بازنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی برین و بوون

0 56

دەق: سۆران ساڵح
ڕەخنە: بڵند باجه‌لان

بە یادی زستانی پار

وەرزێکی سەختم لە پێشە
ئەو یادگارییانەی هەڵم گرتبوون
وا وشک دەبن
دەترسم ئازار بمناسێتەوە
وەک چۆن گیا
بەردەکان دەناسێتەوە.

من هەنگاو دەنێم و
ژیان تاسەکانی گەورەتر دەبن
چونکە بێدەنگ وەستاوم
چاڵێک لەبەردەمم دا درێژ دەبێتەوە
بەر لە من، هەناوی چەندین
سپێدە دەپسێت
هەڵدەورێم، چونکە ناتوانم
هیچ ڕۆژێکی نوێ ببینم.

هەرچەندە کاتم هەیە
بۆ ئەوەی ئەم جیهانە بە ڕوونی ببینم
کە چۆن کەوتووەتە سەر یەک
بەڵام چونکە جگەرە دەکێشم
بیر لە خەمەکانم دەکەمەوە
کە وەک ڕاوەستانی منداڵێک
بەدیار تۆپێکی تەقیو
بەسەر سەرما بڵاو بوونەتەوە.

بێ تاقەتم، چونکە خۆشبەختی
بە چاوی باران لێم ناڕوانێت
بەڵام چونکە هێشتا شیعر دەنووسم باشم.

سەبارەت بە شار/ بە بێدەنگی باڵندەکان
بەو کۆڵانانەش کە پشتیان لێم کرد
هەموویانم خۆش ویستووە
ئەگەر چی جاری واش هەبووە وەک سواڵکەرێک ژیاوم
بەڵام چونکە برینەکانم
سەرمایان نەبووە
هێزی ئەوەم هەبووە
غەریبی دێڕەکانم لە باوەش بگرم.

ئێستا لە هەموو کات زیاتر
بیری زستان دەکەم
بیری ئەو ڕۆژانە دەکەم
کە هێشتا ناوم لە دەمتدا
نەکەوتبووە خوارەوە.

دوای ڕۆیشتنت لە مەرگ دەترسم
وەک چۆن دایکم لە تاریکی دەترسێت
دایکم هەمیشە خەمی ئەوەی هەبوو
وەک ئەم درەختانە لە بیر بکرێت
کە ڕۆژانێک سێبەریان دروست کردبوو.

ئای چەندە بیری ئەو شەوانە دەکەم
کە بە ئەسپایی دەهاتیت و
بەتانییەکەت دەدا بەسەر سەرما
بیری ئەو بەیانییانە دەکەم
کە تۆ بانگت دەکردم دایکە!

لە یادمە، نیوەڕۆیەکی مانگی تەممووز
گەرما، کە وەک بیرکردنەوەیەکی بێزارکەر
بە شوێنمەوە بوو
دەستێکم سەتڵێک چیمەن تۆ و
دەستێکی تریشم هەمان سەتڵ
بیرم لەوە دەکردەوە شار بە جێ بهێڵم
هاوڕێیەکم، کە پشتی بە دیوارەکەوە نابوو
گوێم لێ بوو لە بەر خۆیەوە دەیگوت:
دایکم لە ڕۆژی شەمە مرد
دە ساڵە یەک شەم نایە!
هێزم تێدا نەما و
بە جارێک کەوتم.

هەرچەندە کاتم هەیە
بۆ ئەوەی ئەم جیهانە بە ڕوونی ببینم
کە چۆن کەوتووەتە سەر یەک
بەڵام چونکە لە ڕۆیشتنێک،
تاریک دا هاتم
بیر لە خەمەکانم دەکەمەوە
کە وەک ڕاوەستانی منداڵێک
بەدیار تۆپێکی تەقیو
بەسەر سەرما بڵاو بوونەتەوە.

ده‌قی (به‌ یادی زستانی پار)ی شاعیری لاو (سۆران ساڵح)، گه‌ڕانه‌ به‌ شوێن مانایه‌ك كه‌ له‌نێو زه‌مه‌نێكی بێمانادا ونبووه‌. گه‌ڕانێك كه‌ به‌ هێمنی گوزارشته‌ له‌و برینانه‌ی بوون به‌ به‌شێك له‌ (بوون)ی شاعیر.
بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و برینه‌، شاعیر دێت و مانایه‌كی تازه‌ ده‌به‌خشێ به‌و بێماناییه‌ قووڵه‌ی له‌ چركه‌یه‌كدا هات و به‌شێكی بوونی خودی له‌گه‌ڵ خۆی برد.
زه‌مه‌نی شیعره‌كه‌، گۆڕانی دۆخی خوده‌ له‌ بازنه‌ی برینی هه‌میشه‌ییه‌وه‌ بۆ بازنه‌ی حه‌قیقه‌تی مه‌زن، حه‌قیقه‌تی بوونی شته‌كان كه‌ ئاوێزانی ئه‌و ڕۆحه‌ ئیستێتیكییه‌ ده‌بن، بوونی كه‌وتۆته‌ ژێر پرسیاره‌.
بۆ ڕزگار بوون له‌و گومانی وجوده‌، ئه‌و دێت و به‌ مه‌ره‌كه‌بی ته‌نیایی، له‌سه‌ر سێبه‌ری ژیان، گوزارشت ده‌كا له‌و مردنه‌ سه‌رابییانه‌ی ڕۆژانه‌ن و یه‌قه‌مان ده‌گرن:
وەرزێکی سەختم لە پێشە
ئەو یادگارییانەی هەڵم گرتبوون
وا وشک دەبن
دەترسم ئازار بمناسێتەوە
وەک چۆن گیا
بەردەکان دەناسێتەوه‌
.
شاعیر په‌یوه‌ندییه‌كی شیعری دروست ده‌كا له‌ نێوان سه‌رما و یادگاری و ئازار و به‌راوردكردنی به‌ ئازاری (گیا)، ئازارێك كه‌ به‌ ناسینه‌وه‌ی به‌رده‌كانه‌وه‌ گرێ دراوه‌.
ئه‌و وه‌رزه‌ سه‌خته‌ی له‌ ئاستی شاعیردا مونته‌زیره‌، دێت و یادگارییه‌كان له‌گه‌ڵ خۆی ده‌با، بگره‌ له‌پاڵ ڕفاندنیان، وشكییان پێ ده‌به‌خشێ و بۆ ئه‌به‌د وشكییان ده‌كا، ئه‌مه‌ش ئازارێكی دیكه‌ی خوده‌ له‌ پاڵ ئازاری یه‌كه‌م كه‌ یادگارییه‌، كه‌واته‌ یادگارییه‌كان گه‌رچی پڕن له‌ ئازار، وه‌لێ به‌ وشكبوون و نه‌مانیان خۆشی نایه‌ت، به‌ڵكو ئازاری دووه‌م دێت كه‌ ئازاری وشكبوونی ئازاره‌كانی نێو یادگارییه‌.
پرسیارێكی میتافیزیكی ئه‌مه‌یه‌ كه‌: ئایا فیكر به‌ر له‌ بوون هه‌بووه‌ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌؟ ئایا چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا مامه‌ڵه‌ بكه‌ین؟ ئه‌مه‌ پرسیاره‌ ئه‌خلاقییه‌كه‌یه‌. له‌ میانه‌ی پشكنینی وردی دنیای بوون، ده‌توانین پردێك له‌ نێوان هه‌ردوو پرسیاره‌كه‌ دروست بكه‌ین.
چونكه‌ بوونی (فیكر) و بوونی (بوون) هه‌میشه‌ ئاوێزانن، ئه‌وا بۆ هه‌ست كردن به‌ بوونی بوون، پێویستیمان به‌ (فیكره‌)، وه‌ك چۆن بۆ هه‌ست كردن به‌‌ (فیكر) پێویستیمان به‌ (بوون)ه‌.
به‌هۆی گرنگی و هه‌ستیاری چه‌مكی (بوون)، شاعیر بوونی خۆی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ بوونی ناسكی (گیا)وه‌، كاتێ هه‌ست به‌ بوونی به‌رده‌كان ده‌كه‌ن:
من هەنگاو دەنێم و
ژیان تاسەکانی گەورەتر دەبن
چونکە بێدەنگ وەستاوم
چاڵێک لەبەردەمم دا درێژ دەبێتەوە
بەر لەمن، هەناوی چەندین
سپێدە دەپسێت
هەڵدەورێم، چونکە ناتوانم
هیچ ڕۆژێکی نوێ ببینم
.
له‌ ده‌قه‌كه‌دا، گه‌وره‌بوون هاوكات گه‌وره‌بوونی ئازاره‌، بێده‌نگیش ده‌بێته‌ سپێده‌ی هه‌موو ئه‌و ئازارانه‌ی ناتوانین گوزارشتیان لێ بكه‌ین. وه‌رینی خود له‌ ده‌قه‌كه‌دا هاتووه‌، هۆكارێكیش بۆ ئه‌و وه‌رینه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو، هۆكاری وه‌رینی خود بریتییه‌ له‌ داهاتووی نادیار، چونكه‌ داهاتوو نادیاره‌، ئه‌مه‌ بووه‌ به‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانرێ درێژه‌ به‌ ژیان بدرێ و خاڵێك هه‌بێت كه‌ وه‌كو خاڵی وه‌ستان و نائومێدی ببینرێ، وه‌ستانێك كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاو به‌ره‌و نائومێدییه‌كی گه‌وره‌تر به‌ كۆتا بگا.
مرۆڤ كاتێ گه‌وره‌ ده‌بێ، هه‌میشه‌ پرسیاره‌كانی گه‌وره‌ ده‌بن، یان ده‌كرێ بڵێین وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ له‌ منداڵیدا پرسیاری ئه‌و بوون، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونی ئه‌و گه‌وره‌ ده‌بن، وه‌لێ مه‌رج نییه‌ پرسیارگه‌لێك بن كه‌ به‌ره‌و وێستگه‌ی گه‌یشتن به‌ حه‌قیقه‌ت مل بنێن، ده‌كرێ هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و فه‌زای گومان بن، گومانێك زاده‌ی هه‌مان ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ كرچ و كاڵه‌یه‌، له‌ ئازاره‌كانی ڕۆحه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، ئه‌مه‌ش سه‌رده‌كێشێ به‌ره‌و ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ بپرسین: ڕۆح چییه‌؟
ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ و گۆشه‌یه‌كی شیعری و به‌ هه‌ناسه‌یه‌كی شیعرییه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌: ڕۆح چییه‌؟ ئه‌وا ده‌ڵێین ڕۆح له‌ ئاستی جه‌سته‌دا وه‌كو (خاوه‌ن) ده‌رده‌كه‌وێ، یانی ئه‌وه‌ی خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌، ڕۆحه‌. ئه‌گه‌ر ڕۆح هه‌یكه‌لێك بێت، ئه‌وا جه‌سته‌ جله‌كانی ئه‌و هه‌یكه‌له‌یه‌، ساتی داكه‌ندنی جله‌كانیش، ساتی جیا بوونه‌وه‌ی ڕۆحه‌ له‌ جه‌سته‌، وه‌لێ دیسانه‌وه‌ ده‌پرسین: ڕۆح كه‌ جیا ده‌بێته‌وه‌ ده‌چێت بۆ كوێ؟
هه‌میشه‌ جه‌سته‌ ئینتیزاری ڕۆحه‌كه‌یه‌تی‌ (دوای جیابوونه‌وه‌) ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ خاك و خۆڵیش بێت، ئه‌وه‌ی مونته‌زیره‌ خۆڵه‌، خۆڵێك كه‌ ڕۆژانێك پێمان ده‌گوت: (جه‌سته‌)، كه‌واته‌ ڕۆح هه‌رچی بێت، دۆستی ئه‌و خۆڵه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ پێیه‌كانمان به‌ سه‌ریدا گوزه‌ر ده‌كه‌ین، بۆیه‌ ده‌بێت وریا بین به‌ هێواشی هه‌نگاو بنێین نه‌بادا (ڕۆحی ڕۆح) درز ببا، ئه‌گه‌ر خێرا ڕۆیشتن گوزارشت بێت له‌: (خراپه‌)، ئه‌وا هێواش ڕۆیشتن گوزارشته‌ له‌: (چاكه‌)، لێره‌ تێده‌گه‌ین كه‌ هه‌ر به‌ڕاستی (خراپه‌) خراپه‌!

كه‌واته‌:
ئه‌م ده‌قه‌، نووسینه‌وه‌ی ژیانه‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ئازار و مه‌رگ، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌ناسه‌ی دایك و جوانی به‌ مه‌به‌ستی نه‌جاتبوون له‌ نائومێدییه‌ سه‌رابییه‌كانی حه‌قیقه‌ت، گومانه‌ له‌ ئینسان و چاكه‌كارییه‌كان، دوور كه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ناسه‌ زه‌مینییه‌كان و هه‌وڵدانه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی دنیایه‌كی تر له‌ زه‌مینێكی تر كه‌ له‌ به‌رزییه‌ و پاكژه‌ و سته‌می مرۆڤ ناتوانێ بگاته‌ ئه‌وێ.

سه‌رچاوه‌كان:
ملوانكه‌ی پرته‌قاڵ، ده‌وه‌ن مه‌عروف، پێشه‌كی: بڵند باجه‌لان، 2020
سێ وێستگه‌ی فیكری، ئارام ئه‌مین جه‌لال، چاپی یه‌كه‌م،
2008

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.