حەزێکی شێتانە بۆ
شڕ/ ۆش

0 125

(مانیفێستی خۆم/ ان)

سۆران محەمەد

حەزێکی شێتانە بۆ ژیان
دەڵێ: بنووسە
با گورگەکان
لە چاوەڕوانی
ڕژانی یەکەمین دڵۆپە خوێنتدا
کەڵبەیان ببریسکێتەوە
کەی کڕێوەی دوا شەوی مەرگ
کوانووی گیانی کڵپەسەندوو دەڕچێنێ؟
ئەویان سازدراوی میتافیزیك و ئەمیان شێلراوی فیزیك
لە کاتێکدا تا چاو بڕکا
درۆ شادەمارەکانی دڵی
شاری تاریکستانی تەنیوە
نازانم رامبۆی بازرگان چیدی شیعری دەخوێندەوە
بەڵام بۆ پاراستنی خێڵەکە لە پڵنگەکان
شیعری پێشنیارکرد بۆ میرەکەیان لە بری چەك
لێرەش بازرگانەکان لەسەر شەقامی مەرگەوە
بەم دراوە کۆنەوە دەگەڕێنەوە…
++
حەزێکی شێتانە بۆ ژیان
پاڵت پێوەدەنێ بەرەو ئاوەدانییەکان
تریفە تەریکەکانیش
هەنگاوەکانت دەگێڕنەوە دواوە
دە وەرەوە ئەی باڵندە تەریوەکە
لەسەر ئەم دارچنارە بڵندە
هێلانەیەکی جێماو هەیە
پڕە لە بڕوا و متمانە…
هۆ شاعیرە فریوخواردووەکە
چی دەنووسی لێرە کە کەس
گوزەرێك بە ئۆردوگای شیعردا ناکا
هەر دەڕۆن و ناگەنە هیچ جێ
لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی
یان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر
دەیان دوورگەی مەرجانی دیار دەکەون و بزر دەبن
بێ ئەوەی بوونەوەرێکیان تێدا بژی
زڕ، وەکو دارپرتەقاڵەکەی لۆرکا
++
حەزێکی شێت دەتهێنێتە گۆ
بۆ دۆخگۆڕین
پچڕانی بێدەنگی ئێوارە نشینییەکان
هێورکردنەوەی غەڵبەغەڵبە بێهوودەکان…
پێشەوایەکی خامە بەدەست
لەوسەری کۆڵانە تەنگەکانەوە دەردەکەوێ
بێ فیز، خۆنەویست، ئایندەخواز
هەموو پەیڤە پەرتەکان
لەسەر شەقامە گشتییەکان کۆدەکاتەوە
گوێ لەو ئاوازە هێمنە بگرن
هیوا لە ناختانەوە چرۆ دەکاتەوە
رووناکییەك بەرجەستە دەبێت
کاتەکانمان دروست نیشان دەداتەوە
نازانم
داخۆ کەس شتێ لەم ئاوازە دەناسێتەوە؟
هۆ شاعیرە نوێخوازەکە!
ئاخاوتنەکانی دڵ فەرامۆش مەکە
ئەو زمانی فریو و خیانەت نازانێ
++
تەنیا چرکەیەکیشمان لە رۆژەکان بۆ ناگیرێ
ئیدی کەی ژیان چاوەڕوانیی
دروێنەی حەزە بێکۆتاکانمان دەکا
شەوان ئاوێزانی خەونێك دەبین
دوور زۆر دوور لە هەموو رۆژەکان
یا بەردەوام لە بەرزاییەکانەوە دەکەوینە خوارەوە
یان هاودەم لەگەڵ باڵندەیەکی خۆشخوانا
رازو نیاز…
ئیتر تا کەی حەیزەرانی زۆرانە کوێرەکان
وزەی گیانەکان دەڕەتێنێ؟
کەچی هێشتاش
حەزێکی شێتانە بۆ ژیان
دەڵێ: بنووسە،
هێشتا زۆر ماوە بۆ گوتن…

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.