فه‌رامۆشی!

0 105

بڵند باجه‌لان

هیچ سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا له‌نێو هێلانه‌ى چۆله‌كه‌یه‌كى مردووى به‌ر باران بمدۆزنه‌وه‌. بای ئیستێتیكا، هه‌موو جوانییه‌كانمان ده‌با.
مانه‌وه‌ و ڕۆیشتن،
هه‌ردووكیان به‌ نسبه‌تى ئه‌و باڵنده‌یه‌ى باران خۆشیده‌وێ،
چونیه‌كه‌ن.

ویستم باڵنده‌یه‌ك بم، ئه‌به‌دیه‌تى خۆشه‌ویستى، له‌نێو زه‌لكاوه‌كانى ته‌نیایی بچێنم!

له‌وپه‌ڕى ته‌نیایی, وه‌كو چۆله‌كه‌یه‌كى له‌ تۆز وه‌ستاوم. له‌ به‌حرى خۆشه‌ویستیت، له‌وه‌ گه‌یشتم كه‌ مه‌كانى خۆشه‌ویستى هه‌رگیز زه‌لكاو نه‌بووه‌. گه‌ر خۆشتنه‌وێم، ئێسقانه‌كانى جه‌سته‌م، له‌سه‌ر سینیی نائومێدى، ده‌به‌خشم به‌ پشیله‌ سپییه‌كان كه‌ له‌ كونی حه‌قیقه‌ته‌وه‌ سه‌یرى دنیایان كرد و هیچیان نه‌بینى.

چۆن من نه‌مزانیوه‌ ژووره‌كه‌م پڕ بووه‌ له‌ باڵنده‌؟
دایكم خێرا له‌چكه‌كه‌ى ده‌كاته‌ سه‌رى
له‌ شه‌رمى باڵنده‌كان
ده‌رگاى ماڵه‌كه‌مان، چاوه‌كانى داده‌خا له‌ شه‌رمى باڵنده‌كان
هه‌روه‌ها سه‌قفی ژووره‌كه‌شمان، هاتنى باڵنده‌كان بووه‌ به‌ هاتنێكى كاتى, زوو ده‌ڕۆن!

ڕه‌نگه‌ ئێستا سه‌یرى من بكه‌ن، له‌ به‌رده‌مى خۆمدا دانیشتووم و ده‌ڵێم: زۆر گوناهبارى. چۆن نه‌مزانیوه‌ ژووره‌كه‌م له‌لایه‌ن

باڵنده‌ فه‌رامۆشكراوه‌كانه‌وه‌ داگیركراوه‌؟ من سه‌رقاڵى چی بووم له‌و ساته‌دا؟

ئه‌وه‌ ده‌زانم كه‌ ئه‌گه‌ر باڵنده‌یه‌ك بم و
بچم بۆ داگیركردنى ژووره‌كه‌ى خۆم،
ئاسانتره‌ تا ئه‌وه‌ى بمه‌وێ شه‌و به‌ بێ زیكرى تۆ بخه‌وم.
من سه‌رقاڵى چی بووم له‌و شه‌وه‌دا؟

له‌م زه‌مینى سه‌هۆڵه‌ كه‌ ناوى من نازانێ، تۆ تاكه‌كه‌سی ئاسووده‌یی بهێنى بۆ ماڵى ئه‌و په‌پوولانه‌ى، خاوه‌نى هیچ شتێك نین جگه‌ له‌ خۆشه‌ویستیت.
هه‌میشه‌ تۆ به‌ جه‌ماڵى خۆت،
بووى به‌ فێنكى بۆ دڵى ئه‌و نه‌وره‌سانه‌ى،
له‌ وێستگه‌كه‌ جێیانهێشتن له‌به‌ر باران.
سه‌رم ده‌نووسێنم به‌ شووشه‌ى سارد و نیوه‌شكاوى په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌
بیرمه‌
كه‌ تۆ
یانى
ته‌نها تۆ
ده‌زانى له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ ژماره‌ى مرۆڤه‌ ته‌نیاكان چه‌ندن؟

با له‌ نزیك تاشه‌به‌رده‌ خوێناوییه‌كان، به‌دواى باڵنده‌یه‌كى ته‌نیا بگه‌ڕێین كه‌ هیچ شتێك بۆ ئه‌و نه‌بوو. ئه‌ى دروستكاری باڵنده‌ شیرینه‌كان، ئه‌وه‌ى كه‌س نه‌توانێ بیكا، تۆ ده‌توانى بۆ ئه‌مانى پیشان بده‌ى، ئه‌وان كه‌ له‌جیاتى سزادانى ده‌نكه‌ هه‌ناره‌كانى به‌ر باران، ده‌بێ بیر له‌ سزادانى خۆیان بكه‌نه‌وه‌.

وه‌ختى كوشتنى دره‌خته‌ ئازیزه‌كان هاتووه‌ به‌ ده‌ستى ئه‌وان.
به‌درێژایی ئه‌و شه‌وگاره‌ى كه‌ په‌نجه‌ره‌ گوزارشته‌ له‌ مردنى پیاوه‌ خۆڵه‌مێشییه‌كان، با دڵسۆزى ببه‌خشین به‌و ڕووخسارانه‌ى, نائومێدى تۆزاوى كردوون. وه‌ختى كوشتنى به‌كۆمه‌ڵى سێوه‌ لاسووره‌كانه‌ به‌ ده‌ستى ئه‌وان. ئه‌وان كه‌ ئه‌مه‌یان به‌ كارى خۆیان ده‌زانى، كوشتن!

تۆ ده‌توانى به‌ به‌رزییه‌ زۆره‌كه‌ت، تاوانه‌ نهێنییه‌كانیان كه‌ له‌نێو ئینجانه‌كان مه‌ڵاسیان داون، بیخه‌یته‌ به‌ر چاوى كۆتره‌ سپییه‌كان، تۆ ده‌توانى زه‌مه‌ن به‌ ئاراسته‌یه‌كى دیكه‌دا ببه‌ی، به‌ ئاراسته‌ى سێوه‌ لاسووره‌كان، دره‌خته‌ ئازیزه‌كان.
له‌ نزیك
تاشه‌به‌رده‌
خوێناوییه‌كان،
به‌دواى ته‌نیاترین باڵنده‌دا گه‌ڕام
گوتى:
هه‌رگیز زه‌مه‌ن زه‌مه‌نى جه‌للاده‌كان نه‌بووه‌.
شه‌وێك وشه‌كان له‌ پشت ده‌رگاكانى بوون به‌ ئاوه‌وه‌
چاوه‌ڕوانى
گه‌ڕانه‌وه‌ى منیانه‌
چونكه‌
په‌شیمانم له‌ هه‌ڵگیرساندنى دوواهه‌مین گرفتی نێوان باڵنده‌ و
ته‌نیایی.

وه‌كو باڵنده‌یه‌كى ته‌نیا
ویستم باڵنده‌ و ته‌نیایی ئاشت بكه‌مه‌وه‌
هه‌ستم به‌ ته‌نیایی ده‌كرد
شه‌وێك كه‌ ئه‌ستێره‌كان له‌ پشت ده‌رگاكان نه‌بوون
كه‌س چاوه‌ڕێى گه‌ڕانه‌وه‌ى منى نه‌ده‌كرد
وه‌كو پیاوێكى ته‌نیا
بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌
ته‌نیایی
ته‌نها
بۆ
تۆ جوانه‌
جوانترین
ته‌نیا!

له‌رینه‌وه‌ى په‌رده‌ى ئه‌و ژووره‌ى پڕه‌ له‌ نیگاى باڵنده‌كان,
نیشانه‌یه‌ بۆ من كاتێ ویستم سه‌رم وه‌رچه‌رخێنم و نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لاى ئه‌و زه‌مینى سه‌هۆڵه‌ كه‌ هه‌رگیز ناوى منى نه‌زانى. تا ئه‌و كاته‌ى وجودى باڵنده‌كان له‌نێو دره‌خته‌ سامناكه‌كان ده‌دره‌وشایه‌وه‌، تا ئه‌و ساته‌ى بڕیار بۆ كردنه‌وه‌ى قوفڵى نه‌توانه‌وه‌ ده‌ركه‌وت،
من هه‌رچه‌ند دوورتر بڕۆم
بیرمه‌
له‌ بیرم بووه‌
له‌ بیرم ده‌بێت
به‌هار واتاى هه‌موو سه‌ره‌تایه‌ك نییه‌.

نه‌ گوناهێكى گه‌وره‌
نه‌ به‌خشینێكى گه‌وره‌
نه‌ هه‌ردووكیان
به‌ نسبه‌تی تۆوه‌، هیچ شتێك له‌ مه‌سه‌له‌ی بینینت جیاوازى نییه‌.

بۆ بینینت،
مۆمێك داناگیرسێنم
بۆ بینینى نوور، كه‌ی پێویستیمان به‌ ڕووناكى ده‌بێت؟

هه‌موو په‌رده‌كان، ته‌نانه‌ت په‌نجه‌ره‌كان، ئه‌و ده‌رگایانه‌ش كه‌ لێیانه‌وه‌ سه‌یرى كه‌وتنى باڵنده‌كان ده‌كه‌ین، با داخراو بن. من و ماسیگرێكى ته‌نیا و بارانێك كه‌ له‌ناكاو داده‌كا به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا, به‌قه‌ت هه‌موو شتێك كه‌ هه‌ستمان به‌ نزیكى تۆ كردووه‌,
ده‌شبینم
وجودى باڵنده‌كان له‌نێو دره‌خته‌ سامناكه‌كانى ده‌ره‌وه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌!

هه‌مووان ڕۆیشتن و
جوانیى ئینجانه‌كانیان خسته‌ نێو سه‌به‌ته‌ پڕ له‌ جله‌كه‌وه‌. به‌ ئه‌سپایی به‌ده‌م كرانه‌وه‌ى په‌نجه‌ره‌كانى دوواهه‌مین نهۆمى فه‌رامۆشی تێپه‌ڕین! چۆن ده‌كرێ فڕینێك له‌ بیر بكه‌م كه‌ هه‌مووان به‌ده‌م وه‌سوه‌سه‌ى مردنه‌وه‌ تێپه‌ڕین؟

هه‌موو فه‌رامۆشیی باڵنده‌، له‌سه‌ر له‌تێك له‌ سینه‌ى په‌شیمانى، ببه‌خشم به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ى, له‌ ئاوێنه‌كاندا سه‌یرى یه‌كترى ده‌كه‌ن و ده‌گرین.

هه‌موو كاتژمێرێك هه‌ر سفر نیشان ده‌دا به‌ ته‌وقیتى فه‌رامۆشی.
هه‌موو باڵنده‌كان،
هه‌موو فڕینه‌كان،
هه‌موو كه‌وتنه‌كان،
هه‌موو فه‌رامۆشییه‌كان، له‌ كه‌ناری جێهێشتنى به‌ كۆمه‌ڵى په‌پووله‌كان بچێنم.
(ده‌بوو له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستپێبكه‌وه‌؟)

وامكرد
فه‌رامۆشیم هه‌ڵبژارد،
فه‌رامۆشكردنى ئه‌وانه‌ى, ڕۆیشتن و جوانى نێو ئینجانه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان برد.
(له‌به‌ر خۆشه‌ویستیت، هه‌موو شتێك ده‌كه‌م.)

ده‌ریاوانه‌كان به‌ سوارى كه‌شتییه‌ سه‌رابییه‌كانیان,
ده‌ستمان به‌ گوریسی یه‌قین ببه‌ستنه‌وه‌ و له‌ كه‌نارى ده‌ریا وه‌كو پارچه‌ جلێكى ته‌ڕ، له‌گه‌ڵ ماسییه‌كان,
به‌سه‌ر ته‌نافێكى خوێناوییه‌وه‌ هه‌ڵمانخه‌ن،
لێمان بپرسن: به‌ره‌و كوێ؟

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.