لەسەر ژیان دەنووسم برین

شکار محەمەد

بەیانییە و ئەم جەستە ماندووە
قورساییەکەی دەخاتە سەر شانی ڕۆژێکی نوێ.
زەنگی مۆبایلەکەم وەک دەرزییەکی سڕکەر بە مێشکمدا دەچێت.
سەرەتای ڕۆژێکی نوێیە!
لای من ڕۆژەکان تەنها ژمارەن
هەموو دەچنەوە سەر یەک
ئەوە ئازارەکانەن هەموو بەیانییەک بەرگێکی نوێ دەپۆشن.

بە بێزاریەوە جەستەم دەخەمە ناو جلەکانمەوە،
سەیرێکی کاتژمێرەکەی دەستم دەکەم
تەواوی ژیانم لە چرکەکانیدا کورت بووەتەوە و
لە ناو فەردەیەک چیمەنتۆدا گرمۆڵە بووە،
ڕۆژی چەندین جار دەبێت بەرزی بکەمەوە.

لێرە نان… باڵۆنێکی یاخییە
بەدەم باوە هەڵدەکشێت و دەستەکانم پێی ناگەن
شانبەشانی باڵەخانەکان دەفڕێت
منیش لێرە، لەسەر زەوییەکی تەخت، جنگەپۆڕە بۆ بردنەوەی دەکەم.

کات نیوەڕۆیە بە مانگی تەمموز
هەموو شتێک لە هاوسەنگی خۆی دەرچووە
خۆر خاڵێکی ڕەشی خستۆتە سەر ناوچەوانم،
منیش لە تەنیشت سێبەرە کورتەکەمدا ڕاکشاوم
جلە ڕەق و خۆڵاوییەکانم
دەبنە بار بەسەر جەستەمەوە.

ماندووم بە جۆرێک… زمان ناتوانێت گوزارشتی لێ بکات
کاتێک ئەم شیعرە دەنووسم
من خۆم لە ماندووێتی بەشی ناوەوەی جەستەم گەیشتووم،
بەڵام ڕەنگە ئەوەی ئەم شیعرە دەخوێنێتەوە، لە پشت شاشەی مۆبایلەکەیەوە تێنەگات لە ماندووێتی…
بۆیە تەنها خولەکێک بیهێنە پێش چاوی خۆت
کرێکارێک لەسەر لووتکەی باڵەخانەیەک بەسەر شیشەکاندا سەمای مانەوە دەکات…
ئەوسا دەزانیت ئەم شیعرە چەند ماندووە.

قوومێک لە چاییە تاڵەکەی تەنیشتم دەدەم
نیوەی لای چەپم دەسووتێت و نیوەکەی تریشی کەمێک ئاساییە
خۆر چاوشارکێ لەگەڵ جەستەم دەکات.

دوای پشوویەکی کەم دەگەڕێمەوە سەرکار
هەنگاوەکانم توند دەنێم بەسەر پلێکانەکاندا
ماندووێتی، هەناسەکانم وەک زنجیر دەپچڕێنێت.
زەوی موگناتیسە ڕام دەکێشێت بۆ خوارەوە
ژیانیش بەرەو سەرەوە پاڵم دەنێت.
ئەم سووڕانە بۆ من ئاساییە
ڕۆژانە بەبێ وەستان دووبارە دەبێتەوە.

لەسەر کۆتا قاتی باڵەخانەکەم…
دەست بۆ هەرشتێک دەبەم، گەرمییەکەی دەمسووتێنێت
حەبلەکە توند دەگرم، ئەویش دەستەکانم توند دەگوشێت؛
سەتڵە چیمەنتۆکە شۆڕ دەکەمەوە بۆ نیوەی باڵاخانەکە.
پەنجەکانم دەکەمەوە…
لەسەر لەپم وشەی برین مۆر کراوە.

خۆر جەستەم وەک ئیسفەنجێک دەگووشێت،
زیاتر و زیاتر لە من نزیک دەبێتەوە.
ماندووێتی لە دەمارەکانمدا قوڵپ دەدات
هیچ شتێک لە جێی خۆیدا نییە!
قورسیی ژیان هێندە بەرز بووەتەوە،
جیاوازییەک لە نێوان سەرم و ژیان ناکەم.
زەوی بە دەورمدا دەخولێتەوە، وەک ئەوەی من گۆڕەپانی ماراسۆن بم
نازانم سەری من دەخولێتەوە یان ژیان؟

جەستەم تەڕ دەبێت و هەوایەک فێنکی دەکاتەوە
برین لە کانی جەستەمدا دەتەقێت،
بیستومە دەڵێن، خوێ بکە بەسەر بریندا تا وشکە دەبەستێت
بەڵام من خۆێ لە برینەکانمە هەڵدەقوڵێت.

گرنگ نییە جیهان لە ژیانی کرێکارێک تێبگات
ئەمڕۆ و سبەی و ڕۆژانی تریش بەم شێوەیە تێدەپەڕن
ژیان شانۆگەرییەکی نوێی بۆ ئێمە پێ نییە
هەموو ڕۆژێک دووبارە دەبێتەوە.

جەستەم وەک جەلاتینێک شل بووەتەوە بەسەر مانگی تەمموزدا
ماندوێتی، تۆز بەسەر شانمدا دەپڕژێنێت.
زەوی فڕنێکی داگیرساوە، تا لەم یارییەدا بمکاتە ژەمێکی ئامادەکراو.
لەوە نائاگایە… جەستەی من لەمێژە بە تیکە تەڕکراوەکانی،
بووەتە ژەمی سەرەکیی سەر مێزی ژیان!