سۆران محەمەد
سەرەنجام ئاپارتمانەکان دەڕمێن
پارەکان دەبنەوە لۆکە و
خوری بەری پەزەکان.
کانییەکان دوا دڵۆپی خۆیان دەخۆنەوە و
بە ناخی زەویدا رۆدەچن
گەر کەسێك نەبێت کات بوەستێنێ
ڕێ لە پیربوونی حەسارەکان بگرێ
گەر مانایەکی سەرمەدی بە ژیان نەدرێ
لە دەرەوەی حەفتا بەهاری ژاکاو!
دەست دەخەیتە سەر هەر جێیەکی ئەم هەسارە گەڕۆکەی گیانم
برینێك دەکولێتەوەو زامێك فیچقە دەکا
برزووەکان- هێمن و تەنیا
چاوێكیان بە ناخا نەگێڕا
دواتر ئارام… چاوێكیش – ئاسۆیی بە جیهانی دەرەوەدا
تا گەڕانەوە سەر خودێکی فراوانتری میانەگیر!
ئەوجا هێندە خوویان بە چای ڕەشی ڕق و
دوکەڵی جگەرەی ئیرەییەوە نەدەگرت
گلۆرەکانی نێو جەمەدانییەکانیان فڕێ دەدا
کڵاشی بەدگومانییان دادەکەند و
پشوویەكیان بە پێیەکانیان دەدا…
.
روون وەکو دڵۆپێ ئەسرینی ڕاستگۆ
موناجاتێك لە تاشقەندەوە
سەمایەك لە باکۆوە
تریشقەیەك لە وشکەڵانی بێ ئۆقرەییدا بەرپا دەکا
چیدی گیانی پاراو
لەناو جەنگەڵی برینگ و
شەقامە نەخۆشەکاندا نەبێتە تۆز
بنۆڕە
بەلەمە دەم بەخەنەدەکان
لە دەریاچە دوورەکانەوە
سەماکانیان پڕە لە ئیحای ژیان
بزەیەکن
سەفا لە شەوانی ساماڵەوە وەردەگرن
وەك چۆن زەویەکانیان بێ قۆرت و
چیاکانیشیان بێ هەرەس…
.
ئەو ساتانەی ڕایەڵەکانی گیان
لەگەڵ هەموو گەردێکی دنیای دەرەوە دەپچڕێ
چراخانی دڵ دەبێتە ئەستێرەیەکی دوورو
لەودیوو بوونەوە
لە خولگەیەکی تردا هێزێك کێشی دەکا.
روون لێی دیارە
ئەوەی دوێنێ پەرێزەکانی گڕ دەدا
ئەمڕۆ باخەوانی دڕکەزییە
بەڵام لاولاوەکان، میناکان.. زۆر پەشیمانن
چلۆن لە چاوەڕوانیی پەیمانە شکاوەکاندا پیربوون و
بە مستێ ئاونگی سەحەر دەموچاویان نەپرژان
تا چرچولۆچەکانی سەر روویان ساف بێ…
لێرە
داربەڕووەکان لە ناو تۆزو غوباردا ون دەبن
قەزەم، بێ بەر
گەڵاکانیان سیس و زەرد
وەکو رووی تووشبووانی سیل لە ساڵانی قاتوقڕی.
شەمپازیەکانی سەر لقە ڕزیوەکان
هەمیشە خۆبەتاڵ دەکەنەوە
وەکو ئەو مەدهۆشەی لەپاش خۆی
هەر خاشاك بەجێدەهێڵێ
وکو چرا بی نەوتەکان
ئێوارانێ دەکوژێنەوە و
سبەینێ لەسەر هەمان لق دەردەکەونەوە
بێزارنابن لە هەڵپەڕکێی ناو بازنەکانی دەسخەڕۆیی!
تێرنابن لە هەڵمژینی بۆسوی تراویلکە
.
ئێوارەیەك لە مەشهەد، لە بەردەم تێرمیناڵی ئیمام رەزا
دەبنە مۆنیمێنتێکی بێ ناونیشان
هەر موسافیرێ لە خۆراسانەوە دێ دوو تمەنی بۆ فڕێدەدا
ئاوها وەکو ساڵانی پێشوو
چیرۆکەکان لە نێو چنگی ڕەشەباوە دەکەونە خوار
پەڕاگەندەکان لەگەڵ دێوەزمەکانا هەمان دیدار دووبارە دەکەنەوە
مارەکە ساڵی جارێ بەهەمان جۆر
دەمی دادەچەقێنێ و کێشکەکە خۆی تێفڕێ دەدا
ئەم نمایشە بەردەوامە
وەکو خلۆربوونەوەی تاشەبەردەکەی سیزیف!
چ عەشقێکی پووچە ژیان؟
چ خاوەنی بەڵێنێکی ساختەیە زار؟
.
لە دیوێکی تاریکی گۆی زەوی
هەموو شوێنەکان بەخاوەن دەکرێن؛
قەدپاڵەکان، باخەکان، شەقامەکان….
بستێ بۆ پشووی مەلە کۆچەریەکان نامێنێ
کە مانای شوێن دەزانن لەم بێ ماناییەدا…
دیمەنی رۆژانەی لە سێدارەدانی ژیان ناڕەوێتەوە
ئایا دیتان رۆژێك شاعیرێك بێتە مارشاڵ؟
هەرچەند دنیا پێویستی بە دیدی شاعیرانە بێ
هیچ جارێك هاوکێشەی لاسەنگی سیاسەت بە شیعر ڕاست نابێتەوە
دوای هەڵنەگرتنی ئاشتی بە وریایی لەنێو لەپی دەستەکانا
ئەمڕۆ وەك ئەوەی هیچ رێگەچارەی تر نەبێ
شەڕێکی بەردەوام بەرپا بووە
لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا
لە نێوان من و خۆمدا
لە نێوان ئێرەو ئەوێ
غرورو زەلیلی
بە نهێنی و ئاشکرا
هێزی مەرگە دەیانبا بەڕێوە…
.
روحێکی پاکژ
لە نێو حەشاماتەکەدا دەبریسکێتەوە
وەك کێشندەی جەمسەری موگناتیس
وەك ئەوەی بەسەر گوڵێکەوە بنیشێتەوە
یادی ئەو وتەیەت دەخاتەوە:
” پێش جێهێشتن
بزانە نوێنەکەیان لەسەر لانەچووە
نەبادا شەو سەرمایان بێ “
دڵنیابە لەم گێتییە فراوانەدا
زۆر هەن زەمین رادەخەن و ئاسمان بەخۆدا دەدەن
نیشتمانیان کارتۆنێکە
لێ هەمیشە خولگەیەکی شیاو هەیە،
بۆشاییەکی تێدایە
ئۆتۆبۆسێك کورسییەکی بەتاڵی تێدایە
هێشتاکو پڕ نەبووەتەوە
چاوەنواڕی چی دی دەکەی؟
لێرە، لەولا، لە ئەوسەرتر
لەهەموو لایەکەوە هەر وەڕین بێ
گەر مالایەعنییش بێ وەڕین-
ئاوڕ بەلای راست و چەپا مەدەرەوە.
گرنگ نییە ژیان ،
گرنگە هێڵی تەریبی خولگەی تەبا…
.
لە رووبەرە نەخۆشەکانا
هەموو شتێ پەتا دەگرێ
نەخۆشەکان لە یادیان دەچێ
لە نێو ڕقی ئاگردا
خۆ لە ئاو بێبەری کردن
گەوجێتییە…
کاتێ لە نەخشەی دوالیزمەکان تێناگەن ناوی دەنێن شەڕی چارەنوسساز