سۆران محەمەد
ڕۆیشتی
ئەو کاتەی ڕۆیشتن
مانایەکی جیاوازتری هەبوو،
وێڕای ئەوەی کە دەتزانی
ڕۆیشتنی ئاسۆیی
دەرەقەتی پاڵەپەستۆی شوێنکات نایەت
بڕیارتدا هاوتەریبی چەپکێ تیشکی لاری خۆر
بەرز بیەوە
بەڵام هێزی کێشندە ڕاپێچی دای،
لەگەڵ سێوەکەی نیوتندا
بەربوویەوە،
جارێك، دوو، سێ… دەکەوتیت و
خۆت لە خاڵی سفری چووندا
لە بازگەی بێ واتاییدا
دەبینیەوە.
ڕۆیشتی ڕوو لە مەرگ و
پشت لە ژیان
هامڕای کاروانسەرای سێبەرەکان
ئاوڕێکت دایەوە و چرپەیەكت کرد
ئەوانت تەسلیمی ئاو کرد
نەتزانی ئاویش بکوژە،
لە ناوەڕاستی جادەی ژیاندا جێتهێشتن
نەتزانی ژیانیش ڕوو وەردەگێڕێ و
لە دەقێکدا دەبێتە
پارادۆکسی مەرگ.
جادەکانیش دەکوژێنەوە و
دەچنەوە دووڕیانی هیچکوێ.
نەتزانی بانگی ژیان بکەی بە مەرگ-
یان قۆناغێ پێشی مەرگ؟
چما گەر ژیان نەبووایە مەرگ دەبوو!
کەوابێ هەردووك هەر یەكن؛
لەسەر زەمینگەلێك
نەمامەکان لە باخچە وشکەکانەوە هەڵدێن
ڕووەو ناوەندی شارەکان
لەوێ، ئەوانیش دەبنە بکوژ
نەمامەکانیش بکوژن،
لە وجودێکا
مەرگ و ژیان لە کۆپلەیەکدا
کۆدەکاتەوە.
تۆ ئەی ڕاستگۆیی
دەمێکە ئاشنای ڕۆژە درۆزنەکان و
بەهارە بکوژەکان بووی
توو جاویدانی خۆت دەستم بگرە،
لە نێو ڕێزمانێکی تردا
دوور دوور جێمبهێڵه
من لەزمانێکی دی دەگەڕێم بۆ دووان
بیانووەکانی ئەوەندە دووبارە و
دەستەواژەکانی هێندە بەرەواژ نەبن
ئەم تەپوتۆزی تەتەڵەکردنە
ڕیشەیەکی قووڵتری هەیە
لە نیگەرانیی باهۆز.
چ جار بە فووی دەمی تۆ
ئاگری جەستەی کتێبەکان دانامرکێتەوە.
ئۆکسجینی قوتاربوون
لەناو ئەم تەنگەنەفەسییەدا
لە سینەی کام بەڵێندا
قەتیس ماوە؟
تا لەناو زمانەوە خاڵێك بۆ ژیان دانرێ و
لەسەری دێڕ دەست پێ بکەمەوە…