نەهرۆ جەرجیس
لەنێو شەپۆلەکانی ژیان،
وەک بەلەمێکی تەنیا سەوڵ لێ دەدەم
پێچەوانەی دەریاوانەکانی تر،
تف دەکەمە مرواری و گەوهەرەکان!
با ماسییەکانیش ئەوە بزانن:
پووچە ئەم ژیانە.
پووچ وەک غەمگینى ئەم هەفتەیە،
غەمگینى چەند ساڵێک لەمەوبەر،
غەمگینی ئەم زستانە نا، زستانێکى خەستتر.
ئەم بەرەبەیانە نا، بەرەبەیانێکى گەشتر.
پووچ وەک باران، کە گەززەی لە لاشەم دەدا.
وەک ئەو باڵندەیەی
هێلانەی لەسەر درەختی بەژنم دروست کرد و
دواجار ڕەشەبا کردی بە کارەکتەر لە شانۆی مردن.
لۆجیک تێکدەشکێنم و
بەرەو سەراب ڕێ دەچنم!
بەرەو پووچی ماچە ئاگراوییەکانت،
کە سنەوبەرەکانى کەنارى تەنیاییمیان دزى.
بەرەو شێتی کە لە ناخمدا؛ تاریکییەکی خەستە.
باڵای لە: درەخت و باران و ئاوازی شەو بەرزترە.
بە یادی ژیان، ئەسپی وشەکانم
وەک پەناهەندەیەکی کوردزمان؛
بێزاری دەخۆنەوە.
لە ئێسک و پروسکی گۆرانییەکی تەنیا؛
پەیکەری باڵندەی هەڵفڕیوی خۆزگەکان:
ئەو خۆزگانەی لەنێو گۆڕی فەرامۆشی
وەرزێکی تر لە مردن دەست پێدەکەنەوە و
دڵتەنگی گەمارۆی داون، بنیات دەنێنەوە.
کە ئازار لە قەدم ئاڵا،
گرەوى ژیانى لێ بردمەوە.
ئەو ژیانەی برینی دڵی منە
منیش جەستەی ڕۆژە تاریکەکانی!
لەسەر ڕێگەى سپێدەیەکی تاڵ،
پیتێکی تر، لە وشەى شادیم لێ بزر دەبێت و
پەنجەکانم، بە یادی ترپە چۆڵەکانی دڵت،
ئەو ئێستایەى دەبێتە یادەوەرى، دەنووسنەوە!