نەهرۆ جەرجیس
قیژەمی خواردەوە؛
تامی فرمێسکمی کرد،
ڕۆژە دڕاوەکانی تەمەنمی
درووییەوە.
ڕێگەیەک لە، لەبیرچوونەوەدا دەنوێ.
یادەوەرییەکانی لە قەرەباڵغی لێ بزر دەبوو.
زەرفێک بارانی فێنکی حەشار دابوو،
بێز لە دەنگی خۆی، نا
ژیان، با!
دەکردەوە.
لەو ڕێگەیە گاسنەکانم،
کێڵگەی لەپی دەستی درەوشانەوەیان دەکێڵا.
دەبوومە کاروانچیی و لە ڕێپێوانی خوێنەوە
چرۆم دەکرد.
وەک بێدەنگی دەکوژامەوە و
هیچم لە گوتن دەست نەدەکەوت.
ڕوومەتی پەنجەرەم لە ڕەشەبا،
خوێنی ڕەشم لەنێو دەمارەکانی ژیان و
حیکایەتەکانی چەقۆم،
لەگەڵ تێکوەشێنێکی مردوو،
لەنێو خانوویەکی بەساڵاچوو،
حەشار دەدا.
لەو پیاسانەدا،
سندووقێک پەپوولەم،
خەڵاتی دارستانێکی مردوو دەکرد.
لە منداڵدانی درەختێکی نەزۆک
بیناییم لێ بزر دەبوو!
بەدوای ژیان گەڕام.
ژمارەیەک پاساری پێیان گوتم:
“خوێن لە گۆنای ئەستێرە مارە بکە،
لەنێو شووشەیەکی دڕاودا،
پشکۆی زەمەن کۆبکەرەوە.
لە چاوی گوڵەگەنمێکدا،
یان لە کەلێنی ئاوێنەیەکی قوڕاویدا،
پەی بە مێژووی دووکەڵی نەهامەتی بەرە”
بوومەتە کۆیلەی بێزاریی.
لە کەلاوەی زەمەن، چرایەکی زامدارم.
هێشتانەکینێ تەنیاییەکەم، لە ئێوەدا دەنێژم.
ئارەزووە باڵا بەرزەکانم وشک بوون.
ئەوانیشم لەگەڵە،
کاتێک لە ئاوێنەی ئێوەوە دادەگیرسێم.
لای ئێوەوە،
بیری گوندەکەمانم کەوتەوە:
ئەو شەوانەی بەدەم سەیرکردنی ئەستێرەوە،
ژیانم دەکێشا.
ڕۆژگار وەک دەغڵ دروێنەی دەکردم.
ڕاوچییەکی پیر ئاسا،
بەدوای مەرقەدی سەرابی نیگارکێشێکدا
دەگەڕام و
خەونە سووتاوەکانم دەچنی.
هەورەگڕگرتووەکان غاریان دەدا،
دەستم پێیان ڕانەدەگەیشت.
منی مردوو دەستی بەچی ڕادەگات؟