ئەفسوونەکانی ثیتیس

0 240

سۆران محەمەد

گۆڕهەڵکەن بە باخەوانی گوت:

تەرمێ چاوەڕوانی ناشتنە

کە تۆ نەمامەکان دەنێژی…

خاک ئەی خاک!

سەرچاوەی ئەفسانەکانی ژیان

نزرگە بێناونیشانەکان…

پەڕەسێلکە چی داوە بەسەر ڕەشەباوە؟

کە نەتوانێ ڕێ لە گڤەی بگرێ،

لە دەڤەری باڵا دەستییا

سەنتەری مرۆڤەکان

لار دەبێ.

جارێکی دی وا

زیۆس لەسەر گۆیژە و گارەوە دەردەکەوێ

چیدی مەوتینی دوورگەی کریت نییە،

خۆی لە کرۆنۆسی بابی وەدەشارێ

نەبادا لە ترسی کودەتا،

هەڵیلوشێ

دایکی وای گوت.

هەرقلیش هەر بەدوایەوە

وەکو نەفرینێکی ئەبەدیی

پشتوێنە دزراوەکەی شاژنی ئەمازۆنی پێیە…

سڵاوێکی دوور

بۆ واسیق دەنێرێ

ئەویش نازانێ بۆ

هێندە موتەوەكیلی برای دەبوغزان؟

بێ متمانەیی بوو سنگەخشێی لاوازيی

پێش ئەوەی مونتەسیری کوڕی بە هاوکاری تورکان

یەکەم تاوانی تیرۆر

لە عەرشی عەباسییەکان تۆمارکا و

پاشتر

هاتنی مەغۆلی بەدوادا بێ

.

تۆ بڵیی ئەو کارمامزە دڵساف و خۆشباوەڕانە

بەسەلامەتی بگەنە جێ؟

لە پێشانگا ڕازاوەکانی لاڕێکان

کە ئەمڕۆ دنیا بووەتە پێشانگا

 پڕه لە ددانی گەورە و

چڕنووکی تیژ و

چاوی خێڵی شۆڕبووەوە بە دارتەلەکانا…

تاوانی چییە کارمامز کەڵبەی نییە؟

ستراتیژی بازاڕ

 لەدەست پارەی دووڕووا

بە ویستی با، ئاش دەگێڕێ

هەر ڕۆژە و پەڕەیەك

لە تۆماری ژمێرداریدا دەدڕێ،

دەزانم

پەڕەی ڕێز و وەفا و ڕاستی

دەمێکە لێکراوەتەوە

ئیدی شیعر چییە

لە زەمەنی وا بێ ماریفەتا

جگە لە هەڵکۆڵینی سەری شاعیر؟

لۆرکا ئەگەر لە دووتوێی شیعرەکانیا

جێنشین نەبووایە

کەی ئاوها گۆڕبزر دەبوو؟

.

لە هایدرای نۆ سەرەوە

بۆ سایکلۆبسی تاكچاو

دووبارە دەبنەوە ئەفسانەکان

ئاخ ئەخیلیۆس

تیرەکان لەسەر سنگتدا بەردەبوونەوە

کەچی شوێن پەنجەیەك لە پاژنەی چەپت

سەری خواردی

کاتێ ثیتیس

بە نیەتی نەمریی

 لە ڕووباری ستیکسی هەڵکێشای

.

باخەوان

چی دەکەی لەو هەموو دارە خوارە؟

کە نە بەرێ دەگرن و نەسێبەرێكیان هەیە!

باخەکان پڕن لە مار

ئەو تارماییە بۆگەنانەی

لە دووی گزنگ دەخشێن تا ئاوابوون،

چڵکی بن نینۆکەکانی یەهودان

کۆڵانەکانی تەنیوە

لەم چۆڵەوانییەدا

وای لە چەمەری ژیان

کاڵایەك بە باڵا بڕاو…

ك.و.ر.د. بوون.

_______________

* ثیتیس یان ثەتیس؛ لە میتۆلۆژیای یۆنانییەوە وەرگیراوە و لێرەدا وەك سیمبوڵێك بەکارهاتووە، لەبەرئەوەی لە کوردیدا فۆنەتیکی /ث/ نییە بۆیە ئاوها بە پیتی عەرەبی نووسیمان.

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.