دووانن تەنیاییەکانم

0 133

گوڵاڵە عوسمان

دوو تەنیایم هەیە
بۆ هەمووشوێنێک بەدواتەوەن کەچی ماڵە تازەکەت نادۆزنەوە
دوو تەنیایی
گەر ئێوارە درەنگ بگەڕێیتەوە سەرم هەڵدەگرن
دووانن تەنیاییەکانم
یەک مردن بەشیان ناکات، هەنگێ ئەوان زۆر کشاون لە مندا… زۆر
دوو دانەن
بە هەر سێکمان لە سکێچی وەڵامێکدا دێین و دەچین
تەنیاییەکانم دووانن
لە نێوان خۆیاندا بەشم دەکەن… ئای دابەشبوون چۆن ڕژای بە سەرمدا
دوو دانەن
یەکێکیان چاکەکانم و ئەویدیش خراپەکان دەنووسنەوە… جا بۆ نەینووسنەوە!
دوو تەنیاییم هەیە
یەک حەقیقەت کۆیان دەکاتەوە…
تۆ کۆی من.

لێرەبوون تەنیاییەکانم
کاتێ وجودت کێشی کردیتە ڕۆحمەوە
ئەز وەک دەزوویەکی پچڕاو بۆ زۆربوونی هێزم هیچم پێ نەدەکرا
کێ دەزانێ نەدەکرا
لێرەبوون
ئەو ڕۆژانەی بۆ ناو جەنگەکانت دەتگواستمەوە
هەر ئەو دڵخۆشییەم هەبوو ڕەنگە بکرێ خۆشتبوێم!
لێرەبوون
ئەو دەمەی لاپەڕە ڕەشەکانی تۆم سپی دەکردەوە و
تۆش لاپەڕە سپییەکانی من، ڕەش… ڕەش
لێرەبوون
گەرەکم بوو لەوێوە بگەڕێیتەوە، نەگەڕایتەوە کە تۆ هەر…
لێرەبوون
وەک دوو گەڕیدە، خاڵی بوون لە دۆزینەوەی تۆ و پڕ ونبوونی من.

تەنیاییەک نییە
گەر بەیانییەک ونببم و ئێوارە… بمدۆزیەوە… تۆ
گەر کاغەزێکی بچوکت کردبێ بە ئاوێنەکەوە و لێت نووسیبێ

ئێوارە زوو دەگەڕێمەوە!
ئەوکات دنیا دێنمە چاوەڕوانیمەوە!
گەر چاوەکانت نیوەم و
ئەویتریشم دەستەکانت بیانبات
گەر ئەڤینت لە سەفەرت گەورەتربێ
گەر نیوەم وەک درەختێکی پاییز لە دڵپیسییەکانی تۆدا ڕووتببنەوە و
ئەو نیوەکەشم چەشنی خەیاڵێکی سرک، هەر پێت نەگیرێ…
تەنیاییەک نییە گەر هەموو خەزەڵوەرێک بێیت و بڵێی: خەمم نییە تەنیاییەکم هەیە لە گەڵ تۆدایە.
تەنیاییەک نامێنێ
کاتێ تۆ جوانترین دۆزراوەی من بی…

ونیان کردم تەنیاییەکانم
لەو جەنگانەی ویستم بکشێمەوە… کەچی نەکرااا!
ونیانکردم
لە دیوێکی خۆمدا بە قەدێکی شکاوەوە
ونیان کردم
لە خاکی خەونبینیندا
لەسەر جێگەی حەسانەوە، لە ئازاری پێکرانمدا بووم بە بڵێسە
ونیانکردم تەنیاییەکانم
لە لێواری ونبووندا کەوتمە خوارەوە شکانم شکا.

تەنیاییەک
بەشم ناکات و دووانیش زۆرە
تەنیاییەک
ناهێڵێ ڕەهابم
ڕەهابوونێکیش نەیدەهێشت تەنیابم
تەنیاییەک
بە قەدەری منداڵیمەوە لکاوە و هیچم بۆ لێ سەوز نابێ
تەنیاییەک
ڕۆژانە بەسەر زارمەوە بوو، نەمدەزانی هاتووە بۆ کوشتنم
تەنیاییەک
بەرد دەگرێتە شوشەی دڵم.

تاڵانیان کردم تەنیاییەکانم
بەبێ ئەمەکییەکانی ڕۆژگار لە گریانەکانی دایکمدا و
بە بێمنەتییەکانی ژیان لە دەستە زبرەکانی باوکمدا
چۆڵیان کردم
تا پووشپەڕێکی تر، ڕستە زەردەکانی تۆ دەبن بە خەرمانێک لەسەر دڵم و
هانم دەدەن لە خۆم… خۆمی ناو تۆ
داگیریان کردم تەنیاییەکانم
ئاخر تا هەنار گوڵ دەکا (نا) گەڕێیتەوە تۆ .
بردمیان تەنیاییەکانم
بۆ سبەینێکانی من و دوێنێی تۆ
تەنیایەکانم
هەموو شتێکیان لێ بردم و
زۆر یشیان پێ بەخشیمەوە زۆۆر.

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.