گوڵاڵە عوسمان
دەگەڕێنەوە
لەسەرخۆ بە هێمنی
بۆ هەر شوێنێك چووبن
چەندە دوور ڕۆیشتبن
چەندی تر خێرابن
زۆریشیان پێ چووبێ
ڕۆژێک هەر دەگەڕێنەوە.
**
ئەوانەی دەیانگوت:
تا خۆر لە خۆر ئاواوە هەڵدێت
ناگەڕێینەوە!
ئەوانەی وابەستە نەبوون بە هیچەوە.
ئەوانەی لەبیرچووبوونەوە ، وەک ئەوەی نەبووبن… هەر
ئەوانەی مەراق دایدایە هەناویان، ئەوانەی لە خۆیاندا بوون بە گرێ،
دەگەڕێنەوە!
**
ناگەڕێنەوە
ئەو کاتانەی لە پشتی وێنەکان دەماننووسی بۆ یادگاری!
ئەو ڕۆژانەی
نەخشەی خەیاڵەکانمان لەسەر دیوارەکانی کۆڵان دەکێشا
ئەو ساتانەی
گۆرانیی غەمگینیمان دەگوت و کەچی دڵمان خۆش بوو!
ئەو دەمانەی
لە چاوەکانی یەکتریدا ون دەبووین
ئەو شەوانەی
بیرمان لای یەکبوو و بە ڕۆژیش تەنیا نیگامان دەگۆڕیەوە،
ناگەڕێنەوە.
**
ئەوان کە ڕەنگی پەڕیویان
لە نامەکاندا دەنارد
ئەوان
وشەی وەك بارووتیان بۆ جێ هێشتین
ئەوان
کە بازنەی ئێمە بوون
ئەوان
هەر بە سیلەی چاو ئازاریان داین
ئەوانیش
گوڵیان بۆ هەڵداین لە پەنجەرەی سادەییەوە
تا قامی قیامەت ناگەڕێنەوە.
**
ئەوانەی
بە خۆیان نەدەگەیشتنەوە
ئەوانەی
نیگایەکی سادە فریوی دەدان
ئەوانەی
لە بێ ئەمەکیدا زۆر ڕوون بوون
ئەوانەی
ساڵانی چاوەڕوانی بڕینیەوە،
دێنەوە.
**
ڕۆژێک دێنەوە
لەو شوێنەی دەستیان پێکرد
دێنە
هەواری خاڵی و واری چۆڵ
دێنەوە
مێژینەی تاڵ و زیهنی پەشیمانی
دێنەوە
ڕوو لە خۆزگە و دەم بە دۆعا
دێنەوە
ماڵباتی تەنیایی.
**
بۆ ناو جاران دەگەڕێنەوە
جارانی شپرزەبوون بۆ بینینی… ئەو
جارانی شەرمنی و خەکەڕایی
جارانی قسەکردن بە سادەیی
جارانی سەر سفرەی بەیانیان
جارانی یەک دووژمن و هەزار دۆست.
**
دەگەڕێنەوە
بــــۆ تەواوکردنی یارییەکە
بـــــــۆ دروستکرنی ناوێک
بـــــــــۆ تێکشکانی تێکشکان
دەگەڕێنەوە
بــۆ سەرکەوتن بەسەر سەرنەکەتندا
بـــــــۆ گەیشتن بە نەگەیشتن
بــــــــــــۆ هەموو بــــۆکانی تررررررر ، دەگەڕێنەوە
ئەوان ڕۆژێک هەر دەگەڕێنەوە،
ئاخر
ڕەنگە
ئەوان
لە
بنەڕەتەوە نەڕۆیشتبن… هەر.