لە ڕۆژی جیهانی شیعردا

0 144

ماڵپەڕی تەم

شیعر پێناسەیەکی دیاریکراوی نییە، جگە لەوەی هەمیشە وەک زمان خۆی نمایش دەکات، بابەتێکی مرۆڤدۆستیشە، بۆیە دەبێت ئەوەش لەبیر ناکەین کە زمان پەیوەستە بە جوڵەی مرۆڤ، بە تایبەت کاتێک ئەو مرۆڤە دەکەوێتە دۆخی غەریبیی و واقوڕمانەوە. ئەمڕۆ سەرەڕای ئەو هەموو پلاتفۆڕم و لێکەوتە ئاڵۆزانەی دونیای نوێ کە لە هەوڵی دوورخستنەوەی مرۆڤ دان، هەم لە خۆی، هەم لە شیعر و دەوروبەر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین شیعر بۆ زۆرێک لە ئێمە هێشتا پانتاییەکی گەورەی لە ژیانی ناوەکی داگیر کردووە. لەم دۆخەدا پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە، ئەگەر شیعر بوونی نەبوایە، دونیای مرۆڤ چۆن دەگوزەرا؟
بێگومان شیعر جگە لەوەی چێژبەخش و ئارامکەرەوەی دەروونە، شوێنێکیشە بۆ تێڕامان، شوێنێکە تیایدا وەک جیهانبینی و دۆزینەوەی چەقی ڕێگەکانی هەست، ئەو کونج و کەلێنانەی مرۆڤ دەپشکنێت، کە ئێمە بە ڕێگەی تر ڕەنگە نەتوانین دەستمان پێیان بگات.
زمانی شیعر؛ زمانێکی شارەزا و شوێنناسە، لەبەر ئەوەیە لە هەموو شوێنەکاندا، وەک نەخشاندنی مانا، شوێنی خۆی دەکاتەوە. لەبەر ئەوەی مرۆڤ حەزێکی بێبڕانەوەی بۆ زانین هەیە، شیعریش خۆی بەشێکە لە زانین.
زانین لەگەڵ مرۆڤ دەڕوات و بەبێ زانین، شتەکان ناکەونە بەردەست، شیعر بەشدارە لەو زانینە و وەک شوێنێکی زمانی، هەردەم لە بیرکردنەوە دایە.

لە ڕۆژی جیهانیی شیعردا، دەبێت بڵێین شیعر پەیوەست نییە بە یەک ڕۆژ و ساتەوەختێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو شیعر بۆ هەموو چرکە و ساتەکانی مرۆڤە، مرۆڤیش پەیوەست نییە بە یەک ڕۆژ و چالاکییەکی دیاریکراوەوە. کەواتە شیعر بەشێکە لە ڕێڕەوی کات و لە یەک فۆڕمی دیاریکراودا ناوەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەک شتێکی عادەتی کە بۆ زۆرێک لە شتەکانی ژیان ڕۆژێک دیاری کراوە، دانانی ڕۆژێکیش بۆ شیعر، وەک بەبیرهێناوە؛ ڕێزێکی پێویستە لە هەستی مرۆڤ.

بەو بۆنەیەوە ئێمە لە ماڵپەڕی تەم، کە ماوەیەکی زۆر نییە دەستمان بە کار کردووە، پانتایی تەواومان داوەتە شیعر و قسەکردن لە بارەی شیعرەوە، کە تایبەتە بە شیعری کوردی و قسەکردن لەبارەی شیعری کوردییەوە. بە پشتیوانی هەموو لایەک لە داهاتوودا بە کاری زیاتر و پڕ کوالێتی تر لە خزمەت ئێوەی شیعردۆستدا دەبین. بۆیە لەو ڕۆژەدا بە پێویستی دەزانین سڵاوی شیعر و خۆشەویستیی، بۆ هەموو شاعیرێکی ڕاستەقینە بنێرین. ئەوانەی بەگژ ژیاندا دەچنەوە و بە تووندی دەستیان بەسەر شیعرییەت و بنەما سەرەکییەکانی زمان و داهێناندا گرتووە. ئەوەی لە کۆتاییدا بۆ ئێوەیشی دەخوازین، بریتییە لە پڕشنگی شیعرێک، کە وەک تاکە ڕۆشنکەرەوەی ناخ هیوادارین هەمیشە لێتانەوە نزیک بێت.

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.