ئۆنتۆلۆژیا و میتافیزیکیای دەق

0 250

سۆران محەمەد

١- پێشەکییەك

وەك ئاشكرایە جیاوازی لە نێوان ڕەخنە و ڕەخنەلێگرتندا هەیە، هەرچی ئەوەی یەکەمیانە چەندان قۆناغی جیاجیای بڕیوە و کار لەوەدا نەوەستاوە پرۆسەی ڕەخنەی ئەدەبی هاوچەرخ بە دەق بڵێت جوان یان ناشرین، یان تەنانەت بە ڕاڤەی کارە شیعریی و وێژەییەکان هەڵسێت، بەڵام ئەوەی دووەمیان من ناوی نانێم ڕەخنە، بەڵکو ڕانان یان پیاهەڵدان یا شەڕ پێ فرۆشتنە.

ئەوەی سەرنجمداوە (بەداخێکی زۆرەوە) شیعری کوردی لە باشوور ڕەخنەی لە جۆری یەکەم زۆر کەمە، ئەوەش هەیە زیاتر لە بازنەی گۆران و شێرکۆ بێکەس دا دەخولێتەوە و جارانێك دووبارەکردنەوەن وەك لە کەشفکردن و نوێخوازیی؛ قەیرانی نەبوونی ڕەخنە بۆ زۆر هۆکار دەگەڕێتەوە کە ئێرە شوێنی نییە لێی بدوێین، وەلێ مەخابن جارانێك شاعیرانیش خۆیان هۆکاربوون لە سەرکوتکردن و سەرهەڵنەدانی ڕەخنەدا، بۆ نموونە من جارێك لە پەیجی شاعیرێکی دیاردا خوێندمەوە کە ڕەخنەگرانی بە پۆلیس چوواندبوو، لە کاتێکدا جیاوازییەکی زۆریان لە نێواندا هەیە. ئەمە لە کاتێک دایە (تی ئێس ئالیوت)شاعیر و ڕەخنەگر دەڵێت: ڕەخنە کارێکە دەربازبوون لێی نییە وەکو هەناسە وایە بۆمان.

چونکە هیچ ئەدەبێك بێ بوونی ڕەخنە پێش ناکەوێت، بەڵکو ڕەخنە دیوەکەی تری شیعرە، بە نموونە سەرنج بدەنە شیعرە بڵاوکراوەکانی ئەم پێگەیە کە تایبەتە بە شیعری کوردی سۆرانی، تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەیی ئەکادیمی و شایستە لە سەر دەقە بڵاوکراوەکانی نووسراوە؟  کە بە ڕای من دەبوو هەر دەقێك کە بڵاودەکرایەوە شتێکی لەسەر بنووسرایە، چونکە لێرەدا دابڕان لە نیوان شیعر و شاعیراندا پەیدا دەبێت، بەو مانایەی هەموو شاعیران زۆر خۆیان پێ شاعیرە لە دیدی خۆیانەوە (هەقیشیانە وا بڕوانن چونکە هەموو دەقێك جۆرە چەمکێك لە خۆ دەگرێت، تەنانەت گەر شیعرەکەش خراپ بێت، ئەو پرسیارە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بۆچی خراپە؟ لێرەوە ڕەخنەیە کە وەکو ئاوێنەیەکی هونەریی و تەرازوویەکی هەڵسەنگاندن بەهای دەقەکان دەدۆزێتەوە و نەگوتراوەکانی دەق کەشف دەکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت جیاوازی ڕاوبۆچوونمان نیشانەی زیرەکی هەندێکمان و تەمبەڵی ئەوانی تر نییە، بەڵکو بەرەنجامی ئەوەیە کە ئاراستەی هزرمان بە ڕووگەی جیاوازدا دەبەین. هەر وەکو گوتراویشە: لە گەورەترین هەڵەکانمان ئەوەیە وای دابنێن و چاوەڕوان بکەین کەسانی تر وەکو ئێمە بیر بکەنەوە. هەر ئەم جیاوازیەشە جوانیی و هەمەچەشنەیی بە ئەدەب و ژیان دەبەخشێت.

ویستم لەم گوتارە لێکۆڵینەوەییە ڕەخنەییەدا هەموو دەقەکانی (تەم) لە خۆ بگرێت، بەڵام دوایی تەماشام کرد کە کارێکی زۆر سەختە، لەبەر ئەوەی چەندان مانگ درێژە دەکێشێت تا دێتە بەرهەم، کەسیش ناتوانێت چەند مانگێك هیچ نەکات و خۆی بۆ کارێکی وا تەرخان بکات، هەرچەندە کارێکی گرنگ و پڕ بایەخە، تا هەق بە کارێکی واش بدەیت دەبوو دەقەکان هێندە بخوێنیتەوە تا دەگەیتە قووڵاییەکانیان و گەوهەر و مروارییەکانی کۆکەیەوە، پاشان دەبێت خاڵی چەق دەستنیشان بکەیت بۆ لەسەر وەستانیان و لێکۆڵینەوە لەسەر نووسینیان، بەو واتایەی سەنتەری وتاری ڕەخنەیی لەو دەقەدا چییە؟ پاشان نەخشەداڕشتن بۆ لێکۆڵێنەوەکە، کە ئایا لەسەر چ ڕێبازو قوتابخانەیەکە و بە چ ستایڵێك دەنووسرێت و لە چییەوە نزیکە؟ دواتر جیاکردنەوەی لایەنی تیۆری و پراکتیزەکردنی بەسەر دەقەکاندا… بەهەرحاڵ من وەکو دەسپێشکەرییەك هەستام بە هەڵبژاردنی دوو دەق، (دابڕان)ی کاروان حاجی و (پەشیمانی) بڵند باجەلان، نەك لەبەر ئەوەی لە دەقەکانی تر باشترن، بەڵکو هەڵبژاردنەکە هەڕەمەکی بوو و پاشتر وەك تی ئێس ئیلیۆت دەڵێت: لە سۆنگەی ئەزموونمەوە لە هەڵسەنگاندنی بەهای شیعردا گەشتوومەتە ئەوەی تا ناسینم بە شاعیر و شیعرەکان پێشوەختە نەبێت ئەوە باشترە.

گەر تا ئێستا نەگەشتوویتە قەناعەت لە مەبەستی ئەم کورتە نووسینە و هەبوونی قەیرانی ڕەخنە لە شیعری کوردیدا، ئەوا دیقەتی زۆرو بۆریی بەرهەمهێنانی ئەو هەموو شیعرە کوردییە بدە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێگە ئیلکترۆنییەکان و ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و دیوانە چاپکراوەکان و شیعرە دەنگییەکان و یوتیوب و زۆر شوێنی تردا، بزانە چی هەیە لە بێژنگیان بدات و زێڕە ڕەسەنەکانی تێدا لە تەنەکە و فافۆن و تەختەدار جیا بکاتەوە؟ یان کار لەوە دەرچووە کۆنتڕۆڵ بکرێت و بتوانیت موتابەعەشیان بکەیت!

جێی دەستخۆشییە کەسانێکی شیعرنووس و شیعردۆست خۆبەخشانە لە هەوڵی هەستاندابن بە کۆکردنەوەی هەندێك دەنگی شیعریی کوردی لە پێگەیەکی وەکو (تەم)دا، ئیتر دەمێنێتەوە سەر شاعیرەکان چەند بەهای ئەم کارە دەزانن و هاوکارییان دەکەن بە دەقەکانیان و گیانێک بە بەری شیعردا دەکەنەوە لەو پەرتەوازەیی و گەڕەلاوژەییەی بەرۆکی مرۆڤەکانی گرتووە و هێمنییەک بە خوێنەران و دنیای ئەفراندنی شیعریی ببەخشن، بۆیە من ئەوە بە بەرپرسیارێتییەکی ئاکاریی و ویژدانی دەزانم کە شاعیران هەستن بەو کارە؛ هەر لە شاعیرانی بەڕێزی ڕۆژهەڵاتەوە تا هەموو دەنگە جیاوازەکانی باشوور وەکو، هاشم سەڕاج ، دلاوەر قەرەداغی، رۆژ هەڵەبجەیی، رامیار مەحموود، شوان سەعید و هەموو شاعیرە بەڕێزەکانی تر کە لێرەدا نامەوێت ناو ڕیز بکەم؛ بەڵام ئەم پێگەیە ئاستێکی باش و سومعەیەکی باشی هەیە و شایستەی ئەو دەقانەیە تیایدا بڵاوبکرێنەوە، هەروا ئەو بەڕێزانەش کە توانای کاری ڕەخنەیی جددیان هەیە دەتوانن لێرەدا توانای ئەسپی قەڵەمیان ئەزموون بکەن، خۆزگە خۆیان لەو بیرە دادەماڵی کە لە بەرانبەر پاداشت و ماددەدا بنووسن.

رەخنە لە مێژە لە ناو ئەدەبی ڕۆژئاوادا جیی خۆی کردووەتەوە و بووەتە هۆی بەرپاکردنی شۆڕشێکی مەعریفی و داهێنان، وەك لە فەلسەفەى (کانت)دا خاڵێکى گرنگ بەرچاو دەکەوێت کە ڕەخنەیە، کانت بۆ ئەوەى ئەم زاراوەیەى ڕەخنەیە بە تەواوى بە خەڵک بگەیێنێت، دڵى تەنیا بە ڕەخنەکان ئاوى نەخواردووەتەوە، بەڵکو دوو کتێبى نووسیوە بە ناوەکانى (ڕەخنەکردنی عەقڵى پەتى) و (ڕەخنەکردنی عەقڵى پڕاکتیکى).

٢- بڵند و میتافیزیکیای دەق:

سامۆئیل جۆنسن یەکەم کەس بوو کە زاراوەی شاعیرانی میتافیزیکی بەسەر کۆمەڵێك شاعیری ئینگلیزدا دەربڕی لە سەدەی حەڤدەدا، کە کارەکانیان ئەفراندنی خەیاڵیی لە خۆ دەگرت، زیاتر بە لای باشی بەهای دەقدا لایان دەکردەوە وەک لە ئاواز، ئەوان زیاتر جەختیان لەسەر خوازە و وێكچوونە ڕەوانبێژییەکانیان  دەکرەوە کە حەوجێی زیرەکی و ڕۆشنبیرییەکی فرەیە بۆ گەیشتنە قووڵایی وێنە شیعرییە ناباوەکان.

ڕایەكیش دەلێت: دەقی میتافیزیك لە سەدەی نۆزدە لەسەر دەستی کۆمەڵێك ئەدیب و هونەرمەند پەرەی سەند، بابەتەکانی بە شێوەیەکی نائاسایی بوون کە بواری ڕامیاری و ئایین و عیشقی لە خۆ دەگرت، بە جەدەلێکی قووڵەوە و بە شێوازێکی ناباو دەیاننووسی، بۆ نموونە ئەم تەرزە لە شیعر لە فەلسەفەی شاردراوەی خۆشەویستی دەگەڕێت و پابەستی دەکات بە جوانی خۆشەویستەوە و هەروا ئەویش پابەند دەکات بە تەواویی بوونی سەرمەدییەوە، پێکەوە هاوتاو جیاوازیەکانیان لە دەقەکاندا کۆ دەکردەوە. هەروا شیعری میتافیزیك لە کەناری ئەوبەری قەسیدەی سۆفیگەریی دەوەستێت، ڕەنگە هەر ئەو پەیوەندییە پەنهانییەی نێوان شیعر و دنیای میتافیزیك بووبێت لە زیندان نازناوی (قدیس- پیرۆز) بەسەر شاعیری فەرەنسی  پۆڵ ڤیرلین دا نرا.

رۆڵان بارت لە (ڕەخنە و حەقیقەت)دا بانگەوازی مردنی دانەر و هەڵوەشانەوەی ڕۆڵێ کرد و ئیدی گرنگی دا بە دەق و ڕایەڵەکانی پەیوەند بە خوێنەرانەوە ی کەشف کرد و دەڵێت: لەدایكبوونی خوێنەر پەیوەستە بە مردنی دانەرەوە. دیارە ئێمەش لێرەدا لەژێر ڕۆشنایی هەمان تێگەشتن مامەڵە لەگەڵ دەقەکاندا دەکەین، تەنانەت من دەقەکانی خۆشم دوای تەواوبوونیان وەکو خوێنەرێك دەخوێنمەوە و بەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی دەکەوم و چێژیان لێ دەبینم و هەندێكجار ڕەخنەشیان دەکەم.

کاتێ بە ئاگا هاتمەوە

پەنجەرەکە فرمێسکی چاوی بارانی دەسڕی!

پەشیمانی دەبارێ!

بڵند باجەلان لە دەقی پەشیمانیدا بەم هاوکێشەیە دەرگای دەقەکە واڵا دەکات:

ئاگامەندیی—->پەنجەرە (دیدگا) سڕینی فرمێسک —-> پەشیمانی

دیارە ئەم هاوکێشەیە پەیوەندییەکی ئۆرگانی هەیە بە ناونیشانەکەوە، کە لە نێوان ئاگامەندی و پەشیمانیدا وێنەیەکی ئاوێتەی شیعری سەرنجمان ڕادەکێشێت، ئەویش:

(سڕینی فرمێسکی چاوی باران)ـە، کەواتە لێرەدا باران کە لە بەرزاییەوە دادەبارێت تێکەڵی سیفەتێکی مرۆڤانە دەبێت کە لە نزمایی دایە (بەراورد بەو ئاسمانەی بارانەکەی لێ دەتكێ) ئەویش فرمێسکە، ئەوەی ئەم حاڵەتە شیعرییە درك پێ دەکات و بۆمان دەنووسێتەوە و دەیکاتە ئەم وێنە شیعرییە بریتییە لە (ئاگامەندی) کە دیدگای شاعیر وەدیار دەخات، کەواتە کرداری وەئاگاهاتنەوە ئاماژەی ماوەیەکی زەمەنیی پێش خۆیەتی کە نائاگایی بووە، وەك ئەوەی لە پڕێکدا کەسێك لە خەونێك ڕابچڵەکێت. ئەو پێشتر مژوولی هۆنینەوەی توخمی پەرتی لمی سەر زەوی بووە (نەوی) کە بۆی دەرکەوتووە حەقیقەتیش دەکرێت بە هەڵەداچوون و هەڵە لێ تێگەشتن و لاوازیی و کەموکوڕیی تێدا بێت، گەر وەك پێویست خۆمان دانەتەکاندبێت لە تۆز و غوباری تەنی سەر زەوی کە لێرەدا (لم) سیمبوڵییەتی. لە پێناوی ناسینێکی مەزنی جیاواز و عەشقێکی پاکدا کە شایستە و حەوجێی ئەو پاکبوونەوەیە. جێی ئاماژەیە لە ڕووی وێناندنی شیعرییەوە ئافراندنێکی ناوازەیە خستنەپاڵی فرمێسك بۆ باران لەکاتێکدا هەردووکیان ئاون، بەڵام باران لێرەدا چاوی پی دەدرێت و لەو چاوەشەوە ئاوێکی تر جاری دەبێت کە فرمێسکە. بە واتای گریان لە ناو گریاندا، یان گریان لە ناو میهردا، بە حوکمی ئەوەی باران سیمبوڵی ژیانەوە و شۆردنەوەیە.

لێرەدا سەرجەم توخمەکان خاوەن هەستن و شاعیر میتافۆڕەکانی لەسەر بنیات دەنێت وەك چۆن (ئاگر)یش هەمان یاسای بەسەردا جێبەجێ دەبێت، کە لە دڵەوە پەشیمانە دوای ئەوەی باخچە گڕ دەدات، لە کاتێکدا باخ تەڕە بەڵام ئەو هەر بە کارداری سووتاندن هەستا، لە کاتێکدا باخیش ژیانی تێدایە ئەو بێ ژیانی کرد؛ ئەمە کردارە مەجازییەکەیە کە شاعیر خودی خۆی پێ دەچووێنێت بۆ دەرخستنی ڕادەی پەشیمانی، کە دەبێت بزانین پەشیمانی لە چی؟ بەڵێ لە نائاگامەندییدا گڕ بەردەدرێتە کەلوپەل و موڵکەکان؛ چونکە مرۆڤی ئاگامەند بیر لە سووتانی هەوڵ و ماندووبوون و ڕەنجی چەندان ساڵە و چەندان مرۆڤ دەکاتەوە، باخیش لێرەدا هەمان ڕۆڵ دەبینێت، کە بەرەنجامی هەوڵی باخەوانە لە سەوزڕاگرتنی ژینگەو خزمەتکردنی بە درێژایی چوار وەرزە، ئەو ژینگەیەی کە سەرچاوەی ژیانی بوونەوەرانە، کەواتە کارەساتەکە مەزنەو ئەوەندە پەشیمانی گەرەکە کە ببێتە ناونیشانی دەقێك.

مرۆڤ زۆرجار لە قەرەباڵغییەکاندا هۆش خۆی نامینێت و شتەکانی دەوروبەر ئاگایی زەوت دەکەن، بەڵام لەگەڕانەوە بە ناخی خود دا مرۆڤ لە هێمنایەتی و تەنیاییدا دەتوانێت پێداچوونەوەیەك بۆ حسابەکانی بکات، بەو مانایەی هەڵسەنگاندنێك بۆ ڕابردوو لە ڕێی (یادەوەریی)ەوە، کە سندوقێکی پڕ لە ڕووداو و تۆمارو ناو و شوێن و کاتە. کە ئەم دەقەش لە خولگەی چەند پنتێك دەخولێتەوە و لە بەسەنتەرکردنیاندا هەریەکە کێبڕکێ لەگەڵ ئەوی دی دەکات وەك (پەنجەرە، باران، ئاگر، باخچە، چۆلەکە، دایک زەمەن، نێرگز، لالە، ئاسمان).

بارت پێنج شفرە لە دەقەوە هەڵدەهێنجێت و جوڵەی ڕستەکان ئاراستە دەکات و ئاماژەکانیان ڕێكدەخات: ١- شفرەی راڤەکردن. ٢- شفرەی ڕووداو. ٣- شفرەی ڕۆشنبیریی. ٤- شفرەی ناڕاستەوخۆ و ناواخندار. ٥- شفرەی ڕەمزی.

ئەوپێی وایە دەق بریتییە لە چنینێك لە ئاماژەکان و نیشانەکان کە کاری وێژەیی پێکدەهێنن و ئەدەب دابەشی ٣ بەش دەکات:١- ئەدەب وەك واقیع ٢- ئەدەب وەك چنین بە هۆی زمانەوە. ٣. ئەدەب وەك دەلالەو ئاماژە/ سیمیائی دەق دوو بەشە: ئاشکراو دیار کە بە زاراوەکان دەیناسینەوە ٢- دەقی پەنهان ناواخندار:کە بواری ئەفراندنی ئاماژەیە.

لێرەدا ئێمە دەبینین دالی (چۆلەکە) لای شاعیر حزوری یەك لە دوای یەکی هەیە، تەنانەت لە شیعرێکی تریشدا دەنووسێت:

سێوی سوور سوور بە خوێنی من و

خوێنی چۆلەکە

چۆلەکەکان خوێن دەخۆنەوە لە ئۆتۆبانە ساردەکەدا

–  –  –

با من دابەزم بۆ کەناری دەریاکە، دەبوورێمەوە

چۆلەکەکان لەبەردەم پەنجەرەکەدان

باوكم دەڵێ: چۆلەکەکان کە لەبەردەم پەنجەرەکەدان،

دەبوورێنەوە

*

لەم دەقەشدا دەڵێت:

گەڕانەوە بۆ ژوورە ساردەکانی دۆڕان.

چۆلەکەیەك، لە سەربانی کۆنە قەڵایەك گیانی سپارد

ئەوکات زەمەن، کە زەمەنی نووسینەوەی جەهل بوو، فریا نەکەوت

دایکم گوتی: چۆلەکەیەك، لەسەربانەکەمان سەیری ئاسمان دەکا

–  –  –

بۆ من ئەو چۆلەکەیەی، لەسەربانی ماڵەکەمان

سەیری ئاسمانی کرد و لەسەربانی قەڵایەکی کۆندا

گیانی سپارد

ئەی دەرکەوتنی من لە سەحرای پەشیمانیدا واتای چییە؟

*

لێرەدا کارمان بەوە نییە تۆ چۆن مانا بە سیمبوڵی (چۆلەکە) دەبەخشی؟ ئایا نموونەی لاوازییە بە هۆی قەوارەی بچوکییەوە؟ یان سادەیی و پاكی بەوەی بە ئاسماندا دەفڕێ و سرکە؛ بەڵکو ئەگەر وردتر ڕۆبچین لێرەدا دەکرێ بپرسین: چۆلەکە چییە؟ بۆ لە ژینگەی مرۆڤدا هەیە؟ ئایا بۆ دڵنەوایی مرۆڤە؟ یان ڕازاندنەوەی دیمەنە دڵڕفێنە کورتخایەنەکانی دنیایە و ئاماژەیە بۆ کۆپی دیمەنی دنیای میتافیزیك؟ ڕۆژێك لە (پابلۆ نیرۆدا) یان پرسی: تۆ کۆتر لە شیعرەکانتدا بەکاردێنێت، ئایا سیمبوڵی چییە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: کۆتر هەر کۆترە.

جێی لێ وردبوونەوەیە کە پرسیارکردن سیما و کەرەسە و هەوڵی فەلسەفەیە بۆ گەشتنە مەعریفە، فەلسەفە پرسیاری ڕادیکالی دەکات بۆ دەربڕینی پرسیار دەربارەی خود و جیهان و ئەوی دی، لە سروشتی پرسیارەکانی فەلسەفەش پرسیارکردنی مرۆڤە لە خود بە بەکارهێنانی ئاوەز بۆ گەشتنە هەقیقەت و زۆرجار چاوەڕوانی وەڵام ناکات. ئەوەتا باجەلانیش لێرەدا ئەو پرسیارە جەوهەرییە دەکات لە خۆی و خوێنەر بەوەی چ دەمانبەستێتەوە بە ناونیشانی دەقەکەوە کە (پەشیمانی)یەو دەنووسێت:

ئەی دەرکەوتنی من لە سەحرای پەشیمانییدا واتای چییە؟

دواتریش شاعیر لە هەڵوەرینی نێرگز و لالەکان دا مەرگ دەبینێتەوە وەك چۆن لە چۆلەکەشدا هەروا… چۆلەکە تەماشای ئاسمانی دەکرد و گیانی سپارد، کەواتە پەشیمانییەکەی شاعیر زۆر قووڵ و مانادارە، بە هۆی کردنی پرسیارە فەلسەفییە قووڵەکانی بوونەوە، کە ژیان دەمانگەیەنێتەوە مەرگ، ئەی مەرگ دەمانگەیەنێتەوە چی؟ وەك دواتر دەنووسێت:

دەرکەوتنی من لە سەحرای پەشیمانیدا واتایەکی هەیە.

وەکو گوتراوە گەر کەسێك لە منداڵێەوە بە زنجیر بەسترابێتەوە  وا دەزانێت ئەو زنجیرە بەشێکە لە لەشی و پێویستی پێ دەبێت تا بژی و بڕوات. بەڵام کاتێك وەئاگا دێتەوە کۆت و بەندەکان دەپسێنێت و دەگاتە خولگەی خۆی کە وەك خودێکی خاوەن هەست و بیرکردنەوە ئازادانە بڕیار بدات و بجوڵێت و ببینێت، ئەوسا دید و تێڕوانینەکانی بۆ ژیان و دەوروبەر کودەتایەکی سپی بەسەردا دێت. باجەلان لەم دەقەدا و بە پێچەوانەی کاروان حاجییەوە لە ئاکامی هەموو ئەو بەریەککەوتنانەی پنت و ڕەگەزەکانی ناو دەقەکە دەگاتە ئومێد و ئارامی، بەڵام کاروان نەخێر گەر بگاتە دڵنیایی ئیدی ساکن دەبێت و جۆلانەی پرسیاری دەپسێ و لە وەهمی هەقیقەتدا خرۆشانی گومان لەدەست دەدات.

ئیلیۆت جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە شیعر نابێت تاکەکەسی بێت، هەروەها ئەو ستایشی زۆری شیعری میتافیزیکی دەکرد، هەرچەندە ڕەخنەگرانی وەك (دنکان) لە (زیندووکردنەوەی شاعیرانی میتافیزیك) وای بۆ دەچن کە میتافیزیك پنتێکی بەرچاوی لە کارەکانی وەك (زەمینی بەهەدەرچوو- The Waste Land) ی خودی ئیلیۆت داگیر نەکردووە، بەڵام بێگومان دنیای متیتافیزیك زۆر لە دنیای فیزیك بەرفراوانترە، ڕەنگە جەوهەر و بنەڕەتیش بێت، بۆ وێنە  کاتێك تەماشای لاشەیەکی مردوو دەکەین و بەراوردی دەکەین بە لاشەیەکی زیندوو، لە ڕووی پێکهاتەی فیسیۆلۆژییەوە جیاوازییان تێدا بەدی ناکەین، بەڵام دەبینین یەکیان زیندەگی دەکات و ئەوی دی بێ جووڵەیە، لێرەدا گیان پەیوەستمان دەکاتەوە بەو دنیا میتافیزیکییەی کە زۆری لای ئێمە پەنهانە و کەمێکی زۆر کەمی درك پێ دەکەین، وەك تەماشاکردنی ئاسمان لە شەوێکی ساماڵدا، دەیان و هەزاران ئەستێرە و خاڵی بچووکی درەوشاوە دەبینین بێ ئەوەی مرۆڤ گەشتبێتە سەر هیچ کام لەوانە و جۆری پێکهاتەی ئەو شوێنانەی تاقیکردبێتەوە، ئەوەی قسەی لەسەر دەکرێت تەنیا چوونی ئارمسترۆنگ بوو لە ساڵی ١٩٦٩دا بۆ سەر مانگ و لەم ساڵانەی دوایشدا ناردنی ڕۆبۆت بۆ سەر مەریخ کە هەردووکیان لە کۆمەڵەی خۆری خۆماندان و سەدان و هەزاران گەلە ئەستێرەی لەو جۆرە هەن لەو بۆشاییە بەرینەیەی بە ئاسمان ناوی دەبەین.

٣- کاروان و ئۆنتۆلۆژیای دەق:

وەکو گوتراوە: شیعر و ئۆنتۆلۆژیا  Ontologyبەیەك دەگەن لەو خاڵەی هەردووکیان پرسیاری بوون دەهروژێنن.

فرانتز ڕوزنتسفایگ لە وەسفی نیتشەدا دەڵێت: شاعیر و قەدیس و فەیلەسوف بوو، نیتشە لای وابوو شیعر چەکێکە لە دەستی فەیلەسوف بۆ دەربڕین لە حەقيقەتی بوون وەکو دیاردەیەکی جوانیناسی.

هەروەها لە بەرەنجامی دەسەوسانی عەقڵی فەلسەفی لە چنگخستنی هەقیقەتدا سامبرانۆ دەڵێت: شاعیر پەی بەوە دەبات کە فەیلەسوفان پەیان پێ نەبردووە. چونکە جیاوازی ئۆنتۆلۆژیا و شیعر ئەوەیە کە ئۆنتۆلۆژیا زیاتر عەقڵیی و بەڵگەییە بەڵام ئۆنتۆلۆژیای عیرفانی دەتوانێت بەو کارە هەستێت کە لە شیعردا بەرجەستە دەبێت نەك فەلسەفە.

کاروان لەبەرەنجامی ئەو هەموو بێنەوبەردە مەعریفی و فەلسەفییەی پێشدەستی دەقدا دەمانباتەوە سەر وەڵامی پرسیارە ئۆنتۆلۆژییەکانمان و دەگاتە ئەو بڕوایەی کە بەهای ژیان یەکسانە بە خەیاڵ، ئەویش یەکسانە بە پووچی، بۆ نا؟ مەگەر چییان لێ بەسەرهات ئەوانەی چوونە قووڵایی، تا ببن بە مرواری  مەگەر لە کەنارەکان نەدۆزرانەوە؟ یان وەك لە دوا کۆپلەی دەقەکەیدا دەنووسێت:

ژیان مەتەڵێکە بە هیچ ئەفریدەیەك هەڵنادرێت

کە هیچ دادگایەکم نەدیتەوە تای تەرازووەکەی یەکسان بێت، وتم تاوانێکە بۆ سزا نا

ژیان خەونێکە  بەڵام لە خەون نا، سیحرێکە بۆ فریو نا، ئاگرێکە بۆ سووتان نا، خەڵاتێکە بۆ کەس نا، نامەیەکە بۆ دەستێكی تر نا…

ژیانم ئاوها دۆزییەوە لە زێرابێك…

ئیلیۆت وای دەبینێت ئاڵۆزی و شاردنەوە و بەکارهێنانی هێما  کەرەستەن لە خزمەت ئامانجێکی مەزنتردا کە ئەویش : یەکێتی قەسیدە و هەستکردنن،  یەکێتی قەیرانەکانی ناو قەسیدە وەك هاوتەبایی و دژبەرەکان و کاریگەرییە سۆزدارییەکانن. ئیلیۆت بە پێی لێکدانەوەی ریتشارد ئەم پنتانەی دەقۆستەوە لە ناو قەسیدەدا لە ڕێی تەکنیکێکەوە بە ناوی (مۆسیقای هزرەکان). لێرەدا ئیلیۆت هزرە پەرت و ناهاوتاکانی لێکدەدا لە پێناو کاریگەریی  لە دروستکردنی  هەستی یەکانگیر و هەمەك کە ئاماژەکانیش تیایدا کەرەسەیەکی گرنگی تەکنیکن وەك لە دەقی (زەمینی بەهەدەرچوو)دا دەبینرێت. هەروەها بونیاتی هەستەوەریی لای ئیلیۆت قووڵ و ئاڵۆز و یەکانگیرە و ئاواش تێگەشتن لە کارەکانی چەندان جار خوێندنەوەی وردی دەوێت.

وەك پێشتر لە وتەکەی بارت دا ئاماژەمان پێدا: سیمیائی دەق دوو بەشە: ئاشکرا و دیار کە بە زاراوەکان دەیناسینەوە ٢- دەقی پەنهان ناواخندار:کە بواری ئەفراندنی ئاماژەیە.

ئەوە کاری شاعیری بە تواناو کارامەیە خۆی وەدوور بگرێت لە دەربڕینی ڕاستەوخۆو بەهایەکی وێژەیی و هونەریی بداتە دەقەکەی کاتێك لە ڕێی هێماو سیمبوڵ و ئاماژەوە ماناکان زیندوو ڕابگرێت و ئاستی دەقەکەی بڵند بکات و سەرنج و تامەزرۆیی چینی خوێنەرانی نوخبەی شیعری پێ کەمەندکێش بکات، هەر واشە لە زۆربەی وێنە شیعرییە قووڵەکانی شیعری (دابڕان)ی کاروان حاجی دا.

ئەم دەقە سەفەرێکی قووڵە بە ناخ و دەوروبەرو بوونەوەران و گەردوون دا لە پێناو وەدەسخستنی مانای بوون و گەڕانەوە بە هەگبەی پڕەوە، بە چەندان هەڵدێر و نشێودا دەمانبات و دیمەنی سەیر و سەرنجڕاکێشمان نیشان دەدات، تا بە شیعر خۆی و دەوروبەری بنووسێتەوە، بەڵکو پاشەڕۆژی هاوتوخمەکانی دەستنیشان بکات، ئەو شیعرە قووڵە لە تێڕوانیندا و لەهەمان کاتیشدا پارێزگاری بە ئیستاتیکای دەقەوە کردەوە، هەم لە وێنە شیعرییە ناوازەکانییەوە و هەم لە تەوزیفکردنی ئەو ڕەگەزە گەردوونیانە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو لە نێو دەقەکەیدا، کە پێویستی بە خوێنەری بە دیقەت و شارەزایە باری سیمۆلۆجی دەق شەن و کەو بکات و هێماو نیشانەکانی بخوێنێتەوە.

٧ کۆپلە، هێندەی ٧ ڕۆژەکانی هەفتە کە هەموو مانگێك دووبارە دەبنەوە، بەڵام هەر کۆپلەیەك ستایڵێکی زمانەوانی لە خۆ دەگرێت، هەرچەندە لە کۆتاییدا هەموویان پێکەوە جەستەی دەقێك پێکدێنن وەکو ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ کە هەریەکە و شێوەیەکە بەڵام لە کۆتاییدا لەشی مرۆڤیان لێ پێك دێت.

کۆپلەی یەکەم خەبەرییە؛ وەك ئەوەی بە زمانێکی باڵای ناڕاستەوخۆی شیعریی پێمان بڵێت: مرۆڤ گەر لە هەوڵ و گەڕان و پشکنین و موجازەفە بکەوێت، هەرچەندە بشگاتە ئامانجەکانی ئەوە خاڵی دواییهاتنی ڕۆڵی مرۆڤە لە ژیاندا و ئیدی دەست بە پووکانەوە و سڕینەوە دەکات، ئەم تێڕوانینەش بەردەوامی دەبەخشێ بە جووڵەی ژیان، کەواتە مرۆڤ لە گەڕان و ماندوو بوون و هەڵگەڕان و گومان و پرسیاردا چێژ دەبینێ، ڕەنگە هەر ئەم هۆکارەش بووبێت مەلای خانەگا کچەکەی نەدا بە مەولەوی تا لە چریکە و تلانەوە نەکەوێت و ئەوساش ئەو شاکارانەی بەرهەم نەدەهێنان.

با لە یەکێک لەو وێنە شیعریانە ورد بینەوە و بزانین بونیاتەکەی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە:

گەیشتم بە مەنزڵ، بەڵام چێژی ڕۆیشتنم لێ ون بوو

لێرەدا دەبینین هەم مەنزڵ و هەم ڕۆیشتن دوو زاراوەی فرە لایەنن و ئاماژەیەکی گشتییان هەیە، کە هەرچەندە ئەو بە ڕاناوی کەسی یەکەمی تاك دەستی پێ کردووە، بەڵام سەرکەوتووانە توانیویەتی ئەو زاتە بە کۆ و مەوزوعی بکات و لەو بارەشدا هەموو ئەوانەی بەو دۆخەدا تێپەڕیون یا تێدەپەڕن بۆی هەیە بگەنە ئەو حەقیقەتە و هەمان دۆخی هەستکردن، بە مانەیەکی تر:

گەڕان—->گەیشتن = چەقبەستنX

وەك ڕۆژێکی نوێ لە کۆپلەی دووەمدا بەر شێوازێکی تری دەربڕینی زمان دەکەوین، وەك لە پێشتردا باسمان کرد شاعیر پەنا دەباتە بەر پرسیارکردن بۆ کێشە فەلسەفییەکانی و چاوەڕوانی وەڵامیش ناکات، چونکە ئەو ڕەنگە وەڵامی خۆی پێشوەختە لە ئەندێشەیدا کەڵەکە بووبێت، پاش بینینی کۆتاییەکان و پوکانەوەیان کە گەیشتە ئەوەی بڵێت: (ژیان هەر زێرابێکە و هیچی تر).

مەعریفە: کردنەوەی دەرگای گۆڕانکارییەکانە بە سەر تاک و کۆی کۆمەڵگادا، هەرچەندێکیش شاعیر مەعریفەی بە بوارە جۆراوجۆرەکان هەبێت زیاتر دەتوانێت بیخاتە باری داهێنان لە بەرهەمە شیعریەکانیدا، بگرە لەمە زیاتر ئەو لە کۆپلەی دوودا لە ڕێی پرسیارەوە هانمان دەدات بۆ زانین و ناسینی هەقیقەتی شتەکان؛ وەك چۆن ئەستێرە ئاشنایە بە شەو یان ڕووبار لەمانای هەڵدێر دەزانێت، ئێمەش بەو تێڕوانینەوە دەگەینە وەدەستهێنانی مانای هەماهەنگی و هارمۆنییەت، وەکو ئاشنایەتی کەنار بە شەپۆل، بەکارهێنانی ڕاناوی کەسی یەکەمی کۆ (ئێمە) ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە چۆن لە خودەوە وتاری دەق ئاراستە دەکات بۆ (کۆ)، لە لایەکی ترەوە مرۆڤ چەندێك زانستیی پەرە بستێنێت ئەوەندە زیاتر نزیك دەبێتەوە لە خۆی و دوورتر لە دەوروبەری، بە حوکمی دروستبوونی ئەو بۆشاییەی نێوانیان، لێرەوە ڕەنگە  تووشی تلانەوە و ماخۆلانی زیاتر بێت وەك لە کەسێکی نائاگامەند.

قوتابخانەی ئینتیباعی وای دەبینێت کە ژیان ئینتباع و لێکدانەوەی تێگەشتنی ئێمەیە بۆی، هەروا پەندێکی ئینگلیزیش دەڵێت: جوانی وا لە چاوی تەماشاکاردا، کەواتە شاعیر لە ڕۆژی سێیەمی هەفتەدا یان کۆپلەی سێیەمی شیعرەکەیدا دەیهەوێت شوێنگەی خۆی بدۆزێتەوە لە بووندا، بەڵام نایەت خۆی بەراورد بکات بە فیرعەونەکان، بەڵکو ئەو لە ڕێی ژیربێژیی و مەنتیقەوە دەگاتە ئەوەی هەمیشە لە خوار خۆیەوە چەندان گرۆی دی هەن کە ئەم زۆر گەورە و پاشایە لە چاویاندا، کەواتە (من هەم)ی سارتەر  لێرەدا بە تۆخی بەرجەستە دەبێت، ئەگەر ئەمە خۆ لاواندنەوە و خۆ دڵخۆشکردن بێت لە دیدی هەندێکەوە ئەوا هەمان بیردۆزیش بەسەر دەسەڵاتدارەکانیشدا جێبەجێ دەبێت کە ڕەنگە کەسانی تر هەبن، ئەمان لە چاوی ئەواندا وەك میرۆلـلەیەك ببینرێن، ئیتر بەم کردارە بازنەییە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام دەبێت و لە گەڕی خۆی ناوەستێت.

دوای ئەم سێ تەرحەی پێشوو شاعیر دێتەوە سەرخۆی و دەبینێت چەند تەنیایە چونکە دیدی جیاوازە، چونکە کەسانێك لە کۆمارە یۆتۆپیاکەیدا نابینێتەوە هەڵگری هەمان خاسیەت بن کە ئەو لە مرۆڤدا وەکو جەوهەر دەیانبینێت، ئیدی ئاسایی دەبێت پەنا بۆ خوازەکانی دەوروبەر بەرێت و بە وێنەی شیعریی دەربڕین لەو هەستە بکات کە دەیهەوێت ماناییەکی لێ بسازێنێت، لە کاتێکدا تەنیا ئەوانە لێی تێبگەن کە قووڵ سەرنجی کۆپلەکە دەدەن و لێی ڕادەمێنن، لێرەدایە دەنووسێت:

بەو چرایەی دەستم بە دوای  تاریکی دەگەڕێم،

بەو گیتارە غەمگینەی ڕۆحم ئاوازی خۆشنودی دەژەنم

جێی ئاماژەیە کە کۆکردنەوەی دژەکان لە دێڕە شیعرێکدا هەوڵێکی شاعیرانی جیهانی وەك براتیگان و ئیلیۆت و عەزرا پاوەند و زۆری تر بووە لە پیناو بەدیهێنانی وێنەیەکی ناوازەی خاوەن دەلالەتدا، وەك چۆن شاعیر لە کۆپلەی چواردا شتێك لەو هەوڵەمان نیشان دەدات کە دەنووسێت:

گۆزەی تینووم لێی دەڕژێت،

کاسەی پڕم بەتاڵە

گەر لێرەدا دیقەت بدەین گۆزە کە پڕ لە ئاو بوو چۆن تینوو دەبێت؟ یان کاسەی پڕ چۆن بەتاڵە، ئەمە ئەو گەمە شیعرییەیە کە دەق وەڵامی دەداتەوە لە سیاقی کۆی کۆپلەکاندا، ئەمە ئەو هەقیقەتە تاڵ و پێچەوانەیەی کۆکردنەوەی دژەکانە لەسەر سەکۆی شانۆی ژیان، بە هەموو ڕیتمە ساز و ناسازەکانییەوە، هەمیشە شیعری چێژبەخشیش بەو شیوەیەیە کە ئایدیا تیایدا ڕاستەوخۆ نەگوترێت، بەڵکو لە شوێنیان ڕەگەزەکانی گەردوون دابنرێن و تەوزیف بکرێن، بە زمانێکی ناڕاستەوخۆ کە لە کۆتاییدا بمانگەیەنێتە شاڕێی حەقیقەتە تاڵەکان کە گوتنیان ئازاربەخشە، یان شاعیر دەیهەوێت فۆرمێکی نوێ بدۆزیتەوە لە گوتنی ئەو حەقیقەتە سواوانەی بەو شێوەیە کەس گوێی بۆ ڕانەدێران، وەك چۆن جارانێکیش ترس فاکتەرێکی دییە لە نووسینی ئەو ستایڵە لە شیعر بۆ دوورکەتنەوە لە ئازاربەرکەوتن، هەرواش لای هەندێکی تر ستایڵێکی ئەفراندنە کە پێنووس هەوڵی تاودانی ئەسپی خۆی تێدا دەدات.

ڕەنگە تاجی پاشاکانمان زریانێکی بێ ئاراستە، یان قەلێکی بێ هێلانە ڕفاندبێتی

ئێمە لێقەوماوێکین تەنیا مەرگ بە هانامانەوە دێت

بۆ پێم ناڵێن، ئەو سەرشۆڕییە چییە لەسەر لوتکەی سەردەم؟

ئەو بێ ئاگاییە لە بڵندگۆی هۆشیاریدا، لە منارەی بێداریدا؟

ئەم هاوارە سەدای قوڕگێکی پڕ گریان و دڵێکی پڕ جۆش و خرۆش و هزرێکی پڕ تێگەیشتنە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی ئێمە کێین؟ پێویستمان بەو سیفاتانە هەیە، ئەگینا ناتوانین تێبگەین و حەق بدەین بە مێژوو و ئێستا و داهاتوو و لەم پاشاگەردانییەدا ڕێ بکەین، مەگەر ئێمە کەسانێکی بێ خاوەن نین؟ هەر چیاکان هاوڕێمان نین؟ میللەتێکی چەندان ملیۆنی بە چ ئاراستەیەکدا دەبرێت؟ مەگەر شاعیر بە هەورە بەرزەکانی نەگوت: تا خاکێکی تینو هەبێت نەکەن بەسەر دەریادا داببارێن! ئەگەر ئەم یاسایە پەیڕەو نەکەن نامناسنەوە، یاسای پێشخستنی هەژار و نەدار و خاوەن ئاتاجەکان نەك بێ ئیحتیاجەکان، چونکە کۆمەڵگا بەوانەوە هەیەو جوانە، سەرکەوتنمان لە ژیانی پڕ کەرامەتی هەژارەکان دایە. لە بەدەنگەوەچوونی داواو پێداویستییەکانیان دایە نەك چەوساندنەوە و بە کۆیلەکردنیان، من کە وەك تۆ بیر ناکەمەوە بە دوژمن سەیرم مەکە، گەر شیعرێك دەنووسم بە دڵت نییە دژم مەجەنگێ، گەر ڕەخنە قبوڵ ناکەیت و بە کەمیی بزانیت ئەوا قەد چاوەڕوانی ئەوە مەکە ببیتە خاوەنی خود و لە ناواخندا گۆڕانکاریدا بەسەردا بێت، بەرەنجام شاعیر گوتەنی هەر دەبێ بێ تاج دانیشی، بە دوای قەلە ڕەشەکاندا وێڵ بیت بزانیت لای کامیانە.

قەیران لەوێوە سەرهەڵدەدات کە بڵندگۆ و منارە کە جێی زانست و هوشیارکردنەوە بێت کڕدرابێت و لە ڕۆڵەکەی خۆی خاڵی کرابێتەوە، هەرچەندە مەحوی پێمان دەڵێت: کە بەدمەستی بکا ئەهلی خراپەی بۆ چی لێدەگرم، بەڵام کە ئەهلی زانین بەدمەستی بکات، ئیدی چۆن شاعیر یەئس و بێهیوایی هاوتای کامۆ ڕووی تێ ناکات؟ بەو رادەیەی لە ڕەشایی و ئازار و نەهامەتی و بێهیوایدا هیوا ببینێتەوە. هەرواشە؛ کەسی بێ هیوا ئەم شیعرە نانووسێت و ئەو سەفەرە پڕ وردەکاری و مەعریفی و ئیستاتیکایەمان پێ ناکات بە واقیعێکی پڕ دڕك و داڵ و قەیران و کێشەدا نامانبات تا بێینەوە سەر خۆو خۆمان باشتر بناسین و پێگەی خۆمان بزانین.

٤- بەرەنجام:

دەقی باش بەوە جیا دەکرێتەوە بە زمانێکی جیاوازو تایبەت بنووسرێتەوە، ڕەنگدانەوەی خودی شاعیرەکەی بێت، پڕ لە مەعریفە و ئەزموون و جیاوازیی لە کەرەسەو دنیابینی و تەرح و وێنە شیعرییەکانیدا کە ڕەگەزی میتافۆڕ تێیدا هۆکارێکی کاریگەر بێت لە دەربڕیندا، کە شاعیر تا بتوانێت ئابووری بکات لە بەکارهێنانی وشەدا، دەوڵەمدنترین وشە و دەستەواژە و جوانترینیان و کورترینیان هەڵبژێرێت بۆ گەشتنە زۆرترین مانا و قووڵترینیان، ئەگەر بە یەك وشە مانا ببەخشێت دووەم زیاد دەبێت و بەم شێوەیە..

بۆ نموونە گەر سەرنج لەدەقی (کەشتی مەست) ی ئارسەر ڕامبۆ بدەین، دەبینین چەند دەستەواژەیەکی تێدا بەکارهێناوە وەك:  فلۆریدە سەیرەکان: دورگەی سەیر، هانس: کۆمەڵەی شارە ئەلمانییە بازرگانەکان کەشتییەکانییان دەپاراست لە چەتە دەریاییە بەڵتیکییەکان، ئەسپی دەریا: وەرگیراو لە سفری ئەیوب، بەلەمی پەموو: بەکارهاتوو لە گواستنەوەدا لە کەناڵی مارش، زیندانی کەشتی: کە لەقاتی بنی کەشتییەکاندا وەك زیندان بەکار دەهات…تاد

شاعیر وەك چۆن بە ئەزموونی مەعریفەیەکی کردەیی و تیۆریدا تێپەڕیوە لە ڕێی بینین و خوێندنەوەوە، ئاوهاش خوێنەر مەجبوور دەکات بگەڕێت بە دوای مانای ئەو زاراوانەدا کە بەکاری هێناون گەر بیەوێت لێیان تێبگات، کەواتە چەندێك شاعیر دەوڵەمەند بێت لەم دوو ڕووەوە هێندە دەتوانێت تازەگەریی بکات و خۆی نوێ بکاتەوە، جونکە ئەوانە کەرەسەی چنینی ئەو نەخشە جوانەن کە پێی دەگوترێت دەقی ڕەسەن و باش. مەخابن ئەمڕۆ جۆرە شاعیرێك پەیدابوون شیعری کەس ناخوێننەوە و کاریان هەر نووسینی ڕۆژانەی شیعرە، ئیتر نازانین لەچ سەرچاوەیەکەوە بازی خەیاڵیان هەڵدەفڕێت و لەسەر چ کەلاکێك دەنیشێتەوە تا بیکایت بە کەرەسەو هەوێنی شیعری؟

خۆ کۆی تەمەنی شیعریی لای ڕامبۆ هەر پێج ساڵ بوو لە پانزە ساڵییەوە تا بیست ساڵی، بەڵام ببینن چ کاریگەرییەکی بەرپاکردووە لە دنیای شیعردا تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، ئەو نزیکەی ١٠٠ لاپەڕەی شیعری لە ماوەی پێنج ساڵی تەمەنیدا نووسی، بەڵام شێوازی ناوازەی نووسینی کاریگەری لەسەر قوتابخانەی سیمبولیزم، برناسی، پەخشانە شیعر جێهێشت، جۆر و چۆنییەتی گرنگترە لە چەندێتی… رامبۆ هەموو کتێبەکانی کتێبخانەی قوتابخانەکانی خوێندبووەوە کە هێشتا هەرزەکار بوو، فەرهەنگی زمانەکانی روسی و ئینگلیزی و عەرەبی دەخوێندەوە هێشتا مێردمناڵێك بوو، بە ڕاستی شیعر بە تەمبەڵی نانووسرێت، دەبێت خاوەنەکەی خاوەنی گیانێکی سرک  بێت و کانگایەك بێت لە مەعریفە و ڕۆشنبیریی، من قسەم لە ئارەزوومەندەکان نییە یا ئەوانەی هەوای ناخیان بە با دەکەن بە شیعر نووسین، بەس دڵنیام شەیدایان و عاشقانی دەقی باش لە هەموو دەور و زەمەنێکدا هەن کە وەك چۆن لای خاوەن کۆتر، کۆتری ڕەسەن دەناسرێتەوە تەنانەت نرخی ئەو پەلەوەرە دەگاتە دەفتەرە دۆلارێك، ئاوهاش شەیدایانی شیعری ڕەسەن بە دوای دەقی ناوازەوە وێڵن و سوکنایی دڵ و چێژی ڕاستەقینەی خوێدنەوەی شیعریان پێ دەبەخشێت.. رامبۆ لە کۆپلەیەکی (کەشتی مەست)دا دەنووسێت:

ئێستا من کەشتییەکی ون بوو لە ناو پژوباڵی

ئەشکەوتەکانا

باوبۆران منی هاویشتووەتە ناو بایەکی بێ باڵندە

من ئەو لاشە بە ئاو مەستەم

کە مۆنیتۆرەکان و بەلەمە باگەڕدارەکانی

هانسیاتیك نەیاندەتوانی ڕزگارم بکەن

**

من کە ڕۆژانیك لە ژاکاوی تۆدا مەلەم دەکرد

ئای شەپۆلەکان، چیتر ناتوانم نەشوێنەواری بەلەمە پەموو هەڵگرەکان بسڕمەوە

نە بەناو شانازی ئاڵاو مەشخەڵەکان تێپەڕ ببم

نە لە ژێر چاوە نەگریسەکانی زیندانی کەشتییەکاندا مەلە بکەم.

ژێدەرو سەرچاوە:

  1. The Use of Poetry & The Use of Criticism, T.S.Elliot,2nd Edition.
  2. Ronald Barthes, Criticism & Truth, translated and edited by: Catrine Pilcher Kueneman.
  3. Philosophy and Poetry, Edited   by Banjan Ghosh, Columbia University press.
  4. آرتور رامبو، الآثار الشعرية، ترجمة واعداد: كاظم جهاد. منشورات الجمل.
  5. ماڵپەڕیی شیعریی (تەم) شیعری دابڕان – کاروان حاجی٩/٢/٢٠٢٤   شیعری پەشیمانی- بڵند باجەلان ٢٥/٣/٢٠٢٣.

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.