کە بیر لەوێ دەکەمەوە

0 81

جێگر بەختیار

لە شاردا بزر بووم،
وەک ئەوەی لە کەسێک بگەڕێم، تا بمدۆزێتەوە!
بەڵام نەمزانی کاتژمێر چەندی ماوە بۆ ماڵەوە
چونکە سێبەرەکەم دەیترساندم، بیرم لە خۆکوشتن دەکردەوە
دەربارەی تۆ؟ نازانم!

ئێستا کە ئەم وشانە دەنووسم باشم،
بەڵام کە بیر لە ڕابردوو دەکەمەوە،
بیر لەو شەقامە پێ پەتییانە دەکەمەوە، کە درەنگانی شەو دەیانپێوام
بیر لە چراکانی سەر شەقام، کە تاریکیان ڕاودەنا
بیر لە زۆر شت دەکەمەوە، کە ھەر لە ڕۆیشتنی بێ ماڵئاواییت دەچن.

شەوانی وێ ھێندە تەنیا بوون،
لەژوورەکەمدا، دیوارە ساردوسڕەکانم لە پشت دەکرد و غەریبییم دەکردی
ئەگەر جگەرەم نەبا، ڕەنگە دڵتەنگی بیخنکاندبام
ھەناسەدانم بەبێ تۆ چەند تەنگ بوو؟

نازانم چیم زانی بوو دەربارەی خۆشەویستی،
تەنیا ویستبووم لەوێ بیت، لەلام
کە گڕمۆڵە دەبووم، پەراسووەکانم دەھاتنە سەر ڕانم
باوەشم لە کۆمەڵێک ئێسک دەدان و ڕامدەژاندن!
دڵی بێئۆقرەم بۆت دەگەڕا و خەوی دەزڕا.

شار ھێندە ترسناک بوو،
زەندەقم لە خشپەی پێی ئەو کەسانەش دەچوو،
کە بە سەگە بێلانەکان دەوەڕین و پڕیان دەدانێ
بەڵام بە دەنگی بەرز گۆرانیم دەگوت تا ھەست نەکەم تەنیام،
تا بیر لە ھیچ شتێکی دیکە نەکەمەوە، کە بمترسێنێت.

لە شاردا بزر بووم،
وەک ئەوەی جێتنەھێشتبم
بۆت دەگەڕام وەک ئەوەی ھیوایەک بە دۆزینەوەت مابێت
دەمڕوانیە ئەو فڕۆکانە کە لە شەقەی باڵیان دەدا،
دەبێ لە چنگی کامیاندا نێچیر بووبیت؟
دەمڕوانیە بەفر، دەبێ چەندە سەرمات بووبێت؟
دەمڕوانیە زۆر شت، کە ھەرگیز تۆم لەناویاندا نەدۆزیبووەوە…

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.