هه‌ندرێن
١
بنوسه، پیری دڵم ئه‌مری كرد
له ئیبتداوه كه به‌یتێ موناسبی دیوان…
گهدایهكی وه‌كو (مه‌حوی)، قه‌له‌نده‌رێكی كورد
میسالی پادشه‌هی فورسه ساحێبی دیوان
به‌ڵام ره‌نگه پرسیار بكه‌ین، كه باسی زمان‌و فیكر ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به كورد، بۆ من به شیعر، یان بۆ شیعری كوردیم كرده خاكی ئه‌م باسه؟ هه‌موو ده‌زانین كوردێكی زۆر ده‌ڵێن، شیعر فیكر به‌رهه‌م ناهێنێ. دیاره من ده‌ڵێم زمان سهرچاوهكانو خاكی هزر و مه‌عریفه‌یه، بۆیه گه‌ڕامه‌وه ماڵی شیعر. به‌تایبه‌تی زمانی كوردی، كه بێ شیعر، ناكرێ باسی لێوه بكرێ.
هه‌وڵی من له‌م نووسینه‌دا ئه‌وه‌یه: ئه‌و چاوگه و خاكه‌ی كه ده‌بێته به‌رهه‌مهێنانی هزر له كوێیه؟ چۆن ده‌كرێ په‌یوه‌ندییه دۆستایهتییهكانی نێوان فه‌لسه‌فه و شیعر ئاشت بكه‌ینه‌وه، كه له جیهانی نووسینی كوردیدا، ئه‌م لێكجیابوونهوهیەی فه‌لسه‌فه و شیعره كراوه به ئاستێكی لاسایكردنه‌وه؟ بۆ ئه‌وه‌ی بوونی كورد یاد بكه‌ینه‌وه، كه له شیعردا جێ‌نشین و ئاوه‌ڵایه، كام ره‌هه‌ند و خوێندنه‌وه‌یه‌ك ده‌توانێ زمانی شیعری ئێمه بیهزرێنێو له ئێستادا ئاماده‌مان بكات؟
مادام بوونی كوردی به شیعر خۆی پیشانده‌داو ده‌په‌یڤێ، كه‌واته ماڵی بوونی كورد له سه‌ر خاكی شیعردا روخساری خۆی پیشانده‌دا. بۆیه به ئاوه‌ڵاكردنی زمان میوانی دهبینو شكۆمه‌ندی راده‌گه‌یه‌نین.
كه‌واته، مه‌حوی به كوردی ده‌نووسی تا پایه‌كان، خواستی باڵاده‌ستی زمان‌و بوونی خۆی/ كورد ئاماده بكات. (قه‌له‌نده‌رێكی)،(كورد)، لێره‌دا مه‌حوی به‌م زمانه به هۆشو ئاگایی تاكی كورد، كۆی كوردی له جه‌سته‌ی ئه‌م شیعره‌دا ده‌چنێته‌وه. ئه‌م دێرانه له گوتنه ده‌ره‌كیه‌كانیدا ساده‌یی روخسار ده‌نوێنن، وه‌لێ له وشه‌ی دووه‌مدا وێنه‌یه‌كی پیریی ده‌خزێته ساكاری دۆخی خوێندنه‌وه‌مان. كه‌چی له هیكڕا (پیری دڵم( وامان لێده‌كا “پیرانه” بفكرین. لـێ شێوه‌ی پیری و كه‌نه‌فتی جه‌سته و دۆشدامانی رۆحی ئه‌و ناگه‌یه‌نێ، به‌ڵكه ناوهكییهكی خه‌مڵیوی فرهژاوی زمانی شاعیرمان ده‌نوێنێ. به‌ر له‌م ساته‌ی كه ئێمه ده‌مانه‌وێ باسی جیاوازی بكه‌ین، ئه‌و شاعیره “قه‌له‌نده‌ره” دیدی ”جیاوازی” به‌رانبه‌ر “ئه‌ویتر”، كه “پادشه‌هی فورسه” راده‌گه‌ینێ. دواجار “دیوان”ه‌كه‌ی ره‌هه‌ندی هه‌بوونی ئه‌م “جیاوازییه”، كه بوونایه‌تی خوده به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه.
لێره‌دا، تێڕامانی مه‌حوی به “دیوان”ه‌كه‌ی ده‌ته‌قێته‌وه، كه ده‌بێ وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی بوون یان گوتاری “جیاواز”ی ناسنامه قبووڵی بكه‌ین‌و بیخوێنینه‌وه. گوتنی “دیوان” میوانی ئه‌م ماڵه‌مان ده‌كا، كه ماڵی جیاوازی كورده. ئه‌م ”ماڵه” روخساره ناوه‌كییه‌كه‌ی تری ئاڕاسته‌كانی په‌یامی شیعره‌كه‌یه، كه ئێمه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات، به واتایه‌كی تر، رامانێكی ئاگایمان تێدا ده‌بزوێنێ، نه‌ك هه‌ستكردنێكی راگوزه‌ری. ئه‌فراندنی ئه‌م “جیاوازی”یه له ئاستی “دیوان”دا، دوای به‌رانبه‌ر “پادشه‌هی فورس” به دانانی بوونایه‌تی “سساحیبی دیوان”، كتوپڕ ئاگاییمان ده‌ته‌نێته‌وه و گوتاری ئه‌م “جیاوازی”یه راده‌گه‌ینێ. ئه‌م پێویستێتی بوونی “جیاوازی”یه یه‌كێكه له مهرامو ویسته‌كانی جه‌وهه‌ری بوونێتییهكی دیاریكراو، تاوه‌كو زمانی كوردی له ئاگایی خۆی بئاخڤێ. ئه‌و كاته‌ی بوونایه‌تی جیاوازی “قه‌له‌نده‌رێكی كورد “، كه لای مه‌حوی ره‌نگه دهستهواییهك بێ بۆ ناسینه‌وه‌و هاوێركردنی بوونی كورد به‌رانبه‌ر “ئه‌ویتر”، خۆی ئاوه‌ڵا كرد‌و راگه‌یاند، وێجا ئێمه له‌سه‌ر خاكێكی تایبهتو ماڵێكی جیاواز رووبه‌ڕووی دیمانه‌ی كوردی ده‌بینه‌وه. دواجار هزری كوردی له ئاستێكی باڵاكردوودا رووده‌چێته ناو پرسیاری ئاماده‌بوونمان له‌و جیهانه‌دا. به‌مه‌ش ئاگایی بیر ده‌ئافرێنێ. ئه‌وه‌تا مه‌حوی دواجار كه بووه) سساحێبی دیوان (،ئه‌و كات ئه‌م (قه‌له‌نده‌ر)ه هزری خۆی و شكۆمه‌ندی زمانه‌كه‌ی له‌م چوار دێره‌دا به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه، كه چڕترین ئاستی به‌كارهێنانی زمانی كوردییه له پرۆسه‌ی ئاوهڵابوونیدا، با گوێ بگرین:
هه‌ر گفتوگۆمه، كه‌چی هه‌ر ئه‌ڵێم و تێ ناگه‌م
هه‌ر جوست و جۆمه، كه‌چی هه‌ر ئه‌ڕۆم و پێ ناگه‌م
چاوم رواو گۆشه‌ی ئه‌و ئهبرووهم نه‌دی
دڵ بوو به به‌حری عولومو له ئهلف و بێ ناگه‌م
لێره‌دا گومانی مه‌حوی، گومانی بوونی خۆی نییه، وه‌ك بوونێكی كوردی، به‌ڵكو گومانی سنووره‌كان‌و پانتاییه‌كانی زانین‌و هزره. به‌مه ده‌بینین (قه‌له‌نده‌رێكی) كورد به‌ر له سه‌د ساڵ زیاتر، گومانه‌كانی ئه‌م هه‌بوونه پرسیارچنه له جه‌سته‌ی چامه‌كه‌یدا به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه. دواجار بۆ كردنه‌وه‌ی ئاسۆییهكانو پرسیاركردن له زمانی كوردی‌و تامكردنی ئاسته‌كانی، ده‌بێ ئاماژه به بوونی نالی بكه‌ین. تا بزانین له‌م ماڵی كوردییه‌دا چۆن مه‌سه‌له‌ی هزر و گرنكی تێڕامان له زمانی نووسین به‌رجه‌سته كراوه‌ته‌وه.
٢
با نالی بخوێنینه‌وه تا بزانین چۆن باسی زمانی كوردی ده‌كا:
ته‌بعی شه‌ككه‌ر باری من كوردی ئه‌گه‌ر ئینشا ده‌كا
ئیمتحانی خۆیه مهقسسودی له (عمدا) وا ده‌كا
دواتر نالی به‌رزتر زمان ده‌دوینێ و ئاوەڵای دەكاته‌وه:
كه‌س به ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ كوردییه خۆ كردییه
هه‌ركه‌سێ نادان نه‌بێ خۆی تالیبی مه‌عنا ده‌كا
دواجار شاعیر تێگه‌یشتنی خۆی له شیعراندندا له دوو دێردا چر ده‌كاته‌وه.:
نالی، نیه‌تی سیحری به‌یان، حیكمه‌تی شیعره
ئه‌مما نیه‌تی قووه‌تی دڵ، قووه‌تی ئینشا
نالی هه‌وڵیداوه مانا‌و هزر و به‌رهه‌م بێنێ، نه‌ك لاساییو لاواندانهوه و وشه‌ی جوان‌و…تاد، كه ئه‌مڕۆ شیعری كوردی‌و خوێنه‌ری كوردی ده‌یكه‌ن. نالی گومانی له هه‌ژاری زمانی كوردی نییه، بۆیه به‌رزه فڕ نییه، چونكه بۆ نالی خودی زانیاری، زمانی كوردییه. ویستی نالی جێ‌نشین كردنی ئارامی بوونایه‌تی كوردییه له جه‌سته‌ی زمانی كوردیدا .ئه‌م جه‌سته‌یه‌ش جۆره “جیاوازی”یه كه ئه‌و تیادا دهژیو وای لێ ده‌كا بیربكاته‌وه.
له جه‌م نالی له كۆپله‌ی یه‌كه‌مدا قزگهی ئه‌م پێویستایهتی بیركرنه‌وه به زمانی كوردی كرداره‌كه‌ی خۆی راده‌گه‌ینێ. به پێچه‌وانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی خه‌مخۆرانی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌رس و فاتح و محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم، هه‌ڵبژاردنی زمانی كوردی لای نالی ناچاری نییه، كه به‌س ئه‌م زمانه ده‌زانێ، به‌ڵكه ئه‌وه هه‌ڵبژاردنێكی “مهقسسوده”، وه‌ك خودی نالی له دێری دووه‌مدا به ئاماژه‌ی خودی زمان وریامان ده‌كاته‌وه. گوێگرتن له زمان له زرینگانهوی وشهكانو داوه‌ته‌كانی روخساری “شه‌ككه‌ر باری” خود، ویستی نووسین‌و گوتن ده‌كاته كرده‌ی بیركردنه‌وه له بوونایه‌تی نالی. ئاپۆڕه‌ی وشه‌كان له كۆپله‌ی یه‌كه‌مدا زایه‌ڵه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی راگه‌یاندنی ماهیه‌تی مانا‌و ئاماده‌بوونی هه‌بوونایه‌تی به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه. گه‌لۆ ئه‌م كۆتایی هێنانانه به كرده‌ی “وا ده‌كا”، چیمان پێ ده‌ڵێ؟ ئاخۆ ئه‌م “وا ده‌كا”یه كرداریكی به‌رده‌وامی سرك و بزواوی له خۆڕا بێ، یان تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی پێشینه‌ی ناخی كه‌سێكی به ئاگای كوردی؟ چرپه‌ی شیعره‌كه به “تهبعیكی شه‌ككه‌ر ”و كلیلی كۆتایی به كرده‌یه‌كی ئاماده بوونی “وا ده‌كا” ئاسۆیه‌ك له زمانی كوردی ئاوه‌ڵا ده‌كاته‌وه.
كۆپله‌ی دووه‌می شیعره‌كه، كه ده‌بێ وه‌ك بزوانێكی چڕ و یه‌كگرتوو سه‌رنجی بده‌ین، جه‌خت له‌سه‌ر راستی واتا یان هزراندن ده‌كاته‌وه. كه ئاگایی هه‌بوونی بوونایه‌تی، ویستی هزره ده‌بێته جولانی كرده و فراژانی جیاوازی گوتاری خود له به‌رانبه‌ر جیاوازی ئه‌ویتردا.
هاوكات نالی له‌وێوه به راگه‌یاندنی ئه‌وه‌ی كه شیعر هه‌ڵگری بوونایه‌تی ئه‌وه، یان شیعر به خۆی خاكی واتایه، به‌وه به‌هایه‌كی راستینه وه‌ك به‌های بوونایه‌تی ده‌به‌خشێته شیعر، كه ئه‌مڕۆ نووسه‌ره تازه‌كانمان زمانی كوردیان به كردار و ئاوه‌ڵناو ئامرازاندنی زمان چه‌كدار كردووه. كه‌چی نالی ئه‌م هزراندنهی شیعر یان داوا كردنه‌ی واتا، له ناخی كات ده‌نووسێته‌وه. به‌مه‌ش كاتی بیركردنه‌وه‌ی كوردی واتادار ده‌كات. لێره‌وه نالی جه‌وهه‌ر و كانگای واتاكانی دیاریكردنی واتای شیعره، نه‌ك رێگه‌یه‌ك بۆگهرانهوی نۆستالگیا له بوونی كوردیدا.
ئه‌وه‌تا واتا له كۆپله‌ی سێیه‌مدا ره‌هه‌ندیكی “پیرۆز” وه‌رده‌گرێ. لێره‌دا پیرۆزییه‌كه‌ی نالی پیرۆزییه‌كی “حیكمه‌ت”انه‌ی شیعرییه، نه‌ك ئایینی. نالی له كرده‌ی بزوانی ئه‌م دوو دێره‌دا، كه له ئیجازیهتی بیركردنه‌وه‌ی خودی زمانی نالی ده‌چێ، دیمه‌نێكی سهرابییانه ده‌خاته ناو زه‌ینمان، كه نهشوهو چهشهیهكی “پیرۆزانه”به یاده‌وه‌ری بوونمان ده‌به‌خشێ. ئه‌وه‌ی جوانیشه له‌م دوو دێره‌دا، شیعراندنی سه‌رچاوه‌ی بیرۆكه ئاینیهكهیه، شكۆداركردنی توانستی گه‌مه‌كانی شیعره. وه‌لێ له كرده‌ی شیعراندنهكهدا ره‌هه‌نده‌كه ده‌بێته سیحریهتی واتای شیعری و هێزی دڵ. ئه‌م هێزی دڵه، مالی حیكمه‌تی شیعره. بۆیه (سیحریهتی به‌یان) پیرۆزیه‌تی بوونمان ده‌نوێنێ. گه‌ر واتای بوون‌و بوونی واتا نه‌بووایه، ئایین چ پێویستییه‌كی به پیرۆزی ده‌بوو؟
لێره‌دا گوماناكان له هزراندنی شیعر و جوداكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی هزر و شیعر به‌رده‌وامی ئه‌م گفتوگۆیه‌یه له نێوان جیاوازییه‌كاندا، كه هه‌ر ئه‌مه‌شه وام لێ ده‌كا له‌گه‌ڵ نووسیندا فراوانتر بپه‌یڤم.
٣
هه‌ڵبه‌ت له رۆژئاوادا، كه سه‌رچاوه‌ی ئه‌م گومان كردن و گومانبڕكردنهی ئه‌م بیرۆكه‌ن، كه هه‌ر له ئه‌فلاتونه‌وه تا ده‌گاته ئه‌مڕۆ، ماوه‌یه‌ك شیعریان له فیكر دوورخستۆته‌وه و ماوه‌یه‌كیش نزیك.
ئه‌مه‌ش كێشه‌ی ئه‌و روانگه هزریانای ئه‌وروپا بووه سه‌باره‌ت به تیروانین له نیوان ئهقڵو هه‌ستدا، كه ئه‌مه‌ی كردۆته پرسیاریكی بی ئاكام له لای ئیمه‌دا. به‌كورتی كێشه‌كه ئه‌وه‌یه: فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك پلاتۆن پێی وایه شیعر لاسایی فه‌نتازییه و جوانی به‌رهه‌مدێنێ، بۆیه زانین به مێشك نادات.
به‌ڵام من پێم وایه شیعر بۆ فه‌لسه‌فه دهچرپێنێو فه‌لسه‌فه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م چرپه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێ، یان راڤه‌ی ده‌كا. وه‌لێ به تێگه‌یشتنی ئیمه بۆ میژوو، زه‌مه‌نی شیعر به‌ر له‌دایكبوونی هزر و فه‌لسه‌فه و ئایینه‌كان بووه. شیعر به‌ر له‌وه‌ی له ماڵی فه‌لسه‌فه بكرێت، به چرپه فه‌لسه‌فییه‌كانی و به چڕكردنه‌وه‌ی ئاوازه‌كانی خۆی له‌ناو ئاماژه‌ی شته‌كانی گه‌ردوون ده‌كرده زایه‌ڵه و هه‌بوونی به‌رجه‌سته ده‌كرده‌وه. بۆیه شیعر هه‌میشه خاكیكه بۆ فه‌لسه‌فه، تاكو كه‌ره‌سه خاوهكانیو وزه‌كه‌ی لێوه‌ربگرێ، هاوكات ئه‌و پرسیارانه‌ی كه فه‌لسه‌فه پێیانه‌وه سه‌رقاڵه، بوون، خوا، ئیتیك، مه‌رگ، راستی…تاد، هه‌میشه جۆریك له مانا و رههندی شیعرییه‌تی ده‌نوینن. له‌م رونگهوا ره‌وا نییه ئه‌م دۆستایه‌تییه دێرینه‌یه‌ی نیوان شیعر و فه‌لسه‌فه فه‌رامۆش بكه‌ین.
به گومانكردنی شیعر له‌وه‌ی كه هزر به‌رهه‌م ناهێنێ، لای نیتشه وێڕای شیعریه‌تی خۆی، ده‌بێته كێشه‌ی (راستی)و نه‌توانینی له تێكشكاندنی نه‌ریته‌كان و پڕنسیپه چه‌قیوه‌كان، یان به واتای نیتشه‌یی شیعر ناتوانێ (ههڵسهنگاوهكان هه‌ڵسه‌نگێنێته‌وه). به‌كورتی ئه‌وه‌بوو سه‌باره‌ت به شیعر و مه‌سه‌له‌ی فیكر.
٤
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه تائێستاش له دنیای فه‌لسه‌فه‌دا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێ، فیكری مارتین هایدگه‌ره، كه به‌گشتی خودی هایدگه‌ر و ئه‌وانه‌ی كه قسه‌شی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن به (وهچهرخانهوه- تێهه‌ڵچوونه‌وه) ناوی ده‌به‌ن. بۆیه ده‌خوازێ كه‌مێك زیاتر له‌سه‌ر هایدگه‌ر بوه‌ستین.
هایدگه‌ر به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فه‌لسه‌فه‌ی ئهنالیتیك، یان لۆژیكی، ده‌توانین بڵێین بوون، زمان‌و شیعر وه‌ك جومگه‌ی بوون ده‌كاته خاكی فه‌لسه‌فه. هه‌ر هه‌موو كتێبه‌كانی هایدگه‌ر هه‌ر له كتێبه دوو به‌رگییه ناسراوه‌كه‌ی (بوون‌و كات)ه‌وه تا )نامه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ هومانیزم(، به‌ناو په‌یوه‌ندییه رۆحییه‌كانی بوون‌و زمان‌و شیعر قووڵ ده‌بێته‌وه.
هایدگه‌ر سێ شاعیری ئه‌ڵمانی ده‌كاته خاكی قسه‌كردنی له‌سه‌ر بوون‌و هه‌بوون، ئه‌مانیش: هۆڵدرلین، تراكلو ریلكا، بوون. به‌كورتی به خوێندنه‌وه‌كانی شیعری ئه‌مانه هایدگه‌ر راده‌گه‌یه‌نی: به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به هۆڵدرلین كه یاده‌وه‌ری زمان‌و فیكر و بوونی ئه‌ڵمانییه.
بیركردنه‌وه‌ی هایدگه‌ر و شێوه شیعریانه‌ی زمانی‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی شیعر، وای له فه‌یله‌سوفه‌كانی لۆژیك-ئهنالیتك كرد بڵێین، فیكری هایدگه‌ر هیچ شتێكی زیادی نه‌خستۆته سه‌ر فه‌لسه‌فه. به‌ڵام وه‌ڵامی هایدگه‌ر ته‌نیا ئه‌وه‌بوو بڵێ: (فه‌یله‌سوفی گه‌وره له شاعیر نزیك ده‌بێته‌وه).
به‌هه‌رحاڵ، مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كی هایدگه‌ر، كێشه‌ی (ئه‌مدیو) بوو، كه پێی وابوو، كه سه‌ره‌تایه. یان به‌كورتی: ئه‌و پهنهانییهیه كه فیكر چیتر ناتوانێ بیری لـێ بكاته‌وه، یان فه‌رامۆشی كردووه. “ئه‌مدیو” لای هایدگه‌ر كێشه‌ی “یاده‌وه‌رییه”، كه هزر ده‌ستبه‌رداری بووه. ئه‌وه‌ی كه “یاده‌وه‌ری” زیندوو ده‌كاته‌وه و ئاماده‌ی ده‌كا له جه‌سته‌ی بوونایه‌تی ئه‌وه شیعره، كه لای هایدگه‌ر هۆلدرلینی شاعیره كه هه‌ڵگری یاده‌وه‌ریی ئه‌ڵمانییه.
ئه‌م یاده‌وه‌رییه له‌ناو رۆحی زماندا جێنشینه، یان “ماڵی بوونه”. دواجار، ئه‌م روانگه‌ی زمان، بوون، شیعر… ده‌بێته چه‌قی بیركردنه‌وه‌ی هایدگه‌ر، كه تا چوونی بۆ ماڵی مه‌رگ، ساڵی ١٩٧٥، كتێب له دوای كتێبی له‌سه‌ر نووسی، هه‌روه‌ك بیه‌وێت به ئاپۆڕه‌ی وشهكانو كتێبه‌كانی ماڵێك به ویستی خۆی بۆ ئه‌م “بوونایه‌تی”ه هه‌ڵچنێ. له راستیدا ئه‌م داڕشتنه: “زمان ماڵی بوونه”، بۆ خوێنه‌رانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی فه‌لسه‌فه، داڕشتنیكی ورووژێنه‌رانه و نیگه‌رانكار بوو. ئه‌مه‌ش وایكرد هزرڤانو نووسه‌ران چه‌ندان خویندنه‌وه و راڤه‌ی جیاواز به‌رهه‌م بینین.
به‌ڵام خودی هایدگه‌ر به نووسینه زمان شیعرییه‌كانی هه‌وڵیدا ئه‌م ورووژان و نیگه‌رانییه‌مان بۆ بكات به ته‌رزێك، ره‌هه‌ندێك له بیركردنه‌وه (هزراندن)، گرینگی زمان لای هایدگه‌ر له كرده‌ی به‌ناوكردنی “شته‌كان” به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. واتا ئه‌وه زمانه كه ناو به‌خشی خوا، مرۆڤ‌و دیارده‌كانی ژیانه.
هایدگه‌ر له وتاری ” ELANGUAG TO WAY ETH دا به‌مجۆره زمان شیده‌كاته‌وه:ّ_Urdichtning زمانی هۆنراوه، كه زایه‌ڵه‌ی بهدهنگییه،_ Ursprache زمانی په‌تی، كه زمانی قسه كردنه. دواتر له به‌رده‌وامبوونی ئه‌م ده‌ربڕینه‌دا بهمجۆرا جه‌خت له‌سار زمان ده‌كا: “ئاخاوتنی زمان، ده‌ربڕین نییه، به‌ڵكو له خودی خۆیدا راستییه‌كه. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه كه ئێمه نكۆڵی له‌وه ده‌كه‌ین كه زمان موڵكی مرۆڤ نییه. زمان قسه ده‌كا تاوه‌كو كۆی خود كۆبكاته‌وه و بوون زایه‌ڵه‌ی هه‌بێ.”
به‌ڵام هایدگه‌ر ئه‌م تێڕوانینه‌ی ئاوه‌ڵاتر ده‌كاته‌وه: “بوونی مرۆڤ، هه‌بوونی مێژووه. وه‌ك كات یه‌ك واتایان هه‌یه. بوونایهتیو مێژوو هاوتای یه‌كن. واتا كه گفتوگۆ رووده‌دا و دێته ئاراوه ئه‌وه خوایهكانیش دێنه‌گۆ، به‌مه جیهانێك سه‌رهه‌ڵده‌دا.”
له‌م روانگه‌ی هایدگه‌ره‌وه قه‌ده‌ری بوونی مرۆڤ به بوون‌و نه‌بوونی زمان گرێدراوه. په‌یدابوونی ئاده‌میزاد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ویستی قسه‌كردنی مرۆڤ و كرده‌ی بیركردنه‌وه‌ی. لێره‌دا خوایهكان به‌ر، یان دوای مرۆڤ ئاخڤیون، جه‌وهه‌ری زمان ناگۆڕن. ئه‌وه‌ی كه گرینگه، فۆرم گرتنی جیهانه له قسه‌كردنی زماندا. ئه‌و ده‌مه‌ی زمان به جوڵه كه‌وت هاوده‌م بینایی ئێمه، یان چاوی بوون به دیمانه‌ی جیهانێك شكۆمه‌ند ده‌بێ. ئیتر له‌وێشه‌وه مێژوو و كات سه‌ره‌تاکه‌ی نه‌بوون به‌جێدێڵین و رۆشنایی رووگه‌ی ئاراسته‌یه‌ك‌و ئاسۆیه‌ك به‌دیار ده‌كه‌وێ.
لێره‌وه هزری هایدگه‌ر خاكێكی تایبه‌ت بۆ جیهانی فه‌لسه‌فه‌ی داهاتوو به‌رهه‌مدێنێ. یه‌كێك له‌و هزرڤانانهی كه به‌رده‌وامیه‌ت به‌م هزره ده‌دا و ئاسۆیه‌كی تری پێده‌به‌خشێ، ژاك دێریدای فه‌ڕه‌نسیه، كه له خه‌مڵینی دیكۆنسترهكشنهكهی- بنه‌ما شكپنی ده‌نگ ناسراوه.
٥
لێره‌دا حه‌ز ده‌كه‌م كه‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه لای دێریدا. دێریدا له كتێبی (دهنگو دیارده‌كان)و (نووسین‌و جیاوازی) و )گراماتۆلۆگی)دا، باسی ئاماژه‌ی جیاوازیه‌كانی زمان ده‌كا. له‌وێدا دێریدا جه‌خت له‌سه‌ر رۆڵی ده‌نگ ده‌كا وه‌ك ماناههڵگرێك، بۆئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پلاتۆن و تا ئێستا. دیریدا ده‌گه‌ڕێته‌وه لای ئه‌رستۆ كه پێمان ده‌ڵێ، وشه‌ی گوتراو سومبوولی مێشكه و وشه‌ی نووسراویش سومبله بۆ وشه‌ی نووسراو.
به‌پێی راڤه‌ی دێریدا ئاماده‌یی بیرۆكه له شت‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، لای دێكارت له سوبێكتی ئاماده له‌گه‌ڵ خۆیداو له دیارده‌ناسیدا، له بینین‌دا ده‌بینرێ. له ئه‌نجامدا له روانگه‌ی دێریداوه گوتن ده‌بێته زمانێكی ته‌واو، هاوكاتیش نووسین ده‌بێته دامه‌زراندن یان ناسنامه‌ی زمان.
بۆیه زمان گه‌ر هه‌ر قسه‌كردن بێ، ئه‌وه هێشتا نه‌گه‌یشتۆته ئاستی خه‌مڵێن. لیره‌وه پێویسته زمانی كوردی كه نووسینی كوردی‌و دیدی كوردی تیایدا زیندانی كردووه ئازاد بكرێ.
تاوه‌كو ئه‌و زمانه كوردییه بتوانێ به مه‌به‌سته‌كانی بگات‌و ئه‌و ده‌سته‌واژه و مانایانه به‌رهه‌م بێنێ، كه خاوه‌نی خۆی بێت. دواجاریش بتوانێ ره‌وتی خۆی رێكبخات‌و له نووسین‌و قسه‌كردنیدا. له‌وه‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه زمانی كوردی له مانا بهربهستكراوهكانی رزگار بێت. دواجار بتوانێ به كراوه‌یی دیارده و پرسیارهكانو بوونی خۆی، واتا كوردی-به‌رجه‌سته بكاته‌وه، كه ئێمه به لاوازی ده‌یبینین.
مه‌به‌ست لێره‌دا ده‌سته‌واژه و وشه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی زمانی كوردی، كه زمان خۆی زنجیره‌یه‌كه له بزوانی وشه‌كان، ماناگه‌لی خۆی بنوێنن، نه‌ك دوو مانایی یان تاكه مانایه‌ك كه ئێمه به‌وه دامانپلۆسیوه و وه‌ك شتێكی ته‌قلیدی ئاراسته‌ی ده‌كه‌ین.
ره‌نگه كارێكی بێ سوود نه‌بێ گه‌ر بڵێین زمانی كوردی له رێگای قوتابخانه و رێچكه‌كانی ئهدهبیو ئایدۆلۆژی خواستراودا له ئه‌وروپا، جۆرێك روانگه‌ی گشتگیری وه‌رگرتووه، كه ئه‌مه‌ش بیرۆكه‌ی، مۆدێرینیته و مۆدیرنیزمه. چونكه مۆدێرنیتی، هه‌ر له دێكارتهوه تا هێگل له جه‌ختكردنه‌وه‌ی دوا پله‌ی ئاگاییدا، كه سوبێكتی، منی قسه‌كه‌ر، خۆی به چه‌قی بیركردنه‌وه و كردار ته‌ماشا كردووه. دواجار ئه‌و سوبێكته به‌ئاگایه خۆی وا ده‌بینێ كه وه‌ك تێڕامانكارێك له گشت‌دا: له سروشت، مێژوو‌و ئۆبیكتهكان . ئه‌و بوونه‌وه‌ره به‌ئاگایه به‌رهه‌می پرۆژه‌كانی مۆدێرنیزمه.
لێره‌وه كاری ئێمه له‌گه‌ڵ زمان، كاركردنێكه له ناو خودی زمانی كوردی، واتا كار له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاگایه‌ی كوردی بكه‌ین، كه ئه‌م زمانه‌ی به روانگه‌ی گشتگیرییه‌ی شه‌پۆله پهڕێوهكانی مۆدێرنیزم گه‌مارۆ دراوه، نه‌ك بهشداركراوه. رزگاركردنی ئه‌و زمانه ته‌نیا ئاوه‌ڵاكردنی ئه‌و هه‌مه ره‌هه‌ندانه‌یه كه داپۆشراون، یان ده‌مبه‌ست كراون.
٦
كێشه‌ی ئێمه به‌هۆی ئه‌م داب‌و نهریتو ئایین‌و سیاسییه‌ی كورد له زمانه‌كه‌یدا تێكه‌ڵی كردووه، یه‌كێك له ئاكامه‌كانی، به ساده‌كردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌كانی زمانه. به‌جۆرێك په‌یڤ گه‌لێكت هه‌یه له زمانی كوردیدا، گه‌ر تۆ له به‌كارهێنانیدا، بۆ مانای تر جیاوازیشت به‌كارهێنابێ، كه‌چی له‌گه‌ڵ دابڕ انی ئه‌و نووسینه له ده‌می تۆ یان له قه‌ڵه‌می تۆ ئه‌وه بۆ ئه‌م دیده باوه دادهپلۆسرێ، كه بونیاتنراوه‌و ئاماده‌كراوه له ته‌ماشاكردنی زماندا. به‌وه زمانی ئێمه له بزوانو ره‌نگاوڕه‌نگی مانا‌و ئاسۆیه‌كانی لغاو ده‌كرێ. بۆ نمونه، وشه‌گه‌لێكی وه‌ك: قوربانی، شۆڕشگێڕ، سیاسی، سیاسه‌ت، حزب، ئهخلاقو… تا ده‌گاته وشه حه‌رامكراوه‌كانی سێكسی‌و ئارهزووهكانو…تاد. هه‌موویان مانای حازركراویان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، ره‌هه‌ندێكی تر بۆ ئه‌م وشه‌گه‌له مه‌حاڵه.. به‌ڵام له راستیدا هه‌موو وشه‌یه‌ك له زماندا ده‌مانباته ناو وشه‌یه‌كی تر له ره‌وتی به‌كارهێناندا، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م وشانه به مانایه‌ك، یان كۆتاییه‌كی تایبه‌ت كۆتاییان بێت.
لێره‌وه من پێم وایه، وه‌ك جۆرێك له خوێندنه‌وه، ئه‌و ئهقڵو ئاگایی، یان ئه‌و بیركردنه‌وه باڵاده‌سته‌ی كه زمانی كوردی خستۆته ژێر ركێفی خۆی دوو ئاراسته‌ن:
یه‌كه‌مییان: باڵاده‌ستی ئه‌قڵی ده‌ره‌كی. نه‌ك هه‌رسێ زمان: عهرهبو فارسی‌و توركی، به‌ڵكه زمانی رۆژئاواییش، به‌ڵام سێ زمانی باڵاده‌ست كه به‌هۆی گوتاری داگیركه‌رانه‌ی كه له ناو خودی ئه‌م زمانانه‌دا ئیش ده‌كا، ئه‌م باڵاده‌ستییه‌ی زمانی عهرهبیو فارسی‌و توركییه، توانیویه‌تی پێكهاته تایبه‌تییه‌كانی زمانی كوردی تێكبشكێنێ. مه‌رامی ئه‌و ئه‌قڵه‌ی ئه‌م سێ زمانه به گوتاره‌كانی ئه‌م زمانه توانیویه‌تی زمانی كوردی تووشی رق له خۆبوونه‌وه بكات. ئه‌م رق له خۆبوونهوهیه، له زمانی جیاجیای قسه‌كه‌ری كوردی ده‌بینرێ: له ئیسلامی سیاسی كوردی، چه‌پی سیاسی كورد، به ناو ناسیۆنالیستی كوردی، كه قسه‌كه‌ری ئه‌م زمانه‌یه. ئێمه ده‌بینین چۆن ئیسلامی سیاسی كوردی زمانی كوردی به ئاسانی‌و ئیفلیجی به‌كاردێنێ بۆ په‌یامه‌كانی ئیسلام، كه خۆی له راستیدا په‌یامی بالاده‌ستی زمانی عه‌ره‌بییه.،.تاد. ده سه‌رنجی چه‌پی كوردی بده‌ن، چۆن هه‌موو رۆژێ قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كا زمانی كوردی ئامرازه و به رێككه‌وت تووشی قسه‌كردن بووه به‌م زمانه. مێدیای چهپو قسه‌كه‌ری چه‌پ، گه‌ر دادگای زمان هه‌بێ ده‌بێ سزا بدرێن. ئه‌مانه به گشتی رۆحی زمانی كوردیان به ئاواز و سیسته‌می عهرهبیو فارسی‌و توركی ئیفلیج كردووه و زمان له ئاستێكی كلۆلی ئایدۆلۆژیه‌كی هه‌ناسه‌ته‌نگ كورتده‌كه‌نه‌وه.
جا به ناو ناسیۆنالیستی كورد، كه قه‌ت به‌رنامه‌ی كولتوری نه‌بووه، هه‌میشه زمانی بردۆته ئاستی سیاسه‌تی په‌یامی حزبه‌كه‌ی.
خاڵی دووه‌میان: رۆشنبیر له‌ژێر كاریگه‌ری گوتاری زمانی ئه‌ویتر هه‌میشه زمانه‌كه‌ی سووك ده‌بینێ. كه ئه‌مه‌ش خۆی باڵاده‌ستی زمانی ئه‌ویتره كه ئاگایی داگیركردووه.
گروپێك له رۆشنبیری خۆشداكهنهی رووكه‌شی كوردی هه‌ن، ئه‌وانه زمانی كوردی‌یان كردۆته بكه‌ر و كردار و ئاوه‌ڵناوو گه‌ردانه‌ی زمانه‌وانی. ئه‌و گروپه به نووسینه‌كانیان وێنه‌یه‌كی ئاسۆیی‌و فۆرمی سادهپۆشیان داوه به زمانی كوردی. قسه‌ی ئه‌مانه هه‌میشه دوپاته‌ی جۆرێكه له‌مانه: زمان نازانێ، پاراو نییه…تاد، ئه‌مه‌یه جه‌وهه‌ری زمانی ئه‌و رۆشنبیره رووكهشو بێ رۆشنبیرییه. ئه‌و زمانی رۆشنبیرییه‌ی تر، كه زمانی رۆژئاوایه. هه‌ر له سوریالیو سیمبولیزم، سۆسیالیستی ریالیستییه بگره تا ده‌گاته بونیاتگه‌ری )ستروكتوالیزم(و…تاد، هه‌ر هه‌مووی به‌جۆری جیاواز، به‌م جۆره‌ی كه كاریان له‌سه‌ر كراوه و باسكراون، بوونه‌ته هۆی سووككردنی زمانی كوردی‌و توانایه‌كانی. چونكه ئه‌و جۆره بیرۆكه و ره‌وته فه‌لسه‌فیانه، له گواستنه‌وه‌یان بۆ زمانی كوردی، سه‌رنج نه‌دراوه له بونیاتو كونتێكستی ئه‌و دیارده‌ی هزریانه. هه‌ریه‌كه و له‌و چه‌مكانه به كه‌سایه‌تی ئه‌م زمانه‌ی كوردییه ناخوینرێنهوه و زمانی كوردی ئاماده نییه له به‌شداریكردن و له راڤهكردنێکی كوردیانه‌ی خۆی.
تا ئیستا ئێمه له پانتایی نووسینی كوردیدا بیرمان نه‌كردۆته‌وه: بۆ سوریالیزم، له فه‌ڕه‌نسا و له زمانی فه‌ڕه‌نسی به‌رهه‌م دێ؟ بۆ سیمۆلۆژی له‌ناو زمانی فه‌ڕه‌نسی؟ بۆ فتوریزم له ئیتالی…تاد. بۆ ستروكتوالیزم له فه‌ڕه‌نسی به‌رهه‌م دێ؟ ئه‌مانه خۆیان باسێكی تایبه‌تن.
مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه چۆن زمانی كوردی، چۆن ئاگایی كوردی بێ ئاگا خۆی وێران ده‌كا؟. چۆن زمانی كوردی ده‌خاته ژێر باڵاده‌ستی زمانی ئه‌ویتر و زمانی ئێمه سه‌قه‌ت ده‌كا؟
لێره‌دا زمان له ناسینی واژه پله و مانایه‌كدا به‌رته‌سك ناكرێته‌وه، به‌ڵكو زمان جه‌ختكردنه‌وه و ئاوه‌ڵاكردنی خهیاڵو رۆشنایی‌و شه‌پۆله‌كانی بوونی مرۆڤه. بۆیه خودی ئه‌م كرده‌یه‌ی زمان رزگاركردنی مرۆڤه له دیلییهتیو نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌م جوله و بێده‌نگه‌ی ناخی بوونی مرۆڤ. به‌مجۆره زمان له كرده بهرفراوانهكهیدا ده‌توانێ زانین به‌رهه‌م بێنێ.
٧
لێره‌دا كه له‌مێژ نییه، خه‌مخۆرێكی زمانی كوردی، كه زمانی كوردی به نیگه‌رانی به‌جێهێشت، ئه‌ویش شوكور مسته‌فا بوو. بۆیه حه‌ز ده‌كه‌م، ئاماژه به وته‌یه‌كی ئه‌و جوامێره بكه‌م، كه له وتاره جوانه‌كه‌یدا به ناوی (سه‌رچاوه‌كانی بیروباوه‌ڕی كوردهواری- به‌شی هه‌وته‌م)، باسی ده‌كا، كه له (گۆڤاری رامان)دا له چه‌ند به‌شدا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
شوكور جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه چۆن داگیركردنی زمان، كاریگه‌ری باڵاده‌سته‌كان، ته‌مومژ ده‌خه‌نه ناو ئاگایی كوردی، كه من تازه ئاماژه‌م پێ كرد. شوكور مسته‌فا ده‌ڵێ: (وتووێژ و لێوهكوڵینی زۆروزه‌وه‌ندی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی له هه‌ردوو سه‌نگه‌ری ئایینی‌و لایەكی (عیلمانی) را له كوردستانی نیوچه ئازاد‌دا، دهبنهڕهتدا په‌یوه‌ندییان به قووڵی لێل سهركهوتنو سه‌رنه‌كه‌وتنی چالاكییه كردهییو شۆڕشگیرهكانی هه‌س. پاشی وه‌ی رژێمی ئابووری كۆمهڵهكیی ئیمپراتۆریی عوسمانینو هه‌روه‌ك هه‌رچییه‌كمان وه‌ك پاشماوه له سونێتیو شافعێتیو عهلهویهتیو یهزیدیهكیو هتد.. بۆ ماگسهوه تا ئێستا له رووی بنیاتی كۆمه‌ڵایه‌تی-ئابوورییه‌وه له مانای نهگهیشتوینو هه‌ر بەو ئه‌ندازه‌یه‌ش له‌مه‌ڕ ئه‌و هه‌ڵوێستی دووفاقو تاقوو جووتانه‌ی كه له چه‌ندین تێڕوانینی جودا جودا كه‌وتوونه‌ته‌وه، بایی پێویستیان فڕ سه‌ر لـێ ده‌رناكه‌ین…)).
له راستیدا شوكور به كاره‌كانی خۆی زمانی كوردی بۆ به‌ها و هیزه‌كانی خۆی گه‌ڕانده‌وه.
كاره‌كانی شوكور توانی زمانی كوردی بكاته ماڵی بوونی كورد. به‌مه‌ش فیكر، جوانی، زانیاری… تاد، له‌م ماڵی زمانی كوردییه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. هاوكات ناكرێ مه‌سعود محه‌مه‌د وا فه‌رامۆش بكرێ. ئه‌مڕۆ ته‌واوی مێدیا و قسه‌كه‌ری كورد، بڕیارده‌رانی زمانی كوردی، له كتێبه كهڵهكهكراوهكانی مه‌سعود له‌سه‌ر زمان‌و فیكر و رۆحی كوردی، بێ ئاگان.
له‌م ماوه‌یه دیالۆگێكی شوكور مسته‌فا و مه‌سعودم خوێنده‌وه،”مه‌سعود محه‌مه‌د-ی زانا له گه‌شتێكی فه‌لسه‌فه و سیاسه‌ت و زماندا”. شوكور مسته‌فا پرسیاره‌كانی له‌سه‌ر زمانی كوردی ئاراسته‌ی مه‌سعود ده‌كا، كه دواجار شوكور كه مه‌سعود محه‌مه‌د به‌جێیدێڵێ ئه‌ویش وه‌ك ئه‌نكیدۆ، به رێگه‌ی سه‌فه‌ری مه‌رگ به‌دوای براده‌ره‌كه‌ی، مه‌سعودی گلگامش سه‌رهه‌ڵده‌گرێ.
مه‌سعود له‌م دیالۆگه‌دا هایدگه‌ر ئاسا قسه ده‌كا، بێ ئه‌وه‌ی گوێشی به هایدگه‌ر بدات، یان ئاگای لـێ بێت. مه‌سعود له‌م دیالۆگه‌دا ده‌ڵێ: ((زمانی یه‌كگرتووی قه‌ومێك شێوه‌ی ئهدهبو زانست‌و هونه‌ریه‌تی، نه‌ك ئاخاوتنی بازاڕی‌و عه‌شیره‌تی…تاد)).
دواتر كراوه‌تر ده‌ڵێ: ((زمان به‌شێكه له مرۆڤ خۆی. زمان، كارگوزاری هۆشه نه‌ك خاڵقی هۆشه. هۆشیش هه‌ستیاری شتی ئاشكرا‌و دۆزینه‌وه‌ی نهێنیانه..)) مه‌سعود ئه‌م دیده چڕتر ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ: ((زمان ژێرخان‌و ژوورخانی كۆمه‌ڵه چونكه مرۆڤ خۆی ژێرخان‌و ژوورخانه))، كه ئه‌مه پڕ فیكرترین قسه‌ی كوردییه، كه كرابێ.
به‌ڵام مه‌سعود، چڕترین قسه له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی كوردی ده‌كا، كه داڕشتنێكی زمانی فیكریی تێدایه. ده‌ڵێ: ((بێ له گه‌مه كورد پتر ئاشنایه به به‌شداری كردن له (ئیراده) نه‌ك خاوه‌نایه‌تی (ئیراده) مه‌گه‌ر له حاڵی رووبه‌ڕووبوون له‌گه‌ڵ كوردێكی وه‌ك خۆی)).
٨
به‌هه‌رحاڵ، ئێمه گه‌ر له هزر پرسیار بكه‌ین، ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ چاوگه‌كانی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه بوونایه‌تی كوردی له‌سه‌ری ده‌ژی و ماڵه‌كه‌یه‌تی. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه كه ئێمه مه‌به‌ستمان دانانی پێوانه‌یه‌ك بێت بۆ قرساندنی نرخ و ئاسته‌كانی ئه‌م بوونایه‌تییه، به‌ڵكه ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌ره‌و هزراندنمان ببه‌ن. دواجار ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه وامان لێ ده‌كا به‌ره‌و خاكه نهدۆزراوهكانو پرسیاره فه‌رامۆشكراوه‌كان و ئاسۆیه داپۆشراوه‌كانی “ئه‌مدیو”ی بیركردنه‌وه گوتراوه‌كان سه‌فه‌ر بكه‌ین. ئه‌م كرده‌یه بوار به زمانی كوردی، بوونی كوردی ده‌دا تاكو ئه‌م هێزه دهمبهستكراوهكهی پێشكه‌ش بكات. ئه‌وه خودی زمانه ئه‌م كرده‌یه ئه‌مجام ده‌دا: به‌بێ ئه‌م زمانه ره‌هه‌نده‌كانی ژیانی كورد تامی رۆحه‌كه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی كات و مێژوویه‌كی جیاواز و تایبه‌ت به خۆی ده‌مێنێته‌وه. ئه‌وه زمانه كه ئاسۆیهكان بۆ كات و مێژووی كورد ئاوه‌ڵا ده‌كاته‌وه. خودی زمان كه بوونی ئێمه له خاڵبه‌ندی و هێڵی “له‌مدیو” ئه‌م فه‌رامۆشكردنه پێشكه‌ش ده‌كا. بۆیه زمان گه‌روو و ده‌نگی زایهڵهكانی كوردییه، كه له ساتی ئه‌مڕۆی ژیانی ئێمه‌دا ئاپۆڕه ده‌كا، تاكو بۆ سه‌فه‌ری رێگایه‌كانی داهاتوو ئاماده بكات.
كه‌واته لێره‌دا ده‌بێ گومانی خۆمان به‌وه رازی بكه‌ین، كه گووتاری شیعری كوردی، ئاوێنه‌ی ئه‌م هه‌بوونه‌ی جه‌سته‌ی كوردیه، كه له ناخی زمانه‌كه‌یدا شه‌پۆل ده‌دا. جا گه‌ر شیعری كوردی خه‌مگین، یان شادهێنهر بێ، ساده، یان ئاڵۆز بی، داهێزراو، یان چالاك بێت…تاد، ده‌بێ وه‌ك مانایه‌ك په‌یوه‌ندی به ئاسته‌كانی خودی ئه‌م بوونایهتییهی كوردییه‌وه هه‌بێت، نه‌ك خودی شیعری كوردی. به واتایه‌كی تر، شیعری ئێمه دیوی ناوه‌كی، نه‌ك ده‌ره‌كی ئه‌م ژیانه. به‌بێ ئه‌م بوونه‌ی كوردی، شیعری كوردی بوونی نییه، هه‌روه‌ك بێ هزراندنی شیعر بوونی هزرمان نییه.
لێره‌وه نابێ خه‌مخۆرانی زمانی كوردی فه‌رامۆش بكه‌ین، كه به ده‌قه شیعرییه بزوا و زیندووه‌كانیان، كه زمانی ئه‌مه‌یان شكۆمه‌ند راگرتووه. ئه‌م خه‌مخۆرانه: له مه‌لای جهزیرییهوه تا به خانی‌دا قووڵده‌بێته‌وه، له بهردهشانیهوه تا له مه‌حوی و نالی و حاجی قادره‌وه چڕ ده‌بێته‌وه.
شیعری كوردی له ئاسته چۆنایهتیهكهیدا، كاكڵهكهیدا، نه‌ك چهندایهتییهكهیدا، روخساری كوردیان به پهسیارگهلێكی هزری ئاوه‌ڵا رۆشنكرده‌وه. ئه‌و خه‌مخۆرانه له بزوانو پڕیشكه شیعرییهكانیانهوه، ته‌نیا له ئاستێكی هه‌ستی دیار ناكرێن، به واتای ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی، كه گوایه شیعر كرده‌یه‌كی دوور له هزره، به‌ڵكو له فۆڕمێكی ناسكدا، هه‌ڵگری هزراندنی زمانی كوردین.
جیاوازی پرسیاری كوردی، له خودی شیعری ئێمه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. به خوێندنه‌وه و په‌یڤینی شیعری كورد، زمانه‌كه‌ی میوانداریمان ده‌كات. به‌مه‌ش بوونی كوردی تام ده‌كه‌ین. لێره‌وه وشه‌كان له جه‌سته‌ی شیعریدا هه‌ر وشه نین، به‌ڵكو تۆڕێكن له شه‌به‌نگی ناڵه و تریقانه‌وه‌و ویسته‌كانی ناخ و رۆحی كوردی. به ئاپۆره بوونی وشه‌كان له جه‌سته‌ی شیعردا هیز و ویستی رامانیك له یاده‌وه‌ری كوردیدا خۆی شكۆمه‌ندانه راده‌گه‌یه‌نێ.
بەمجۆره كرده‌ی شیعر مه‌ودایه‌ك له‌به‌رده‌م مه‌رگدا هه‌ڵده‌چنێ تاوه‌كو بوون له بوونه‌كه‌یدا به‌رده‌وام بێت.
لێره‌وه به‌بێ زمان بوونێك نییه، هه‌روه‌ك به بێ بوونێكیش زمانیك نییه.
ئه‌وه زمانه كه بوونی تۆ، بوونی نه‌ته‌وه، زاكیره‌ی ئێمه له رابردووه‌وه بۆ ئێستا ده‌خوڵقێنێ.
ئێمه به رێگه‌ی وشه‌وه، قسه‌كردنی وشه‌وه بوونی خۆمان به‌رجه‌سته ده‌كه‌ینه‌وه. به‌مه‌ش بوونیكی “جیاواز” و مه‌رگێكی “جیاواز “راده‌گه‌یه‌نین. زمان جهوههرێكه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوونێكی جیاواز، هه‌ر خودی زمانیشه كه جیاوازی تۆ ناو ناوبێژ ده‌كا. بۆیه ده‌بێ له‌و ماڵه شكۆمه‌نده‌ی بوونماندا هه‌میشه میوانی شیعر بین.
سه‌رچاوه‌كان:
1- Platon, Staten, 1984, s. 409.
2- Nietzsche, Så talade Zarathustra, 1950, s. 132.
3- Martin Heidegger,Varat och tiden, Richard Matz 1981, Stockholm
4- Heidegger,Höldrlin och diktandets väsen, Hans Ruin, Kris nr 39-40,
5- Heidegger, Brev om humanisem, Brinbaum och Sven-Ollov Wallenstein, 1996, s. 25.
6- Heidegger, The way to language.
7-Redaktör Paul Lubecke, 1987, Vår tids filosofi, Stockholm, S.387-388.
8- Jacques Derrida, Writting and difference, 1978, s. 28
9- Derrida, Of Grammatology, 1987. s62-63-j
10-Derrida, Den andres enspråkighet, översättning:Laes Fyhe
-11مه‌سود محه‌مه‌دی زانا له گه‌شتێكی فه‌لسه‌فه و سیاسهتو زماندا، دیالۆگی شوكور موسته‌فا.
-12شوكور موسته‌فا، سه‌رچاوه‌كانی بیروباوه‌ڕی كوردی، به‌شی هه‌شته‌م، گۆڤاری رامان.
– 13 هه‌ردوو دیوانی مه‌حوی و نالی، ئامادهكردنو لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم مودهرسو فاتیح عه‌بدولكه‌ریم.