هەناسەمان خستە چووپێکەوە و لە ئاو پەڕینەوە

0 236

بـەخـتیار ئـۆغـەن

لەبەر هەڵاتن، ئازار لەناو قاچەکانم هەبوو
گۆرانییەکم بۆ ئازادیی لە قورگمدا هێشتەوە و بوو بە درەخت
لە پێشم تەمێکی ئەستوور هەیە
هەندێک دەڕۆم و سەرم لە چاوت بزر دەبێت
لە شوێنێکی سنگم کۆخەیەک دێت و دەنگم دەکەوێتە ناو بەفر

سەرەڕای بەربوونەوەی دەستێکم بە گێڕانەوەی گولـلەیەک بە قۆڵم دڵخۆشم
بەڵام
وەک بریندارێک
بیری خواردنەوەی ئاو دەکەم لە پەرداخێکی فافۆندا
بیری ئازادییش لە پشت تاشە بەردەکان

ڕێم نییە پێیەکانم لە کوێ دانێم؟
خەونم نییە سەری خۆم لە کوێ فڕێدەم؟

ئێمە چەند کوردێکی بریندارین
یان دەبێت پێکەوە نان بخۆین لەژێر هەیوانێک
یانیش گیا لە کاتی هاتنی
فڕۆکە
کە برینمان زۆر بوو،
بە یەکەوە پشتمان بە هەوا بەست
هەناسەمان خستە چووپێکەوە و لە ئاو پەڕینەوە

بیرم کردوویت
بەو ساڵانەی گەنم بەژنی هەبوو
چاوەکانت وەک پارچە قوماشێک کە دەخەیتە سەر ڕووخسارێکی دیکە
وەک کێڵگەیەک پڕ دەبم لە کرم

ئەوە دنیایە
سێبەرت لە کوێدا شکا، دەبمە درەخت
ئەگەر چەقۆ لێبگەڕێت
ئەگەر ئاگر لێبگەڕێت

بۆ ڕۆیشتنت هیچم نەگوت
بۆ نەگەڕانەوەت هیچ گومانێکم نەخستە سەر پێستت
بەڵام
چەند بتڵە بیرەیەکم خواردەوە و
بۆ هەموو شوێنێکی شەو بە تەنیا مانەوەم هەڵبژارد

شەوێک کە سەرما هەواڵی بەفری پێیە
کادین خۆشترین ماڵە بۆ پشیلە
سەگێک لەژێر تەنەکەی بەربارانی دەشتە ڕووتەکان
بیری دەکردەوە چۆن ببێتە مریشک
مریشکێک لە کاتی هێلکەکردن
تێگەیشت چوونە ژێر باڵی کەلەشێر هەڵەبوو

دڵۆپێک ئاو لە دەستم کەوتە خوارەوە و
بوو بە ژانێک و ژنێک هەڵیگرت
شەو بوو
ژنێک لە پشت پشتم لە دەستی منداڵێک دەگەڕا
لە کاتێکدا لەبەر ئازار، لەبەر سووڕانی دنیا لە چاوی چەپیدا
کەوتە ناو ترسێکی دەستکرد

لە کاتێکدا کە چێشت لێدەنێیت و پەنجەرەت بۆ گۆرانییەک کردۆتەوە
با کەس نازانێت کەوتوویتە کوێوە
با کەس نەزانێت خەونت چ ڕەنگێک بوو
با کەس نەزانێت دەستت هەتا کوێی بردیت
با کەس نەزانێت لە حەوشەی چەند شەوێکدا تەنیا بوویت

دیوار هەیە هەر کراسێکە
دیوار هەیە بە وشەیەکی سارد ئاو دەدرێت
دیوار هەیە بە سێبەرێکی ساختە خۆی هەڵدەکێشێ
لە پشت ئەو دیوارە خوارە برینێک و گریانێکی ڕاست هەیە

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.