کەوتن

0 64

سۆما مەلا

ماندووم
دەمەوێت ڕاکشێم لە باوەشی زەویدا،
بەڵام زەوی دەخولێتەوە.

دەمەوێت لە دڵی تۆدا بخولێمەوە،
دڵی تۆ،
خولانەوەیەکی پێچەوانەیە.

دەمەوێت پێچ بکەمەوە بە دەوری زەوی
بەڵام،
کاتژمێری دیوارەکە،
بە پێچەوانەی هەردووکمان دەخولێتەوە.

سەیری دەکەین و
دەمانەوێت ژیانمان ڕێک بخەینەوە
ژیانمان پێچ دەکاتەوە بە ئاراستەی زەوی
زەوی پێچ دەکاتەوە بە پێچەوانەی دڵمان
دڵمان،
پێچ دەکاتەوە بە پێچەوانەی،
کاتژمێری دیوارەکە.

کاتژمێری دیوارەکە پێچ دەکاتەوە
بە پێچەوانەی ژیانمان.
ژیانمان،
دەیەوێت پێچ بکاتەوە،
بە پێچەوانەی گەردوون.

گەردوون پێچ دەکاتەوە،
بە پێچەوانەی زەمەن…
دەیان ساڵی ڕووناکی دەخولێینەوە
سەرمان گێژ دەخوات،
دەکەوینە چاڵێکەوە
ناوی خۆشەویستییە.

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.