ئومێد قەرەنی
گفتولفتی جادووییە
زوو زوو لە تیڤییەکانەوە دەردەکەوێ،
مەمەند پیاوێکی خاسە
ڕا و ڕوانینی خۆی هەیە،
بۆ هیچ پرسێ دانامێنێ!
ئەوەیان ئازادییە! –
مەمەند لەنێو وێنەکاندا تەنیا نییە،
سێلفیی زۆر هەن،
لەگەڵ پیاوانی دەربار…
شەوانە بە ئاسوودەییەوە دەڕازێ
لە هیچ شتێک پەژیوان نییە
لە هیچ بارێک،
هەستی بوون بە دڵۆپە ئاوێکی نەچەشتووە!
دەستەوتاقم،
ئاسایشی گەڕەک و باژێرەکەی زۆر خۆش دەوێ
باژێرەکانی دیکە هێندە نا! –
هێندە هێژایە، بۆ گشت مێینەیەک دەچەمێتەوە
مەمەند عاشقی خۆیەتی،
ئەوەیان ئاسایی نییە! –
هەرگیز لە دڵی خۆیدا نەیگوتووە:
خۆزگەم بە دروومانکەر
سوپاس ئەی بەرگدروو
ئەو پێی وایە ئەوە مارکەکانن،
جەستەی گەرم دەکەنەوە!
ژیانی بەسەر شانی کرێکارگەلێک هەڵگرتووە،
کە هەر ڕۆژ پەنجەی یەکێکیان،
لە ماکینەیەک جێ دەمێنێ…
منیش لە گۆشەیەکدا،
لەبن باری خەیاڵاندا داچەمیوم
گومان لە ئاوەزی خۆم دەکەم
ئیدی خەون بە دەریا و خۆر و ئەوینەوە نابینم
ئیدی خەون بە گۆڕانی شتەکانەوە نابینم
تەنیا خەون بە جیهانێکەوە دەبینم،
کە تێیدا،
مەمەند لەنێو گەوادییەکانی خۆیدا بخنکێ!