پێشڕەو عەبدوڵڵا
ئایا شیعر له كوێوه دێت؟ ئایا شیعر ته‌عبیر له چی مرۆڤ ده‌كات؟ ئایا بۆ گه‌ڕان بۆ چییه‌تی شیعر بچینه كوێ؟ ناو شیعر یان ناو مرۆڤ؟ شیعر چی هه‌ڵگرتووه بۆ مرۆڤ؟ شیعر له جه‌وهه‌ری خۆیدا چییه…؟ ئه‌مانه و چه‌ندین پرسیاری دیكه خه‌می ئه‌م باسه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ین سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سه‌نی شیعر دیاری بكه‌ین، دواجاریش هه‌نگاوێك بچینه پێش بۆ ئه‌وه‌ی بزانین شیعر چییه؟ بۆ ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تا كۆمه‌ڵێك چه‌مك هه‌ن كه وابه‌سته‌ن به باسه‌كه‌وه، ده‌بێت روونیان بكه‌ینه‌وه. دواتر دێین به‌م چه‌مكانه مه‌به‌سته‌كانی خۆمان ڕۆشن ده‌كه‌ینه‌وه. هاوكات ئه‌م باسه هەوڵە بۆ خوێندنەوەی ئەو خوێندنەوەیەی كه تایبه‌ته به خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕۆشنبیریانه‌ى ڕۆشنبیریی كورد ده‌رباره‌ی شیعر و دیارده‌كانی، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین زه‌مینه‌ی ئاشكرابوونی چه‌مك و دیارده‌كان بسازێنین، تا بزانین بەوەی كورد ئەو پاشخانە شیعرییە دەوڵەمەندەی هەیە، ئەی ئایا لەسەر ئاستی تیۆر و قسەكردن لەبارەی شیعرەوە چ تێگەیشتن و دیدگەیەكی هەیە؟
١_ به ده‌نگه‌وه‌هاتن:
سه‌ره‌تا بیرمان كرده‌وه كه‌وا (تووشهاتن) به‌كار بهێنین، به‌ڵام كاتێك له‌ناو فه‌زای ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌دا بووین، (به ده‌نگه‌وه‌هاتن) به بیرماندا گوزه‌ری كرد و حاڵه‌ته‌كه‌ی له‌ناو خۆیدا وه‌ك بیركردنه‌وه‌یه‌ك هێشته‌وه. (تووش هاتن) هه‌میشه ئه‌گه‌ری خراپی هه‌یه بۆ مرۆڤ وه‌ك ئه‌وه‌ی تووشی نه‌خۆشی هات، به‌ڵام به ده‌نگه‌وه‌هاتن حاڵه‌تی رزگاركردنی مرۆڤه له بێئومێدییه‌كی قارسكهردا. ئه‌وه‌شی لێره‌دا كارای بیركردنه‌وه‌یه. ئه‌و جۆره له بیركردنه‌وه كه هه‌میشه رزگاركه‌ری مرۆڤه كه توانای به ده‌نگه‌وه‌هاتنی هه‌یه. یانی چی بیركردنه‌وه به ده‌نگ مرۆڤه‌وه دێت؟ دیاره مرۆڤ به‌رده‌وام له به‌رده‌م ئه‌وه‌دایه كه بیر بكاته‌وه چۆن و باشتر له واقیعدا بمێنێه‌وه. ڕاستیی ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه وابه‌سته‌یه به ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه. واته مرۆڤ له‌ژێر كاریگه‌ریی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ناچاره بیر له واقیع بكاته‌وه. بیر بكاته‌وه برسى و ڕووت نه‌بێت. دواجاریش بگاته پله‌ی ڕه‌مزی واقیع و كۆمه‌ڵگە. ئه‌م جۆره له بیركردنه‌وه‌یه مرۆڤ ده‌باته ناو (ون)بوونه‌وه، چونكه مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی گیانی خۆیدا پابه‌نده به شته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی، هه‌ر بۆیه ئه‌وانیش بیركردنه‌وه‌ی پێ ده‌به‌خشن و لێشی ده‌ستێنن، واته مرۆڤ په‌رت ده‌بێت. لێره‌دا ده‌توانین (تووشهاتن) به‌كار بهێنین، چونكه مرۆڤ به‌رده‌وام له خه‌ته‌ری ونبوون دایه. لێره‌دا مرۆڤ ناچاری گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌وه‌ی نه‌كه‌وێته ناو ونبوونه‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته‌یه مرۆڤ به‌ره‌و پیلی (بوون) ده‌ڕوات. ئه‌م به دهنگهوهچوونه بۆ به ده‌نگه‌وه‌هاتن سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ژیانی مرۆڤه، به‌ڵام ئاخۆ خودى (به ده‌نگه‌وه‌هاتن) چییه؟ به ده‌نگه‌وه‌هاتن، جه‌مسه‌رێكی دیكه‌ی هه‌یه، ئه‌ویش به دهنگهوهچوونه، چونكه به‌بێ بوونی ئه‌م به دهنگهوهچوونه، كه مرۆڤ تێیدا ئازاده له كردن و نه‌كردنی، به ده‌نگه‌وه‌هاتن به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌گوزه‌رێت و هه‌ر به پهتێتیی خۆی ده‌مێنێته‌وه و نایه‌ته ناو عاله‌مه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا (به ده‌نگه‌وه‌هاتن) له كاری خۆی ڕاناوه‌ستێت. یانی بوونی وابه‌سته نییه به بوونی به دهنگهوهچوونهوه، به‌ڵام لێره‌دا هه‌ر له ناو عه‌ده‌مدا كه عه‌ده‌می حزووره، ده‌مێنێته‌وه.
كاتێك ئێمه ده‌ڵێین (به ده‌نگه‌وه‌هاتن) هه‌میشه ئه‌و ئاماژه‌یه بۆ یه‌كێكی دیكه، واته یه‌كێكی دیكه‌یه كه‌وا به ده‌نگمانه‌وه دێت، به‌ڵام ئه‌دى ئه‌وه‌ی به ده‌نگمانه‌وه دێت كێیه؟ هه‌تا ئێمه‌ش به ده‌نگیه‌وه بچین. واته بۆ كێ خۆمان ساز بكه‌ین تا ئه‌و به ده‌نگمانه‌وه بێت؟ ئه‌دى بۆچی وشه‌ی (هاتن) هه‌یه (هاتن) بۆ حاڵه‌تی كه‌سێكه كه ڕوودانی هاتنه‌كه‌ی هه‌میشه له ده‌ستی خۆیدایه، نه‌ك ئه‌وه‌ی بانگی ده‌كات، یانی مرۆڤ ناتوانێت هه‌ر كاتێك به ده‌نگه‌وه چوونی هه‌بوو، ئیدى (هاتن) ڕوو بدات، ئه‌مه‌ش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه كه مرۆڤ تووشى بێئومێدی دێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ده‌بێت وا بێت، یانی ئیراده‌ی مرۆڤ ده‌كه‌وێته ژێر ئیراده‌ی حاڵه‌ته‌كه‌وه. (به ده‌نگه‌وه‌هاتن) یانی چی؟ له ڕاستیدا ئه‌م جۆره له به ده‌نگه‌وه هاتنه نه‌ك هه‌ر جۆرێكه له بیركردنه‌وه، به‌ڵكوو هه‌ر خۆی جه‌وهه‌ری بیركردنه‌وه‌یه. بیركردنه‌وه به مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی ئه‌م (به ده‌نگه‌وه‌هاتن)ـه‌یه، كه مرۆڤ ده‌ردێت له‌و حاڵه‌تی ونبوونه‌ی خۆیدا، یانی له ناو ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌دا مرۆڤ بینین پیاده ده‌كات و ده‌كه‌وێته ناو ئازادی ڕه‌هاوه.
له‌وێدا مرۆڤ ڕووبه‌ڕووی جه‌وهه‌ری خۆی ده‌بێته‌وه نه‌ك وێنه‌ی خۆی، مرۆڤ له ئێستای خۆیدا ده‌ژیت و ده‌كه‌وێته ناو خۆیه‌وه. به‌ده‌ر له‌وه هه‌میشه مرۆڤ له حاڵی ڕابردوو دایه، ڕابردوو به‌و مانایه‌ی مرۆڤ كه له‌ناو وێنه زه‌ینییه‌كانی خۆیدا ده‌ژیت و هه‌میشه ئێستای خۆی نابینێت. ده‌ی كه‌وا بێت مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته هه‌میشه له‌ناو خه‌ته‌ری ونبوون دایه. جێگربوون و دامه‌زراندنی ڕاسته‌قینه ئه‌م حاڵه‌ته‌یه و هه‌ر ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئێمه له بوونی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمان نزیك بینه‌وه. ئێستا با ئه‌و پرسیاره بكه‌ینه‌وه ئه‌وه‌ی به ده‌نگمانه‌وه دێت، چییه؟ ڕاستی ئه‌وه (بوون)ـی ئێمه‌یه، واته بوونی خۆمان به ده‌نگمانه‌وه دێت، ئێمه ده‌كه‌وینه ناو ئه‌وه‌ی چۆن بوونی خۆمان به ده‌نگمانه‌وه دێت، ئه‌و هه‌میشه له كاری ئه‌وه‌دایه بین، به‌ڵام مرۆڤ كه بینینی نامێنێت ئه‌ویش نابینرێت، ده‌بێت مرۆڤ جارێكی دیكه خۆی ساز بكاته‌وه هه‌تا بیر بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی (بوون)ـه‌وه بگه‌ڕێته‌وه ناو مرۆڤبوونی خۆیه‌وه، ئه‌مڕۆ دنیای ته‌كنه‌لۆژیا مرۆڤی به ئاقارێكی خراپ‌دا بردووه و تووشی ئه‌وه‌ی كردووه هه‌میشه به ده‌نگ ده‌ره‌وه‌ى خۆی بچێت. واته هه‌میشه له‌ناو ونبووندا بێت، ونبوونی مرۆڤ ئه‌وه‌یه كه ئێمه به دهنگهوهچوونمان تێدا نه‌بێت بۆ بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌ن. بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌ن هاڕمۆنیهته له‌گه‌ڵ بوونی خۆمان. ئێمه كه ده‌كه‌وینه ناو هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ بوونی خۆماندا ئه‌و كاته به ڕاستی بیر ده‌كه‌یته‌وه، ئه‌و كاته له به‌رده‌م ئایدیاڵی ڕووتی خۆمان و جیهاندا ده‌وه‌ستین، چونكه بوون هه‌ر به ته‌نها خۆمان نییه، واته هه‌ر مه‌رجه‌عی دڵنیابوونی خۆمان نییه له ناسینی خۆمان، به‌ڵكوو مه‌رجه‌عی ناسینی ده‌ره‌وه‌ی خۆیشمانه. ناسینی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و هه‌میشه له ده‌ره‌وه‌ی حه‌قیقه‌تین، حه‌قیقه‌ت له‌ناو كرانه‌وه‌ی بوون و ئه‌ویتردا ده‌رده‌كه‌وێت. پاش ئه‌وه‌ى هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كى كورتمان له‌سه‌ر ماناى (به ده‌نگه‌وه‌هاتن) كرد، پێویسته چه‌مكی دووه‌م ڕاڤه بكه‌ین.
٢_ به ده‌نگه‌وه‌چوون:
لیره‌دا حاڵه‌تێك هه‌یه ئه‌ویش مرۆڤ سه‌رداره له‌وه‌ی ئه‌م به دهنگهوەچوونهی هه‌بێت یان نا؟ ڕۆشنایییهكیش هه‌یه كه حاڵه‌ته‌كه‌یه، سه‌رچاوه‌ی ڕۆشنایییهكهش (بوون)ـه، مرۆڤ له‌وێدا گوناهباره كه (بوون) نابیستێت، واته سه‌رچاوه‌ی ده‌نگه‌كه هه‌موو خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ی وابه‌سته ده‌كات به‌و شتانه‌وه كه هه‌میشه ده‌یبه‌نه‌وه ڕیزی بوونه‌وه‌ران، چونكه مرۆڤ دارای ڕۆحێكی جیاوازه وه‌ك له‌وه‌ی له‌ناو بوونه‌وه‌ران دایه. بوونه‌وه‌ران سه‌ردار نین، به‌ڵكوو ئه‌وان مه‌حكومن به‌وه‌ی بۆیان دانراوه. دار هه‌نجیرێكی هه‌زار ساڵ لهمهوپێش هه‌مان كاری دار هه‌نجیرێكی ئێستای كردووه، به‌ڵام مرۆڤ سه‌رداره له‌نێوان (به ده‌نگه‌وه‌هاتن) و (ونبووندا) كه كامیان هه‌ڵبژێرێت و دارای بیركردنه‌وه‌ی ئیختیاره، مرۆڤ له‌م باره‌دا له به‌رده‌م دوو عاله‌می جیاواز دایه، عالهمێك كه حازر و دیاره و هه‌موو شته‌كان به خۆیان و ماناكانیانهوه حازرن، ئه‌ویش واقیعه. عاله‌مێكی دیكه كه ناوه‌كییه و شته‌كان خۆیان و ماناكانیان دیار نییه، واته له خاڵی سه‌ره‌تادان، كه مرۆڤ به ده‌نگیه‌وه بچێت یان نا. واقیع له به‌رده‌م مرۆڤدایه، نان بخوات و شوێن و پێداویستییه جه‌سته‌یی و سایكۆلۆژییه‌كانی خۆی بكه‌وێت، ئه‌مانه هه‌میشه وابه‌سته‌ن به ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ. چاو پێوستیی به ڕووناكییه، تا ته‌نێك ببینێت. یا مرۆڤ پێویستیی به‌وه‌یه ته‌نێك هه‌بێت هه‌تا سێكسی له‌گه‌ڵ بكات جا ئه‌و ته‌نه وێنه بێت یاخود واقیع، وێنه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ناو خه‌ودا هه‌یه، ئه‌مانه به ته‌نها هه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت (بوون)ـیان له پشته‌وه بێت، به‌ڵام بێ (بوون) مرۆڤ تووشی ته‌نهایی دێت. واقیع وه‌ك شوێنی ده‌نگدانه‌وه‌ی مرۆڤ وایه، یانی بوونی خۆی ده‌بینێته‌وه له ده‌وروبه‌ری خۆی، ئه‌وه‌ش وێنه‌ی خۆیه‌تی، به‌ڵام جه‌وهه‌ری مرۆڤ به ته‌نها بوونیه‌تی، مرۆڤ له بووندا له‌ناو بیركردنه‌وه‌دایه، له‌وێشدا جارێكی دیكه ڕێگه هه‌یه بۆ ناسینی خۆی و دنیا، ئه‌م بوونه‌ش كاتێك ئاشكرا ده‌بێت كه مرۆڤ به ده‌نگه‌وه‌چوونی هه‌بێت بۆ ئه‌م به دهنگهوههاتنه، هه‌تا مرۆڤ له‌وه ده‌رچێت كه گیانداره، واته جارێكی دیكه ببێته‌وه مرۆڤ.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌یه كه‌وا ئاماده‌باشیی ته‌واویان كردووه و زه‌مینه‌یان سازاندووه بۆ ئه‌وه‌ی به ده‌نگ ئه‌م به دهنگهوههاتنه بچن. به ده‌نگه‌وه‌چوونی حاڵه‌تی به ده‌نگه‌وه‌هاتن مرۆڤ بوونی مرۆڤه، چوونه ناو حاڵه‌تی كرانه‌وه‌ی ئایدیاڵی شته‌كانه له به‌رده‌م مرۆڤدا. ژیان ئه‌و كات مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی ئاشكرا ده‌كات، كه ئه‌م هاڕمۆنیهته ڕوو ده‌دات، جا پێ ده‌چێت بێده‌نگی بێت، یان كردار، یان قسه بێت، واته ده‌ركه‌وتنی ته‌نها له‌ناو بارێكدا نییه، به‌ڵكوو جیاوازه واته فه‌لسه‌فاندن ته‌نها قسه نییه به‌ڵكوو كرداریشه، به‌ڵكوو….هتد. مرۆڤ ئه‌و كات ده‌چێته‌وه ماڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی كه ئه‌ویش (بوونیه‌تی) ئه‌مڕۆ مرۆڤایه‌تی له به‌رده‌م دوو خه‌زنه‌ی گه‌وره‌دایه، ئه‌وانیش زانست و فه‌لسه‌فه‌یه، خه‌زنه‌ی یه‌كه‌م كه زانسته، جه‌سته و سایكۆلۆژیای ئێمه ده‌دوێنێت، واته مرۆڤ ناچار ده‌كات له دنیاكه‌ی خۆیدا بگوزه‌رێت، هه‌ر گوزهرانێكیش مرۆڤ ده‌كه‌وێته ناو خه‌ته‌ری ونبوونه‌وه. ئه‌وه مرۆڤ نییه حاكمه به‌سه‌ر ته‌رازوودا، به‌ڵكوو ئه‌وه ته‌رازوو حاكهمه له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا. له‌م دنیایه‌دا كه زانسته مرۆڤ داده‌به‌زێنێته خواره‌وه‌ی خۆی و تووشی ونبوون دێت. خه‌زنه‌یه‌كی دیكه‌ی مرۆڤایه‌تی فه‌لسه‌فه‌یه، فه‌لسه‌فه مرۆڤ ده‌به‌ستێته‌وه به خۆیه‌وه، واته ڕێگه‌ی خۆدۆزینه‌وه‌ی مرۆڤه، فه‌یله‌سووفان پێش ئێمه له‌م ڕێگه‌یه‌دا ڕۆیشتوون و میراتیشیان جێ هێشتووه، میراتێك به مانای ڕابردوو نا، زانست هه‌میشه ڕابردووه، مۆبایل قسه‌كردن نییه له‌گه‌ڵ كه‌سی به‌رانبه‌ردا، به‌ڵكوو قسه‌كردنه له‌گه‌ڵ وێنه‌ی كه‌سه‌كه‌دا كه وێنه‌كه‌ش حاڵه‌تێكی وه‌ستاوی ئه‌و كه‌سه‌یه له ڕابردوودا. ئه‌مه‌ش وێناكردنه وێناكردنیش هه‌میشه ڕابردووه. فه‌لسه‌فه له‌وێدا زیندووه و میراتێكی ههنووكهیییه كه نابێته ڕابردوو، واته شتێك نییه زه‌مه‌نی هه‌بێت به مانا واقیعییه‌كه‌ی. بۆیه هیگڵ پێی وایه فه‌لسەفه مێژووی نییه، چونكه نابێته ڕابردوو و ڕووداوێك نییه تێپه‌ڕێت. ئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه پێشكه‌شمان ده‌كات ئه‌و ئاگایییه تایبه‌ته‌ی مرۆڤه، كه هه‌میشه (بوون) بانگهێشت بكات هه‌تا مرۆڤ وه‌ك هەبوویهك هه‌بێت، نه‌ك وه‌ك ئامانج و بابه‌ت و شت. به ده‌نگه‌وه‌چوون یانی فه‌لسه‌فاندن یانی هاڕمۆنیه‌ت له‌گه‌ڵ بوونی ڕه‌سه‌ندا ئه‌و كاته ئێمه ده‌چینه ناو ئه‌وه‌ی به پیربوونه‌وه بچین، كه‌وا ئه‌و به ده‌نگ ئێمه‌وه دێت و ئه‌و كاته ئێمه‌ش ده‌كه‌وینه ناو بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فى، واته بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌ن له‌م باره‌دا دێته ئاراوه، نه‌ك به تۆبزی و زۆرلێكردن ڕووبه‌ڕووی شتێك یان چه‌مكێك ببینه‌وه.
“گونجان له‌گه‌ڵ بوونی هه‌بوو، فه‌لسه‌فه‌یه، ئه‌مه‌ش هه‌ر ته‌نیا ئه‌و كاته ده‌بێت كه گونجانهكه به‌دی دێت و پیاده بكرێت ئیتر به هۆی ئه‌وه‌وه خۆی ده‌رده‌خات و ئه‌م ده‌رخستنه بڵاو و په‌رش ده‌بێت، ئه‌م گونجانه به شێواز و ڕێگەی جیاواز ڕوو ده‌دات”١. لێره‌دا هایدگه‌ر ڕێنوینیمان ده‌كات به‌وه‌ی كه‌وا ئێمه كاتێك (بوون) به ده‌نگمانه‌وه دێت، ئێمه بیرمان نه‌چێت هاڕمۆنیه‌ت له‌گه‌ڵ (بوون)دا بكه‌ین، نه‌ك هه‌بوو.، چونكه به ده‌نگه‌وه‌چوونی هه‌بوو له فه‌لسه‌فه دوورمان ده‌خاته‌وه، بۆیه ده‌بێت دوو جۆر له به ده‌نگه‌وه‌چوون جیا بكه‌ینه‌وه.
٣_ به ده‌نگه‌وه‌چوونی بوون:
هایدگه‌ر شتێكی گرنگمان بۆ ئاشكرا ده‌كات ئه‌ویش (بوون)ـه، واته به ته‌نها (بوون) له ئیمكانیدا هه‌یه كه مرۆڤ تێیدا داده‌مه‌زرێت و به ده‌نگ مرۆڤه‌وه بێت، ئه‌مه‌ش ته‌نها ئه‌وانه داده‌مه‌زرێن كه خاوه‌نی به دهنگهوهچوونن. پێشتریش كه‌م تا زۆر ڕوونمان كرده‌وه به ته‌نیا (بوون) پنتى سه‌ره‌كییه و هه‌ر له دارای ئه‌ودایه كه‌وا به شێوازی جیاواز ده‌ربكه‌وێت، له‌م باره‌دا مرۆڤ ده‌كه‌وێته ناو بیركردنه‌وه‌ی خۆیه‌وه، واته به ته‌نیا له ڕێگه‌ی بوونی خۆیه‌وه بكه‌وێته ناو گفتوگۆ له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سووفه‌كان و فه‌لسه‌فه جیاوازه‌كاندا، نه‌ك له ڕێگه‌ی فه‌یله‌سووفه‌كانه‌وه یاخود ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی ده‌خوێندرێت بكه‌وێته ناو گفتوگۆوه. ئه‌م به دهنگهوههاتنه به‌خشنده‌ییی (بوون)ـه بۆ مرۆڤ. دیاره به ده‌نگه‌وه‌چوون له‌وێدایه كه مرۆڤ ده‌كه‌وێته ناو هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ بووندا و ئیراده‌ی ده‌كه‌وێته ژێر ئیراده‌ى (بوون)ـه‌وه، ئیراده‌ش له‌وێدا مانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌دات، چونكه مرۆڤ به ته‌نیا خۆیه‌تی كه ئیراده ده‌كات.
ئێمه ئاماژه‌مان به‌وه‌دا كه (بوون) دارای هه‌مه‌جۆری و هه‌مه‌ڕه‌نگییه، چونكه هه‌ر خۆی ته‌نیا یه‌كه‌مینه. گه‌ر سه‌یر بكه‌ین فه‌یله‌سووفه‌كان شوێن یه‌كتر نه‌كه‌وتن، هیگڵ شوێن دیكارت نه‌كه‌وتووه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته فه‌یله‌سووف یان له فه‌لسه‌فه تێ بگات، ئه‌مانه هه‌ر یه‌كه‌یان به ته‌نیا له حاڵه‌تی به ده‌نگه‌وه‌چوون بوون له‌گه‌ڵ (بوون)دا، ئه‌و كات (بوون) له‌ناو ئه‌واندا له لای هه‌ر یه‌كه‌یان به جۆرێك ده‌ركه‌وتووه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یەنێت كه ئه‌وان له‌گه‌ڵ یه‌ك نه‌بوون ئه‌وان له پنتى سه‌ره‌كیدا له‌گه‌ڵ یه‌ك بوون، كه (بوون)ـه و ئه‌گه‌ر نا له‌ناو خۆیاندا جیاواز بوون له ده‌ركه‌وته و زمان و شێوازدا. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌گه‌ڵ هه‌بوودا بچوونایه، یانی ئه‌و كات ده‌كه‌وتنه ناو یه‌كتره‌وه، واته ونبوون، به‌ڵام ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ (بوون)دا بوون، هه‌ر بۆیه‌شه جیاوازن، ئه‌مه‌ش شایه‌تی ئه‌وه ده‌دات كه ئه‌وان هه‌بوون، چوونكه (بوون) هیچ جارێك دووباره نابێته‌وه له‌ناو یه‌ك حاڵه‌تدا، واته جارێك كه ده‌ركه‌وت له فۆڕمێكدا ئیتر له‌و فۆڕمه‌دا ده‌رناكه‌وێته‌وه، بۆیه ئێمه ته‌نیا به كۆمه‌كی بوون ده‌توانین هه‌بووه‌كان بناسینه‌وه. به دهنگهوهچوونمان بۆ بوونی هه‌بوو به‌ره‌و میتافیزیكمان ده‌بات، چونكه میتافیزیك بیر له بوون ده‌كاته‌وه له‌ناو هه‌بوودا. ئه‌مڕۆ مرۆڤایه‌تی زۆر بێباكانه ڕووی خۆی وه‌رگێڕاوه له (بوون) خۆی به شتێكی دیكه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، كه ئه‌ویش هه‌بووه. دیاره هه‌بووش دوای له‌دایكبوون و هاتنه ئاراوه‌ی، چونكه بیركردنه‌وه له هه‌بوو پێش له‌دایكبوونی خودی بیركردنه‌وه‌یه له (بوون)، به‌ڵام (بوون) چووه‌ته قۆناغی كۆتایییه‌وه، كۆتایی به‌و مانایه‌ی كه (هه‌بووه) بووه‌ته پنتى سه‌ره‌تا و جه‌وهه‌ری (بوون) به بیر لێ نه‌كراوی به‌جێماوه. ئه‌مڕۆ هه‌بوو بووەته جه‌وهه‌ر، زانستیش لێره‌دا به‌رده‌وام ده‌ركه‌وته و خاسێتی دیكه‌ی هه‌بوو ده‌دۆزیته‌وه، هه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌شه وا له هایدگه‌ر ده‌كات بیر له كۆتایی فه‌لسه‌فه بكاته‌وه. بیركردنه‌وه‌ی میتافیزیكی نه‌ماوه ئه‌م به دهنگنهچوونهی مرۆڤیش بۆ(بوون) خۆی خستووەته سه‌ر ڕێگه‌یه‌كی دیكه كه زانست تێیدا حاكمه. بوون هه‌میشه وه‌ك ماتهوزهیهكى زیندوو پاڵ به مرۆڤه‌وه ده‌نێت كه ڕووبه‌ڕووى دنیا ببێته‌وه، كه ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌ست پێمان ده‌به‌خشێت دواجار له ڕێگه‌ی عاله‌مه‌وه ببێته (زانین). زانین ساتی وێكهاتنه‌وه‌ی پهتێتیی ئه‌و شته‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و شته له عاله‌مدا. هه‌موو شته‌كان پێشتر له عه‌قڵی مرۆڤدا هه‌ن وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و په‌تی و ئه‌بستراكت. هه‌ر پاڵپێوه‌نانی ئه‌م یه‌كانه‌یه هێزێكی بێ پایان ده‌ده‌نه مرۆڤ كه هه‌میشه تووشی ڕاچهڵهكینی وه‌بیرهاتنه‌وه بێت. له‌ناو وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌دا، مرۆڤ تووشی ڕاچهڵكین دێت. (بوون) ئه‌گه‌رچی زۆر جار كوێر ده‌كرێته‌وه و زه‌مینه‌ی بۆ ساز ناكرێت، به‌ڵام هه‌میشه ئه‌و پاڵ ده‌نێت و وا له مرۆڤ ده‌كات كه ده‌ستی ڕابگات به‌وه‌ی كه (بوون)ـى داوای ده‌كات. ئه‌م داواكردنه بانگی ڕاسته‌قینه‌ی بوونه به‌رانبه‌ر به مرۆڤ ئه‌و به ده‌مه‌وه‌چوونی مرۆڤه‌ش ساتی پێكگه‌یشتن و به بیرهاتنه‌وه‌یه، ساتی بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌نه. ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شیعر به‌رانبه‌ر به دنیا و به‌رانبه‌ر به بوون، ئه‌وه نییه دنیایه‌كی دیكه دروست بكات. شیعر وه‌ك كایه‌یه‌ك و وه‌ك به‌شێك له پێداویستی بۆ ده‌ركه‌وتنی (بوون)، وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاو ئاماده‌یه (بوون) بگرێته خۆی. بوون كاتێك ده‌كه‌وێته ناو زه‌مینه‌كانی خۆیه‌وه ئه‌و كات ده‌ست به ئاشكرابوون و دره‌وشانه‌وه ده‌كات. هه‌موو ده‌ركه‌وتنی ئه‌م بوونه‌ش هه‌میشه له فۆڕم و میتافۆڕی جیاوازدا ڕوو ده‌دات. ئه‌مه‌ش مرۆڤ ده‌بێته شوێنی دیاریكردنه‌كه، بوون قه‌ت له كه‌ره‌سته و فۆڕمه‌كان یاخی نییه، هه‌ر كاتێک مرۆڤ به ده‌مه‌وه‌چوونی هه‌بێت بۆی، ئه‌و بێ یاخى بوون خۆی نیشانی ئێمه ده‌دات، با بڵێم خۆمان ده‌بینین. شاعیر كاتێك بوونی ده‌بیستێت، شیعر وه‌ك هه‌بوو ده‌بێت، له‌ناو ماهیه‌تی خۆیدا كه زمانه. جه‌وهه‌ری شیعر بوونه و ماهیهتیشی له زماندا ده‌رده‌كه‌وێت
شیعر یه‌كێكه له حاڵه‌ته‌كانی بوون، ئه‌و كاته‌ی بوون ئاواره ده‌بێت و ماڵه‌كانی دیكه دهرگەیان داخراوه، شیعر ده‌بێته ماڵى بوون، به‌ڵام بوون خۆی خاوه‌ن ماڵه. شیعر به‌بێ بوون شیعر نییه و مێژووه. ڕابردووه كه هه‌میشه شتێك دووباره ده‌كاته‌وه كه له دایكبووه و ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵام بوونى شیعر جیاوازه. بوون كه شیعراوی ده‌بێت هه‌میشه شیعر وه‌ك بوویه‌كی تازه و دووباره نه‌كراوه ده‌رده‌كه‌وێت وه‌ك هه‌بوویه‌ك كه ساتی له‌دایكبوون و كامڵیى یه‌كه.
بوون كه له شیعردا داده‌نیشێت شه‌ره‌فى پاسه‌وانى ده‌به‌خشێته شیعر. پاسه‌وانه به‌وه‌ی كه وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك پارێزگاری له مانه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆحه ده‌كات. ئه‌م بوونه وه‌ك بوونی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤ هه‌میشه به‌وه ناوه‌ستێت كه هه‌ر خۆی ئاشكرا بكات، به‌ڵكوو چییه‌تی شته‌كانیش ئاشكرا ده‌كات. وه‌ك ڕووناكییه‌ك كه ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌شى له‌به‌ر ئه‌م ڕووناكییهدایه ده‌رده‌كه‌وێت. بوون به‌وه‌ی نادیاره هه‌میشه وه‌ك هێزێكی خوایی و وه‌حی….هتد ناونراوه. شیعر كه بوون میوانداری ده‌كات، هه‌میشه بوون شیعراوی ده‌كات و شته‌كانیش شیعراوی ده‌كات. شیعر ئاگایییهكی ته‌واوی شاعیره به‌رانبه‌ر به خۆی و به ده‌وروبه‌ری. ئه‌وه‌ی شیعر میوانداری ده‌كات له شته‌كاندا فۆڕم و خاسیه‌ت و وێنه‌ی شته‌كان نییه، به‌ڵكوو جه‌وهه‌رى ئه‌و شته‌یه، جه‌وهه‌ریش هه‌میشه به‌ده‌ره له توانا هه‌ستیه‌كانی مرۆڤ، بوون ئه‌م ئه‌ركه له ئه‌ستۆی خۆی ده‌گرێت. بوونی مرۆڤه ئه‌وه ساز ده‌كات كه شاعیر هه‌بێت، شاعیریش پێش شیعر ده‌كه‌وێت له‌م ڕووداوه‌دا. ئه‌م حاڵه‌ته ڕاستی هه‌ر نووسینی شیعر نییه، به‌ڵكوو شاعیریه‌ت جۆرێكه له ژیان. واقیع هه‌میشه له شیعردا ده‌ڕووخێت، ئه‌وه‌ی شیعر موشاهەدهی ده‌كات هه‌میشه وه‌ك به‌دیلی واقیع ده‌رده‌كه‌وێت، بۆیه شیعر حاڵه‌تێكی ترسناكی مرۆڤه، كه واقیع تووشی هه‌ڵوه‌رین دێت. ئه‌وه‌شی ڕوو ده‌دات كرانه‌وه‌ی بوونه نه‌ك دروستكردنی دنیایه‌كی دیكه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ناو ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا هه‌یه. شیعر ته‌عبیر له بوون ده‌كات، ئیتر ئه‌م ته‌عبیركردنه هه‌میشه ڕووداوه و وه‌ك ڕووداو ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌گه‌ر بوون وه‌ك هێزێك بانگمان بكات، ئه‌وا شاعیر هیچ نییه جگه له گوێگرێكی قسه‌كه‌ر، گوێگرێك كه له ساتی گوێ‌گرتن‌دا بیستن وه‌ك قسه به‌یان ده‌كات، شیعر گوێگرتنی شاعیره بۆ بوون. شاعیر هه‌م له‌ناو ڕووداوه‌كه‌دایه و هه‌م گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕووداوهكهشه، ئه‌م ساته ساتی بیستنی بوونه به هۆی گوێی شاعیره‌وه. شاعیره كه خه‌ونه‌كه ده‌بینێت و له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌یگێڕێته‌وه. ساتی واڵابوونی بوونه و ڕۆیشتنیهتی بۆ ماڵی شیعر. جه‌وهه‌ری شیعر هه‌ر بوون خۆیه‌تی. ئه‌وه بوونه ئه‌وه دیاری ده‌كات كه چۆن ده‌ركه‌وێت، واته شیعر له‌ژێر داواكاریی بووندا خۆی به‌یان ده‌كات كه چۆن ده‌ربكه‌وێت. ئایا شیعر بۆچی گرنگه؟ ئایا شیعر چی له زمانی ئاسایی زیاتره؟ ئایا شیعر چ خه‌به‌رێكی هه‌یه بۆ ئێمه؟ ئاشكرایه زمانی ئاسایی زمانی لێكگه‌یشتن و زمانی واقیعه، واته واقیع ده‌چێته زمانه‌وه، زمان واقیع وێنه ده‌گرێت، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی هه‌یه به ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه، به‌ڵام شیعر شتێـكی ناوه‌وه ده‌هێنێته ده‌ر. بوون كاتێك شیعر به ڕێگەی خوڵقان ده‌یهێنێته ناو زمانه‌وه. ئه‌م بووه كه به بوون بووه به بوو، وه‌ك هه‌ر شتێكی سروشتی ده‌رده‌كه‌وێت، لێره‌دایه به‌های زمانی شیعری له به‌های زمانی ئاسایی گرنگتره. هایدگه‌ر ده‌ڵێت”زمان ماڵی بوونه”٢، بوون له زماندا داده‌نیشێت ئه‌مه‌ش زیندوویه‌تیى زمان ڕاده‌گرێت، زمان به‌بێ بوون وه‌ك ته‌خته وایه. دۆخی ڕاسته‌قینه و دۆخی ساخته هه‌یه بۆ زمان، زمان خاوه‌نی دوو دۆخی جیاوازه. دۆخه‌كانی زمان وابه‌سته‌ن به ده‌ره‌وه‌ی خۆی، زمان له دۆخه ڕاسته‌قینه‌كه‌یدا ئه‌مه‌یه بوون له‌ناویدا بێت.
له‌م باره‌دا شیعر وه‌ك بوویه‌ك دێته دنیاوه، ئه‌م هاتنی (بوون)ـه بۆ ناو شیعر هه‌بوو دێته دنیاوه. هه‌بوو كه شیعره وه‌ك هه‌ر كائینێكی سروشتی به‌ها وه‌رده‌گرێت، واته شیعرێك كاتێك ته‌عبیر له (بوون)ـی مرۆڤ ده‌كات ئه‌م شیعره به‌های مرۆڤه سروشتهكەی وه‌رده‌گرێت، لێره‌وه‌یه به‌هاى جیهانی ئاسایی شیعر له جیهانی ڕاستێتیی واقیع زیاتره. ئه‌م خوڵقانهش بریتیه له‌وه‌ی ڕۆحێك هاتووەته ناو جهستهیهكهوه، كه زمانه له‌ناو شیعردا. ئه‌م كرده‌ی خوڵقانهش شاعیر ئه‌نجامی ده‌دات به ویستی بوون. ئێستا با بپرسین ئایا شاعیر به‌وه‌ی خالیقه نابێته خوا؟ سه‌ره‌تا كاتێك شاعیر بوونی ده‌بیستێت ئه‌و كات بوون له ماڵه‌كه‌ی ئه‌ودا كه شیعره ده‌بێته هه‌بوو. ئه‌وه‌ی شاعیر ده‌یكات ڕاستیی خوڵقانی بوونی (بوون) نییه، به‌ڵكوو خوڵقانی هه‌بووه له ڕێگه‌ی به ده‌مه‌وه‌چوونی بۆ به ده‌نگه‌وه‌هاتنی بوون. یانی بوونی بوون ده‌كه‌وێته پێش شاعیره‌وه، ئه‌وه خوایه بوونی (بوون)ـی خوڵقاندووه، لێره‌دا شاعیر ده‌چێته ژێر باری خوا و نزم ده‌بێته‌وه. خوا (بوون) ده‌خوڵقێنێت و هێزی هاتنهئارایشی تێ ده‌خات تا خۆی ئاشكرا بكات. شاعیر زه‌مینه‌ی ئاشكرابوونی (بوون)ـه له خۆیدا، شاعیر (بوون) ده‌باته پله‌ی ئه‌وپه‌ڕی ده‌ركه‌وتن و كامڵبوون، ئه‌م كامڵبوونهش هه‌میشه یه‌ك شت له خۆیدا ئاشكرا ده‌كات، كه ئه‌ویش (بوون)ـه هه‌بوو به بوون هه‌بووه. هه‌بوو به‌بێ بوون له ههبوویهتی خۆی ده‌كه‌وێت و ده‌بێته بوونه‌وه‌ر، بوونه‌وه‌ر به‌وه له هه‌بوو جیاوازه كه بوونی نییه. ئایا شیعر هه‌بووه؟ ئایا شیعر به چی ده‌بێته هه‌بوویه‌ك له هه‌بووه‌كان؟ شیعر به‌وه‌دا بوون میوانداری ده‌كات هه‌بووه، شیعر ده‌ركه‌وته‌یه‌كی بوونه. ئێمه ده‌توانین له ڕێگه‌ی شیعره‌وه بوون ببیستین. شیعر ڕێگه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی پرسیار له بوون بكه‌ین. زمان ئه‌و كاته له دۆخی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیدا هه‌یه كه بوونی تێدایه، ئه‌وه‌ی شیعر ده‌به‌ستێته‌وه به دنیاوه هه‌ر ئه‌م (بوون)ـه‌یه. شیعر ڕاسته‌وخۆی جه‌وهه‌ری شته‌كان وێنا ده‌كات، به‌ڵام هه‌میشه‌ش وه‌ك گه‌مه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك خه‌یاڵ خۆی نیشان ده‌دات، به‌ڵام هه‌ڵگری هه‌قیقه‌ته، واقیعیش كه وه‌ك هه‌قیقه‌ت خۆی نمایش ده‌كات هه‌ڵگری وه‌همه. لێره‌دا شیعر هه‌بووه و واقیع هه‌بوو نییه. شیعر هه‌قیقه‌ته و واقیع وه‌همه، “شیعر ده‌بێته مایەی ده‌ركه‌وتنی ناڕاسته‌قینه و خه‌ون و ئه‌ندێشه له به‌رانبه‌ر واقیعی په‌ی پێ براو و جه‌نجاڵ كه ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین له‌وێدا نیشته‌جێن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه واقیع ئه‌وه‌یه كه شاعیر گوتوویه‌تی و بوونه‌كه‌ی په‌سه‌ند كردووه”٣، به‌ڵام زمان وه‌ك چۆن دۆخی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌یه، ئه‌وهاش دۆخی ساخته‌یی هه‌یه. دۆخی ساخته‌یی زمان دۆخی دابڕانى (بوون)ـه له زمان خۆی. زمان له دۆخی ساختهیدا زمانه بۆ به‌ڕێكردنی واقیع، له هامان كاتیش‌دا ئاواره‌كردنی (بوون)ـه. بوون ڕه‌سه‌نتره له زمان.
زمان هیچ كات جه‌وهه‌ری بوون نییه. ئه‌و كاته‌ی بوون حزوور په‌یدا ده‌كات له شاعیردا، شاعیر ده‌چێته ناو كرانه‌وه‌ی بوونه‌وه، كرانه‌وه‌ی بوون هه‌میشه شاعیر ده‌خاته به‌رده‌م دنیایه‌كی نه‌بینراو و تاقی نه‌كراوه. شاعیر لێره‌دا له حاڵی ناچاری خوڵقانی زمان دایه. ئه‌وه كرانه‌وه‌ی بوونه شاعیر ناچار ده‌كات زمان بخوڵقێنێت و دواجاریش كار له‌سه‌ر ئه‌و زمانه‌ش بكات كه له كۆمه‌ڵگه‌وه وه‌ری گرتووه. بوون شاعیر ناچار ده‌كات ئه‌م زمانه‌ش هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و به‌و شێوه‌یه ڕێكی بخاته‌وه كه بوون داوای ده‌كات. هه‌ر وه‌ك چۆن ئه‌وه ئایدیاڵی كورسییهكهیه، دارتاشه‌كه ناچار ده‌كات ته‌خته‌كان وا ڕێك بخات كه ئایدیاڵهكه داوای ده‌كات. زمان به بوون زمانه له دۆخه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆیدا. بێ بوونی بوون له زماندا، زمان ده‌بێته ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو، لێره‌دا زمان هیچ ناكات جگه له لاساییكردنه‌وه‌ی شته‌كان، لاساییكردنه‌وه یانی وێنه‌سازی، وێنه‌سازی یانی كۆنكرێتكردنی خه‌سڵه‌ت و خاسیه‌تی شته‌كان و ونكردنی شتێك كه جه‌وهه‌ره، به‌ڵام كاتێك شیعر حزوور په‌یدا ده‌كات ئه‌وا بوون كه ته‌واو ناوه‌كییه ده‌هێنێته ده‌ر و به‌م هاتنه ده‌ره‌وه‌یه، بوون ده‌بێته هه‌بوو. به ده‌نگه‌وه‌چوونی شاعیر بۆ هاتنی بوونى شیعره. ئه‌مه‌ش حاڵه‌تی ته‌نها بوونه‌وه‌ی شاعیره، گه‌ر شاعیر له ساته‌كانی دیكه‌دا هه‌میشه ده‌فرێك بێت بۆ بیستنی ئه‌وانی دیكه، ئه‌وا لێره‌دا منی ناوازه‌ی شاعیر ته‌نیا و ته‌نیا قسه ده‌كات و ته‌نیا و ته‌نیا بوون ده‌هێنێته ناو زه‌مه‌نه‌وه. ئه‌م حاڵه‌ته حاڵه‌تێكی وه‌ستاو و جێگیر نییه، به‌ڵكوو ناوه‌خته و له ده‌ستی شاعیردا نییه، هه‌ر كاتێك بیه‌وێت بیكات. شاعیر به ته‌نها له حاڵه‌تی عه‌ده‌مدا، كاتێك دنیا و ئه‌وانی دیكه پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن و هه‌ڵده‌وه‌رن، له‌م هه‌ڵوه‌رینی ئه‌وانی دیكه‌دا بوون وه‌ك ڕۆشناییهك دێت و شاعیر به خۆی ئاشنا ده‌كاته‌وه
((بێ چوونه عه‌ده‌م په‌ی به سۆراغی ده‌مى نابه‌ی
فاییز ببه به‌م گه‌وهه‌ره له‌و به‌حره به ڕۆچوون))٤
مه‌حوی زۆر ورد ئه‌م حاڵه‌ته شاعیرانه دیاری ده‌كات. مه‌حوی لێره‌دا عه‌ده‌م ده‌كاته مه‌رجی هاتنی بوون. واته حاڵه‌تی هاتنی بوون سه‌ره‌تا حاڵه‌تی عه‌ده‌می شاعیره له ئه‌وانی دیكه. عه‌ده‌م هه‌ڵوه‌رینی هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه له مرۆڤدا. گه‌ر هۆڵدهرلێن شاعیری شاعیران بێت بۆ ئه‌ڵمان. ئه‌وا مه‌حوی شاعیری شاعیرانه بۆ كورد، چونكه له خه‌وه‌كه‌دا خه‌وه‌كه ده‌گێڕێته‌وه. مه‌حوی ئه‌و ئیراده‌یه‌ى هه‌یه كه ڕوو وه‌رده‌گێڕێت له هه‌بوو و به‌ره‌و (بوون) ده‌ڕوات، به‌م ئیراده‌یه مه‌حوی ده‌بێته شاعیری شاعیران. ده‌بێته ئه‌وه‌ی كه نه‌ك هه‌ر بوون واڵا ده‌كات، به‌ڵكوو ڕۆحی نه‌ته‌وه‌ش به‌یان ده‌كات. گه‌ر شێركۆ بێكه‌س جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه نیشان بدات و به‌ختیار عه‌لی سایكۆلۆژیاى نه‌ته‌وه نمایش بكات، ئه‌وا مه‌حوی ڕۆحی نه‌ته‌وه به‌یان ده‌كات. به‌مه‌ش مه‌حوی هه‌میشه له سه‌رووی شاعیرانهوهیه و ته‌نهاترین شاعیریشه كه هاوشاعیری نییه. ئه‌وه‌شی مه‌حوی ده‌هێڵێته‌وه، زمان و ته‌كنیك و قافیه و سه‌روا…هتد نییه، به‌ڵكوو ئه‌و بوونه‌یه له‌ناو ئه‌ودا، ئه‌گه‌رنا زمان و شێوازی مه‌حوی ده‌مێكه به‌سه‌رچووه، به‌ڵام مه‌حوی نه‌ك هه‌ر به‌سه‌ر ناچێت، به‌ڵكوو هه‌میشه هه‌یه، چوونكه مه‌رجی هه‌بوونی ئه‌و بوونه نه‌ك هه‌بوو، نه‌ك واقیع و دنیا و ئه‌وانی دیكه. ئه‌وه‌ی لای مه‌حوی گرنگه زمان و شێواز نییه، به‌ڵكو (بوون)ـه ئیتر ئه‌م بوونه چۆن ده‌رده‌كه‌وێت و چۆن ته‌جه‌للى ده‌بێت گرنگ نییه. مه‌حوی هه‌میشه به شوێن ده‌می هاتنی بوونه‌وه بووه، هه‌میشه‌ش خۆی سه‌رزه‌نشت كردووه، كه بۆچی ئه‌وانی دیكه له‌ناویدا حزوور په‌یدا ده‌كه‌ن و بوونی خۆی بزر ده‌كات، بۆیه هه‌میشه‌ش دنیا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه له‌ناو خۆیدا. لاى مه‌حوى دنیا واته هه‌بوو. ئه‌وه‌ی مه‌حوی له‌ناو خۆیدا كردوویه‌تی پڕۆسه‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕابردوو نییه، به‌ڵكوو پڕۆسه‌ی تێگه‌یشتنه له ڕابردوو.
مه‌حوی كه له دنیا تێ ده‌گات ئه‌وجا تووشی عه‌ده‌م دێت، چونكه عه‌ده‌م ڕه‌سه‌نه و ناكردنیش ناڕه‌سه‌نه. عه‌ده‌م ڕه‌سه‌نه به‌وه‌ی (بوون) دێت و ئه‌وانی دیكه هه‌ڵده‌وه‌رن، ناكردنیش به‌وه ڕه‌سه‌ن نییه، كه هه‌میشه ئه‌وی دیكه وه‌ك دژه هێز به‌هێزتر ده‌كات. شیعر فڕینی شاعیره بۆ بوون، حاڵه‌تی هه‌ڵوه‌رینی ئه‌وانی دیكه‌یه، هاتنی بوونه به دهمهوهچوونه بۆ هاتنی بوون. مرۆڤ له‌م به ده‌نگه‌وه‌هاتنی بووندا هه‌ست به ئارامی و هێمنیی ته‌واو ده‌كات و له به‌خته‌وه‌ریی ڕاسته‌قینه نزیك ده‌بێته‌وه. ده‌بێته هه‌ڵگری حه‌قیقیه‌ت و له ته‌نهایی و په‌رته‌وازه‌یى و بێجێگهییدا دێته ناو ئارامی و له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا داده‌مه‌زرێت. “شیعر وه‌ك گه‌مه‌یه‌ك دێته به‌رچاو، كه‌چی واش نییه، گه‌مه خه‌ڵك پێكه‌وه كۆ ده‌كاته‌وه به‌و جۆره كه هه‌ر یه‌كێك ڕاسته‌وخۆ خۆی له بیر ده‌چێته‌وه، كه‌چی له شیعردا به پێچه‌وانه‌وه مرۆڤ له‌سه‌ر بنچینه‌ی بوونه‌كه كۆ ده‌بێته‌وه له‌ودا هێمن ده‌بێت، به‌ڵام نه‌ك هێمنییه‌كی ڕواڵه‌تییانه و ناڕاست كه له بێچالاكی و پووچی بیركه‌وتبێته‌وه، به‌ڵكوو ئه‌و هێمنییه بێكۆتایی و بێ سنووره‌ی كه تێیدا هه‌موو هێز و توانا و په‌یوه‌ندییه‌كان چوست و چالاك ده‌بن و ده‌ورووژێن”٥.
٥_ به ده‌نگه‌وه‌چوونی هه‌بوو:
(هه‌بوو) به كۆمه‌كی (بوون) هه‌بووه، (هه‌بوو) له ساتی یه‌كه‌می بوونیدا ڕه‌سه‌نه، به‌ڵام كاتێك وه‌ك هه‌بوو ده‌مێنێته‌وه ئه‌و كاته وه‌ك جادووگه‌رێك ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌موو به دهنگهوهچوونێكی هه‌بوو بۆ هه‌بوو دووركه‌وتنه‌وه‌یه له بوون، چونكه له‌م باره‌دا مرۆڤ پڕ ده‌بێت له نیاز و مه‌به‌ست، (بوون)یش له بێ نیازی و بێ مه‌به‌ستی مرۆڤدا ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌بوو كاتێك ده‌رده‌كه‌وێت له جیهانی ڕۆحه‌وه دێت و ده‌چێته ناو جیهانی هه‌ستیه‌وه و ئه‌و كاته‌ش حازر ده‌بێت و وه‌ك شتێكی واقیعی ده‌رده‌كه‌وێت، لێره‌دا (شوناس) ئاشكرا ده‌بێت و ماهیه‌ت كه خه‌ستترین خه‌سڵه‌تی خۆیه‌تی ڕوون ده‌بێته‌وه. هه‌ر به دهمهوهچوونێك له دوای ئه‌م پڕۆسه‌یه‌وه دووركه‌وتنه‌وه‌یه له(بوون)، چونكه(بوون) ته‌نها له‌ناو خۆماندا ئیمكانى ئه‌وه‌ی هه‌یه دابمه‌زرێت. ئه‌و كاته‌ی (هه‌بوو) له به‌رده‌مماندا هه‌یه، ئێمه له به‌رده‌م جیهانێكین له ده‌ره‌وه‌ی خۆماندا، به‌ڵام بۆ (بوون) هه‌میشه ده‌بێ له‌ناو خۆماندا بین و له ماڵه‌كه‌ی خۆماندا حزوورمان هه‌بێت. ئێمه له‌ناو به دهنگهوهچوونمان بۆ (هه‌بوو) ده‌كه‌وینه ناو ئه‌ویتره‌وه به له ده‌ستدانی خۆمان بێ ئاگایییانه ده‌مێنینه‌وه له به‌رده‌م بووندا. گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له‌ناو زماندا ئه‌و كه‌سه‌ی یه‌كه‌م جار وشه‌ی ئازادیی به بیردا هاتووه، پێشتر له‌ناو بیركردنه‌وه‌دا بووه، سه‌باره‌ت به حاڵه‌تی ئازادی یانی له گفتوگۆدا بووه له‌گه‌ڵ ئایدیاڵی ئازادی‌دا. دواجار بۆ كۆنكرێتكردنی ئه‌و حاڵه‌ته وشه‌ی ئازادی له بیردا هاتووه، ئه‌و كاته ئازادی لای ئه‌م ته‌نیا وه‌ك چه‌مك نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكوو بۆ خۆی بیركردنه‌وه بووه، به‌ڵام كاتێك ئه‌م وشه‌یه یاخود ئه‌م چه‌مكه گشتی ده‌بێته‌وه، به‌رده‌وام مرۆڤ دوور ده‌كه‌وێته‌وه له ئایدیاڵی ئازادی، چونكه كه‌وتووەته ناو واقیعیه‌تی ئه‌م حاڵه‌ته‌وه، ئێمه بۆ تێگه‌یشتن له‌م چه‌مكه ده‌بێت به‌ناو ئه‌و حاڵه‌ته‌دا بڕۆینه‌وه، ئه‌و كات ده‌زانین ئازادی چییه؟ به‌ڵام چه‌مكه‌كانى وه‌ك ئازادی، خوا، چاكه… هتد. كاتێك له ئایدیاڵی خۆیان داده‌بڕێن و ده‌چنه ناو زانسته‌كانه‌وه، ئه‌و كاته هه‌وڵی ئه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت كه‌وا كه پڕه‌نسیپ و یاسایان بۆ دانێن. ئه‌مڕۆ ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌كادیمیا ده‌یدا هیچ نییه جگه له‌وه‌ى هه‌وڵێكه بۆ مردنی ئایدیاڵی چه‌مكه‌كان. ئه‌كادیمیا چه‌مكه‌كان داده‌بڕێت له ئایدیاڵ و شوێن خه‌سڵه‌ته‌كانی ده‌كه‌وێت و ده‌یه‌وێت كۆنتڕۆڵی بكات، هه‌موو كۆنتڕۆڵكردنێكیش دووركه‌وتنه‌وه‌یه له بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌ن، دووركه‌وتنه‌وه‌یه له‌وه‌ی مرۆڤ شوێن (بوون) نه‌كه‌وێت و شوێن ئه‌و پله‌به‌ندییه بكه‌وێت كه (بوون) داده‌بڕێت له شته‌كان و ده‌یانكاته بابه‌ت. ئه‌كادیمیا بۆیه وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نییه، چونكه به شوێن (هه‌بوو)ه‌وه‌یه تا كۆنتڕۆڵی بكات. ئه‌مڕۆ ئه‌كادیمیا ته‌نها له‌ناو ڕای كه‌سیدا ماوه‌ته‌وه، ئه‌كادیمیا وا خۆی نیشان ده‌دات كه په‌یڕه‌وی له سیسته‌مێك ده‌كات، به‌ڵام كۆلاجێكی تێكهڵوپێكهڵه، چونكه سیسته‌م یانی په‌یڕه‌وكردنی (بوون) یانی خۆدانه ده‌ست (بوون) نه‌ك كۆلاجكردنى ڕا و حاڵه‌تی جیا جیا، كه ئه‌مڕۆ له‌ناو زانست و ئه‌كادیمیادا له‌سه‌ری ده‌ڕۆن.
ئه‌مڕۆ زمان به گشتی دابڕاوه له ئه‌سڵ و ماهیه‌تی خۆی. سۆسۆر كه باوكى زمانه‌وانیی ئێستایه، له یه‌كه‌م هه‌نگاویدا زمان ده‌خاته ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ و دایدهبڕێنێت له ئایدیاڵی خۆی. ئه‌مه‌ش ئه‌و پشتكردنهی مرۆڤه له چێژى گیانى باڵا، ئه‌مڕۆ جیهان به شتانێكی زۆر بچووكتر له مرۆڤ سه‌رقاڵه، كه مرۆڤ مادام خاوه‌نی گیانه شایه‌نی زۆر له‌وه گه‌وره‌تر و باڵاتره. زانست مرۆڤ كوێر ده‌كاته‌وه كه‌وا جیهانی بۆ حازر ده‌كات و ناهێڵێت بیر بكاته‌وه. ئه‌م قه‌یرانه به ته‌نیا له‌ناو كورددا نییه، به‌ڵكوو ته‌واوی دنیای داگیر كردووه. ئه‌ڵمانیای ئێستا ئه‌ڵمانیاى هایدگه‌ر و هیگڵ نییه، فه‌ڕه‌نساى ئێستا فه‌ڕه‌نساى دیكارت نییه. دنیا له‌ناو وه‌همێكی گه‌وره‌دا په‌ره به خۆی ده‌دات. ئێمه ئومێد ده‌كه‌ین كه‌وا بیركردنه‌وه له‌ناو كورددا خۆی پاك بكاته‌وه، له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه بتوانن مه‌عریفه‌ی دروستمان له‌سه‌ر خۆمان و دۆزه‌كه‌مان هه‌بێت. ئه‌مه‌ش به ته‌نیا به‌وه ده‌بێت به ده‌نگ به ده‌نگه‌وه‌هاتن بچین، دیاره ئه‌مه‌ش ته‌نیا له خۆماندا ده‌بێت كه خۆمان جارێكی دیكه ڕێگه بده‌ینه (بوونمان) ده‌ربكه‌وێت. هه‌بوو كاتێك دێته دنیاوه سیفه‌ت و خاسیه‌ت وه‌رده‌گرێت و وه‌ك شتێكی واقیعی له به‌رده‌م هه‌سته‌كانی مرۆڤدا داده‌مه‌زرێت، كه هه‌سته‌كان ده‌توانن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن و وێنای بكه‌ن و هه‌ستی پێ بكه‌ن. ئه‌وه‌ی شیعر له هه‌بوودا ده‌یبینێت (هه‌بوو) خۆی نییه، به‌ڵكوو (بوون)ـه. بوون ده‌كه‌وێته ئه‌ودیوی ده‌سه‌ڵاتی هه‌سته‌كانه‌وه.، بوون مانای خۆی و جیهانیشی هه‌ڵگرتووه.
مامه‌ڵه‌كردنیش له‌گه‌ڵ بوون ڕاسته‌وخۆ ده‌مانبه‌ستێته‌وه به عه‌قڵه‌وه، عه‌قڵیش هه‌میشه بیركه‌ره‌وه‌یه. ئێستا با بپرسین ئایا شیعر بیركردنه‌وه‌یه؟ ئایا شیعریش وه‌ك فه‌لسه‌فه و فیكر خاوه‌نی مه‌عریفه‌ی تایبه‌ته؟ كه‌م تا زۆر له به‌شه‌كانی دیكه‌دا ئه‌مه‌مان ڕوون كردووەته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێ بوترێت شیعر بیركردنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نه، یه‌كێكه له حاڵه‌ته‌كانی مرۆڤ، بیركردنه‌وه‌ش به مانا سوكراتیهكهی یادهێنانهوهیه، یادهێنانه‌وه حازركردنهوهی ڕابردوو نییه، به‌ڵكوو ده‌ركه‌وتنی بوونه له عاله‌مدا، شیعر یادهێنانه‌وه‌ی بوونه، ڕزگاركردنی جیهانه له هه‌موو مانا و وێنا سه‌پێنراوه‌كان كه به‌سه‌ریدا ساغ كراوه‌ته‌وه. شیعر بردنه‌وه‌ی دنیایه بۆ جێی خۆی، ڕزگاركردنی ئه‌و چهمكانهشه كه سواون و به‌كار ده‌هێنرێن. سه‌ندنه‌وه‌ی زمانه له كۆمه‌ڵگە و دانه‌وه‌یه‌تی بۆ ده‌ست بوون، زمان كاتێك وه‌ك خانوویه‌ك كۆمه‌ڵگە تێیدا داده‌نیشێت هه‌میشه بابه‌ت و شته، به‌ڵام شیعر ئه‌و غه‌ریبه‌ی ناو زمان ده‌رده‌كات و خاوه‌ن ماڵ دێنێته‌وه كه بوونه.
“شاعیر خواوه‌نده‌كان و هه‌موو شته‌كان خۆیان چۆنن وه‌ها ناویان ده‌هێنێت، ئه‌م ناوهێنانه به‌و جۆره پێك نه‌هاتوو شتێك پێشتر ناسرا بێت ناوێكی پێ بدرێت، به‌ڵكوو به‌وه ده‌بێت كه شاعیر ناوی وشه جه‌وهه‌ریه‌كه كه ده‌هێنێت و به‌و ناوهێنانه له پێشدا هه‌بوو ئه‌و ناوه‌ی ده‌درێت كه خۆی چییه، ئینجا وه‌ك هه‌بوو ده‌ناسرێت”٦ له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا هه‌بوونایه‌تیی شیعریش هه‌یه، كه هه‌بوو بانگ ده‌كرێت بۆ ناو شیعر، لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین گشتی‌تر ئه‌مه باس بكه‌ین. هه‌ر كاتێك شیعر هه‌بووی كرده خه‌می خۆی، هه‌میشه له به‌رده‌م داڕشتنه‌وه‌ی واقیع دایه، جا یان وه‌ك خۆی یان وه‌ك وێنا دایده‌ڕێژێت. هه‌ر كه شاعیر دابڕا له بوون، ئه‌وه له به‌رده‌م هه‌بووه‌كان دایه كه له ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌یانهێنێت و له میتافۆڕى جیا جیادا په‌خشیان ده‌كاته‌وه. شاعیر لێره‌دا ناكه‌وێته ناو كرده‌ی خوڵقانه‌وه، به‌ڵكوو ده‌كه‌وێته ناو پیشه‌سازی و دروستكردنه‌وه. دروستكردنیش هه‌میشه بیرێكه له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه دێته ناو مرۆڤه‌وه كه پێداویستییه‌كی جه‌سته‌یی یان سایكۆلۆژییه مرۆڤ ناچار ده‌كات كه وه‌ك هێزێك په‌خشی بكات.
ئه‌وه‌شی له‌م كرده‌یه‌دا هه‌یه چێژی ده‌سه‌ڵاته، حه‌زی خۆپیشاندانه بۆ به‌رانبه‌ر. شارستانیه‌ت هیچ نییه جگه له خۆپیشاندانی مرۆڤ بۆ ده‌ره‌وی خۆی، به‌ڵام هونه‌ر به گشتی خۆی نیشانی ده‌ره‌وه نادات، به‌ڵكوو زه‌مینه ده‌سازێنێت بۆ هاتنه‌ئارای بوونی شته‌كان. لێره‌دا به‌رهه‌می كارگه‌كان و به‌رهه‌می هونه‌ری له‌یه‌ك جیا ده‌بنه‌وه. ئه‌وه‌یه وا ده‌كات مۆنالیزا زیاتر ڕامانبگرێت له بووكه‌شووشه‌یه‌ك. شیعر له بنه‌مادا پێویستییه‌كی ڕۆحییه ئه‌م بیره له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه نایه‌ت. شیعر هیچ وه‌زیفه‌یه‌كی واقیعی و كۆمه‌ڵایه‌تیی نییه، مه‌به‌ستێك نییه له پشتی ئه‌وه‌وه هه‌تا بۆی بژییت. ئه‌وه‌ی شیعر دێنێته ئاراوه فشاری بوونه بۆ سه‌ر مرۆڤ، شاعیر خۆیشی نازانێت چی ده‌نووسێت. شیعر وه‌ك قه‌ده‌رێك دوای هاتنه‌ئارای خۆی ده‌زانرێت چییه؟ دوای ته‌واو بوونی شاعیر ئینجا ده‌زانێت چی نووسیوه. شیعر كه هه‌بوو ده‌بێته مه‌به‌ستی هه‌ر ئه‌وه ده‌گوازێته‌وه كه له به‌رده‌ممان دایه، كێشه‌ی ئه‌فلاتوون له‌گه‌ڵ شیعردا كێشه‌ی به دهنگهوهنهچوونی شیعری ئه‌و كاتی یۆنانه بۆ بوون. ئه‌وانه‌ى پێیان وایه ئه‌فلاتوون دژی شیعره، هه‌ڵه‌ن. ئه‌فلاتوون ئه‌و شیعره ده‌رده‌كات كه شوێنی نمایشی هه‌بووه، بۆیه چانسێك ده‌داته شیعر “ئێمه له‌و هێزه سه‌رنجڕاكێشه‌ی شیعر بێ‌ئاگا نین، به‌ڵام خیانه‌تكردن له حه‌قیقه‌تیش هیچ كاتێك به ڕه‌وا نازانێت”٧ ئه‌فلاتوون دواتر دێت باسی ئه‌وه ده‌كات گه‌ر شیعر توانی بوون دابه‌زێنێت ئه‌وه ڕێگه‌ی هه‌یه بێته‌وه ناوشار، “كه‌واته ئایا ڕه‌وا نییه دوای ئه‌وی شیعر به به‌رهه‌ڵستیی تر به‌رگری له خۆی بكات دووباره ڕێگه‌ی بده‌ین بێته‌وه ناوشار” ٨ ئه‌فلاتوون خۆیشی هه‌ست ده‌كات شیعر له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه نییه كه هۆمیرۆس ده‌یڵێت، به‌ڵكوو ده‌زانێت شیعریش توانای هه‌ڵگرتنی بوونی هه‌یه. بۆیه دواتر له گفتوگۆی خواندا قسه‌ى خۆی له سه‌ر شیعر ده‌كات، كه هه‌ر هه‌مان بنه‌مای قسه‌كانى هایدگه‌ری هه‌یه. “ڕه‌نگه به ده‌مه‌وه‌چوونی هاتنی شتێك له عه‌ده‌می حزوورهوه بۆ ناو حزوور شیعر بێت”٩ ئه‌م وته‌یه ته‌واوی ئه‌و ڕایانه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه كه وتراون له‌سه‌ر ئه‌فلاتوون، به دهمهوچوونی هاتنی شتێك له كوێوه‌یه له عه‌ده‌مى حزوور، واته (بوون). حزوورى یه‌كه‌م (بوون)ـه، حزوورى دووه‌م عاله‌مه، واته بوون عه‌ینی بێته‌وه و له عه‌ده‌می خۆیه‌وه ئاشكرا بێت و هه‌بوو بخوڵقێت. دواتر ئه‌فلاتوون له گفتوگۆی ئایۆندا، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه باسی (دانایی شیعر) ده‌كات، دانایی شیعر بوونه له شیعردا. “ئه‌گه‌ر هاتوو فێری دانایی شیعر بووین به یاسا، ئه‌وا ده‌توانین قسه له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانی دیكه بكه‌ین”١٠
یاسا یاسایه‌كی كۆنكرێتى و واقیعی نییه، یاسا لێره‌دا خودی (بوون)ـه، واته (بوون) هه‌میشه خاوه‌نی مه‌رجی خۆیه‌تی بۆ ده‌ركه‌وتن، مرۆڤ ده‌بێت به یاساكانی (بوون)دا بڕوات. نه‌ك (بوون) به یاساكانی خۆی بڕوێنێت.
ڕۆشنبیریی كوردی و هەژاریی ڕۆشنبیریی شیعری:
له‌م پاشكۆیه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ڕۆشنبیریی كوردی ئه‌م ده ساڵه‌ى ڕابردوو بخوێنینه‌وه كه به (پاش ڕاپه‌رین) ده‌ناسرێن، هه‌ڵبه‌ته خۆێندنه‌وه‌یه‌كی خێرایه بۆ ئه‌و ڕۆشنبیرییه، كه‌وا له‌م چه‌ند ساڵه‌دا هه‌وڵیان داوه تێگه‌یشتنی خۆیان بۆ ئێمه بكه‌نه نووسین، كاره‌ساتی گه‌وره‌ش ئه‌وه‌یه پێیان وایه ئه‌وه‌ى باسیان كردووه جه‌وهه‌ر و هه‌قیقه‌ته واشیان به ئێمه‌ی خۆینه‌ر ناساندووه، ئه‌م هه‌وڵه‌ش هیچ نییه جگه له خۆێندنه‌وه‌یه‌كی ورد بۆ ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی كه‌وا خاوه‌نی بۆچوون و ڕووئیای تایبه‌تن ده‌رباره‌ی شیعر، ئه‌مه‌ش گه‌ڕانی ئێمه‌یه بۆ فیكری ئه‌م وتارانه و گه‌ڕانه به شوێن بیركردنه‌وه‌دا نه‌ك سه‌رسامیی ئێمه بێت له ئاست زمان و میتافۆڕهكانى ئه‌م وتارانه‌دا كه ئێمه كارمان له‌سه‌ر كردوون. دواتر له ڕێگه‌ی شكانی ئه‌م میتافۆڕانهوه هه‌وڵمان داوه فكر و بنه‌مای ئه‌و وتارانه ڕۆشن بكه‌ینه‌وه و دواتریش نیشانی شیعر خۆى بده‌ینه‌وه، هه‌تا ئه‌و كات ئه‌م وتارانه خۆیان حوكم بده‌ن له‌سه‌ر خۆیان، كه ئایا ئه‌مانه جه‌وهه‌ری شیعرن، یاخود بۆچوونى سه‌رپێیی تاكه كه‌سین، به‌ڵكوو ئه‌مه‌ش بكه‌ینه سه‌ره‌تایه‌كیش بۆ ئه‌وه‌ی به وردی ئه‌م ڕۆشنبیرییه بخوێنینه‌وه، دوور له هه‌ر ڕق و لایه‌نگیرییه‌ك. دیاره بۆ هه‌ر باسێك وتارێكمان هه‌ڵبژاردووه كه‌وا ئازادانه ئیشمان تێدا كردووه.
١_ خه‌یاڵ وه‌ك جه‌وهه‌ری شیعر لای ڕێبوار سیوه‌یلی:
ئێمه لێره‌دا وتارێكی به‌ڕێز (ڕێبوار سیوه‌یلی)مان وه‌رگرتووه به ناوی (شیعریه‌تی بوون)، كه هه‌وڵ ده‌ده‌ین به وردى بیخوێنینه‌وه دواتریش به‌پێی ئه‌و تیۆره‌ی پێشوو له‌گه‌ڵیدا بڕۆین، هه‌تا بنه‌مای ئه‌م وتاره كه‌شف بكه‌ین و ڕۆشنبیریی ئه‌م ڕۆشنبیره ڕۆشن بكه‌ین ده‌رباره‌ی چیه‌تیی شیعر. سه‌ره‌تاش پرسیار له خه‌یاڵ ده‌كه‌ین، ئایا خه‌یاڵ ده‌كه‌وێته كوێی مرۆڤه‌وه؟ یان خه‌یاڵ سه‌ر به جه‌سته‌یه یان سه‌ر به ڕۆحه؟ خه‌یاڵ ده‌توانێت چی بۆ ئێمه بكات؟ ئایا خه‌یاڵ پێش شیعر ده‌كه‌وێت یان شیعر پێش خه‌یاڵه؟ ئایا خه‌یاڵ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چی شته‌كان ده‌كات؟ ئایا خه‌یاڵ ده‌توانێت چه‌مكه ڕووته‌كان وێنا بكات؟ سه‌ره‌تا وا باشه كه كاری خه‌یاڵ به گشتی دیاری بكه‌ین كه ئه‌ویش خۆی له دوو كاری گرنگدا ده‌بینێته‌وه.
كرده‌ى خه‌یاڵكردن: خه‌یاڵكردن هه‌میشه كارێكه به ویستی مرۆڤه، واته مرۆڤ ده‌توانێت شارێك خه‌یاڵ بكات، یان خه‌یاڵی ته‌نێك بكات، جا ئه‌و ته‌نه حازر بێت بۆ ئه‌و، یان حازر نه‌بێت. مرۆڤ ده‌توانێت خه‌یاڵی سێوێك بكات كه له به‌رده‌میه‌تی، به‌م خهیاڵكردنهش سێوه‌كه له ته‌نێكی واقیعییه‌وه ده‌بێته ته‌نێكی وێنه‌یی و زه‌ینی، واته خه‌یاڵكردنی شتێكی حازر و به‌رده‌سته، گۆڕانی واقیعیه‌تی ئه‌و شته‌یه بۆ وێنه‌یه‌تی،ئه‌و شته. كامێرای فۆتۆگراف به وێنه‌كردنی واقیعه. بۆ حاڵه‌تی دووه‌م كه‌وا شته‌كه لێره نییه من و تۆ قسه ده‌كه‌ین باسی خانوویه‌ك ده‌كه‌ین كه پێشتر دیومانه ئه‌وه هه‌ردووكمان خانووه‌كه كه له خهزنهمان (زاكیره) هه‌یه، حازری ده‌كه‌ینه‌وه و خه‌یاڵی ده‌كه‌ین ئه‌م حاڵه‌ته حازركرنهوهی وێنه‌ی واقیعیهكهیه، واته لێره‌دا كامێرای فۆتۆگرافهكه وێنه‌ی وێنه‌كه ده‌گرێت، چونكه ئه‌و شته سه‌ره‌تا بووەته وێنه له زه‌ینی ئێمه‌دا، دواتر وێنه‌ی ئه‌و شته حازر ده‌كه‌ینه‌وه.
ئێستا با بپرسین ئایا خه‌یاڵ ده‌توانێت شتێك حازر بكات كه نه‌ماندیوه؟ ئایا شته په‌تی و ڕووته‌كان كه هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتوون، خه‌یاڵ چی ده‌كات؟ ئاشكرایه خه‌یاڵ ناتوانێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چه‌مكه ڕووته‌كان بكات و ناشتوانێت شتێك كه نییه به‌رجه‌سته‌ی بكات؟ له‌وانه‌یه بوترێت خۆ (حۆریی ده‌ریا) نییه، به‌ڵام ئه‌مه ڕاستیی كۆلاجه. كۆلاج حازركردنهوهی شته ماددییه‌كانه نه‌ك هێنانی شتێك كه له عه‌ده‌مه‌وه بۆ ناو حزوور. ڕاستی خه‌یاڵ به‌شێكه له جه‌سته‌ی مرۆڤ و هه‌ر توانای وێناكردنی وێنه و خاسیه‌ت و سیفه‌تی شته‌كانی هه‌یه دوای ده‌ركه‌وتن. خه‌یاڵ ناتوانێت قه‌دی گوێزێك حازر بكات، كه هێشتا هه‌ر گوێزه و ده‌رنه‌كه‌وتووه. ئه‌ركی دیكه‌ی خه‌یاڵ بریتیه له:
به خهیاڵداهاتن: به خهیاڵداهاتن حاڵه‌تێكی ئاماده‌كردنی ڕووداوێكه به‌بێ ویستی مرۆڤ، بۆ نموونه كاتێك گوێمان له گۆرانییه‌ك ده‌بێت ئه‌و گۆرانییه ده‌بێته ڕه‌مزێك بۆ به خهیاڵداهاتنی ڕووداوێك كه به ویستی ئێمه نییه كه‌وا پشتگوێی بخه‌ین. له‌م باره‌دا خه‌یاڵ به هاوكاری خه‌زنه ئه‌و یاده‌وه‌رییه حازر ده‌كات و وه‌ك ڕووداوێك جارێكی دیكه مرۆڤ ده‌كه‌وێته‌وه ناوی، واته له خه‌یاڵكردندا مرۆڤ له واقیعدایه، به‌ڵام به خهیاڵداهاتن مرۆڤ ده‌كه‌وێته‌وه ناو واقیعێكی وێنه‌یه‌وه كه له‌ناو خهزنهدایه. ئێستا با بپرسین ئایا ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌ی ناو خه‌زنه‌ی مرۆڤ له كوێوه هاتوونه‌ته ناو مرۆڤه‌وه، به دڵنیایییه‌وه له ڕێگەی هه‌سته‌كانه‌وه مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی خۆی هاتوونه‌ته ناوی له‌گه‌ڵ ڕووداوه فه‌لسه‌فییه‌كان كه‌وا بوون، كه ده‌رده‌كه‌وێت دوای ته‌واوبوون كه ده‌بێته هه‌بوو، دێته ناو خه‌زنه‌وه ئه‌م ههبووهش هه‌ر هه‌مان به‌های یاده‌وه‌رییه‌كانی دیكه‌ی هه‌یه، واته هه‌ر ڕابردووه لێره‌دا مرۆڤ ده‌توانێت ئه‌م شتانه خه‌یاڵ بكات و هه‌ستیان پێ بكات، خه‌یاڵ ڕاستی سه‌ر به جه‌سته‌ى مرۆڤه و هه‌میشه شته جهستهیییهكانیش خه‌یاڵ ده‌كات، به‌ڵام خه‌یاڵ هه‌ستێكی جه‌سته‌یی بایۆلۆژی نییه، به‌ڵكوو سه‌ر به جه‌سته‌ی سایكۆلۆژییه، واته هه‌ستێكی نادیاره. كاتێك من ده‌ڵێم (گوێز) ئه‌وه‌ی تۆ حازری ده‌كه‌یت له خه‌یاڵتدا، ڕاستی وێنه‌ی گوێزهكهیه نه‌ك چیه‌تیی گوێز. دیكارت ده‌مێكه ئه‌وه‌ی ساغ كردووەته‌وه كه ده‌ڵێت “ده‌بێت ئاماژه به‌وه بكه‌م كه خه‌یاڵی من ناتوانێت ماهیه‌تی ئه‌و پارچه میوهیە بزانێت، ئه‌وه‌ی ده‌یزانێت ئیدراكی منه”١١ دیكارت ئه‌وه ڕوون ده‌كاته‌وه، كه خه‌یاڵ ناتوانێت (بوون) وێنا بكات، واته خه‌یاڵ پێش بوونی شته‌كان نییه، به‌ڵكوو كه (بوون) ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێته (هه‌بوو) ئه‌و كاته خه‌یاڵ ده‌توانێت ئه‌م هه‌بووه وێنا بكاته‌وه. “وێناكردن و خه‌یاڵكردن شتێكیان تێدایه له هه‌ڵه‌ی خۆم ئاگادارم ده‌كه‌نه‌وه، چونكه كاتێك خه‌یاڵی ئه‌وه ده‌كه‌م كه من شتێكم، ئه‌وه له واقیعدا تووشی وههم دێم، چونكه خه‌یاڵكردن بریتیه له تێڕامان له وێنه‌یه‌ك، یان شتێكی جه‌سته‌یی.” ١٢ لێره‌دا دیكارت زیاتر ئه‌وه‌مان لا جێگیر ده‌كات كه خه‌یاڵ وابه‌سته‌یه به جه‌سته‌ی شته‌كانه‌وه، خه‌یاڵ هه‌میشه دوای ته‌وابوونی (بوون) ده‌توانێت (هه‌بوو) وێنا بكات. لێره‌دا ئه‌وه‌ی خه‌یاڵ ده‌یكات ته‌نیا و ته‌نیا گواستنه‌وه‌ی وێنه واقیعهكانه. ئه‌گه‌ر چاو ڕه‌نگ و قه‌باره و…هتد بگوازێته‌وه، ئه‌وا خه‌یاڵ ته‌نها وێنه‌ی ئه‌و شته ده‌گوازێته‌وه. هه‌ر كاتێك خه‌یاڵ بكه‌یت ده‌بێت شتێكی حازر و ئاماده هه‌بێت لێره‌وه خه‌یاڵ ناتوانێت (بوون) وێنا بكات، چونكه بوون خۆی واقیعی نییه، (بوون به هێز) بوونێكه له حاڵه‌تی په‌تی خۆیدا و ده‌ركه‌وتنیشی به‌ده‌ره له ویستی مرۆڤ، ڕۆشنایییهكه مرۆڤ پێی ده‌گات.
“شتێك هه‌یه ده‌بێت ڕوون بكرێته‌وه، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه ئیدراكی من بۆ بینین یان ده‌ستلێدان یان خه‌یاڵ نییه، هیچ شتێكی له‌م جۆره نییه، ئه‌گه‌ر چی پێشتر وا ده‌ركه‌وتبوو، به‌ڵكوو ئه‌وه ڕۆشنایییهكه له ڕۆشنایییه‌كانی ڕۆح”١٣ ئێستا با بپرسین ئایا خه‌یاڵ له كوێوه وابه‌سته‌یه به شیعره‌وه؟ شیعر به ڕووداوكردنی بوونه، واته ده‌رخستنی بوونه له دنیا خهیاڵئامێزهكهی خۆیدا، خه‌یاڵیش له چوارچێوه‌ی زماندایه. شاعیر ته‌عبیر له‌م بوونه ده‌كات له‌ناو واقیعێكی گه‌مه ئاسادا، لێره‌دا چ زمان چ خه‌یاڵ و ئه‌فسانه جه‌سته‌ن بۆ بوون، نه‌ك جه‌وهه‌ری شیعره‌كه بن، چونكه جه‌وهه‌ره‌كه ئه‌و ڕۆشناییهیە كه ئه‌و ڕووداوه خه‌یاڵییه ده‌خوڵقێنێت. ئه‌و بیره‌یه كه زمان ئاراسته ده‌كات و وێنه‌یان پێ ده‌به‌خشێت به‌و شێوه‌ی كه بوون ده‌یه‌وێت، ئه‌م بوونه‌ش مه‌رج له‌سه‌ر جه‌سته‌كه‌ی خۆی داده‌نێت كه چۆن بێت. تێكشكانی زمان و دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی لێره‌دا ڕوو ده‌دات. تا ئێره تیۆرییهكامان خسته پێش چاو، جا با ده‌ست بكه‌ین به خوێندنه‌وه‌ی بنه‌ماكانی ئه‌م وتاره. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ڕێبوار ده‌ڵێت “ئایا ده‌شێت له پڕۆسه‌ی شوناسكردنی دنیا و مانا به‌خشین به بوون، پشت به‌م ڕه‌گه‌زه ببه‌سترێت و خه‌یاڵ بكرێته سه‌رچاوه‌یه‌كی بڕواپێكراو بۆ ناسینی دنیا”١٤ وشه‌ی (مانابه‌خشین به بوون) كه‌وا ده‌یداته ده‌ست خه‌یاڵ، لێره‌دا بوون ده‌خاته ژێر جه‌بری خه‌یاڵ و ئه‌وه خه‌یاڵه كه مانا ده‌داته بوون، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت ئه‌رێ خه‌یاڵ چییه؟ بوون چییه؟ به‌بێ ئه‌م ورده‌كارییه بوون ڕاده‌ستی خه‌یاڵ ده‌كات. دواتر دێت وته‌یه‌كی ئیمانوێڵ مۆنه‌ر ده‌هێنێت، كه ده‌ڵێت “خه‌یاڵ به‌وه‌ی بمانباته‌وه ناو خۆمان و دامانبڕێت له ده‌ورووبه‌ر، ڕۆڵی سه‌ره‌كی خۆى ناگێڕێت، به‌ڵكوو ئه‌و ته‌نیا ئه‌و كاته هه‌ڵده‌ستێت به ڕۆڵی خۆی كه بمانخاته‌وه ئه‌و حاڵه‌ته پێغه‌مبه‌رانه‌ی له‌و دیو ئاگایی و مانا ساده‌كانه‌وه په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان ئێمه و واقیعیه‌تی ڕه‌هادا دروست ده‌كات.”١٥
دواتر خۆیشی ساغ ده‌كاته‌وه، ده‌ڵێت: “من ئه‌م جۆری دووه‌می خه‌یاڵه ئه‌م پهیوهندیكردنهوهیه به دنیا و ده‌وروبه‌ره‌وه به خه‌یاڵێكی داهێنه‌ر یان خه‌یاڵی مه‌عریفی ناو ده‌به‌م.”١٦ دواتر بۆچوونه‌كه‌ی خۆی په‌ره پێ ده‌دات و ده‌ڵێت: “واته خه‌یاڵێك كه له ڕێگه‌ی ته‌جاوزكردنی ئه‌و ئاستی شوناسه‌ی به هۆی هه‌سته‌كانه‌وه پێی ده‌گه‌ین، په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵتر و دڵنیاتر له‌نێوان ئێمه و بووندا ده‌هێنێت. بوونی ساده‌یی ئێمه به‌رز ده‌كاته‌وه بۆ سه‌ر ئاستی بوونێكی پێغه‌مبه‌رانه.”١٧ جارێ ئه‌و قسه‌یه‌ی مۆنیهر به هه‌ر دوو باره‌كه‌دا، هه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی (هه‌بوو)ـه، چونكه خه‌یاڵ چ ئاراسته‌ی ده‌ره‌وه بكرێت یان ناوه‌وه هه‌ر یه‌ك پڕۆسه‌یه، ئه‌ویش (هه‌بوو)ه، واته ناوه‌وه‌ش شوێنى وێنه‌ی هه‌بووه‌كانه. خه‌یاڵ هه‌ر هێنده‌ی له توانادایه كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ (هه‌بوو) بكات نه‌ك (خه‌یاڵی مه‌عریفی)، خه‌یاڵی مه‌عریفی هه‌ر نییه له هیچ فكرێكدا، مه‌گه‌ر له ڕۆشنبیریی كوردیدا ئه‌وه‌یه كه ده‌یبینین. دوایی ڕێبوار ده‌ڵێت: له ڕێگه‌ی دووه‌مه‌وه، واته خه‌یاڵی دووه‌م كه ئاراسته‌ی ناوه‌وه ناكرێت، به‌ڵكوو ئاراسته‌ی واقیع ده‌كرێت ده‌توانین (په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بوون) بكه‌ین. ئه‌م بوونه‌ی ڕێبوار له واقیعدا دایده‌نێت ئاسایی بوونی ڕاسته‌قینه نییه. مه‌به‌ستى ڕێبوار له بوون، سروشت و دنیا و گه‌ردوونه، كه ده‌شڵێت (شیعریه‌تی بوون) ته‌نها سه‌رابێكه بۆ ئێمه كه‌وا لێمان بشێوێت كه‌وا ئه‌مه ئه‌و بوونه‌یه كه له فه‌لسه‌فه‌دا به شوێنی‌دا ده‌گه‌ڕێن، ئەگه‌رنا ناونیشانێكی ساخته‌یه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه یه‌كێكه له نه‌خۆشییه‌كانى ڕۆشنبیریی كوردی كه ته‌نیا ناوی شته‌كان ده‌هێننێت و هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌ك له پشتیه‌وه نییه. واته كه باسی ئه‌فلاتوون ده‌كات، به‌س ناوه‌كه‌ی دەهێنێت و ئیتر بیركردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونی لا نییه. باسی فۆكۆ ده‌كات، به‌ڵام هه‌ر له فیكرى فۆكۆ تێنه‌گه‌یشتووه. ڕێبوار (بوون) حازر ده‌كات له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ وه‌ك شتێكی واقیعی دایده‌نێت، بۆیه خه‌یاڵیشی ئاراسته ده‌كات. “ئه‌زموونكردنی بوون چیدى قه‌ده‌رێك نییه مرۆڤ به‌بێ ئیراده‌ی خۆی ملی بۆ كه‌چ بكات، به‌ڵكوو مرۆڤ ده‌بێته پهیامهنیهری بوونی خۆی، بوونی خۆی ده‌كانه هونه‌ر و ده‌یخوڵقێنێت.”١٨ لێره‌دا بوون به هێز ته‌واو فه‌رامۆش ده‌كات،
كه وه‌ك ماتهوزهیهكى شاراوه فشار ده‌كاته سه‌ر مرۆڤ بۆ ده‌ركه‌وتن و كامڵبوون، كه مرۆڤ ئیراده‌ی ته‌سلیمی ئه‌م هێزه بكات. ئه‌م بوونه قه‌ده‌ری مرۆڤه. ناسری سوبحانی زۆر جوان باسی ئه‌م قه‌ده‌ره ده‌كات كه به ئهندازهگیرى ناوى ده‌بات، واته ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ى كه مرۆڤ ناچار ده‌كات كه په‌یڕه‌وی بكات بۆ بردنی مرۆڤ خۆی و بردنی دنیا بۆ باری كامڵبوون و پڕبوون، به‌ڵام ڕێبوار ئه‌مه به زه‌لیلی مرۆڤ ده‌زانێت و ده‌بێت خۆمان بوونمان دروست بكه‌ین و بیكه‌نه هونه‌ر و بیخوڵقێنین. ئه‌م بوونه، ڕاستی واقیعییه و هیچ په‌یوه‌ندی به بوونی ڕه‌سه‌نه‌وه نییه. دواتر ده‌ڵێت “متمانه‌نه‌بوون، واته مرۆڤ له ژیانی خۆیدا هه‌ست به ئارامی و ئاسوده‌یی بكات و ئازاد بێت. واته گه‌ردوون به شوێن ژیانی پڕبههاداریی خۆی بزانێت و دنیای ده‌وروبه‌ری خۆی به شوێنی ده‌رهێنانی خه‌ونه‌كانی.”١٩ له سه‌رله‌به‌رى ئه‌م وتاره‌ى سیوه‌یلیدا بێئاگایییهكی ته‌واو هه‌یه ده‌رباره‌ی شیعر و بیركردنه‌وه، ته‌نانه‌ت وه‌رگیرانی ده‌قه‌كانیش ته‌واو نییه و كه باسی یه‌كێك ده‌كات خۆی وێنای ده‌كات، ئەگه‌رنا وا نییه. له شوێنێكی دیكه‌دا باسی ئه‌فلاتوون ده‌كات كه‌وا ئه‌فسانه‌ی لا گرنگ بووه، چونكه خه‌یاڵه. ئه‌فلاتوون كه‌ی گرنگی به ئه‌فسانه داوه، ئه‌مانه جه‌سته‌ی بیره‌كانی ئه‌فلاتوونه، نه‌ك جه‌وهه‌ری بیره‌كانی.” ئه‌فلاتوون بۆ خۆیشی وه‌ك داهێنه‌رێكی خهیاڵفراون گفتوگۆكه‌ی له‌مه‌ڕ (مه‌رگ) و به گێرانه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌یه‌ك لهبارەى (نه‌مری)یه‌وه كۆتایی پێ ده‌هێنت و سوكرات دان به‌وه داده‌نێت كه چه‌ند جوانه مرۆڤ باوه‌ڕ به‌و ئه‌فسانه‌یه بكات، واته ئه‌فسانه‌ی نه‌مریی.”٢٠
ئه‌مه‌ش هیچ نییه جگه له سه‌پاندنی وێنه‌كانی ناو زه‌ینی خۆی به‌سه‌ر ئه‌فلاتووندا یاخود (كانت)دا، كه ئه‌و وته‌یه‌ى كانت دێنێته‌وه كه ده‌ڵێت” فه‌نتازیا پله‌یه‌ك له عه‌قڵ باڵاتره.”٢١
دیاره ته‌واوی فكری كانت دژی ئه‌وه‌یه خه‌یاڵ له عه‌قڵ كامڵتر بێت، چونكه ئه‌گه‌ر وابووایه ئه‌وا هیگل نه‌یده‌هێشت ئه‌م قسه‌یه بگاته ئێمه، به‌ڵام كاتێک كانت باسی ئه‌فسانه ده‌كات، به‌وه باسی ده‌كات كه‌وا كاتێك بوون یان عه‌قڵ له ئه‌فسانه‌دا خۆی نمایش ده‌كات ئه‌وا ئه‌م نمایشه هه‌بووه و عه‌قڵ نه‌بووه، واته ده‌رنه‌كه‌وتووه هێشتا، نه‌ك خه‌یاڵ باشتره له عه‌قڵ. دیاره گه‌ر هه‌موو وتاره‌كه بخوێننه‌وه ئه‌وا ده‌بێت سه‌رله‌به‌رى هه‌ڵوه‌شێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده هه‌یه ڕۆشنبیری ئێمه هێشتا ساوایه له بیركردنه‌وه‌دا و كه‌مێك زیره‌كه له وه‌رگرتندا. ئه‌مه‌ش ڕاستی هیچ نییه جگه له ئایدۆلۆژیایه‌كی ڕووت. دواتر دێت ده‌ڵێت: “ده‌بێت شیعر ژیاندۆست بێت.”٢٢ دیاره دانانی مه‌رجی پێشوه‌خته بۆ شیعر، وه‌ك ئه‌وه وایه تۆ وه‌زاره‌ت بێت و مۆڵه‌ت ببه‌خشیته شیعر، شیعر حیزب نییه داوای لێ بكه‌یت په‌یامه‌كه‌ت چییه؟ دواجار شیعر هیچ وه‌زیفه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و واقیعیی نییه. كورسی نییه ده‌بێت وا بێت بتوانین كه له‌سه‌ری دانیشتین ئه‌زیه‌تمان نه‌دات. بۆیه ڕاستی خه‌مگینین به هه‌ژاریی ئه‌م ڕۆشنبیره. خه‌مگینین به ساده‌ییی خۆینه‌ری خۆمان كه هه‌میشه فیکر ناخوێننه‌وه. ته‌نها زمان و شێواز و میتافۆڕهكان ده‌بینن، ئەگه‌رنا گه‌ر به وردی بیخوێنینه‌وه، ئه‌وا زۆر جوان دهقهكانمان بۆ ده‌كرێنه‌وه. ڕێبوار جگه له‌مانه، لێكدژیی هه‌یه له‌ناو وتاره‌كه‌یدا، له شوێنكدا ده‌ڵێت: ” شیعر ڕووداوێكی غه‌یره مێژووییه.”٢٣ دواتر له بیری ده‌چێته‌وه ده‌ڵێت: “شیعری مه‌حوی ده‌بێته سه‌لمێنه‌ری مێژووی ئه‌ده‌ب و قۆناغه‌كانی و گرنگی به شیعر ده‌درێت له‌به‌ر ئه‌وەی وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك ناوه‌ڕۆكی ئه‌و قۆناغه مێژوویییانه‌ی ئه‌ده‌ب پڕ ده‌كاته‌وه.”٢٤ باشه گه‌ر شیعر ڕووداوێكی مێژوویی نییه، دوایی چۆن مێژووشمان پێ ده‌ڵێت. ڕاستى من لێره‌دا كۆتایی به‌م كاره‌ساته ده‌هێنم. ئه‌وه‌ی هه‌یه جێی ده‌هێڵم بۆ نووسه‌ر خۆی كه سه‌یری خۆی بكاته‌وه. ڕۆشنبیری ئێمه به ئایدۆلۆژیا ده‌ژیت گه‌ر حزبه‌كان خاوه‌نی ئایدۆلۆژیای حیزبی بن، ئه‌وا ڕۆشنبیران ئایدۆلۆژیای فیكر ده‌خۆن و ئایدۆلۆژیای فیكریش ده‌رخواردی خوێنه‌ری ئێمه ده‌ده‌ن. به‌و ئومێده‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه كه سه‌رده‌می ئایدۆلۆژیایه، به‌سه‌ر بچێت و سه‌رده‌می بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌ن بێته ئاراوه، كه ئه‌مه‌ش له‌ناو بوونی خۆمان دایه نه‌ك ده‌ره‌وه‌ی خۆمان.
٢_ زمان وه‌ك جه‌وهه‌ری بوون و شیعر لای به‌كر عەلی:
دیاره نووسه‌ر بۆ ده‌ربڕینی مه‌به‌سته‌كانی خۆی گه‌ڕانێك ده‌كات به‌ناو ئه‌و گوتانه‌ی هایدگهردا و دواجاریش داڕشتنه‌وه و شیكردنه‌وه‌یان. ئه‌وەی جێگه‌ی سه‌رنجه له‌م داڕاشتنهوهیهدا نووسه‌ر هه‌ر به‌وه نه‌وه‌ستاوه كه‌وا ده‌قێك به ئاره‌زووى خۆى شی بكاته‌وه، به‌ڵكوو بۆچوونه‌كانى خۆیشی ده‌ربڕیوه ده‌رباره‌ی شیعر و بوون، بۆیه ئێمه خوێندنه‌وه‌یه‌ك ده‌كه‌ین بۆ وتاری (دیدی مارتن هایدگه‌ر نامۆ بوون لە ئۆنتۆلۆژیای زمان/شیعر) تا تێ بگه‌ین ڕۆشنبیری كوردی له چ قه‌یرانێك دایه كه هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه به ئاقارێكی هه‌ڵه‌دا هه‌نگاوی ناوه، تا گه‌یشتووەته ئه‌مڕۆكه به سكهخشێی ده‌یه‌وێت بڕوات. بێئاگابوون له بوون و پێشخستنی زمان به سه‌ریدا. زۆر به ڕوونی له‌م وتاره‌دا دیاره هایدگه‌ر كاتێك باسی (زمان) ده‌كات هه‌میشه وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك ده‌یه‌وێت بیخاته ڕوو، كه هه‌ڵگری (بوون)ه. زمان لای هایدگه‌ر و لای شیعریش تا ئه‌و شوێنه گرنگه كه هه‌ڵگری بوونه، كه كه‌ره‌سته‌یه‌كه بۆ خه‌زنكردنی بیركردنه‌وه، ئەگه‌رنا به‌ده‌ر له‌مه (زمان) هیچ گرنگیی نییه له ئاست بووندا. با ئه‌وه بپرسین ئایا زمان پێش بوونه یان بوون پێش زمانه؟ له ڕاستیدا كاتێك هایدگه‌ر ده‌ڵێت ((ئێمه له یه‌كه‌م گفتوگۆوه هه‌ین))٢٥ هایدگه‌ر بوون پێش زمان ده‌خات، واته مرۆڤ له حاڵه‌تی بوون به‌هێز دایه، واته هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتووه، به‌ڵام كاتێك مرۆڤ ده‌كه‌وێته ناو گفتوگۆوه، گفتوگۆ به مانا ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی بریتیه له به ده‌مه‌وه‌چوونی مرۆڤ بۆ به ده‌نگه‌وه‌هاتنی بوون، كه بوون دێت و وه‌ك یاسایه‌كى هه‌مه‌كی زمان ده‌خاته ژێر باری قانوونه‌كانی خۆیه‌وه، ئه‌و كات گفتوگۆ هه‌ر ناردنی په‌یام نییه له نێره‌ره‌وه بۆ وه‌رگر، به‌ڵكوو گفتوگۆ باسكردنی تێگه‌یشتنی مرۆڤه. واته مرۆڤ كاتێك ده‌بێته قسه‌كه‌ر قسه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی گوێ له خۆی بگرێت و خۆی ببیستێته‌وه. ئه‌وی دیكه گوێ ده‌گری بۆ ئه‌وه‌ی قسه بۆ خۆى بكات، واته حاڵه‌تی یه‌كه‌م، حاڵه‌تی قسه‌كردنی بوون و گوێگرتنی مرۆڤه. حاڵه‌تی دووه‌م حاڵه‌تی گوێگرتنه له بوون. له باری یه‌كه‌مدا بوون فیزیكییهن ده‌رده‌كه‌وێت، حاڵه‌تی دووه‌م زمان له ئاسته ناوهكییهكهیدا ده‌بێته ماڵی بوون. ئه‌وه‌ی لێره هه‌یه بوون پێش زمانه و جهوههرییهتی، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكوو دایكی زمان (بوون)ه. ئه‌وه فشاری بوونه بۆ سه‌ر مرۆڤ ناچاری ده‌كات كه شایه‌تی بدات له‌سه‌ر خۆی، شایه‌تیدان هه‌ر ده‌ركه‌وتنی بوون نییه، به‌ڵكوو خوڵقانی زمانیشه. هه‌ر خولقانیش نییه، به‌ڵكوو جارێكی دیكه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی زمانی خه‌زنكراوی ناو خهزنهشه و جارێكی دیكه داڕشتنه‌وه‌یه‌تی، شیعریش هه‌میشه بوون دایكیه‌تی. شیعر به بوون شیعره، مادام بوون جه‌وهه‌ری زمان بێت، ئه‌وه جه‌وهه‌ری شیعریشه. زمان له دۆخی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیدا ئه‌وه‌یه كه بوون حزووی هه‌یه له ناویدا، به‌ڵام به‌كر عه‌لی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌ڵێت: “زمان بریتیه له هه‌وارگه، بریتیه له خانووی بوون، به‌ڵام ئێمه چیمان له‌م خانووه كرد له‌ناومان بردووه له خانووه‌كه‌مان، به‌وه‌ش زمانمان له‌وه دابڕا بێته زمانێك له ڕێی ئه‌و ئارامییه‌ی له‌و خانووه‌دا پێی ده‌گه‌ین، ئه‌و خانووه‌ی كه بوونی مرۆڤانه هه‌میشه ده‌بێت شوانی بێت، زمانێك له خۆیدا بوونێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت و وه‌ك بوون نماینده‌ی خۆی بكات.”٢٦ ئه‌وه‌ی لێره جێگه‌ی تێڕامانه له پاڵ هایدگهردا، بوون ده‌كات به شوانی زمان له كاتێكدا هایدگه‌ر زمان ده‌كاته شوانی بوون. ئه‌م ڕۆشنبیره‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بوون فڕێده‌داته ده‌رەوە و زمان وه‌ك جهوهه و بوون ئاماده ده‌كات، خه‌می ئه‌م خه‌می زمانه و ده‌ڵێت چیمان له‌م خانووه كرد، نه‌ك خه‌می بوون بخوات، چونكه ئارامیی ناو خانووه‌كه هیی بوونه، نه‌ك خانووه‌كه خۆی. واته فه‌زای ناو خانووه‌كه فه‌زای بوون بێت مرۆڤ دێته ناو ئارامییه‌وه. دیاره له‌م وتاره‌دا زمان هه‌موو شتێكه هه‌تا ده‌ڕواته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێت “زمان ده‌بێته خودی مرۆڤ.”٢٧ به‌ڵگه‌ی ئه‌م قهسهیهش به گوته‌یه‌كی هایدگه‌ر دێنێته‌وه كه ده‌ڵێ ((مرۆڤ هه‌ر ساتێک بدوێ ئه‌و ساته ئاده‌میزاده))٢٨ ئه‌وه‌ی ڕۆشنه ئه‌وه‌یه، هایدگه‌ر بوون به حه‌قیقه‌تى مرۆڤ ده‌زانێت، نه‌ك زمان،
مرۆڤ كاتێك به زمان ته‌عبیر له‌م بوونه ده‌كات، ئه‌وا ئه‌م مرۆڤه ده‌بێته هه‌بوو، واته به زمان ده‌بێته هه‌بوو. لێره‌دا شوناسێك وه‌رده‌گرێت، چونكه له‌و ساته‌دا مرۆڤه كه له هه‌ر خۆیه‌تیدا ده‌بێت له‌گه‌ڵ بوونی خۆیدا به‌م ته‌جه‌للى بوونی بوونه‌ی جیاواز ده‌بێته‌وه و ده‌بێته مرۆڤ. دواتر هایدگه‌ر ده‌ڵێت: “چیه‌تیی زمان بریتیه له زمانی چیه‌تی.”٢٩ دیاره چیه‌تی لاى هایدگه‌ر عیباره‌ته له‌وه‌ی به زمان مرۆڤ ته‌عبیر له چیه‌تیی شتێك بكات، واته بوونی شتێك كه وه‌ك ئایدیاڵی هه‌یه بكاته هه‌بوو، ئه‌م ته‌عبیركردنه له چیه‌تیی ئه‌و شته زمان ده‌باته‌وه ناو دۆخی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی، به‌مه‌ش چیه‌تیی زمان ده‌رده‌كه‌وێت، واته له‌و باره‌دا زمان ڕه‌وایه لێى بپرسین تۆ چییت؟ ئه‌ویش كه ده‌ڵێت من ماڵی بوونم، به‌ڵام نووسه‌ر زۆر هه‌ژارانه له‌م ڕسته‌یه ڕاده‌مینێت و ده‌ڵێت: “واته زمان كڕۆك و چیه‌تیی بوونه.”٣٠ لێره‌وه هاوكێشه‌كه ڕۆشن ده‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمان جه‌وهه‌ری بوونه، واته زمان جه‌وهه‌ری شیعریشه. به‌مه‌ش شیعر ده‌باته ناو زمانزانی و زمانبازییه‌وه، واته گه‌ر به‌م بنه‌مایه بێت، ئه‌وا كام شیعر زمانبازیی تێدا بوو، ئه‌وا ئه‌مه‌یان زیاتر شیعره و هه‌ر كاتێكیش زمان جه‌وهه‌ری شیعر بێت، ئه‌وا زمانلوسی شاعیریهتییه. شاعیریه‌ت حاڵه‌تی پاراستنی بوونه له خۆیدا، شاعیریه‌ت زمانزانی و زمانبازی نییه. زمان كه‌ره‌سته‌ی ده‌ستی شاعیره هه‌تا وا بكات ته‌عبیر له‌م بوونه بكات و بوون به‌ره‌و كامڵیی خۆی ببات و بیباته‌وه به‌رده‌م خۆی، نه‌ك ئه‌م كه‌ره‌سته‌یه خودی شیعر خۆی بێت. دواتر ده‌ڵێت: “نیشته‌جێبوون له‌و خانووه‌ی بینا ده‌كرێت، مه‌به‌ست له‌و شێوازه یاسایییه نییه كه په‌یوه‌ندی به ئاسایشی نیشته‌جێبووه‌كانی خانووه‌كانه‌وه هه‌یه، به‌ڵكوو په‌یوه‌ندی به‌و نیشته‌جێبوونه‌وه هه‌یه كه هه‌ر كه‌س به‌رپرسیار و شوێنێك ده‌بێت بۆ پاراستنی خانووی بوون.”٣١
لێره‌دا ئه‌وه ڕه‌چاو ده‌كه‌ین كه مرۆڤ شوانی زمانه نه‌ك بوون، ئه‌مه‌ش شایه‌تی ده‌دا له‌سه‌ر هه‌ژاریی بیركردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیریمان و ڕۆشنبیری كوردی چه‌ند گوناهباره ده‌رباره‌ی فیكر و بیركردنه‌وه كه‌وا هه‌میشه ڕا و بۆچوونه تایبه‌تییه‌كانى خۆیان وه‌ك هه‌قیقه‌ت به ئێمه ناساندووه. ئه‌م وتاره‌ی كاك به‌كر عه‌لی نه‌ك هه‌ر شه‌رحی هایدگه‌ر و شیعر ناكات، به‌ڵكوو دژی هه‌ردووكیانه، چونكه بنه‌مای بیركردنه‌وه‌ی هایدگه‌ر و جه‌وهه‌ری شیعریش زۆر پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ڕایانهن، كه به‌كر عه‌لی ده‌ریبڕیون له‌سه‌ر شیعر. ئه‌م ڕۆشنبیره‌ش هه‌مان هه‌ڵه‌ی ڕێبوار دووباره ده‌كاته‌وه كه‌وا كه‌ره‌سته‌كان به جه‌وهه‌ر ده‌زانن. خاڵی هاوبه‌شی نێوان ئه‌م دوو ڕۆشنبیره ئه‌وه‌یه كه‌وا بوون فڕێده‌ده‌نه ده‌ره‌وه و كه‌ره‌سته‌كان ده‌كه‌نه جه‌وهه‌ری شیعر، ئه‌وه‌ی جیاوازه له‌نێوان ئه‌م دووانه‌دا ئه‌وه‌یه كه یه‌كێكیان خه‌یاڵ ده‌كاته جه‌وهه‌ر و ئه‌وى دیكه‌یان زمان، به‌ڵام هه‌ردوولا كه‌ره‌سته‌ن نه‌ك جه‌وهه‌ر، كه‌ره‌سته‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بوون شیعرییانه ده‌ربكه‌وێت. ئەگه‌رنا كه‌ره‌سته‌كان به‌بێ بوون هیولان له حاڵه‌تی وه‌ستاویی خۆیاندا هه‌ر وه‌ك چۆن شووشه كاتێك له‌ناو سروشت دایه له حاڵه‌تی وه‌ستاویی خۆی دایه، به‌ڵام كاتێك ئایدیاڵى په‌رداخ دێت و ئه‌و شێوه‌یه له شووشه‌كه داوا ده‌كات. هه‌تا ئه‌م ئایدیاڵه ده‌ربكه‌وێت، ئه‌وا شووشه‌كه له‌باری متبوونه‌وه ده‌باته باری هیولایی. واته لێره‌دا ئه‌م شووشه‌یه گرنگه كه‌وا كه‌ره‌سته‌ی ده‌ركه‌وتنی ئایدیاڵی پهرداخهكهیه، ئەگه‌رنا ئایدیاڵی په‌رداخه كه به‌بێ ئه‌م كه‌ره‌سته‌یه‌ش هه‌ر هه‌یه. ئه‌م هه‌وڵه‌ش سه‌ره‌تا وا خۆی نیشان ده‌دات كه جه‌وهه‌ری شیعر نیشانی ئێمه ده‌دات و وه‌ك ئهنتى ڕۆشنبیری ساڵانی پێش خۆی خۆی نماینده ده‌كات كه‌وا باسی ڕه‌وانبێژی و هێنانی به‌حری شیعری عه‌ره‌بی بوو بۆ سه‌ر كوردی و وایان دانابوو ده‌رچوون له‌م یاسایانه ده‌رچوونه له شیعر، ئه‌م هه‌وڵه‌ش ده‌چێته‌وه سه‌ر هه‌مان بنه‌ما به‌ڵام له فۆڕمێكى جیاواز ته‌عبیری له‌م بنه‌مایه كردووه.
چونكه ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا جه‌وهه‌ره ڕووخساره، نه‌ك جه‌وهه‌ر، واته گه‌ر ڕۆشنبیرانی پێشوو ڕووخساریان كردبێته خودی شیعر، ئه‌وا ئه‌م ڕۆشنبیره‌ش هه‌مان بنه‌ما دووباره ده‌كاته‌وه. ئه‌مه‌ش هه‌مان فیشه‌كه كه پێش ئه‌و ته‌قاندوویانه. هه‌ر بۆیه ئه‌م ڕۆشنبیره هیچ ناخاته سه‌ر بیركردنه‌وه‌مان ئه‌وه‌نده نه‌بێت ته‌عبیر له دۆخێكی سایكۆلۆژیی خۆی ده‌كات. واته ئەگه‌ر شیعری كوردی جاران خۆی به واقیعه‌وه سه‌رقاڵ كردبێت، ئه‌وا شیعری دوای ڕاپه‌ڕین ته‌واو ته‌عبیر له دۆخی سایكۆلۆژیی كورد ده‌كات، ته‌عبیر له‌و له‌حزانه ده‌كات كه ده‌ست له واقیع به‌ربدات و بڕوات، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆیشتنه له ئه‌نجامی نه‌فی و دهركردنهوهیه، واته سایكۆلۆژییه دواتر یان ئه‌وه‌تا بردوویه‌تیه‌وه ناو واقیع یان بردوویه‌تیه ناو نه‌ست و له واقیعێكی وێنه‌یدا خۆی داناوه. واته ئەگه‌ر شیركۆ بێكه‌س جه‌سته‌ی كوردی نیشان دابێت، ئه‌وه به‌ختیار و براده‌رانی سایكۆلۆژیای كوردیان نیشان داوه و خاڵییان كردووەته‌وه، ئه‌م حاڵه‌ته‌شیان به هۆشیاری ناو بردووه. له كاتێكدا خاڵیبوونه‌وه‌ى سایكۆلۆژیا گه‌یشتنی مرۆڤ نییه به هۆشیاریی ڕاسته‌قینه، ئه‌وه حه‌قیقه‌ته كه خۆمان پیشانی خۆمان بده‌ینه‌وه و بوونمان ئاشكرا بێت كه چیین، هه‌ر بۆیه دوای خاڵیبوونه‌وه‌ی سایكۆلۆژیا مرۆڤی ئێمه جارێكی دیكه ده‌كه‌وێته‌وه ناو واقیع ده‌گاته‌وه هه‌مان بهردهرگە، هه‌نگاو ناهاوێت بۆ ناو (من)، به‌ڵكوو هه‌میشه له ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌تی. له وتار و لێكوڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌دا ڕۆشنبیری ئێمه داده‌به‌زێته سه‌ر ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان. ئه‌مانه نه‌یانتوانی نه‌ك هه‌ر خوێنه‌ر به‌رنه ئه‌وێ، به‌ڵكوو خۆیشیان هاتنه‌وه خوار و هاتنه‌وه ناو بازاڕه‌كه، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا خۆیان خه‌ڵكی ئه‌وێ نه‌بوون، به‌ڵكوو له دووره‌وه شته‌كانیان ده‌دیت و ته‌نها ناویان ده‌هێنان، ناوهێنان گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی ئه‌م ڕۆشنبیرییه‌یه، كه‌وا ناوی ئه‌فلاتوون و سارته‌ر و هایدگه‌ر و…هتد دێت، به‌ڵام با بپرسین هه‌موومان وه‌ك خوێنه‌ری ئه‌م ڕۆشنبیرییهته، ئه‌ی كوا بیركردنه‌وه‌یان كوا بیركردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون كوا بیركردنه‌وه‌ی فۆكۆ. ئه‌مه‌ش هه‌مووی وه‌ك ناو و خۆده‌رخستن هاتن، ئەگه‌رنا ڕۆشنبیری ئێمه منداڵێكی هه‌ژاره له بیركردنه‌وه‌دا، كه هه‌میشه وه‌ك حه‌كیمی بیركردنه‌وه خۆی نیشانی ئێمه داوه.
٣_ جیاوازی وه‌ك جه‌وهه‌ری بوون و شیعر، لای ئازاد حه‌مه:
یه‌كێكی دیكه له ڕۆشنبیرانی ئه‌م دوایییه كاك (ئازاد حه‌مه)یه، دیاره ئه‌م ڕۆشنبیره هه‌ر له سه‌رتاوه وای خۆی پیشان ده‌دات كه وه‌ك یه‌كێك ده‌ربكه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه‌یه دایه و وه‌ك ڕۆشنبیرێكی جیا خۆی نیشانداوه، به‌ڵام لێره‌دا بزانین ئایا به ڕاست ئه‌م ڕۆشنبیره ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ڕۆشنبیریی كوردى و وه‌ك ڕه‌خنه‌گرێك ده‌رده‌كه‌وێت یان بۆ خۆیشی به‌شداره له‌و هه‌ژاریی بیركردنه‌وه‌یه، كه ڕۆشنبیری كوردی پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت كه هه‌میشه ترسی هه‌یه له كاری فیكری جددى و سه‌رقاڵه به تێكسته‌كانی دیكه‌وه، دیاره مه‌سه‌له‌ی جیاوازی زۆر له‌وه هه‌ڵده‌گرێت كه ئێمه وا به ئاسانی به‌سه‌ریدا بڕۆین، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه پێ به پێ له‌گه‌ڵ وتاری (شیعر و پۆست مۆدیرنێتی) ده‌ڕۆین. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی بنه‌مای ئه‌م وتاره و پیشاندانی با سه‌ره‌تا بپرسین ئایا جیاوازی مه‌رجه بۆ هه‌بوو؟ ئایا هه‌بوو به‌وه هه‌بووه كه جیاواز بێت له هه‌بووه‌كانی دیكه؟ یان هه‌بوو به‌وه هه‌بووه كه بوونی خۆی تێدا ده‌ركه‌وتووه؟ ئایا جیاوازی ده‌كه‌وێته ناو چ پڕۆسێسێكهوه؟ ئایا جیاوازی پێش بوونه یان بوون پێش جیاوازییه؟ ئایا جیاوازی وه‌ك مه‌رجی پێشینه بۆ شیعر ده‌بێته جه‌وهه‌ری شیعر یاخود شیعر به چی شیعره؟ با سه‌ره‌تا ئه‌و ڕستانه وه‌ربگرین كه بنه‌مای ئه‌م وتاره‌ی له‌سه‌ر بنیاتنراوه، كاك ئازاد ده‌ڵێت: “به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه چۆن تێكست وای لێ بكرێت ڕاستی بڵێت نه‌ك ڕاستی مۆنۆپۆل بكات، ئه‌وه ده‌ڵێین وتنی ڕاستی له تێكستدا به هۆی هێزی جیاوازیی تێكستێك له‌گه‌ڵ تێكستێكی دی‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كاتێک تێكستێكی دیاریكراو به جۆری جیاواز هه‌وڵی پشكنین له دیارده‌یه‌ك ده‌دا، ئه‌و كات ده‌توانێت هێزی جیاوازیی خۆی بسه‌لمێنێت.”٣٢ له‌م په‌ره‌گرافه‌دا ئازاد بیركردنه‌وه‌ی خۆی به‌یان ده‌كات، كه‌وا مه‌رجی شیعر وه‌ك تێكست ئه‌وه‌یه به‌رانبه‌ر به هه‌موو شیعره‌كانی دیكه شتێكی جیاواز بێت. ئێستا با بپرسین ئایا شیعر كاری به كرده‌ی خوڵقان هه‌یه یان دروستكردن؟ ئایا شیعر له جه‌وهه‌ردا كرده‌ی خوڵقانه؟ یان دروستكردنه؟ بۆ ئه‌م باسه با خوڵقان و دروستكردن باس بكه‌ین.
٣_١. كرده‌ی خوڵقان وه‌ك ده‌ركه‌وتنی بوون:
ئه‌ره‌ستۆ چوار عیلله‌ت ده‌كاته بنه‌مای كرده‌ی خوڵقان، ئه‌وانیش (ئایدیا و هیولا و كارا و ئامانجه) بۆ شیعر ئایدیا بوونه. هیولا زمانه و كارا شاعیره، شاعیر كارای كرده‌ی خوڵقانی ئایدیایه، كه بوونه. بوون وه‌ك هێزێكی فشاركهر كار له كارای خوڵقان ده‌كات كه ئه‌ویش شاعیره. هیولا كه زمانه خۆی ده‌خاته ژێر مه‌رجی ئایدیاكه‌وه. ئامانج له كرده‌ی خوڵقاندا هه‌میشه دوای كاره، واته كاتێك بوون ده‌بێته هه‌بوو ئه‌و كاته ئامانجه كه له‌ناو خۆیه‌تی و ده‌رده‌كه‌وێت و مه‌به‌ستی ئه‌نتۆلۆژیی ئه‌و ڕۆشن ده‌بێت. هه‌ر وه‌ك منداڵ كه هه‌تا گه‌وره نه‌بێت و كامڵ نه‌بێت نازانێت بۆ له دایكی بووه. ئه‌وه‌ی گرنگه زه‌مینه‌ی عه‌قڵی هه‌یه، زه‌مینه‌ی عه‌قڵی ئه‌و زه‌مینه‌یه كه كاراكه ده‌یسازێنێت بۆ هاتنه ده‌ره‌وه‌ی بوون. بۆ ئه‌وه‌ی ئایدیاكه له‌باری پهیتهوه بێته ناو واقیعه‌وه له شكلی زماندا، له‌م ده‌ركه‌وتنی بوونه‌دا هه‌بوو به‌وه‌ی كه هه‌ڵگری بوونی خۆیه‌تی و ته‌عبیر له خۆی ده‌كات، ئه‌و كات ده‌بێته هه‌بوو وه‌ك هه‌بوویه‌كی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م هێزی هاتنه ده‌رێش له‌ناو بوون خۆیه‌تی و له ده‌ره‌وه‌ى خۆی نییه. هه‌بوو ئاشكراكردنی بوونه بۆ ئه‌وه‌ی كه وه‌ك هه‌بوو ده‌ربكه‌وێت. هه‌بوو كه هه‌میشه بوونی هه‌ڵگرتووه، واته هه‌میشه له هه‌ر خۆیه‌تی دایه به‌رانبه‌ر به خۆی به‌وه له دوای ده‌ركه‌وتن جیاواز ده‌بێت كه خۆی له ئامانجه‌كه‌دا ده‌بینێته‌وه. كرده‌ی خوڵقان كرده‌ی هاتنه ئارای بوونه، ئامانجی كرده‌ی خوڵقان هه‌بووه كه‌وا له‌ناو خۆیدا هه‌ڵی ده‌گرێت. به‌م كرده‌یه هونه‌ر به گشتی به‌های خۆی ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر واقیعدا. هونه‌ر و به‌رهه‌می هونه‌ری كه ئه‌نجامی كرده‌ی خوڵقانن له كه‌ره‌سته‌یه‌كی بێڕۆحهوه خۆیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه بۆ سه‌ر ئاستی هه‌ر بوونه‌وه‌رێكی ناو سروشت. شیعر كرده‌ی خاڵیسی خوڵقانه.
٣_٢. كرده‌ی دروستكردن و داڕشتنه‌وه‌ی هه‌بوو:
كاتێك مه‌رجی حه‌قیقی شیعر خرایه هێزی جیاوازی شیعرێك له‌گه‌ڵ یه‌كێكی دیكه‌دا، بێ چه‌ند و چوون ده‌كه‌وینه ناو كرده‌ی دروستكردنه‌وه، چونكه له‌م باره‌دا كارا ده‌كه‌وێته به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵێك هه‌بوو. ده‌شبێت شتێكی جیاواز بهێنێته ئاراوه له به‌رانبه‌ر ئه‌واندا. ئه‌وا ئایدیای ڕه‌سه‌ن ده‌ڕوات و وێنه‌ی هه‌بووه‌كانی دیكه دێنه ناو زه‌ینی ئێمه‌وه. به‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وینه ناو هه‌بووه‌وه. ده‌كه‌وینه ناو دنیایه‌كی حازر و ئاماده‌وه، ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش له خهزنهماندا ڕوو ده‌دات. خه‌زنه به‌وه‌ی هه‌ڵگرتنی ڕووداوه‌كانی له ئه‌ستۆیه. ئیدی ئه‌مه ڕووداو بن یان فكر و ئایدۆلۆژیا ئه‌و كات مرۆڤ ده‌بێت شتێكی تر دروست بكات. لێره‌دا هه‌موو ئه‌مانه تێك ده‌شكێنێت و دووباره دهیانسازێنێتهوه. ئه‌مه‌ش كه جیاوازییه، هێنانی بوون نییه بۆ ناو عاله‌م، به‌ڵكوو كۆلاجكردنی كۆمه‌ڵێك هه‌بووه له‌پێناوی جیاوازیدا. له كرده‌ی دروستكردندا هه‌میشه ئامانج له پێش كاره‌كه‌وه‌یه، به‌ڵام له خوڵقاندا ئامانج دوای كاره‌كه ده‌رده‌كه‌وێت. دروستكردن هه‌میشه وه‌زیفه‌یه‌كی واقیعی و دنیایی له پشته، به‌ڵام خوڵقان ئامانجێكی ئه‌نتۆلۆجی و ڕۆحی هه‌یه كه هه‌میشه له دوای خوڵقانه‌وه دێت.
له دروستكردندا بارێكی دیكه هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌و بیره‌یه كه‌وا له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ دێت، كه‌وا كارێكی واقیعی ناچارمان ده‌كات به‌و كاره هه‌ڵسین، وه‌ك دروستكردنی كورسی، ئایدیای كورسی جه‌سته‌ی مرۆڤ ناچارمان ده‌كات، ئامانج لێره‌دا له پێش كاره‌كه‌وه‌یه له‌م كرده‌وه‌یه‌دا بوون بزره، هه‌ر بۆیه هه‌میشه به‌رئه‌نجامی كرده‌ی دروستكردن وه‌ك (شت) ده‌رده‌كه‌وێت و نابێته هه‌بوو. هه‌بوو قیمه‌تی له‌ناو خۆیه‌تی، به‌ڵام شت قیمه‌تی له ده‌ست ئه‌وه‌دایه به‌كاری ده‌هێنێت. هه‌بوو به‌وه‌ی هه‌ڵگری بوونه مانایه‌كی شاراوه‌ی له خۆیدایه كه ڕه‌هایه، به‌ڵام شت هه‌میشه له كاتی پێویستیدا مانایه‌كی واقیعیی هه‌یه له ڕێگه‌ی بهكارهێنهرهكانیهوه. لێره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه كه كرده‌ی خوڵقان كرده‌ی ئاشكرابوونی حه‌قیقه‌ته، حه‌قیقه‌ت له كرده‌ی خوڵقانه‌وه دێت و خۆى وه‌ك هه‌بوویه‌كی جیاواز نیشان ده‌دات، به‌مه‌ش جیاوازه له ئه‌وانی دیكه كه خۆیه‌تی، نه‌ك به‌وه جیاوازه كه ئه‌وان نییه. كورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورده فارس و عه‌ره‌ب و تورك نییه نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه كورده، چونكه فارس و تورك و عه‌ره‌ب نییه. گه‌ر جیاوازیمان كرده جه‌وهه‌ری شته‌كان و بوون ئه‌وا هه‌میشه ئه‌وانی دیكه سه‌روه‌رن به‌سه‌ر ئێمه‌وه، واته به‌بێ ئه‌وان ئێمه نین. ئه‌وه بوونی ئه‌وانیشه ئێمه‌ی ڕاگرتووه نه‌ك خۆمان، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌وه بوونی خۆمانه هه‌ین نه‌ك ئه‌وان. لێره‌دا چیه‌تیی مه‌رجی جیاوازییه، نه‌ك چونیه‌تى. “له ڕوویه‌كی تره‌وه ده‌كرێت بوترێت ڕاستی له تێكستدا ئه‌م ده‌سه‌ڵات و ڕه‌وایه‌تییه‌ی به هۆی چۆنیه‌تی به‌كاربردنی په‌یڤه‌وه به ده‌ست دێنێت.”٣٣ وابه‌سته‌كردنی (ڕاستی و چۆنیه‌تی) كرداری دروستكردن ده‌گرێته‌وه تا ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش ئه‌نجام بدرێت ده‌بێت بوون ده‌ربكرێت. ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی دیكه‌وه به‌كارهێنانی وشه‌ی (ڕاستی) شیاو نییه له‌بری (حه‌قیقه‌ت)، ڕاستی ئاماژه‌یه بۆ شتێك كه هه‌یه و جارێ ئێمه نایزانین.، چونكه (حه‌قیقه‌ت) ئاشكرابوونی نهێنی شتێكی هه‌بوو نییه، به‌ڵكوو حه‌قیقه‌ت حاڵه‌تی ده‌ركه‌وتنی بوونه له عه‌ده‌می خزوورهوه بۆ ناو عاله‌م. دواتر كاك ئازاد وه‌ك هاوڕۆشنبیرهكانی باوه‌ڕی به ئه‌سڵ نییه و پێی وایه لۆژیكی جیاوازی ده‌بێت په‌یڕه‌و بكرێت. “ئه‌وه‌ی كه لێره‌دا سه‌رنجڕاكێشه باسكردنی ئه‌وه‌یه، تێكشكانی لۆژیكی ناسناوه له تێكستدا دهرگەكردنهوهیه له جیاوازی له تێكستیشدا یه‌كه‌م جیاوازی كه شوێنی باسه جیاوازیی نێوان خود و ئه‌وی تره.”٣٤ دواتر مه‌رجی بوونیش به جیاوازی ده‌زانێت و جیاوازی ده‌كاته جه‌وهه‌ری بوون. “هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ماناكانی هاوتایی و هاوكۆكی ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه جیاوازی دیارده‌یه‌كه له ناخی بووندا ئاماده‌یه.”٣٥ دواتر ئه‌م وتاره‌ی كاك ئازاد هه‌ر به‌وه ناوه‌ستێت په‌ل ده‌هاوێت بۆ وتاره‌كه‌ی هایدگه‌ر و ده‌كه‌وێته ناو هه‌ڵه‌ی تهفسیركردنهوه. هایدگه‌ر له باسی هۆڵدرلیندا ده‌ڵێت: “به شیعر شیعر ده‌رده‌بڕێت.”٣٦ به‌ڵام كاتێك ئازاد ته‌فسیری ده‌كات ده‌یگۆڕێت و ده‌ڵێت: “كرده‌ی شیعریی هۆڵدرلینیش به خۆی به‌بێ هه‌ڵوێستی بووناوی ناژی و هه‌وڵێكیشه بۆ دروستكردنی فه‌لسه‌فه به شیعر.”٣٧
پاشان كاك ئازاد زۆر ئاڵوز ده‌بێت كه‌وا خۆیشی له بیری ده‌چێته‌وه كه‌وا سه‌ره‌تا چیی نووسیوه. له شوێنێك ده‌ڵێت: “به‌م جۆره كه زمان ده‌بێت به داڵده‌ی بوون ئه‌و كات ڕۆڵ له به‌خێوكردنی شیعردا ده‌گێڕێت.”٣٨ دواتر دێت به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م دیده‌ی خۆی قسان ده‌كات و ده‌ڵێت: “زمانیش ڕاستیی مێژووییی خۆی به ده‌ست ناهێنێت له بواری دواندا نه‌بێت، واته شیعر ته‌نیا له بواری زماندا كاره‌كانی ئه‌نجام دراوه و شیاوكردنی زمانیش ته‌نیا له توانای شیعردایه.”٣٩ له‌باری یه‌كه‌م، زمان ده‌كاته دایكی شیعر، به‌ڵام دوایی ده‌ڵێت نا! شیعر دایكی زمانه. ئه‌مه‌ش هه‌مووی نه‌خوێندنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری ئێمه‌یه. ڕۆشنبیری ئێمه به‌س ئازایه له ناوهێنانی فه‌یله‌سووفه‌كان و سهرباسهكانیان، به‌ڵام كاتێك دێته سه‌ر فكر ئه‌وا وێرانه ده‌خوڵقێنن. ئه‌مه‌ش هه‌مووی ئه‌و چێژی خۆپیشاندانه‌یه كه ڕۆشنبیر هه‌یه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵات و ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌ر ئه‌وه‌نده كه ئه‌و ببینرێت له چاوی ئه‌وانی تره‌وه به‌سه. زۆر به ئاگان له‌سه‌ر ئه‌ویتر، به‌ڵام هیچ ئاگادار نین به فیكر و فیكریش بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی له دایك نابێت. كاك ئازاد ڕاستیی بیركردنه‌وه‌ی نییه به‌رانبه‌ر به شیعر، به‌ڵكوو وه‌رگرتنی هه‌یه ئایدۆلۆژیای هه‌یه. به سه‌رێكی دیكه‌وه ڕۆشنبیران له هه‌ڵه‌دان كه دێن بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر شیعر هه‌میشه شیعری ئه‌م دوایییه حازر ده‌كه‌ن تا قسه له‌سه‌ر چیه‌تیی شیعر بكه‌ن، به‌ڵام بێ‌ئاگان له‌وه‌ی كه له دوای (مه‌حوی)یه‌وه، یه‌ك تاكه شاعیر نه‌هاتووه ته‌عبیری له بوون كردبێت و له ڕێی ئه‌وه‌وه ڕۆحی نه‌ته‌وه ئاشكرا بێت، (مه‌حوی) به‌وه گرنگه كه له ڕێگه‌ی نیشاندانى بوونی خۆیه‌وه، بوونی نه‌ته‌وه‌ش نیشان ده‌دات. شیعری كوردی دوای مه‌حوی، منداڵ بوویه‌وه. به‌وه‌ی هه‌میشه سه‌رقاڵه به مه‌سه‌له واقیعی و ئایدۆلۆژیای و سایكۆلۆژییه‌كان. ئه‌م شیعرانه‌ش ته‌عبیریان له بوون نه‌كردووه. هه‌ر بۆیه ده‌ست ناده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بكرێنه مه‌رجه‌ع بۆ ئه‌وه‌ی باسی شیعر بكه‌ین، له‌وێدا گوناهبارن، دواتریش مه‌حوی نه‌بینراوه، مه‌حوی له‌ناو به‌رگی سۆفى و عاریف و زاهیدا زیندانی كراوه، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی مه‌حوی زۆر قووڵ ته‌عبیر له بوون ده‌كات. ئه‌وه‌ی هه‌یه دواجار كاك ئازادیش ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی شیعر، چونكه هه‌ر سه‌ره‌تا خۆی ده‌كاته ده‌ره‌وه‌ی بوونی خۆی و چاو له هه‌بوو ده‌كات هه‌تا بتوانێت جیاواز بێت، به هیوای ئه‌وه‌ی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه زه‌مینه یه‌ك بێت، ئاماژه‌یه‌كی بچووك بێت بۆ هاتنی شاعیرێك كه ته‌عبیر له بوون بكات، به‌مه مه‌حویش له‌و تهنیایییه ڕزگار بكات و له‌و زیندانه‌ش ئازادی بكات.
٤_ نه‌ست وه‌ك جه‌وهه‌ری شیعر لای به‌ختیار عه‌لی:
(گه‌ڕان بۆ ماناكانی دیكه‌ی شیعر) به ته‌نیا وتاریك نییه كه ده‌ركه‌وته‌ی بیركردنه‌وه‌ی به‌ختیار بێت، ئه‌وه‌نده وتارێكیشه كه ڕۆشنبیری كوردی ده‌گاته لووتكه‌ی قووڵبوونه‌وه‌ی خۆی. ئه‌م وتاره ته‌واوی بیركردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری كوردی تێدا كۆكراوه‌ته‌وه ده‌رباره‌ی شیعر. خاڵی جیاوازی ئه‌م وتاره له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه ئه‌وه‌یه، واز له ده‌ره‌وه ده‌هێنێت وه‌ك واقیع و له‌ناو مرۆڤدا بۆ ڕیشه‌كانی شیعر ده‌گه‌ڕێت و ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی بیركردنه‌وه شیعر دیاری بكات. ئێستا با بزانین ناوه‌وه‌ی مرۆڤ لای به‌ختیار یانی چی؟ یانی چی مرۆڤ كه ده‌ڵێت من له دیدی به‌ختیاردا؟ ئایا من لای به‌ختیار منی مرۆڤه به ته‌نها یان هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌یه له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا؟ ئایا له‌م وتاره‌دا شیعر ته‌سلیمى چ هێزێك ده‌كرێت؟ سه‌ره‌تا وا باشه كۆمه‌ڵێك چه‌مك ڕوون بكه‌ینه‌وه ئه‌وجا وتاره‌كه بخوێنینه‌وه.
٤_١ جه‌سته وه‌ك ڕایه‌ڵی په‌یوه‌ندیی مرۆڤ به دنیاوه:
ئاشكرایه جه‌سته‌ی مرۆڤ سه‌ره‌كیترین ڕایه‌ڵه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ واقیعدا بڕوات و واقیع بێته ناوی و ئه‌ویش خۆی بخاته ناو واقیعه‌وه، ئه‌وه‌ی جه‌سته ده‌یكات ئاشكراكردنی مرۆڤه. واته جه‌سته هه‌ر ته‌نها ئه‌ركی فیزیكیی نییه، یان ته‌نها ئه‌وه نییه هه‌ست بكه‌ین به شته‌كان، به‌ڵكوو فكریش كه وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ڕووت و په‌نهان هه‌یه، جه‌سته وا ده‌كات بیخاته واقیعه‌وه، ئه‌مه بۆ مرۆڤ، بۆ واقیعیش جه‌سته هه‌مان كاری خۆی ده‌كات، واته واقیع ده‌هێنێته ناو مرۆڤه‌وه كه له ڕێگه‌ی هه‌سته‌وه‌ره‌كانه‌وه واقیع ده‌كرێته زانیاری و دێته ناو مرۆڤه‌وه.
ئه‌م زانیارییه وه‌ك وێنه دێته ناو زه‌ینه‌وه، ئیتر كه باسی به‌رد ده‌كه‌ین ئیمه ده‌زانین شتێك هه‌یه ڕه‌قه و نه‌رم نییه، هه‌روه‌ها كاتێك فكرێك دێت به بیرماندا ئه‌م فیكره له ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه داده‌به‌زێته ناو واقیعیه‌وه، واته جه‌سته كرده‌ی ڕایه‌ڵی عه‌ینی كردنه‌وه‌ی فیكر و ڕایه‌ڵی به وێنه‌كردنی زانیاریكردنی واقیعه، گه‌ر له فیكردا شته ڕووت و په‌تییه‌كان وا لێ بكات كه به‌رجه‌سته‌كراو بن، ئه‌وا له واقیعدا وا ده‌كات كه واقیع له‌به‌ر جه‌سته‌ییه‌وه بكاته وێنه‌یه‌كی ڕووت. له هه‌ر دووبارهكهدا پڕۆسه‌كان كه ته‌واو ده‌بن ده‌چنه ناو خه‌زنه‌وه كه‌وا نه‌ستی مرۆڤه. نه‌ست وه‌ك شوێنی هه‌ڵگرتنی یاده‌وه‌ری و وه‌ك پاڵنه‌ری جه‌سته‌ی مرۆڤ كار ده‌كات، نه‌ست شوێنی ئه‌وانی تره له ئێمه‌دا، به ئاگا له‌وه‌ی كاتێك بوون له شیعرێكدا ده‌رده‌كه‌وێت دواتر دێته ناو نه‌سته‌وه، ته‌نها بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌م شیعره وه‌ك ڕووداوێكی تازه و دووباره نه‌كراوه ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام كاتێك ده‌كه‌وینه دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م شیعره، ئه‌و كاته ده‌كه‌وینه ناو داڕشتنه‌وه‌ی هه‌بوو، له‌م باره‌دا لاسایی خۆمان ده‌كه‌ینه‌وه، پاشان نه‌ست توانای سازدان و وێنه‌گرتنی ئه‌وی دیكه‌ى هه‌یه، ئه‌ویش خوده، خود وێنه‌ی ئێمه‌یه له زه‌ینی ئه‌وانی تردا. خود ئه‌وانی دیكه به ئێمه‌ی ده‌ده‌ن به‌و شێوه‌یه‌ی كه لای خۆیان وێنامان ده‌كه‌ن. ئەگه‌رنا خود جه‌وهه‌ری مرۆڤ نییه. خود دواجار ئێمه ده‌به‌سێته‌وه به دنیاوه. ئه‌مڕۆ دنیا شوێنی كۆبوونه‌وه‌ى خودهكانه نه‌ك جه‌وهه‌ره‌كان. خود ده‌ركه‌وته‌ی بوونی خۆمان نییه، به‌ڵكوو ده‌ركه‌وته‌ی وێنای ئه‌وانی تره بۆ ئێمه، ئه‌م خوده ته‌عبیر له ئه‌وانی دیكه ده‌كات له‌ناو مانا، خود وێنه‌ی مرۆڤه، وێنه‌یه‌كی نه‌جووڵاو و جێگیر كه ئه‌وانی دیكه ده‌یده‌نه ئێمه و ده‌شتوانن تێكی بده‌ن. لای به‌ختیار ڕاستی جه‌وهه‌ری مرۆڤ خودیه‌تی، شیعریش هیچ نییه جگه له ته‌عبیركردن له ئه‌وانی دیكه، به‌و شێوه‌ی خۆمان ده‌مانه‌وێت، لای به‌ختیار مرۆڤ جه‌وهه‌ری نییه وه‌ك منێكی ڕه‌سه‌ن و ڕه‌ها، واته مرۆڤ بوونێكی نییه كه وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ساده و په‌تی هه‌بێت و مرۆڤ به شوێن زه‌مینه‌ی هاتنه ده‌ری ئه‌م منهدا بگه‌ڕێت، به‌ڵكوو من لای به‌ختیار ئه‌فسانه‌یه و مرۆڤ هه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانی تر دیاری ده‌كه‌ن چییه. خودیش ناو ده‌نێت ڕۆحی گشتی كه مرۆڤ ده‌به‌ستێته‌وه به ئه‌وانی دیكه‌وه ((ڕۆحی گشتی هه‌یه، ڕۆحی گشتی شتێك نییه بتوانین له یادی بكه‌ین. هه‌ر جاره‌ی به ناوێكه‌وه دێته‌وه، به‌ڵام دواجار هه‌میشه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و پرده‌ی من به جیهانه‌وه گرێ ده‌دات. دواجار ئاماژه‌یه به تۆ و هه‌موو یاده‌وه‌رییه‌كانت له‌ناو مندا وا تێ ده‌گه‌م ڕۆحی گشتی ئه‌و به‌شه‌یه له مندا كه من نییه،))٤٠
دواتر به‌ختیار دێت و ته‌واو ئه‌وه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه كه مرۆڤ جه‌وهه‌ری هه‌بێت، به‌ڵكوو مرۆڤ به‌بێ ئه‌وانى دیكه مانای نییه. واته تۆ كاتێك هه‌یت كه ئه‌و شایه‌تیت بۆ ده‌دات. به‌بێ شایه‌تی ئه‌و ئێمه نین. بۆیه دواتر ده‌ڵێت ((من ئه‌فسانه‌یه‌كی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی بژیین كه‌ره‌سته‌یه‌ك و وشه‌یه‌كه حه‌قیقه‌تی نه‌بوونی خۆیمان لێ ون ده‌كات وشه‌ی من جگه له داپۆشینینێك و چهواشهكردنێك، ههڵهسازییهكی ئه‌نقه‌ست بۆ نه‌بوونی من زیاتر هیچی تر نییه.))٤١
نه‌ست خۆی به‌شێكه له جه‌سته‌ی مرۆڤ گه‌ر مرۆڤ له‌ناو نه‌ستدا بێت كه جیهانی ئه‌وانی دیكه‌یه له‌ناو ئێمه‌دا. هه‌ر چی بڵێت و هه‌ر چی بكات له‌ژێر زه‌بری ئه‌وانی دیكه‌دایه، به‌ڵام ئایا به ڕاست مرۆڤ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه؟ ئایا مرۆڤ خاوه‌نی خۆی نییه؟ ئایا جه‌وهه‌رێك نییه دواتر من و تۆ جیا بین له یه‌ك؟ ئایا جیاوازی مادام هه‌یه كه واته شتێكی نه‌گۆڕ و حه‌قیقه‌ت بوونی نییه؟ دیاره لای به‌ختیار حه‌قیقه‌ت نییه و حه‌قیقه‌ت وشه‌یه‌كه كه‌وا ده‌مان وه‌ستێنێت و دوامانایه و نزیكمان ده‌كاته‌وه له تۆتالیتاریه‌ت. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه كه منى دیكارت ڕه‌فز ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت درۆیه ((من بیر ده‌كه‌مه‌وه… ئایا دروست منم كه بیر ده‌كه‌مه‌وه كاتێك زمان و نه‌ست و وێنه‌كان منیان حكوم كردبێت.))٤٢ به‌ڵام با بڕۆینه لای دیكارت و بزانین جه‌وهه‌ری مرۆڤ چییه؟
٤_٢. من وه‌ك جه‌وهه‌ری مرۆڤ لای دیكارت:
((من وه‌ك ئه‌رخه‌میدس به شوێن یه‌ك خاڵدا ده‌گه‌رێم.))٤٣ ئه‌م پنت و جه‌وهه‌ره‌ی دیكارت به شوێنی‌دا ده‌گه‌ڕێت عیباره‌ته له من، منێك كه ته‌واو ته‌عبیره له خاڵسی مرۆڤ، به‌وه‌ی مرۆڤ خۆیه‌تی و ئه‌وانی دیكه نییه. ئه‌و وێنه‌یه نییه كه ئه‌وانی دیكه بۆمان داده‌تاشن، به‌ڵكوو مرۆڤ منێكه بیر ده‌كاته‌وه. بیركردنه‌وه بریتى نییه له ڕێكخستن و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه له ناو خۆتدا. بیركردنه‌وه ته‌واو بریتیه له دابه‌زینی بوون بۆ ناو بیر. بیركردنه‌وه مانه‌وه‌ی مرۆڤ به‌وه‌ی كه هه‌میشه ته‌عبیر له شتێك ده‌كات كه خۆیه‌تی و كه‌سی دیكه نییه. مرۆڤ به‌م بیركردنه‌وه‌یه ده‌بێته هه‌بوو. هه‌بوویه‌ك كه خاوه‌نی بوونی خۆیه‌تی و دابڕاوه له هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی كه ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی خۆی، ئه‌م منه دووره له دیكتاتۆریه‌ت وه‌ك له ڕۆشنبیری كوردیدا وا زانراوه. ئه‌م منێتییه وهعییهكی ته‌واوی مرۆڤه به‌رانبه‌ر به خۆی و ده‌وروبه‌ر، مرۆڤ به‌مه ده‌كه‌وێته ناو هاڕمۆنیهتهوه له‌گه‌ڵ سروشت و له‌گه‌ڵ هه‌موو مۆنادهكانی دیكه. حه‌قیقه‌ت ده‌ركه‌وتنی هاڕمۆنیه‌تی عه‌قڵه‌كانه له‌گه‌ڵ یه‌كتر. كاتێك حه‌قیقه‌ت ده‌رده‌كه‌وێت هه‌موو ئه‌قڵه‌كان په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن، چونكه هه‌موو عه‌قڵه‌كان یه‌ك ئایدیاڵیان هه‌یه و به یه‌ك بنه‌ما بیر ده‌كه‌نه‌وه. شیعر له مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌یدا ته‌عبیره له‌و هاڕمۆنیهتیه، شیعر كۆكردنه‌وه‌ی مۆنادهكانه، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئایدیاڵه‌كانی خۆیان. له شیعردا شیانی پێكه‌وه‌بوونی عه‌قڵه‌كان هه‌یه، به‌ڵام به‌ختیار ده‌ڵێت: ((به‌وه‌دا وێنه‌ی جیهان له‌نێوان من و تۆ وه‌ك یه‌ك نییه، ئیدی به‌ڵگه‌نه‌ویسته كه وێنه‌ی حه‌قیقه‌تیش وه‌كوو یه‌ك نییه.))٤٤
ڕاستی شیعر نه‌ك هه‌ر بیركردنه‌وه نییه، به‌ڵكوو ڕه‌سه‌نترین بیركردنه‌وه‌شه، چونكه هه‌میشه له چیه‌تیی شته‌كان نزیك ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌یش شیعرێك جیهانی ده‌كاته‌وه وابهستهبوونى ئه‌و شیعرییه به بوونه‌وه. بوون یه‌كه‌و بنه‌مای هه‌موو هه‌بووه‌كانه. نه‌ك جیاواز بێت و حه‌قیقه‌ت ڕێژه‌یی بێت. با نموونه‌یه‌ك وه‌ربگرین بۆ خۆمان و بۆ به‌ختیاریش، جه‌سته‌ی مرۆڤه‌كان هه‌موویان جیاوازن، هه‌یه ڕه‌شه و هه‌یه سپی و هه‌یه سوور.. هتد، هه‌یه درێژ و هه‌یه كورته، به‌وه‌دا كه جه‌سته‌كان جیاوازن، ئایا كه‌واته هه‌ر جه‌سته و خاوه‌نی یاسای خۆیه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی، دیاره نه‌خێر، زانستی پزیشكی هه‌میشه یاسا گشتییه‌كانى جه‌سته ده‌دۆزێته‌وه كه جه‌سته یه‌ك یاسای هه‌یه كه‌وا په‌یڕه‌و ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌موو جه‌سته‌كاندا، یاساكه ڕاستی له ڕێگه‌ی بیركردنه‌وه هاتووەته ده‌ر له‌ناو جه‌سته‌دا، ئه‌مه‌ش به هۆی خستنه بواری ئه‌و جه‌سته‌یه‌وه بووه بۆ ناو تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك، ئایا كه‌سمان ده‌توانێت نكۆڵی له‌مه بكات…؟
ڕۆحی مرۆڤیش خاوه‌نی یه‌ك یاسایه، ئه‌م یاسایه گشتییه به‌وه‌ی هه‌موویان له‌و شوێنه‌دا یه‌ك بنه‌مایان هه‌یه، به‌ڵام میتافۆڕی ڕۆحه‌كان جیاوازه، شیعر هه‌میشه شوێن ئه‌و بنه‌مایه ده‌كه‌وێت، ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌رهێنانی ئایدیاڵه كه ڕۆحه‌كان هه‌موو خاوه‌نی ئه‌ون. به‌مه‌دا هه‌قیقه‌ت یه‌كه‌و ئه‌وه‌ی جیاوازه ڕووخساره، نه‌ك حه‌قیقه‌ت نییه و حه‌قیقه‌ته‌كان زۆرن، به‌مه بێت ئیدی مرۆڤ ده‌كه‌وێته ناو بهرهڵایییهوه، چونكه به‌م یاسایه كه‌وا هه‌موومان ئه‌وه‌ی لامان هه‌یه حه‌قیقه‌ته و هه‌مووشمان ئازادین له‌وه‌ی په‌یڕه‌وی بكه‌ین، تیرۆریستیش به‌وه‌ی پێی وایه ئه‌وه‌ی لایه‌تی حه‌قیقه‌ته و ته‌واو باشه، گه‌ر وا بێت تیرۆریست به چی تاوانبار بكه‌ین. ڕاستی كێشه‌ی ئه‌م وتاره ئه‌وه‌یه نه‌ست ده‌كاته جه‌وهه‌ری مرۆڤ و شیعریش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌ستدا هه‌یه كه‌وا ئه‌وانی دیكه له‌ناو نه‌ستدا هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و دروستیان بكاته‌وه. ((شاعیریه‌ت ته‌نیا ئاره‌زووی ته‌عبیركردن نییه له‌و شتانه‌ی لهناوتدان، به‌ڵكوو جۆرێكه له پیشه‌سازیی گه‌وره، شاعیریه‌ت ته‌نیا هاتنه قسه‌ی خود نییه، به‌ڵكوو دروستكردنێتی.))٤٥ دواتریش دێت باسی خود ده‌كات و ده‌ڵێت: ((كه قسه له خود ده‌كه‌ین ته‌واو قسه له خۆمان ناكه‌ین، خودی ساخ و خالیس جگه له ئه‌فسانه‌یه‌ك زیاتر نییه.))٤٦ دواتر دێت ته‌واو شوێنی شیعر دیاری ده‌كات و ده‌ڵێت: ((شیعر له خه‌یاڵ و یاده‌وه‌ری و زمان و قووڵایییه تاریكه‌كانی نه‌سته‌وه دێت.))٤٧
له ڕاستیدا به تیۆرییه‌كانى پێشوو هه‌ر ده‌توانین ئه‌م وتاره‌شی پێ بخوێنینه‌وه وه‌ك تیۆریى خوڵقان و دروستكردن، به‌ڵام لێره‌دا ده‌وه‌ستین به‌و هیوایه‌ی كه خوێنه‌ر بتوانێت وردتر ئه‌م وتاره بخوێنێته‌وه له پێناو ئاشكرابوونیدا. له كۆتاییدا تێ ده‌گه‌ین كه(بوون) له ڕۆشنبیریی كوردیدا نه‌ك هه‌ر بزره، به‌ڵكوو به‌رده‌وام هه‌وڵی داپۆشینی دراوه، به‌رده‌وامیش زه‌مینه نه‌سازاوه بۆ ده‌ركه‌وتنی، ئه‌وه‌یش له‌م چوار ڕۆشنبیره دیمان، ئه‌وه بوو هه‌موویان له یه‌ك شوێندا بیریان ده‌كرده‌وه، شوێنێكی دیكه هه‌یه كه عیباره‌ته له (من)، به‌بێ چوونه ئه‌م شوێنه هیچ ئاسان نییه ڕۆشنبیری كوردی بچێته ناو قۆناغێكی تره‌وه كه ئیتر بیركردنه‌وه حزووری هه‌بێت، چونكه بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌ن له‌م منه‌وه دێت، ڕۆشنبیری كوردی بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه، به‌ڵام زۆر لاوازه. سێبه‌ری بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه، لای به‌ختیار كه هه‌میشه له‌به‌ر دهرگەكاندا ده‌وه‌ستێت، وێنه‌ی بیركردنه‌وه‌ش هه‌یه، لای فارووق ڕه‌فیق كه وێنه هه‌یه، به‌ڵام ناوهڕۆك نییه. وێنه‌ی فه‌لسه‌فه هه‌یه، به‌ڵام بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فى نییه، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی وێنه‌ی فه‌لسه‌فه له كامیراوه بڵاو ده‌كاته‌وه، به‌ڵام یه‌ك زه‌ڕه بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فى بوونی نییه. دیاره ئه‌م ڕۆشنبیری كوردییه‌ش وه‌ك حیزب لایه‌نگر و ده‌روێش و ئه‌ندام و ڕۆژنامه و ده‌زگەی هه‌یه، دواجاریش شه‌به‌حی هه‌یه. بۆ ئه‌م وتاره بابه‌تی دیكه هه‌بوون، له‌سه‌ر شیعر قسه‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین وه‌ك (هاوژینى مه‌لا ئه‌مین و ئاسۆ جه‌بار و نیهاد جامی و…هتد)، به‌ڵام ئه‌مانه ڕاستی شه‌به‌حی ڕۆشنبیری كوردین ئهشكهوتێكن بۆ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ده‌نگی ڕۆشنبیری كوردی. ئێمه ڕاسته‌وخۆ كه‌وتینه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیره‌كان خۆیان، پێویستی نه‌ده‌كرد سێبهرهكانیشیان بخوێنینه‌وه، به‌و ئومێده‌ی ئه‌م نووسینه زه‌مینه‌یه‌ك بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی حورمه‌تی خوێندنه‌وه، چونكه خوێندنه‌وه زه‌مینه‌خۆشكردنه بۆ ده‌ق، هه‌تا خۆى شایه‌تی له‌سه‌ر خۆی بدات كه چییه؟ نه‌ك ئێمه خه‌یاڵیان بكه‌ین و وێنایان بكه‌ین و دایانبتاشین، خوێندنه‌وه دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و زه‌مینه‌یه‌یه كه شته‌كان خۆیان تێدا ئاشكرا ده‌كه‌ن و خۆیان نیشانی ئێمه ده‌ده‌ن.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
1ـ فه‌لسه‌فه چییه، مارتن هایدگه‌ر، و: حه‌مید عه‌زیز، گۆڤاری ڕامان، ژماره 112ـى ساڵی 2006، هه‌ولێر، لاپه‌ڕه 138.
2ــ هۆڵدرلین و گه‌وهه‌ری شیعر، مارتن هایدگه‌ر، و: حه‌مید عه‌زیز، گۆڤاری ڕامان، ژماره 104 ساڵی 2006، هه‌ولێر، لاپه‌ڕه 135.
3ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ڕه 137.
4ــ دیوانی مه‌حوی، مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم موده‌ریس و محه‌مه‌دى مه‌لا كریم، چاپی دووه‌م، كۆڕی زانیاریی كورد، ساڵی 1984به‌غداد، لاپه‌ڕه 244.
5ـ هۆڵدرلین و گه‌وهه‌ری شیعر، مارتن هایدگه‌ر، لاپه‌ڕه 137.
6ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ڕه 135.
7ــ كۆمار، ئه‌فلاتوون، و: ڕێبوار قاره‌مانى، سۆران عومه‌ر، مه‌هدى چۆمانى، ده‌زگەی وه‌رگێڕان، ساڵی 2006 هه‌ولێر، لاپه‌ڕه 498.
8ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ڕه 498.
9ـ خوان، ئه‌فلاتوون، و: ئاوات ئه‌حمه‌د، زنجیره كتێبی سه‌رده‌م، ساڵی 1999 سلێمانی، لاپه‌ڕه 66.
10ــ ئایۆن، ئه‌فلاتوون، و: ئاوات ئه‌حمه‌د، چاپخانه‌ی سیما، ساڵی 2004 سلێمانی، لاپه‌ڕه 105.
11ــ تێڕامانی میتافیزیكانه له فه‌لسه‌فه‌ی یه‌كه‌م، دیكارت، و: ڕێبین ڕه‌سووڵ، ده‌زگەی چاپ و په‌خشی ڕێبین، ساڵی 2007 هه‌ولێر، لاپه‌ڕه 55.
12ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 50.
13ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 55.
14ــ شیعریه‌تی بوون، ڕێبوار سیوه‌یلی، شیعرستان ژماره8، خولی دووه‌م، لاپه‌ڕه 50.
15ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ڕه 50.
16ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ڕه50.
17ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 51.
18ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو لاپه‌ڕه 52.
19ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 52.
20ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 51.
21ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 51.
22ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 54.
23ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 56.
24ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه57.
25ــ هۆڵدرلین، و: گه‌وهه‌ری شیعر، مارتن هایدگه‌ر، و: حه‌مید عه‌زیز، گۆڤاری ڕامان ژماره 104 ساڵی 2006 هه‌ولێر، لاپه‌ڕه 137.
26ــ دیدی مارتن هیدگه‌ر، نامۆ بوون له ئۆنتۆلۆژیای زمان/ شیعر. به‌كر عه‌لی، گۆڤارى ئازادی، ژماره 4 ساڵی 1994 لاپه‌ڕه 147.
27ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 148.
28ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 149.
29ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 149.
30ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 151.
31ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو لاپه‌ڕه 153.
32ــ بیری پۆست مۆدێرنیزم، ئازاد حه‌مه، چاپخانه‌ی هه‌ولێر، ساڵی 2002 لاپه‌ڕه 342.
33ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 344.
34ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 345.
35ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 342.
36ــ هۆلدرلین و گه‌وهه‌رى شیعر، مارتن هایدگه‌ر، ڕامان، لاپه‌ڕه 135.
37ــ بیری پۆست مۆدیرنیزم، ئازاد حه‌مه، چاپخانه‌ی هه‌ولێر، ساڵی 2002 لاپه‌ڕه 348.
38ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 348.
39ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 349.
40ــ گه‌ڕان بۆ ماناكانی دیكه‌ی شیعر، به‌ختیار عه‌لی، گۆڤاری ڕامان، ژماره 71 ساڵی 2002 هه‌ولێر لاپه‌ڕه 6.
41ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 7.
42ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 7.
43ــ تێڕامانی میتافیزیكییانه له فه‌لسه‌فه‌ی یه‌كه‌م، دیكارت، و: ڕێبین ڕه‌سووڵ، ده‌زگەی چاپ و په‌خشی ڕێبین، ساڵی 2007 هه‌ولێر، لاپه‌ڕه 43.
44ــ گه‌ڕان بۆ ماناكانی دیكه‌ی شیعر، به‌ختیار عه‌لی، گۆڤاری ڕامان، ژماره 71 ساڵی 2007 هه‌ولێر، لاپه‌ڕه17.
45ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 9.
46ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 10.
47ــ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ڕه 11.