سۆران ساڵح
وەک گۆرانییەک،
کە هێشتا لە واتای کۆتاییهاتن تێناگات؛
وەک هەورێک، کە هیچ بارانێک دڵتەنگی ناخوێنێتەوە
وەک ئەو نامانەی خۆیان ڕازاندەوە و
هیچ پۆستەچییەک نەیگەیاندن
ئاوا ون بووم، کاتێک چاوت،
لە شەڕێکی دوورودرێژدا
دوایین نیگای چاومی بەجێهێشت
هەرچەندە خەریک بوو بشکێم،
بەڵام چونکە پێیەکانم مێژویان لەگەڵ ئازار هەبوو،
سەبارەت بە کەوتنم بەربوونەوە؛
هیچ دەستێکمی لێ دیار نەبوو.
بیرمە، یەکەمجار دوورکەوتنەوە هەبوو؛
دواتر کەمێک گەورەتر بوو، بوو بە دابڕان
لەوە دەترساین، فەرامۆشی داگیرمان بکات؛
ئارەزوومان کە لە ڕێگایەکی چۆڵدا بەجێهێشت،
بۆشاییەک وەک قسەیەکی سارد: کەوتە نێوانمانەوە.
تۆ خەمی ئەوەت دەخوارد بێدەنگییت بە ئاگا بێت؛
من خەمی ئەوەم هەبوو، هیچ چیرۆکێک نەمدۆزێتەوە
کات ڕۆی و هەموو شتێکمان لەدەست دا
تۆ بوویت بە دووری و
من هاوارکردنیشم بۆ نەمایەوە!
وەک کۆڵانەکان پڕ سێبەر بووم
نازانم بۆچی هیچ ماڵێکی شکاو نەیگرتمە خۆی؟
هیچ دیوارێک، پارچەیەک لە شکانی نەناسیم!
پەنجەرەی چاوەڕوانییم، وەک ژوورێکی چۆڵ،
سێبەری لێ ڕژایەوە.
بۆ ئەوەی ئازاری خۆم بناسمەوە،
لە شەو هەڵهاتم؛ لەو شەقامانەش،
کە تەماشاکردنیان فڕێدام
لەبەرئەوەی شارەکان فرمێسکیان نەخواردمەوە،
وەک جادەکان بریندار بووم
هەرچەندە جادەکان خەتێک هەبوو دایانپۆشێت،
بەڵام من هێشتا ناوم لەسەر، زامێک ماوە.
کەسێک بەبەردەممدا دەڕوات
لەم وێنەیە دووبارە دڵم دەشکێت
دەترسم کەس دەنگم نەناسێتەوە و
شکان دووبارە بمدۆزێتەوە.
دەزانم گۆڕی خەمەکانم، بارانیش لە بیری دەکات
دەزانم بۆ تەنیاییم، هیچ پەناگەیەکی ئارام نادۆزمەوە
بۆ نەڕۆم، کە دونیا وەک خۆی ناڕوات بەڕێوە؟
بۆ ڕێز لە دوایین ئاوڕدانەوە بگرم؟
دەڕۆم، هەرچەند دەشزانم کاردانەوەی خراپ،
وەستانی کاتە بە دیار شکانەوە.