كا

0 348

غەمگین خدر

شاعیرە خراپەكان
بەرژەوەندی گیرفان دەخنە پیاسەی ناتەباییەوە
زۆر زۆر شوكری ئەو بەش بەشەن
دەستی شیعریان چڵكن
تێنووسیش لووس
هەروەها زمانیش
بە جددی گوتراو و بەدمەستی بێ پەیڤانیش
هەر نازەنینی شەقامی ڕەشن
هەر كوڕە نازدارەكەی دەوروبەری مێزن
گوێڕایەڵی ئاڕاستەی یەك ئاڕاستەكراون
شاعیری ناشاعیری بۆنەكانن
میهرەبانی ڕەنگەكانن
ژنەكانیان جلوبەرگیان بێ نووقتە
پیاوەكانیان بەس بە بەڵێ دەچنە ڕێزی تەبەقەیەك هێلكەی پیس
یەك دێڕی بۆشی تا سەری خەت
لە ناو دڵیان و زاریان و گوێیان و تەنانەت بەڕكیشیان
پشیلەی سپڵەی ئافەرینكراو
میاو میاو میاو میاو میاو…

دڵسۆزن لە پێش و پشتی (ئەی ڕەقیب)
دەمیان گەرمە/ بەڕكیشیان گەرمە
زمانیان نەرمە/ مووشیان نەرمە
دەركەی ئەو پەیڤانەی غەریبەیەكیش ساتمەی بەسەردا ناكات
تەقەی هیچ ئیستێتیكایەكی هۆنینەوە
خانەیەكی لەشی ڕاناچڵەكێنێت
دەبنە قسەڵۆكی نێو ڕەشەبایەكی تووش
وەك ئەسپە خۆشڕەوەكان تیژ تێدەپەڕن
پەراوێز پڕ دەبێت لە تەپوتۆز
منداڵەكان كە تەرمی ماسكەكان نابینن
هاهاهاها پێكەنین دەخەنە هەواوە
ئاسمان پڕ دەبێت لە هەراوهۆسە
سەگ كلكی خۆی ناناسێتەوە
پەنجەرەی گۆڕەكان هێندەی كونی دەرزی
هیچ پەیڤێك هەناسەی تێدا نادات
شیعر هەر هیچ
هیچ فەزایەكیش بەرشەقی گێڕانەوەی نابێ و نییە
لاقی لەناو چیڕۆكێك ڕاكێشێت
پەنجەرەی مرۆڤی ڕووانینەكانی نزم نزم
دەركەی ڕەشی ژوورەكانی نزم نزم
بنمیچی ژینی خانووەكەی نزم نزم
خۆی شاعیرێكە چونكە كورتەبنە
ئێستانەكێنێ تەنیا پیاوانی نزم دەتوانن هاموشۆی ماڵە سەقف نزمەكەی بكەن

وریابن ناشاعیرەكان!
پشوودان لەبەر ڕەشەبایەكی تەشقەڵەچی
بۆ دەمامكە ڕەنگكراوەكان ئامانی نییە
فەلسەفەی ئەو (كا)یە سووكە
كا خۆت لە چارەمان لادا
زەڕەزەڕ/ چەقەچەق
لە گوندێكی قەدپاڵ چیا خۆشە
حەیرانیش لە دوورەوە
باسی مێوژ و گێوژ و مێش و مێژووم بڤەیە
كا ئەو (كا)یە ڕژاوە دەشاردرێتەوە
گەللەسەرت بە پووچی مۆدێرن تەقەت بكە
كزەبایەكی تووڕە دێت، سەرەتا
ڕەشەبایەكی بێ ئامان دێت، پاشان
قوون بە دووكەڵ، ڕەش.

تۆ تێناگەیت
برینی ئەو شیعرە، هەروا گوڵی سووری تێدا دەپشكوێت
بە خورتی نییە، نابێتە قەتماغ
بە خورتی نییە، پاییز ناناسێت
بە خورتی نییە، ڕەشەبا كەوی نابێت
توند توند توند توند توند توند توند توند توند توند توند توندتوند توند توند توند توند توند توند توند توند توند توند توند توندتوند…
كا بگرە
یەقەی قەمیسی كەسایەتیت
پەڕەمووچیش لە ڕەگەزی (كا)یە.

ئەگەر هەر لۆ نموونە:
نیشانەی سەرسوڕمان لەم دێڕانەدا قیت قیت
وەك پیاوێكی كەڵەگەت بێ و باوكیشم نەبێت
چوارشانە بێ و خارم نەبێت
لە بن دەست و تەماشام قیت قیت ببێتەوە
تەماشا و دەستم چییان پێ دەكرێت؟
دەنووسم: فووگڕ
فووگڕی فیتە فیت لە ئەندێشەت یارییەكە تەواو دەكات
هزرت سەرەوقوون
ئەم پرسیارە وەك ئاڵای دوژمنێكی هەناوقەتران
بەرۆكی شەڕێكی دۆڕاو
بخە خوارەوەی خوارەوەت
لە جیاتی نووقتە، قۆپچە!

بە پاڵدان بیخە پەراوێزی ژیانی شاعیرێك
كە دەنووسم: نەفرەت لە پرچی هەڵوەریوت
هەمیشە عریتە عریتت قەتارەیان بەستووە
قاقاكانیش وەك ڕەوەگورگ
بەهار بەوە پیاو نییە
گژوگیای بن هەنگڵی ئاو بدات
نابێت دەست بخەیتە ئەو سروشتەوە
كا بیلامانە بگرە توند/ گەرمی دەستت
كا بیلامانە بەرنەدەیت/ شەقامی ڕێگەكەت
كا بیلامانە توندتر بیگرە/ دەستنوێژی ئەڤینت
كا بیلامانە هێروە بڕۆ سەرێ‌/ سووك (با) نەكەوی
كا هێدی دەست لە پەیڤان بەردە/ شاشەكان قەرەباڵغ بكە
كا لە پێش قاچم قوونت لادە/ شاعیربوون هەوەنتەیە
كا تەماشا ئەو دەلاقەیە پڕ بكەوە/ ئاسۆت ڕوون نییە، ناوی برادەرێكە!
كا لە پێش دەستم لە خۆت هەڵدە/ با شتێك لە جێیەكت هورد نەبێ.

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.