زستانى وجود و مه‌ینه‌تگه‌ریی خود

خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ (زه‌رده‌خه‌نه‌ی ده‌ستكرد)ی ( ئیسماعیل سابیر)

بڵند باجه‌لان

(زه‌رده‌خه‌نه‌ی ده‌ستكرد) ناونیشانی تازه‌ترین كتێبی ئیسماعیل سابیری شاعیره‌ كه‌ ناوه‌ندی (ته‌م) چاپی كردووه‌. ئه‌م كتێبه‌ هاوشێوه‌ی كتێبه‌كانی تری شاعیر، خۆی خزاندۆته‌ نێو دنیای یارییه‌ قووڵه‌كانی زمان و ئه‌و گه‌مه‌ شیعرییه‌ جیاوازانه‌ی، ته‌نیا له‌ فه‌زای شیعری جواندا مانیفێست ده‌بن، بۆیه‌ وه‌كو ده‌قی جیاواز ده‌رده‌كه‌ون.

له‌م كتێبه‌دا سنووره‌ ده‌ستكرده‌كانی نێوان واقیعی ڕووتی ده‌ره‌كی و ئه‌زموونی ناوه‌كیی ڕۆح ئاوێزان ده‌بن، به‌ جۆرێك كه‌ ساردیی زه‌مه‌ن و بوون ده‌بنه‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ گه‌یشتن به‌ ئاگایی بوون، واته‌ له‌ ڕێگه‌ی ساردیی بوونه‌وه‌ حه‌قیقه‌تی بوون به‌یان ده‌كا.

له‌م فه‌زا شیعرییه‌ ته‌لارسازییه‌دا، شاعیر ته‌عبیر له‌ دۆخێكی ناوه‌كی ده‌كا، پێناسه‌یه‌كی تازه‌ بۆ بوون و مرۆڤ ده‌خاته‌ ڕوو.

ئه‌م كتێبه‌ لادانی ئه‌و ماسكه‌ ده‌ستكردانه‌یه‌، مرۆی سه‌رده‌م ناچاره‌ له‌نێو دنیای پڕ له‌ كێشمه‌كێشمدا لێیان ڕابكا بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ بێت. زه‌رده‌خه‌نه‌ چیتر پێناسه‌ نییه‌ بۆ ئاسوده‌یی، به‌ڵكو ته‌عبیره‌ له‌ دنیای تاقه‌تپڕوكێن، كه‌ ناچارت ده‌كا به‌ پێكه‌نین و گریان، گریان به‌ ئاراسته‌ی خۆشی و پێكه‌نین به‌ ئاراسته‌ی ئازار.

تازه‌ زستان ده‌ستی پێ كردبوو

شاره‌كه‌ی ئێمه‌ له‌ بێده‌نگیدا مابووه‌وه‌

كه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م پیاسه‌مان ده‌كرد

ئه‌و وه‌ك كچه‌ تازه‌ ده‌ستگیرانداره‌كان

ده‌ستی له‌ناو قۆڵه‌كانم نابوو.

شاعیر وێنای وه‌رزێكی سارد ناكێشێ كه‌ وه‌رزی زستانه‌، به‌ڵكو ده‌چێته‌ نێو بارێكی ئۆنتۆلۆجی، چونكه‌ له‌ دیدی فه‌لسه‌فه‌ی وجودییه‌وه‌، زستان بریتییه‌ له‌ گوزه‌ركردنی ئینسان به‌ره‌و مه‌مله‌كه‌تی نامۆیی و وه‌ستانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر جه‌وهه‌ری ساده‌ و تاقانه‌ی ته‌نیایی، لێ له‌ عیرفاندا ئه‌و ساردییه‌ی شار‌ وه‌كو حاڵه‌تی وه‌رزی گریان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو خود و خه‌ڵوه‌تی ڕۆحی خۆی پێناس ده‌كا، ئه‌م پێناسه،‌ سه‌فه‌ره‌ به‌ره‌و كه‌ناری داڕمانی جه‌سته‌ی فانی و پشكنینی دنیا به‌ مه‌به‌ستی بینینی حه‌قیقه‌ت.

ئه‌و ویسته‌ مرۆییه‌ی له‌ شیعره‌كه‌دا هه‌یه‌،  پردی گه‌یشتنی ئه‌وینی مه‌جازییه‌ به‌ دڵ وه‌كو وێستگه‌ی ناسینی حه‌قیقه‌ت، دواتر به‌ستنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و عیرفانی به‌  بوونێكی ناوه‌كییه‌وه‌. بۆیه‌ ئازار له‌ ده‌قه‌كه‌دا یه‌كسان نییه‌ به‌ ته‌فره‌دانی دڵ‌، به‌ڵكه‌ ویستێكه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها و دوا پێناسه‌ی بوون.

دانیشتین و وه‌ك دڵدانه‌وه‌

له‌ كۆتره‌كانی باخی شارمان ڕوانی

كه‌ هه‌ڵفڕین

وێنه‌مان گرتن

شوێنه‌كه‌ قه‌ره‌باڵخ بوو

ده‌یانگوت گرانی به‌ڕێوه‌یه‌.

لێره‌وه‌ ئاوێزانبوونی عه‌قڵانیه‌ت و ڕۆح له‌ بازنه‌ی ئازاره‌كانی واقیعدا دێت. دانیشتن وه‌كو پڕۆسه‌ی دڵدانه‌وه‌ زیاتر ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كا و زیاتر دۆخی ناوه‌كیی شاعیر مانیفێست ده‌كا. لای دیكارت ئینسان له‌ ڕێگه‌ی گومانكاری و جیاكردنه‌وه‌ی جیهانی بیركردنه‌وه‌ له‌ جیهانی مادی سه‌ودای نه‌زم و حه‌قیقه‌ت ده‌كا، ئه‌مه‌ش له‌ شیعره‌كه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ ساتی ڕوانین له‌ كۆتره‌كان و وێنه‌گرتنیان وه‌كو خه‌باتێكی عه‌قڵی بۆ بیناكردنی هارمۆنی و دڵنه‌وایی له‌ ناوه‌ڕاستی ناڕوونیی ده‌ره‌كیدا، لێ ساتێ ده‌قه‌كه‌ باز ده‌دا بۆ نێو جه‌نجاڵیی شار و ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌ شاره‌وه‌ دێن و گرانیی ژیان دێنن، شڵه‌ژانێكی ئێستاتیكی ڕووده‌دا. له‌ ڕاستیدا فه‌لسه‌فه‌ و دیكارت و عیرفانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ پڕه‌ له‌ ناره‌حه‌تی و ئازار.

 ده‌رباره‌ی سه‌رما و

تاریكی و

 شۆفێریكردن به‌ شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر

زۆرم هه‌یه‌ بۆ گوتن

 تا ئێستا لای كه‌س باسم نه‌كردوون.

له‌ سه‌ره‌وه‌ جۆرێك له‌ ئارامگریی عیرفانیی تێبینی ده‌كرێ كه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكی كوردیدا به‌ شێوازی بنكه‌ فراوان  بوونی هه‌بووه‌ له‌ ڕابردوودا، وه‌ك چۆن ئاوێته‌بوونی جه‌سته‌ له‌گه‌ڵ ئازار و سروشت له‌ شیعری سوهرابدا جیا ناكرێنه‌وه‌ له‌ جه‌وهه‌ری بوون، به‌و واتایه‌ی شتێكن كه‌ بوون ده‌ناسێنن به‌ مرۆ.

 له‌ (بێگانه‌)ی ئه‌لبێر كامۆ و دڵته‌نگییه‌كانی دۆن كیخۆت و ته‌نانه‌ت لای دیستۆڤسكیش، سه‌رمای ده‌ره‌وه‌ و هاوكێشه‌ ئاڵۆزه‌كانی ژیان،  گه‌رمیی بوون كاڵ ده‌كه‌نه‌وه‌ و خودی سه‌رماكه‌ش له‌نێو نامۆبوونێكی جه‌وهه‌ریدا ده‌نێژرێ و ده‌هێڵرێته‌وه‌. له‌ ڕۆمانی بوونگه‌را نوێكانی وه‌ك (كافكا)، هاوشێوه‌ی ئه‌م ده‌قه‌، قوربانییه‌كی بێتاوانی ده‌ستی سیسته‌م ده‌رده‌كه‌وێ، كه‌ هه‌ندێ جار خودی ئه‌و سیسته‌مه‌، كه‌سی بێتاوان ده‌باته‌ نێو په‌رێزی تاوانه‌وه‌.

ئه‌م كتێبه‌، گه‌شته‌ به‌ره‌و زمانێكی جه‌رگبڕ كه‌ تیایدا بانگهێشتمان ده‌كا به‌ره‌و ئه‌و زه‌مه‌نانه‌ی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سێبه‌ری ئێمه‌ن، ئه‌و سێبه‌رانه‌ی، ناسنامه‌ن له‌ گیرفانی زه‌مه‌نی ئێمه‌دا. ئیسماعیل هه‌موو ئه‌و هاوكێشانه‌ پشت به‌ست به‌ حوكمی زمان ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ داڵده‌ی ڕۆح ده‌ده‌ن و پێناسه‌ی گریان و خه‌نده‌ ده‌كێشن به‌ قه‌ڵه‌می شیعر.

بێبەشم،

من لە پێکەنین و پیاسە

 لە هەوای ئازادی و

چوونەسەر شەقام.

 لە ڕوانگەی فەلسەفەی فریدریك نیتشەوە، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیراده‌ی ده‌سه‌ڵات گوزارشتێكی تراژیدی بێت، هه‌ست به‌ بوونی ئازادیی ڕه‌سه‌نی ئینسان ده‌كرێ. لای نیتشه‌ بنه‌مای یه‌كه‌می زینده‌گی، ویستی توانایه‌، بۆیه‌ ئه‌م پارچه‌ شیعره‌ی سه‌ره‌وه‌ وه‌كو زیندانیكردنی ڕۆح خۆی نمایش ده‌كا، چونكه‌ لای نیتشه‌ پێكه‌نین ستایشكراو بوو و گوزارشت بوو له‌ ئاماده‌گیی ڕۆحی ته‌ندروست.

 لای نیتشه‌ ئه‌م ئازادییه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌مكێكی فیكرییه‌، زه‌روره‌تی جه‌سته‌یی و مه‌یدانییه‌ بۆ ئاماده‌یی چالاكانه‌ی مرۆڤ و سه‌ركێشی له‌ هه‌مبه‌ر ژیان و لادان له‌مه‌ لادانه‌ له‌ سروشتی ڕه‌سه‌نی مرۆ.

بۆیه‌ ده‌قه‌كه‌ دژی هێزی ده‌ره‌كی و مۆڕاڵی كۆیله‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ كه‌ كار بۆ كوشتنی مرۆ ده‌كه‌ن. لای نیتشه‌ ژیانی خالی له‌ ئازادی و ته‌نیا پێكه‌نین و جووڵه‌، واقیع و ژیانێكی مردووه‌ و دژی فه‌لسه‌فه‌ی ژیان و گه‌وره‌یی بوون و تاكه‌.

كاتێك باران ده‌بارێ

زۆرجار له‌ ترسی لافاو

ده‌بم به‌ ئاگر

خۆم به‌ ئه‌ڤینی ئه‌م شاره‌ سارده‌

ده‌به‌ستمه‌وه‌.

له‌ پاڵ ئه‌و ئه‌وینه‌ ته‌سكانه‌ی هیچ نین جگه‌ له‌ شه‌قامی ئازار، شاعیر هانا بۆ ئه‌وینی شارێك ده‌با كه‌ خۆی له‌نێویدا ده‌دۆزێته‌وه‌، ئه‌وینی شارێك كه‌ خود ده‌با به‌ره‌و بوون به‌ ئاگر. ده‌كرێ له‌ سه‌ره‌وه‌ لافاو وه‌كو هێزی سته‌مكار ببینین كه‌ ده‌یه‌وێ به‌ باران ده‌ست بكا به‌ پیاسه‌ی داگیركردنی دڵ و به‌ زریان هه‌موو شتێك بشێوێنی، بۆیه‌ ئه‌و دڵه‌ ئاگرینه‌ی شاعیر وه‌كو خه‌نجه‌رێك كه‌ له‌ سینه‌ی گوڵ چه‌قیه‌وه‌، ناسنامه‌ی بوون ده‌گۆڕێ و ئاگر له‌نێو خیابانی ئاودا ده‌كاته‌وه‌، تا چیتر هێزی ده‌ره‌كی و سته‌مكار نه‌توانن شار وێران بكه‌ن و نه‌توانن گریان بكه‌ن به‌ ئاوازی مانه‌وه‌ و به‌ هه‌ناسه‌ی تاقانه‌ی خود.

به‌ كورتی: له‌پاڵ ئه‌و تێبینییانه‌ی سه‌ره‌وه‌، كۆی ده‌قه‌كانی نێو ئه‌م كتێبه‌ی شاعیر، شایانی ئه‌وه‌ن به‌ دیدی جیاوازه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكرێ، چونكه‌ پڕن له‌ وێنای قووڵی شیعری و گه‌مه‌ی زمان و هاوكێشه‌ی ئیستێتیكیی قووڵ، كه‌ مرۆ به‌ره‌و كه‌ناری ئارامی ده‌به‌ن و جوانی دووباره‌ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر خوانی شیعره‌وه‌. كتێبی زه‌رده‌خنه‌ی ده‌ستكرد، چێژی شیعر ده‌نه‌خشێنێ و ئازاری دنیا نمایش ده‌كا.

سه‌رچاوه‌:

زه‌رده‌خه‌نه‌ی ده‌ستكرد، ئیسماعیل سابیر، شیعر، ناوه‌ندی ته‌م بۆ نووسینی كوردی، ٢٠٢٦