دابان عەتار
بە تەیب قادری شیعر پێشکەشە
تەنیاییم خووڕەی دێ
لەنێو خەندەمدا نیگەرانی هاژەیەتی
دەمەکان
چاوەکان
دەستەکان
ئازادییم یەخسیر دەکەن
دەمێک
پێ بە قەرەباڵغیمدا دەنێم
دەستێک دەشکێ
چاوێک دەمرێ
ئازادانە چاوشارکێ لە کۆڵانەکانی خۆمدا دەکەم
کۆلارە لە ئاسمانمدا هەڵ دەدەم
یار بارە لە شارم
یار شارە
خۆم لە باوەش دەگرم
واتە تۆ لە باوەش دەگرم
تۆ یارمی کە خۆمم
تا چەندی تر لە ناو مندا نەمریت؟
تا کوێ لەگەڵ مندا هەناسەیت؟
بۆچی پڕم ناکەیتەوە لە خۆم؟
تا کەی تۆم؟
لە ئێوە دێمە دەرەوە
ئێوە پڕن لە ورتەی گوێ سم
لە وتی وتی پێ پەتی
ئێوە خۆتان لێ ون بووە
دەبمەوە چەقی خۆم
گوڵی خۆم لە مردن ڕزگار دەکەم
چیم داوە لە پەڵەی پەنجەرەی ئەوانی تر
سەوزایی خۆم دەلاوێنمەوە
دەم بە دووکەڵی ئەوانی ترەوە نانێم
میحڕابی باڵەفڕکەیە قەفەسی قەفەسم
گوێم دەکێشمەوە لە زمانتان
زەمانێک لە زمانی خۆمدا دەخوولێمەوە
لە پەتاتان ڕا دەکەم
تا ئالودەم نەکەن بە باسوخواسی، پێخواسی
بە کولاندنەوەی ئاگر
بە کوژاندنەوەی ئاو
بە شێواندنی ناو
کەرەنتینەم لاواندەوە
دەوڵەتی خۆمم ناسی
ئایا تابلۆکانم پێ دەگرن؟
ئایا نیگارتان لە شەقەی باڵ دەدا؟
بەرەو کوێ؟
خۆم ڕادەکێشم
دەکەومە هەواری خاڵی
خاڵت جادوو
زارت پەرجوو
کارت لاواندنەوەی سەوزایی بوو
کیمیای بەختەوەری؟
یا زانستی ژیاندنەوە؟
تۆ بوویت!
ژارت لە زاردا گۆڕی
زاریت لە زاردا گۆڕی؟
ئەگەر عەرشم نەهەژێنی
چ نەخشێکی؟
کە:
نەمدوێنی و نەمبزوێنی
نەمڕوخێنی و نەممرێنی
نەمژییەنی؟
تا کوێ دەتوانم خۆم لە باوەش بگرم؟
تا چەندی تر دەتوانم تەنیا دوو پێ بژمێرم،
کاتێک شەقام دروێنە دەکەن؟
کەی دەستم گوڵ دەگرێ؟
لە بیابانمدا کوخێکت بۆ سازکەم؟
بەڵێن دەدەیت بمکەیتەوە شار؟
شارم شکاوە
قەڵام ڕووخاوە
چیتر گوێ لە فەوزای میدیا دەگری؟
ئیتر دڵت بۆ بۆمبی کورتە ڤیدیۆکان دەکەیتەوە؟
لێدەگەڕێی ببیە دەنگۆی گڵاوی دەمەکانی تۆڕە تڕۆکان؟
لەوەیە بەیانییەک کەسایەتیت بشکێنرێت؟
لەوەیە کەڕامەتت لە تۆڕەکاندا تەراتێن بکات.
دونیای نوێ
مرۆڤی نوێ
ئامێری نوێ
باوە کوشتەی مرۆڤایەتییە
مرۆی نوێ ئاوسە بە زڕاندن و سڕینەوە
چاڵی گەورەن بۆ زیندەبەچاڵ
خۆمم دەدەیتەوە؟
شارم دەخەیتەوە سەر پێ؟
لێدەگەڕێی تۆم تێدا بژیێ؟
لێگەڕێ، ڕێگەکان:
قیڕتاو
ئاسنین
ئاسمانی
دەریایی
تا خۆم درێژبنەوە.
با سنوورەکانم کراوە بێ
با کۆڵبەرەکان بتوانن گونیەیێک ئاسوودەیی ئاودیوی سنوورم بکەن
با ترسی گوللە و وتە دەروونمان نەسمێ
نامەوێت وەک کێکێک بمکەنە چوار لەتەوە
وەک هەنارێکی هەڵەبجە بڕژێم و
مێژوو بکولێنمەوە
نامەوێت هەولێر بم و ئاوازم یەخسیربێ
نامەوێت کۆیە بم و سیاسییەکان پەلپەلم بکەن
ناکرێت سلێمانی بم و پەنجەکانم یەکتری بخۆن
تا شارم نەخنکێ
با شیعر بڕوێ
تا نەڕزێ کەللە
با وەک مەرکانێک
لە ژێر نوای هەیوانێک
گوڵ بگرێ
تاق و تەنیا…