سۆران محەمەد
١
ڕتوشی ئاوێنەکانی قەدەر
…………….
منیش وەك ئێوە
یەکەمین قوومم
هەر لەو سەرچاوە شێلوە خواردەوە
هەندێکی گێژ کرد
هەندێک ژەهراوی
هەندێکی لە جێدا خست و
هەندێکیشی وەدەرنا
خۆ جادووی هاروت و ماروت نەبوو
ئەو هەموو شەوکوێریی و
تەنانەت رۆژ کوێرییە!
ئەو هەموو چاوبەستە…
ئەو هەموو وێرانیی و
ئەو هەموو بەربەستە
*
زۆر پێش ئێمە چوون
بەردیان تێ دەخست
خڵتەی هزرین و
دەستیان تیا دەشوشت
مەرگەساتێ بوو
ئەو هیچستانە
ئەو بێباکییە و
ئەو وەدەرنانە !
*
ئەمڕۆ ئێوەم دی
خۆم بیرکەوتەوە
لە قوژبنێکدا
کاغەزە چرچ و لۆچەکانی زووم
چاو پێکەوتەوە
هەرچەندە بەژنی قەدەر چەماوە
هەر وەکو گۆپاڵ
هەنگاوی نامۆی
سەرجادەی رەقی
کەڕ و کوێر و لاڵ
ئێوارەیەکی نائومێدنشین
بێناز و بێماڵ
بەڵام سۆماتان
سپێدەی کەژی وەفای
لێ هەڵدێ
وا لە دەرەوەی وەرزەکانی ساڵ…
٢
وەعی
……………….
ئەو باڵانە لێکەنەوە
چ حەوجێیە
فڕین بە نێو ئەو جیهانە؟
بینینی ئەو هەموو وەحشە!
لە پشت پەردەی
ئەو ڕووانە…
٣
جولیانۆ… هۆ جولیانۆ
……………………….
جولیانۆ… هۆ جولیانۆ
وەرە
ناڵێم بۆ دەڤەری خەرابات
نەبادا پیرە داڵێ
بەسەرتەوە بنیشێتۆ
بەڵکو وەرە پەناگایە
لە چەقی شاری دڵمانۆ
.
جولیانۆ… هۆ جولیانۆ
شاعیرەکان خۆشیان دەوێی
چونکە یاخیبوونەکەی تۆ
سروتێکی شاعیرانەیە
ئەگەر بەکر عەلی بمایە
دەیکردیە پاڵەوانی داستانە شیعرێ
حەمە عومەریش
کوڕێکی ببوایە
دەبو ناوی تۆی لێ بنرێ
.
بە منداڵی
جۆلیانۆ جیما
سیمبوڵی ئازایەتی بوو
کە گەورە بووین بۆمان دەرکەوت
ئازایەتی راستەقینە
قوربانییە بۆ هەقیقەت
.
جولیانۆ… هۆ جولیانۆ
تۆ دەتزانی
کێ ئاواییەکانی فرۆشت بە دانیشتوانەکانەوە،
وەلێ دڵنیام
دەمەوعەسرێکی درەنگ
دەگەڕێیتەوە
بە تاپۆکانەوە
.
جولیانۆ… هۆ جولیانۆ
هەروایە ئەفسانەکانی دونیا
لە جەنگەڵەکانی مۆدێرنا
شێرەکان دەمرن لە برسان
خومسارەکانیش
هەڵدەپەڕن لەسەر جەستەیان
٤
هەدەر
………..
ئەگەر ژیان بە شیعر و خۆزگە جۆر بوایە
دەمخواست وەكو ورچێکی ســڕ
لە زستانێکی تەوەری باکوور،
بۆ دەیان ساڵ بنووستمایە…
.
دوور
زۆر دوور،
لە گەڵا پلاستیکیەکانی-
پاییزەکانی زەعیم،
هەڵوەرینی ساڵەکانم نەدیبایە…
.
یان
وەكو عوزەیرێکی بێدەنگ
ساڵێك، دەیەیەك، چاخێك
بە قووڵایی
تەنیایی خۆما ڕۆچوومایە…
٥
مەزهەبی ئاو
……………….
لە زەمەنی لایەنگیری و پەتا و بەڵا
وتیان:
بۆچی ئاو بێ ڕەنگە؟
کەچی ئەو هەموو ڕەنگانە
بە گەڵا و گوڵان و ژیان
دەبەخشێ
وتم: ئەگەر ئاو بەند نەکەن
بۆگەن نابێ.
لێی بگەڕێن،
خۆی ڕووگەی خۆی
پێ دەزانێ.
لەگەڵ خۆدا
دڕك و پووش و چڵکنیەکان
بەرەو زەریای بیرچوونەوە
ڕادەماڵێ
*
جارانێکیش
سپی و ڕەش پێیان دەگوتم
من بێ ڕەنگم،
بۆیە لێیان بەجێماوم!
وتم: ڕەنگە
هۆکەی بە تەنیا ئەوە بێ
من لەسەر مەزهەبی ئاوم
٦
چوار – كە –
……………….
سەرەتا شیبایەك بوو
ئەو رەشەبا سەر شێتەی
دوێ شەو ئەیویست
دەرگاکان لە بێخەوە هەڵکێشێ
تاکو دڵەکان
کڵۆمدان لە بیر کەن
نەیدەزانی عەشق و وەفا و مرۆڤ
ئەوڕۆ بوونەتە سێ کوچکەی بەرمۆدا!…
.
سەرەتا تنۆکە ئەسرینێ بوو
ئەو زریانە بەلەسەیەی لە چلەی هاوینا
کوخەکانی متمانەی خاپوور کرد
فەنەرەکانی سۆماش خامۆش…
ئیتر لە چ لێرەوارێ
تەزووی ئاوەدانی
روو دەکاتەوە ئەو شارە کەونارەی گیان؟
کە دارتەلەکانی عەیامێکە تێكشکاون!
.
گەر ‘بەدمەستی بکا ئەهلی’
شتێكی نەهێشتبێتەوە بۆ گوتن
کە بەم گوزەرەدا رادەبوری،
لەوما مردن
لەدوا باڵەخانەی ماریفەتەوە
سەری دەرهێناوە و
بانگی ژیان دەکا
رێبوارەکانیش یەك یەك
سەری خۆیانی پێ دەقەبڵێنن…
شینێکی کاڵ بوو، بە رەنگی ئاسمان
ئەو هاوڕێیەی
کراسەکانی ئەم وەرزە بە بەری نەکرد و
رووت و رەجاڵ
بوخچەی تەمەنی پێچایەوە و
رووی کردەوە کەژوکۆ
.
سەرەتا تیشکی چرایەك بوو
ئەو بروسکە توڕەیەی
کێڵگە وشك و تەڕەکانی سەخاوەتی
پێکڕا سووتان
مێرگەکانی ئاشنایەتی کاول کرد
ئیتر کەی ئەم خەراباتە نوتەکە
دەچێتەوە سەر: نەسلی رووناکی-
ئاوەدانییە دڵسافەکان؟
کە کاتژمێرەکانی هەڵە و
رۆژمێرەکانی بە بیرەوەریت نامۆ!
کە نێرگزی کورتی تەمەن
لەناو گوڵدانی بەر ئاوێنەی
ژووری نووستنا سەیری خۆی ئەکاو
هیچ نابینێتۆ!
٧
شاعیرە ترسنۆكەکان
***
بەلای ئاگردانی رەخنەدا
دووراودوور تێدەپەڕن
نەبادا سەهۆڵبەندانی پێنووسیان
بتوێتەوە
*
ئەو شەوانەی
ئەستێرەکان خامۆش دەبن
ناوێرن بەدیار بکەون
چونکە تاقی شیعریان
بێ چرایە
*
کاتێك بارانی هەقیقەت
لێزمە داکا
ناچنە دەرێ
نەکو پەشمەکی دیوانیان
بتوێتەوە
*
شاعیرە ترسنۆکەکان
لە دوورڕا سەیری
شەڕی زمان دەکەن
٨
جیابوونەوە لە خود
……………………….
کاتەکان وەکو لاستیکێکی جيڕ
گرژ دەبن و هەندێكجار دەکشێن
هەست بە هێزی ڕاکێشانی دەکەی لە مێشكا
بوون
و-وون
وەکو وڕێنەکانی کاتی لەرز و تا
درێژ ئەبێتەوە تا ئەوپەڕی چوون
کەلـلەش بە قەد ئەم گەردوونەی لێدێ
پاشان وردە ورده بچوکتر
لە دوماهیدا هێندەی مازوویەکی دەمێنێتەوە
ئیتر بۆ کوێ دەچی؟
کە چاو تەماشای رۆح دەکا
ناتوانێ پێی بڵێ
بەرەو کوێ دەڕۆی؟
ڕۆیشتن ئەو پەرییە بوو
مەلەی نەدەزانی و
کەچی هەموو ئۆقیانووسەکانی تەی کرد بە تەنیا
سەر شاخەکانی قەدبڕ کرد لە دەمێکدا
بە بیابانە کاکی بەکاکییەکاندا
تێپەڕی خێرا
بێ ئەوەی نوقم بێ لە ناو لمی گەرمدا
بشگەڕێیتەوە بۆ دەورانی مناڵی
هەر لەگەڵتە
لەو کاتەوەی لە بیرت بێ
وەك دەمڕاستێ لێت جیا نەبۆتەوە
دەستت بۆ هەر شتێکی باش بردبێ
گوتویەتی
بەکەڵك نایە داینێرەوە
جاروبار خەونی لەگەڵ سەرۆکەکانا
پێ دەبینی
نەیهێشت تاوێ بە کامی دڵ
هەناسەی پشوو هەڵمژی.
دوای چاوەڕوانییەکی درێژ و
بێزاربوون لە دووبارە بوونەوەکان
پاییز دێت و شەختە سەراپامان دادەپۆشێ
لە بەهارا گوڵەکان سەر دەردەکەنەوە
وەكو نەبایان دیبێ نە بۆران
کەچی کچەکانی ڕەشەبا وەکو ياقووت یان شالورێ
بەسەر چڵێکەوە نانيشنەوە
تا نامەیەکیان لێوەرگری
بۆ شاری خنکاوی بەری!…
دڵت تێکەڵ دێ
وەکو بۆنی سێوە درۆینەکانی هەڵەبجەت کردبێ
ساتی دوورکەوتنەوە لە خود
بەرەو دنیای تارماییەکان…
لەسەر وێنەی شکستەکانی دوای بێهیوابوون
لەگەڵ هەموو بزاوتێکا ئامادە…
بە قاوشەکانی زیندانی ژیانا
بەدەما ڕادەکێشرێین
هاوارکردن تەنیا بۆ گێڕانەی چیرۆکەکانە
ئەگینا بە هیچ دەردێ ناخوا
قانعیش وتی ‘خودا سەبەبکارەکەم بگرێ کە نەیهێشت خۆم بە دارتاش و خەڕات و پینەچی و دۆم کەم’
لە دوماهیدا شەڕ و ئاشتییەکان
زۆری بۆ ژیانە و کەمی بۆ مەرگ
بەڵام بەرهەمەکەی پێچەوانەیە،
ئەوەبوو تا دڵمان خۆش کەین
لە سەر داری تابووتی ژیان
بەختەوەریەکانمان هەڵکۆڵا
بەڵام هەر زوو کڕێوە بە خۆڵ و خاشاك دایپۆشی
کاتێ هاوڕێکان
لەنیوەی ڕێ گەڕانەوە و
تەنیایان هێشتین
٩
میتاڤێرس
………….
واتا ئەندێشە
گیان
مەجاز،
شیعر،
مەلەکوت…
گەر دەرگایەکی ماتریاڵ هەبێ بۆ ماڵی مرۆڤ
ئەوا چەنـــدان پەنجەرەی ون هەن
بۆ بینینـــــــی دونیـــــــــا
هــۆ میتاڤێرس…
ااااتـ me
تـااا
..
.
١٠
میتامۆرفۆسیزم
……………….
بۆریەکانی ئاو دەتەقن
کەڕووی ڕەشیان لێوە فیچقە دەکا
لە ڕوخساری تابلۆکان دەنیشێ
دەمارەکانیش
گژوگیای وشك
.
وشەکان لەسەر پەڕەی کتێب ئۆقرە ناگرن
دەبنە کێچ و ئەسپێ
بە هەموو لایەکدا ڕادەکەن…
.
لە خۆرهەڵاتی دڵەوە
چاوی گۆڕەکان بە سوژنی لەبیرچوونەوە
دەردێ.
.
بەرەو خۆرئاوای یادەکان
شەقامەکان وەکو مارێکی فیشخواردوو
دەچنەوە سەنتەری پێوەدان…
.
ئاسۆ و دەمامکی ڕۆژەکان
لەسەر هێڵی (وای فای) کۆنێکت نابن
بۆ زانینی پێشبینی دۆخی پێڵاوەکان و
ڕادەی گرژبوونی ماسولکەکان…
داخۆ چەندان فەرسەخی تر
چەقێکی ئاوەدانی لێبێ؟
.
وا لێرەوە وردە وردە
گردە درۆزنەکان شی دەبنەوە
شاخە دزراوەکان دەبنە تراویلکە
دیواری خانووەکان
لە بناغەوە توشی شیزۆفرینیا دەبن
چرپە چرپی ئەودیوی پەنجەرەکان
لەگەڵ زیکەی زیکزیکەکان،
تێکەڵ سیمفۆنیای قوڕباقەکان دەبن
.
ئەمجارەیان
توخمەکان دەگەڕێنەوە سەر
دۆخە ڕاستەقینەکانی خۆیان…
.
بۆ زانینی وردەکاری زیاتر
لە درێژەی هەواڵەکانی ئەمشەو
گوێبیستی گۆڕانکاریەکانی تر بن
١١
کە شاعیرێ دەمرێ
………………………..
کە شاعیرێ دەمرێ
پۆلێ باڵندەی سپی
لەناو هەورەکانا بزر دەبێ
گزنگ بە چاوێکی خەواڵوەوە
بە تەنیایی
تەرمی شەو لەکۆڵی دەنێ.
.
کە شاعیرێك دەمرێ
هیچ ئالایەك نەوی ناکرێ و
مارشی نیشتمانی ناچڕێ.
ئەوان
دەبنە سیمبوڵێ
لە دوا کۆپلەی شیعرێکا، مەلول
هیچ خوێنەرێ
راڤەی ئەو کۆدەی بۆ ناکرێ.
.
کە شاعیرێ دەمرێ
جەنگێکی نوێ هەڵدەگیرسێ.
ئەو رۆژەی
هەنگاوەکانت تێکەڵ دەبن
لەش تاقەتی
ڕاگرتنی سەری نامێنێ
دەبینی چۆن
بەبێ سرتە…
پەپولەی گیانی شاعیرێ
لەناو تیشکی پرتەقاڵی-
خۆراوابوونا هەڵئەفڕێ