سۆران محەمەد
ئەو هەموو خڕە بەردەی
لە ئاسمانێکی ڕەشی
بن ئاسمانی شینەوە
دادەباری
برینداری نەدەکردم
بەڵام ئازارەکەی لە گیانما دەزرینگایەوە
تۆش لە تەنیشتما دانیشتبووی
هیچت نەدەکرد.
ئەی ئەسپسوارە کێوییەکان؟
بێ باکانە غاریان دەدا
ناڵەکانیان لە تەوقی سەرما دەچەقان
خوێن نەچۆڕا
هەستم بە قووڵایی چاڵەکان
لە مێشکما دەکرد
تۆش دانیشتبووی
نەتدەبینی.
مەخلوقێکی ئاوێتە
نیوەی مرۆ و نیو ئەژدیها
هەڵیدەلوشیم
دەستم لە کەڵبە لووسەکانی گیر کرد
نەبادا بکەومە نێو قووڵایی-
قۆرتێکی ڕەش
چەشنی بیری یوسف ئاسا،
پڕ بە گەرووم
هاوارم دەکرد
تۆش لە تەنیشتما دانیشتبووی
قیژەکانمت نەدەبیست.
بە لای چادری ئاوارەکاندا
ڕامدەکرد،
یەك لە دوای یەك
بڵێسەیان بە ئاسمانا هەڵدەچوو
هەر ناڵە ناڵ دەهاتە گوێم
کەچی هیچ کەسێ دیار نەبوو
ڕامدەکرد و
شوێنی هەنگاوەکان چاڵ و
بە ناخی زەوی ڕۆدەچوو
دەستێکیشت درێژ نەکرد
بێیتە فریام
بۆخۆت هەر گۆرانیت دەوت…
کاتێ کە بێدار بوومەوە
دەمامکە ڕازاوەکانم دی
بەڵام لەژێر هەر یەکەیان
ڕووە ڕاستەقینەکانم
دەناسیەوە
کە دەیانگوت:
واقیع و خەوتان هەر یەکە.