سۆما مەلا
١
بیری ناوی خۆم دەکەم
لە دەنگی تۆدا
باوکە.
٢
لە دەستەکانی تۆدا
فێرە فڕین بووم،
هیچ قەفەزێک زیندانیم ناکات!
٣
لە ئەقڵی تۆدا باڵم دەرکردووە
زەوی نا
من لە ئاسماندا
ماڵم دروست کردووە.
٤
لە لەپی دەستەکاندا
ئازارم ناسیوە،
هیچ برینێک فریوم نادات…
٥
لە ژوورێکی سێگۆشەدا
خەریکی ژماردنی سەقفێکی چوار لام،
بۆ ژیانێکی شێوە بازنەیی،
لەسەر سیسەمێکی لاکێشەیی
بۆ خولانەوەی ئاشێک، لە شێوەی زەوی!
٦
لە تەنیایی خۆمدا
بە دەوری زەویدا دەخولێمەوە
لە کونی دەرزییەوە
دونیا دەبینم،
بە دەورانی زەوی
تەنیایی خۆم تێدەپەڕێنم.
٧
تۆ لێرە نیت
ڕۆحم قورسە،
وەک ئەوەی هەموو دونیا
چووبێتە ناومەوە
بۆ دۆزینەوەت؟
٨
لە شوێنێکدا بەجێماوم
کۆڵانێکی
تەسک
ئاسمانێکی پڕ لە هەوری مۆر.
٩
تاریک،
وەک ناو کارتۆنێکی قاوەیی.
١٠
غلۆر دەبمەوە بۆ ناو،
چین بە چینی،
قەتماغە بووی،
برینەکانی ناو سەرم.