‌ڕانه؛ بووه هۆكار كه ئه‌م مرۆڤ/ شاعیره‌ی له ماڵ دابڕاند و كردییه مرۆڤێكی بێ‌ماڵ، كه هه‌میشه سه‌رگه‌ردانه و هه‌ستی بێماڵیی حه‌جمینی لێبڕیووه. نه ده‌یه‌وێت به‌ره‌و ماڵه سهرهتایییهكهی بگه‌ڕێته‌وه، كه سێبووری پێ نابه‌خشێت، نه له بێماڵیییهكهشیی له حهجمیندا بژێت.
بۆیه ده‌بینین، شیعری نوێترخوازیی، هه‌ستێكی ڕووه‌و كۆچه‌ریی و بێماڵییت پێ ده‌به‌خشێت، یان له كاتی خوێندنه‌وه‌دا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌یت، كه خه‌ریكه به بێماڵیی و كۆچه‌رییبوون بارگاویی ده‌بیت. چونكه پشتكردن له ماڵی سه‌ره‌تاییی، زیاتر هه‌بوونی ڕۆحێكی شه‌یتانییه له مرۆڤ/ شاعیردا. چونكه ئه‌وه‌ی ڕه‌گێكی شه‌یتانیی نه‌بێت، خاوه‌ن مه‌یلێكی كۆچه‌ریی و بێماڵییش نییه.
به مانایه‌كی تر، شاعیر هه‌ست به بێماڵیی و كۆچه‌رییبوون ده‌كات، كه هه‌میشه ڕێگه‌كان ده‌خه‌نه سه‌ر هه‌ستێكی كۆچه‌ریی، ئیتر ئه‌م هه‌سته كۆچه‌رییه به ڕێگه‌كاندا ده‌یبات، به‌ره‌و ئاوه‌دانیی به‌رزایی و چیایه غروورگرتووهكان.
بێماڵیی و هه‌ستی بێماڵیی ده‌رگه‌یه‌كه به‌ره‌و داهاتوو، فڕینێكه به‌ره‌و لووتكه به‌رزه‌كان. بهڵێیهكه بۆ ژیان. هه‌ستی بێماڵیی هه‌ستێكی ڕاسته‌قینه‌یه، كه دوای تێكشكاندنی هه‌موو به‌ها و نه‌ریته پیرۆزه‌كان، پشتی له ماڵ كردووه. بۆیه شیعری نوێترخوازیی، هه‌میشه به‌ره‌و دوورگه، به‌ستێن و لووتكه به‌رزه‌كان ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌گه‌ڵ بازاڕ، ته‌كنه‌لۆژیا، كولتوورێكی جه‌ماوه‌ریی سارد تووش هاتووه، ئه‌م تووشهاتنهش وایكردووه شاعیر هه‌ست به بێماڵیی بكات.
شاعیری نوێترخواز له ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كانیدا له ڕێگه‌ی هه‌ست و مه‌یلی بێماڵیییهوه، نیگه‌رانییه‌كانی ئێستا و داهاتوو ده‌كاته كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی له ژیانه كۆچهریییهكهیدا. هه‌ستی كۆچه‌ریی و بێماڵیی شاعیر، بێداركردنه‌وه‌ی مرۆڤه له ترادیسیۆن، ژیانێكی جێگیر و غهیباویكراو. بۆیه شیعری نوێترخوازیی به هۆی ئه‌م هه‌سته كۆچه‌ریی و بێماڵیییه، هه‌میشه به ناوه‌ڕۆكێكی ڕووه‌و بزواندن هه‌نگاو ده‌نێت. ئه‌م هه‌سته بێماڵییه هه‌ر له‌ناو ده‌قدا ناژێت، به‌ڵكوو ژیانه بزواو و بیركردنه‌وه‌ی شاعیره، كه چۆن ده‌ژێت ئه‌وهاش ده‌نووسێت، ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌كی شاعیری پۆستمۆدێرنه كه پێی ده‌ناسرێته‌وه، كه ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی نووسینه‌وه‌وه، هه‌ستی بێماڵیی و كۆچهریییهكهی خۆی ده‌رببڕێت. به‌م شێوه‌یه شاعیری پۆست‌مۆدێرن له ڕێگه‌ی نووسینه‌وه، ئه‌و هه‌سته بێماڵیی و ژیانه كۆچهریییهی خۆی به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه و هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌سته به ڕێگاوه‌یه، بۆیه شیعری ئه‌م ته‌وژمه، به شیعری بهدهمڕێگهوهبوو خۆی ده‌ناسێنێت. چونكه له‌و “كۆمه‌ڵگه كۆنتڕۆلكراوهدا ده‌یه‌وێت وه‌ك كۆچی پۆله باڵنده‌یه‌ك له‌م ژیانه بڕوانین و تاقی بكه‌ینه‌وه” (جینسسن. 2005: 121) شاعیر دوای جێهێشتنی ماڵی ئاسمان، خۆی له دۆخێكی بێ‌ماڵ و بێلانه‌دا بینیه‌وه، ئه‌م بێماڵییهش وایكرد كه هه‌میشه له ژیانێكی كۆچه‌ریی و ڕێبوارییدا بێت و گوزه‌ر بكات.
ماڵه‌كه‌ی (ماڵی ئاسمان)، سووكنایی و به‌خته‌وه‌ریی بوو، به ڕووه‌رگێڕان له‌و ماڵه، مرۆڤ ئه‌و به‌خته‌وه‌ریی و خۆشخهونییهی كه هه‌یبوو، لێی داده‌بڕێت. بۆیه هه‌میشه هه‌ست به بێماڵیی و بێلانه‌یی خۆی ده‌كات و له هیچ شوێنێك داناكهسێت، چونكه هیچ شوێنێك ئه‌و بهختهوهریییهی پێ نابه‌خشێت. به‌ڵكوو واده‌كات هه‌رده‌م له كۆچ و گه‌ڕاندا بێت. نموونه‌ی ئه‌م بێماڵیی و هه‌ستی بێماڵیییهش له شیعردا به چه‌ند نموونه‌یه‌ك له “چیایه‌كانی من”ی هه‌ندرێن ده‌خه‌ینه ڕوو:
“جیهان له چیایهكانهوه ده‌ست پێ ده‌كا. دڵی ئاسمان له سنگی چیایهكانهوه ده‌زنێ. ئه‌و ده‌م من له‌وێم، له چه‌قی دونیادا وه‌ستاوم” (هه‌ندرێن. 2012: 12)
له‌م نموونه‌یه‌دا، جیهان له ئاسمانه‌وه ده‌ست پێ ناكات، به‌ڵكوو ئه‌وه ئاسمانه له چیایه‌كان/ له زه‌وییه‌وه ده‌س پێ ده‌كات، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، كه شاعیر ڕووی له ئاسمان وه‌رچه‌رخاندووه و زه‌وی كردووه‌ته نشینگه. واته له ئاسمان دابڕاوه و بێ‌ماڵ بووه، یان دوای بێماڵبوونی له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه وه‌ك كۆچه‌رێك به ڕێگه‌وه‌یه. بۆیه من له‌وێم، له چه‌قی دونیادا وه‌ستان، واته باوه‌شكردن به بێماڵیی له‌م سه‌رزه‌وییه‌دا و به‌دوای داهاتوودا ده‌گه‌ڕێت.
له شیعری هه‌ندرێندا، نه‌ك هه‌ر زمان، گوزارشت له بوون و زهوینشینیی ده‌كاته‌وه، ئه‌وه خودی ئه‌و زمانه‌ش به‌هۆی بێماڵیهكهی، زمانێكه كه له‌ماڵ ترازاوه و بێماڵه، ئه‌گه‌ر ماڵێكی هه‌بێت، ئه‌وه ئه‌و ماڵه، ماڵی “بێماڵیی” خودی زمانی شاعیر خۆیه‌تی. “له بیرهاتنه‌وه‌ی تۆیه زریكه‌ی ئه‌م زمانه له‌ماڵ ترازاوه.” (9)
له شوێنێكی تردا ده‌ڵێت: “جووڵه و چێژی لاملی كه له كۆچ و سه‌رگه‌ردانیمدا هه‌ڵقووڵاون. ژیانی من ئاماژه‌یه‌كه له فرچكگرتن به شۆڕشی جووڵه. ئاوه‌دانییه‌ك له ته‌نیایی، شۆڕشی ئێستایه.” (53). مرۆڤی بێ‌ماڵ لامله، هه‌میشه له جووڵه و سه‌رگه‌ردانیی دایه. بۆیه بێماڵیی و جووڵه‌كه‌ی شۆڕشێكه بۆ داهاتوو. داهاتوویه‌ك كه هه‌میشه له له‌رینه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كانی كۆچدا ده‌بینرێت. ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: “كه‌سێك له ئێستایه‌كی دڕدۆنگدا، گه‌ره‌كه هه‌میشه ڕابردوویه‌كی بزواوی هه‌بێ“. (56). بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕابردووه بزواو و جووڵه‌دار بكرێت، ده‌بێت له‌و ئێستایه‌دا، كه مرۆڤ تێیدا نیگه‌رانه و له كۆچ دایه، گه‌ره‌كه هه‌میشه له ڕێگه‌ی جووڵه و بزواوتنهوه ڕۆح به‌به‌ر بێماڵیی و ئه‌و دڕدۆنگییهدا بكات كه تێیدا ده‌ژێت و تێیدا له كوڵان و له كۆچدایه.
* ئه‌م نووسینه‌م خاڵێكه له تایبهتمهندیییهكانی شیعری پۆست‌مۆدێرن، كه له نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌م به‌ناونیشانی “نقد تطبیقی شعر پست‌مدرن در دو دفتر شعری خطاب به پروانههای رضا براهنی و چیایه‌کانی من (كوهستانهای من) هندرین” وه‌رمگرتووه و به‌باشم زانی بیكه‌مه‌وه كوردیی و بڵاوی بكه‌مه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
- كه‌مال، محه‌مه‌د (2021) چه‌مكی (بێماڵی) له شیعرێكی نیچه‌دا، گۆڤاری شیعر، سلێمانی.
- كراوس جینسسن. ئیسبرن – Esbren Krause-Jensen (2005) فه‌لسه‌فه‌ی كۆچه‌ری (Nomadfilosofi) و: هه‌ندرێن، سلێمانی، چاپخانه‌ی نما.
- هه‌ندرێن (2012) چیایه‌كانی من، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، چاپخانه‌ی باسه.
- هه‌ندرێن (2010) زمان ئاسۆیه‌كه له‌نێوان ئاسمان و زه‌وییدا. سلێمانی، هه‌نار.