شاخەوان ئەحمەد
۱
مایەپووچ
بە هێمنی وەک بێ هیوایەک ددانی پێ دابنێ
جوانییەکان درۆن و ئێوارە چێژ لەگەڵ خۆی ئاوا دەکات
مانگ کز دەبێت و شەو ئاژاوە و هەرایە
باران دەبێتە لافاو و بەیانی پۆتینێکی کرێکارییە
با گەردەلوولی دووکەڵە و جەستەش نەخۆشە
ددانی پێ دابنێ مرۆڤ بێ خەم هەڵناکات و
تەنیا لەگەڵ تابووتی خۆیدا دەحەسێتەوە.
مرۆڤ هەوڵی خەون و هەڵوەدایە، بەدوای سەردەمی گەورەدا
لە ئاوێنەی گەلگامێشدا بەدوای گیای نەمری دەگەڕێت
ئاوێنەکانیش فاڵچین
جارێک جەنگ و جارێک کفن پەخش دەکەن.
مرۆڤ چنۆک و چاولێکەرە
چاو لە زۆری تۆوی گوڵەبەڕۆژە دەکات و لۆمەی بێ پیتی دەکات
ناشزانێت خۆڵی بناغەی پڕ کرم و جەنگە
بەوە بزانە مرۆڤ دووفاقە، خوێن و هەژاری دروست کردووە
کەچی شەڕ لەگەڵ سروشت دەکات
زگی مێژووشی پڕ هابیل کردووە.
بێ ئازادیم تەنگی پێ هەڵچنیم، بەیانییەک خووشامە ناو خۆپیشاندانێکدا
لەسەر مانشێتەکان نووسرابوو:
_ خەونم گەڕانەوەیە بۆ نەبوونم
_ جامانەیەک سۆراخی کچە ئەنفالەکەی دەکات
_ ئەوان وێڵن بەدوای پارچە دراو و ئاڵتوونەکان
_ ئێمە لە کێشەی نان داین
_ بۆ لە یەکەم ماچدا زنجیر؟
_ ئێوە لە شەڕێکی بێهودەی مەستی و پڕکردنی غەریزەدان
مانشێتەکان مایەپووچ بوون و
بێدەسەڵاتان نازانن بۆ کوێ سەریان هەڵگرن.
۲
کێشەکێشان
پیشاندانی تۆ، کێشە گەورەکەم بوو
پێش ئەوەی بتبەم، لە منیان بردی.
هێندە تۆم خۆش دەویست
نەمدەویست بە هیچ بگەی، من نەبێت.
لە نەبوونی تۆدا
بوومە شەمشەمەکوێرێکی بێ باڵ
لە حەژمەت دابڕانی تۆ، لە ئەشکەوتێکی دووردا
بە یادی تۆ هەوزنگ دەدەم.
تەنیایی دوای دابڕان کێشەیەکە
بێدەنگی
لەگەڵ خودیشدا دروست دەکات.
زۆربەی کێشەکانم درێژخایەن بوون،
بەڵام هیوای بە تۆ گەیشتنم درێژخایەنترین کێشە بوو.
۳
چەقین
دەموویست وەک
پەلەبەرد خەون بە کۆکردنەوەی پارچەکانم ببینم
گەورە بوون، سەنگی جێی خۆی پێ نەهێشتم
لە هیوا و خەوندا باڵای شکاندم.
کێشەکان هەندێک جاریش وەک هاوڕێکان بچووک دەبنەوە
ئەوکاتەی کارت بە هاوڕێکانتە و وەک میزی حوشتر پاشەکشەیان کردووە.
کێشەکان وشکیان کردووم بە ڕادەی ئەوەی
گوڵەکانیشیم لەگەڵ خۆم بردونەتە لێواری مردن.
ئەوپەڕی کێشە ڕاوەستانە
وەک مریشکێکی کوورکبوو لەسەر
ئەو هێلکانەی خوێنیان تێدا مەیییەوە.
٤
خەون لە شەپۆلی هیوادا
مرۆڤ سروشتی لە جۆرەها کێشە تێوەگڵاند
سروشتیش لە داخان، مرۆڤی خستە نێو خەون و هیواوە، هیواداری درۆی سەردەمەکان.
کێشەکان شێوەی دووپشکی دایکن
دەزێن و بۆ مانەوەیان دایکی خۆیان دەخۆن.
خەون و هیوای ژیان، دایکێکی مێژوویین
لە منداڵدانی مێشکی کەسەکاندا، کێشەکان بەخێو دەکەن.
کێشەکان بە مژینی چێژی سەردەمەکان، کانیی چاو وشک دەکەن.
هیواکانی مرۆڤ، کێشەی درێژخایەنن
پیوازی بەرگ بەرگن
زنجیری بێ قوفڵی خوێنژەنگن
زنجیری درێژخایەنی مەرگن.