(Philosophical fragments in poetry)
به نموونه‌ی شیعریی
سۆران محه‌مه‌ده‌سووره
به‌بێ ئاماژه‌دان به بڕگه (فراگمێنت)، ناتوانین له‌مه‌ڕ شیعری نوێترخوازیی “پۆست‌مۆدێرن” بپه‌یڤین، كه به یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م ته‌وژمه داده‌ندرێت و شیعر و وێژه‌ی پۆست‌مۆدێرن پێی ده‌ناسرێته‌وه. شیعری پۆست‌مۆدێرن سوود له بڕگه وه‌رده‌گرێت بۆ خستنه‌ڕووی هزر و ئه‌ندێشه. ئه‌م زاراوه‌یه له شیعردا په‌یوه‌ندی به خۆتێفكرین، بیركردنه‌وه و ئه‌ندێشه‌ی فه‌لسه‌فییه‌وه هه‌یه، چونكه شیعر په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به فه‌لسه‌فه‌وه هه‌یه، زۆرجار شاعیر له ڕێگه‌ی شیعره‌وه پرسیاری فه‌لسه‌فی ده‌ورووژێنێت، به‌ڵام له بڕگه‌دا به شێوه‌ی پارچه‌پارچه، كۆپلهكۆپله، یان ئاڵۆزوبڵاو له ده‌قه‌كه‌دا ده‌یخاته ڕوو، كه تاموبۆی ده‌قێكی فه‌لسه‌فی پێده‌به‌خشێت و شیعر له‌به‌رده‌م هزر ئاوه‌ڵا ده‌كات، به‌ڵام زمانێكی شیعریی هه‌میشه سه‌رشاره.
نووسینی فه‌لسه‌فی هه‌ر له كۆنه‌وه به شێوه‌ی فراگمێنت هه‌بووه، به تایبه‌ت له‌لای فه‌یله‌سووفانی پێش سوكرات، وه‌ك بیتاكۆس، تالیس، ئهناكسیمێندهر، هیراكلیتۆس، دیمۆكریتۆس و فیساگۆراس… هه‌روه‌ها له‌لای مارکوس ئۆرلیۆس فه‌یله‌سووفی ڕۆمیی. هه‌روه‌ها بڕگه‌كانی کۆنفۆشیۆس و لائوتزوو هه‌ر ده‌كه‌ونه نێو بڕگه‌ی فه‌لسه‌فی و ئه‌ندێشه‌وه.
ده‌كرێ ئاماژه به فه‌یله‌سووف و ڕه‌خنه‌گرانی سه‌ته‌ی نۆزده و بیستیش بده‌ین كه بڕگه‌یان نووسیووه یان سوودیان لێبینیووه، وه‌ك: ئارتور شۆپنهاوه‌ر، كیركه‌گارد و نیتشه، كه نیتشه یه‌كێكه له بڕگهنووسه ناسراوه‌كان و كتێبه‌كانی فه‌لسه‌فیی خۆی به‌شێوه‌ی بڕگه نووسیوون.
له فه‌ره‌نسا شاعیر، ڕۆماننووس، فه‌یله‌سووف و ڕه‌خنه‌گرانی وه‌ك: مۆریس بلانشۆ به یه‌كێك له بڕگهنووسه به‌ناوبانگه‌كان داده‌نرێت، كه كاریگه‌ریی به‌سه‌ر فه‌یله‌سووفه گه‌وره‌كانی پۆستمۆدێرنه‌وه هه‌بووه، هه‌روه‌ها كافكا، ئه‌میل سیوران، ڤالێری و ڕۆڵان پارت سوودیان له بڕگه وه‌رگرتووه و ته‌نانه‌ت كتێبیشیان هه‌یه كه به بڕگه نووسیویانه.
هه‌روه‌ها كتێبه شیعری (ده‌نگه‌كان) كه هی (ئه‌نتۆنیۆ پۆرشیای*) نووسه‌ری ئیسپانیایییه، به شێوه‌ی بڕگه نووسراوه و هه‌ر زووش بووه خاوه‌نی ناوبانگێكی گه‌وره‌ی جیهانیی. سه‌رباری ئه‌مه فێرناندۆ پێسوا ناوێكی دیاری وێژه‌ی جیهانه، كه سوودی له بڕگه وه‌رگرتووه. له وێژه‌ی فارسیی ده‌كرێت ئاماژه به ،ڕه‌زا بهراههنیی و یه‌دوڵڵا ڕوییایی و له وێژه‌ی كوردییدا ده‌كرێت له‌لای هه‌ندرێن و به‌ختیار عه‌لی بمانگیرسێنێتهوه.
زۆر له شاعیر و فه‌یله‌سووفان بڕگه‌یان وه‌ك فۆڕمێك بۆ ده‌ربڕینی بۆچوون و تێگه‌یشتنی قووڵی برووسكهئاسای خۆیان بۆ پرس، قه‌یران و دۆخی سه‌رده‌مه‌كه‌یان به كار هێناوه. هه‌ر بۆیه بڕگه وه‌ك جۆرێك له ستراتیژیی نووسینی بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی-وێژه‌ییی داده‌نرێت. به مانایه‌كی تر، بڕگه جۆرێكه له ته‌كنیكی نووسین بۆ دۆزێنه‌وه‌ی شێوه و فۆڕمێكی نوێ له نووسیندا، كه سوود له پچڕپچڕیی، تێکدانی فاکتەرەکانی زنجیرەی گێڕانەوە، ڕه‌وتی بیرکردنەوە و کات بە کار دەهێنرێت. بۆیه زۆر جار وه‌ك نووسینێكی ناته‌واو له‌نێو ده‌قی شیعرییدا ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌مه‌ش وایكردووه زۆرجار ده‌قی شیعریی وه‌ك جۆرێك له شێوه‌ی ڕۆمان، وتار، گفتوگۆ، چیڕۆك و گوته‌زا ده‌ربكه‌وێت. كه ده‌بنه پێكهاته یان درووستكردنی شێوه‌یه‌ك له گۆڕانی زمان له نووسینی شیعری پۆستمۆدێرندا. فراگمێنت له شیعری نوێخوازییشدا ده‌بینرێت، به‌ڵام له شیعری نوێترخوازییدا هه‌ڵگری ئه‌و خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه كه پۆست‌مۆدێرن له هه‌نبه‌ر مۆدێرنیزم‌دا وه‌ك په‌رچه‌كردارێك نواندی.
فراگمێنت له شیعری نوێخوازییشدا ده‌بینرێت، به‌ڵام له شیعری نوێترخوازییدا هه‌ڵگری ئه‌و خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه كه پۆست‌مۆدێرن له هه‌نبه‌ر مۆدێرنیزم‌دا وه‌ك په‌رچه‌كردارێك نواندی. “یەکێک لە تایبەتمەندییەکان و لە ڕاستییدا ئامرازە تایبەتەکانی بڕگه، ناتەواویییە. ناتەواویی لە فۆڕمی نووسراوەکەدا یان لە ڕووح و ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا، نیشاندەری ئاگاداربوون لە ئەگەری شکستهێنانی ئەندێشە و بەربەستەکانی لە بواری تێگەیشتن و ده‌ربڕینی ته‌واو (كامڵ)ـه لە جیهاندا. بڕگهنووس له‌مه‌ڕ ئه‌و نووسینه به‌گومانه كه به‌دوای پێكهێنانی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ته‌واو له په‌یوه‌ندیی و چه‌مكی جیهانییه‌وه‌یه له چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكدا، له‌لایه‌كه‌ی تریشه‌وه كه‌توار به یه‌كگرتووییی و ته‌كووزیی نازانێت و نابینێت. لە ڕاستیدا ناپووختیی نووسین، لە شوێنی پێویست و حەتمییدا، ڕێكارێكی زیرەکانەیە کە سنووردارکردنەکە قه‌بووڵ دەکات بۆ نیشاندانی بێسنووریی و بێکۆتاییی نادیاریكراویی شێوازەکانی قسەکردن. ئەم بێسنووریییەی هێزە ناوهكییهکانی بڕگه، زایهڵهیهكه له زۆروزهوهندیی ئەم جۆرە نووسینە. بۆیە بە شێوەیەکی ناتەبایی و هاودژیی، نامۆبوونی بنچینەیی و پێویستیی بڕگه لەگەڵ گوته‌زا و بهرباسدراوی تەواوكار و کامڵبوودا، ئاماژه به بێ‌کۆتایی، فرەیی ڕوانگە و تێڕوانینەکانی ئەم جۆرە نووسینە دەدات. (ئەفشارزادە و ئەوانیتر، 1398: 5)
بڕگه‌ی فه‌لسه‌فی له شیعردا، زیاتر بۆ ئه‌وه نییه پرسێكی فه‌لسه‌فی دروست بكات و وه‌ڵامی بداته‌وه، به‌ڵكوو زیاتر له ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵام خۆی ده‌هێڵێته‌وه، ئه‌مه‌ش گه‌وهه‌ری شیعره و ئه‌و ئه‌ركه گرینگه‌ی شیعر وه‌ك خۆی ده‌هێڵێته‌وه. ئه‌گه‌ر زۆرجار بهڵێیهك هه‌بێت، ئه‌م به‌ڵێیه بۆ خستنه‌ڕوو و قووڵتركردنی شیعره‌كه‌یه. واته له خزمه‌ت شیعردا ده‌بێت. پرسیار هه‌میشه پرسیاری تر به ده‌وری خۆیدا ده‌هێنێت. هه‌ندێك جاریش بڕگه پرس و ئه‌ندێشه‌یه‌ك به‌شێوه‌ی گومان و ئاڵۆزیی دروست ده‌كات، به‌هۆی ئه‌زموونی نووسه‌ر، هه‌ڵبه‌ت بڕگه گرێدراوێكی سه‌ره‌كیی ئه‌زموونی ڕامان و هزركردنی نووسه‌ره، هه‌ر ئه‌مه‌شه ئه‌ندێشه و بڕگه له شیعردا ده‌بن به بنه‌مای شیعری نوێترخوازیی.
له بڕگه‌دا خوێنه‌ر ناتوانێت ڕاسته‌وخۆ له بڕگه‌یه‌كه‌وه بازبداته سه‌ر بڕگه‌یه‌كی تر، ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌و لێكپچڕاویییهی كه بڕگه هه‌یه‌تی. هه‌رگیز ئه‌م تهواونهكراویییه به زیانی شیعر ته‌واو نابێت. یان بێتوانایی نووسه‌ر نیشان بدات. به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه، شیعر ده‌خاته ئاستێكی باڵاتر و بواری فره ڕوانین و ته‌فسیركردن، یان واده‌كات خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی دانه‌بڕێت و ئاشنای ئه‌ندێشه‌كردن و ڕامانی بكات. “دیارە بڕگه له‌هه‌نبه‌ر بیرکردنەوەی سیستەماتیکیی و دیالێکتیکییە، کە لەسەر بنەمای پێشکەوتن و گۆڕانکاریی بەرەو دوا خاڵ و ته‌واویه‌تیی دامه‌زراوه، بەڵام ئەوەی لە نووسینە ڕۆمانسییەكانی ئەڵمانییدا و دواتر بە شێوەیەکی ڕشدتر لەلای نیتشە و بلانشۆ دەبینرێت، ئەوەیە کە سرنج بدەینە ئەو خێراگهڵاڵهیهی هه‌یه‌تی کە بڕگه لە پێگەی نووسراوه‌ی ناتەواو و ناكامڵدا، فرەیی به‌دوای خۆیه‌وه دێنێت، کە خۆی لە یه‌كیه‌تیی و گشتییەتیی دەرباز دەكات، بەڵام لە دۆخ و شوێنی پێویستدا ده‌یپارێزێت و دەیهێڵێتەوە.” (ئەفشارزادە و ئەوانیتر، 1398: 2)
له ده‌قی وێژه‌یی و شیعری پۆستمۆدێرندا، بڕگه پارچه‌پارچه‌كردنی گشته، له‌بنه‌ڕه‌تدا تێكشكاندنی كۆی سیسته‌می داسه‌پێنراو، باو و جێگیره له‌ڕێگه‌ی خۆتێفكرین و هزره‌وه. بۆیه بڕگه هه‌میشه له پهرتبووندایه، نووسه‌ر هه‌وڵی كۆكردنه‌وه و بهسهریهكهوهنووسین نادات. واته شێوه‌یه‌كی گشتیی و بهسهریهكهوهییی نییه، په‌رشوبڵاوه. له شیعری ئه‌م ڕه‌وته‌دا شاعیر له ڕێگه‌ی نائومێدیی، ناژیربێژیی و په‌رێزگرتن له ئه‌قڵ، هیچخوازیی، گرۆتێسك و شكستهێنان، له هه‌وڵدایه تێگەیشتنێک لە خۆی و جیهانی دەوروبەر و دۆخی مرۆڤ ده‌سته‌به‌ر بكات. هه‌روه‌ها زمانی ئه‌م شێوه نووسینه‌ش، زمانێكی وه‌سفیی و خستنه‌ڕوویی نییه، یان به زمانێكی گشتیی و باو بخرێته‌ڕوو، به‌ڵكوو به شێوه‌یه‌كی پچڕپچڕ، یان لهبهریهكچوویی، لێكترازاویی، لێكههڵوهشاویی و فره‌یی ده‌بێت.
بڕگه وه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌كی شیعر، بووه‌ته هۆكارێك كه شیعری نوێترخوازیی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات و هزر و ئه‌ندێشه بخاته نێو شیعری نوێترخوازیییهوه. چونكه شیعر به درێژایی مێژوو، له ڕێگه‌ی ئه‌ندێشه و بیركردنه‌وه‌وه توانیویه‌تی په‌یامه‌كانی خۆی قووڵتر و تۆكمه‌تر بكات، هه‌ر بۆیه‌شه كاریگه‌ریی شیعر به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه، یان په‌یوه‌ندی شیعر و فه‌لسه‌فه له سه‌ته‌ی بیست و بیستویه‌ك زیاتر جێگه‌ی بایه‌خی فه‌یله‌سووفان و ڕه‌خنه‌گرانی وێژه و فه‌لسه‌فی بووه.
نموونه‌ی بڕگه‌ی فه‌لسه‌فی له كۆشیعری (چیایه‌كانی من)ی هه‌ندرێندا:
شیعری چیایه‌كانی من، ده‌كرێت وه‌ك یه‌كه‌م به‌رهه‌م به زه‌قی، كه سوودی له نووسینی فراگمێت وه‌رگرتووه، له شیعری نوێترخوازییی كوردییدا بناسێنین، كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و به‌تایبه‌ت شیعری یه‌كه‌می نێو به‌رهه‌مه‌كه كه به ناونیشانی (چیایه‌كانی من)ـه، سوودی له بڕگه وه‌رگرتووه، یان ده‌قێكی فراگمێنته. بۆیه ده‌كرێت وه‌ك یه‌كه‌م به‌رهه‌می فراگمێنتنووسیی له شیعری كوردییدا بینرخێنین. لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌ندێك نموونه‌ی بڕگه‌ی فه‌لسه‌فی له به‌رهه‌مه شیعری (چیایه‌كانی من)ی هه‌ندرێن، بۆ خوێنه‌ران به‌رچاو بخه‌ین:
- (ده‌زانم كات ته‌نێ له ئه‌ڤیندا ئاماده نییه؛ ئه‌ڤین چاوترووكانێكه له بێ كاتیی. ته‌نێ له ئه‌ڤیندارییدا نیگای كات وه‌ك كه‌سێك به ته‌نیشتمدا ڕاده‌بوورێ و نامناسێته‌وه. هه‌بوون ته‌نێ له چاوترووكانهكانی شادییدا شه‌وق ده‌داته‌وه). (7)
- (من له ژانه‌وه هاتووم و حه‌زم له شه‌وقی شادییه.) (10)
- (كات گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌بووایه، غهریبیكردن گه‌ره‌ك نه‌بوو.) (12-13)
- (جیهان ده‌نگێكی نه‌بستراوه، بێده‌نگه.) (19)
- (ئه‌رێ تشته‌كان بۆ ده‌ستپێده‌كه‌ن، كه تشتێك كۆتایی دێت، چ تشتێكی نوێ ده‌ستپێده‌كات؟) (20)
- (ئاخۆ به كۆتایی ئه‌و جه‌نگه، ئازادی ده‌ست پێ ده‌كا؟) (25)
- (تۆ كه دهمخوێنیتهوه، وابكه له‌دایكبوون ڕووبدا.) (28)
- (گه‌یشتن به شكۆ، جه‌نگێكی دژواره. جه‌نگه‌كان به‌رهه‌می هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌قیقه‌تن. مرۆڤگه‌لێك هه‌ن كه به‌رگه‌ی ئه‌و جه‌نگه ناگرن…) (39)
- (ته‌مه‌نی گوڵه‌كان له چێژ كورترن). (41)
- (زاوزێكردن له جووتبوونی دوو جه‌سته‌ی هه‌نگووینی دایه). (45)
- (چوونه ناوه‌وه‌ی خۆت، خۆشاردنه‌وه نییه؛ بێده‌نگییه. تۆ ده‌خوازی بێده‌نگ نهێنییه‌كانی خۆت ڕاو بكه‌ی. ده‌بێ مرۆڤ ڕووخساری نهێنییه‌كانی بناسێته‌وه. نهێنی ڕووخساری خۆی هه‌یه. نهێنی نابینرێ تا نه‌گوترێ.) (46)
- (ئای جیهان چه‌ند جه‌نگه‌ڵه! كه‌چی ژیان خۆشی كه‌شخه ده‌نوێنێ). (50)
- (تشتێ هه‌یه كه قه‌ت ناگوترێت: هه‌قیقه‌ت. تۆش ئه‌گه‌ر هه‌قیقه‌ت ده‌ناسی، وه‌ره به‌ر ده‌مم و به گۆی بهێنه. منیش به ڕووخسارێكی پڕ له په‌شیمانییه‌وه گوێت بۆ ده‌گرم.) (50)
- (مه‌رگ چێژێكه له ماخۆلیا) (61)
- (ئه‌گه‌ر ده‌مزانی قه‌ده‌ری من ئه‌وهایه، قه‌ت له دایك نه‌ده‌بووم. لێ نه‌ده‌بوو له‌دایك نه‌بم؟ گومان له‌گه‌ڵ ئاوه‌زدا، دووانه‌ی یه‌كترن.) (62)
- (ژیان ته‌نیا سه‌ربرده‌ی مه‌رگه و مه‌رگیش لۆرینی ژیانه. مه‌رگ ئه‌گه‌رێكی مسۆگه‌ره له‌مدیوی بینینه.) (63)
- (سه‌ركه‌وتن چێژه. مرۆڤ بیركردنه‌وه‌یه. مرۆڤ خۆی دۆخێكه له گفتوگۆ. لێ گفتوگۆی مرۆڤ ته‌نیا له‌گه‌ڵ خۆیدایه…) (67)
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
* ئه‌م نووسینه‌م خاڵێكه له تایبهتمهندیییهكانی شیعری پۆست‌مۆدێرن، كه له نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌م به‌ناونیشانی “نقد تطبیقی شعر پست‌مدرن در دو دفتر شعری خطاب به پروانههای رضا براهنی و چیایه‌کانی من (كوهستانهای من) هندرین” وه‌رمگرتووه و به‌باشم زانی بیكه‌مه‌وه كوردیی و بڵاوی بكه‌مه‌وه.
** بۆ زانیاریی له‌سه‌ر پۆرشیا سه‌یری ئه‌م كتێبه بكه‌ن: انطونیو بورشیا. اصوات. مترجم: ولید السویركی. 2015، ازمنة.
- افشارزاده، نوید و دیگران (1398) متافزیک (مجله علمی-پژوهشی)، سال یازدهم، بهار و تابستان، شماره 27.
- هه‌ندرێن (2012) چیایه‌كانی من، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی باسه، سلێمانی.