نەهرۆ جەرجیس
گۆرانییەک گاڵتە دەچڕێت
ئەم دڵتەنگییە ساردە
غەزەلی ئەم ئەستێرەیە دەکوڵێت لە گەرمی
تارای شووشەیەک پێکەنین
ئومێدمی سەراونخوون کرد
هیچ کەس پیاسەیەکم پێ ڕاناسپێرێت
چیدییش هەوڵ بۆ شووشتنەوەی ژیان نادەم
ئاییندەم ژەنگی هەڵێناوە.
زەمینی هەور ئێرە نییە
بۆشاییەکی کز و ساردە
چونکە خەمباریی پەنجەرەیەکی پیرە
ژیان لەدەستەکانی گەمارۆبوونی شاردۆتەوە
لەبیر دەکەم کاتژمێرەکە بشکێنم
ڕەنگە هێشتا
چنینی قوماشێک لە خەڵووز
لە ئەگەری هاتنی تۆفان
هیوایەکی باش بێت.
ژوورەکەم ئازاری لێ سەوز دەبێت
لەگەڵ بایەک بەنێو ئاپۆڕەی گوڵەجۆ
دەچمەوە کۆڵانەکانی بەختەوەری
لە کوێ بشارمەوە
ئەو سڵاوانەی نامۆن بە من
هاوارێک لە سەرم کاژی تازەی فڕێدا
دەمم بۆنی تاریکیی لێ هات
عەرەبانەیەک قامچی
لە سنگم هێلانەی کرد
بەو بەلەمانەوە گرێیاندام
کارگەی سەفەری مردن بوون.
سێبەرێکی ماندووم
لە نیوەشەو هاتوومەتەوە
فرمێسک نا،
گلەییەک لە چاومدا خۆی شاردۆتەوە
گومڕا، لە ڕادیۆکانی کولتوور
بێزار، لە ئارەقی جەماوەر
هاوڕێکانم لێڵ بوون
درەنگ زانیم
ژیان، زایەڵەی ژەنینی خولیایە!
قادرمەکانی هۆشیارییش
دەستپێکی سەرگەردانیی.
چونکە وتم:
“ئەو شارە زمانی لێ بەربێتەوە
دەخەسێت لە درۆ”
درەختێکی سەدساڵەش
وەک لقێکی گەنج نەیلاواندمەوە.
ژیان لە سکم پەنگی خواردۆتەوە،
وەک گۆچانێک
لە کافێیەک دەڕشێمەوە.
یاداشتی قەبرێکی نەخۆشم
بێ هیوا چاو لە ڕێی ئاسۆ…
خیانەت لە گۆڕستان نا،
لە هەناسە دەکەم.
٢٠٢٣