كوڵانی من و كترییه‌ ساردوسڕه‌كانی شار

بابانی شەن

دڵی من لەو کتریيە زیاتر دەکوڵێ، بەیانیيان بەر لە دەرکەوتنی سپێدە،
دەبێتە قوربانيی کەوچکێک چایی تاڵ
بۆ شیرینيی دەمی هەڵهاتووی ڕۆژگار.

ژیانی من وەک ئەو چاییە بووەتە نۆکەری ئازار،
لە خۆمدا تاڵە و لە پیاڵەی ئازاردا شیرین!

هەناسەی من هەر لەو بێچووە سەگانە دەچێ، له‌پاڵ دره‌ختی کۆڵانە ساردەکانی شاردا هەڵدەلەرزن، چاوەڕێی هەڵهاتنی خۆر دەکەن، شەو بۆیان بووەتە کابووس و ڕۆژ نایه‌ت و ڕەق دەبنەوە، وەکو خەیاڵەکانی من.

لەژێر جێخەوی خۆشحاڵەکان،
گڕی هەناسە و
پرخەی شیرینی خەو دێ!
دەستگێڕەکان، بە لەرز و تای ئەم بەیانیيەوە
خەریکن بەدەم سەمای جەستەیانەوە،
پارووەنانێک بۆ گەرووی ئاوساویان پەیدا دەکەن.
پەیدا نابێ وەکو ئەو هەموو ئاواتەی، لە منداڵیی دروستم کردن و لە پیرەگەنجیم هەڵئاوسان و دەرفەت هەر خەبەری نەبۆوە.

دڵی من لەو کتریيە زیاتر دەکوڵێ،
بەیانیيان بەر لە دەرکەوتنی سپێدە، (با) ده‌یبا.

لەژێر دارچەترەکانی شەقامی بێکەسدا،
هەمووان بێ هەست و بە خێرایی ڕووە و ماڵ دەچوونەوە، من لەگەڵ شقارتەکەم دەستەویەخە بووین، ڕقم لە تەمبەڵيی ئاگر بوو، شەقم تێ هەڵدەدا. ئەویش دەیگوت:
سەدجارم سیگار بۆ داگیرساندووی، تەڕ و بێ گیانم!

سەرەتا قەمسەڵەکەت فڕێ دا، ئەمڕۆش من
لە بیرت نەبوو سه‌ره‌تا ئاسوودەیی شەقی لە هەموومان دابوو.

ئەم نیوەڕۆیە نامەوێ لە ماڵەوە بم، لە نزیک ترافیک لایتێک وەستاوم،
تەماشای منداڵێکی کلێنسفرۆش ده‌كه‌م، لەگەڵ سووربوونی ترافیک هەموو وزەی منداڵيی خۆم دەکرد بەژێر تایەی بێویژدانەکانەوە و سەدبارەم دەکرده‌وە، غرووری گەنجێتیمان هەر به‌ منداڵی شکا، نائومێد بووم، ڕۆیشتمەوە.

دڵی من لەو کتریيە زیاتر دەکوڵێ،
بەیانیيان بەر لە دەرکەوتنی سپێدە، باران ده‌یبا!

ئەم چیرۆکی ڕۆشتن
و کەوتنە تەواو نابێ،
هێشتا ساواین، جوان پێمان نەگرتووە،
(بڤه‌) تەنیا شتێکه‌ جوان گۆی بکەین و بيزانين.
هەموو شتێک بڤەیە، بە قسەی خاڵم دەکەم کە پێی دەگوتم (تف بکە لە…)، تفی لێ دەکەم، لە ژیان نا، لە نەژیانم!

ئەقڵ فڕێ دەدەم، بێئاگا دەمەوێ بدوێم، پێکەکان فڕێ بدەن،
پەردەی شانۆکە دابدەنەوە، ڕووناکی کوێر بوو!
لەم هەڕەمی خۆنواندن و خۆ گەوزاندنەدا، ئەقڵ شکا و هزر کول بوو،
کورسیيەکان ونن، سەری مرۆڤەکان بێ چاون، سەراپای کەللەکان دەمێکی ڕەش و چڵکنن، مێش و مەگەز دەست بە ژەنین دەکەن: “یەک دوو سێ، ده‌نگ نییه‌!”

گوێیەکان کاس بوون، سەر ڕاوەشێنن، بە ئیشارەت نۆتەکان لەبەر بکەن، لە ئاوەزدا بیکوڵێنن و بیخۆنەوە. شانۆکە دەست پێ دەکات:
قاچ بۆ سەرەوە،
دەست بۆ چەپ و سەر بۆ خوارێ، جەستەکان ڕەق بوون.
وەکو کیسەڵ،
کەللەیان لە سەقفی شانۆکەوە هەڵدێ
نمایشکار هاوار دەکا: هۆ دەماخ،
جێم مەهێڵە!

دڵی من لەو کتریيە زیاتر دەکوڵێ،
شه‌وان بەر لە دەرکەوتنی مانگ، له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌ ده‌مرێ‌!

نمایش دەوەستێ، لێبوکێک تەختەکە داگیردەکا، هەندێ ئەمسەر و ئەوسەر دەکا و پێدەکەنێ: (ئەو هەموو خەیاڵە ڕژاوە، تێححح لەوەڕێ چ غەریبە!)
دەست بە لاشە بەبەردبووەکاندا دێنێ و
ختووکەی بن باڵی ئەقڵ دەدا، سرت و بێ دەنگ!

ئەقڵ لە جێی دەم و دەست، لە جێی قاچ و پەلوپۆ، سەراوژێر دادەنێ و ڕادەکا،
خۆی بە پەردەی شانۆکەوە هەڵدەواسێ، په‌رده‌ی شانۆ دەکرێتەوە: (نمایشکار شڵەژاوە و هیچی پێ نییە لە درۆ زیاتر). دەست دەکات بە باخەڵی دا و مشتێك په‌شیمانی دەردێنێ، دەیپرژێنێ بە ڕووی خەڵکدا!

هەموو هاوار دەکەن: “دووبارە، دووبارە!”
لێبوک پەردەکە خێرا دادەخا و هەتا مردن پێناکەنێ،
نمایشکار شانۆ گڕ دەدا و تا ئاخرزەمان درۆ نمایش دەکا،
خەڵکی لە خۆشەویستیدا ناوی دەنێن: «ژیان»