تەیب قادر
مووشەک لە شارەکان بڵاومەکەنەوە
لەو بەینەدا من تیا دەچم
من نامەوێ بمرم،
بە تەمام نامەیەک بنووسم و
بینێرم بۆ خۆشەویستەکەم
من خۆشەویستم نییە
ئەگەر هەمبێت، لێ ناگەڕێت ببمە سەرباز
دەیەوێت ببمە دوکاندار و
هەموو ئێوارەیەک بە زەرف خۆشەویستی بۆ ببەمەوە.
لە شەڕدا نازانن منداڵ چییە
لە شەڕدا نازانن ژن چییە
تەنیا دەزانن مرۆڤ بکوژن
مرۆڤ نابێت بکوژرێت، دڵی هەیە.
ئەو دەیەوێت گەورە بێت و بچێتە زانکۆ و
ببێتە دکتۆر و
ژنێکی دووگیان بێتە لای و ڕزگاری بکات و
منداڵەکەی بخاتە باوەشی
تا بزانێت ڕۆح چییە.
ئەو دەیەوێت گەورە بێت و بچێتە زانکۆ و
ببێتە ئەندازیار و
نەخشەیەکی نوێ بهێنێت و
بینایەک دروست بکات،
تا هەست بکات زیندووە.
ئەو دەیەوێت ببێتە شاعیر و
شیعر بۆ برسییەتی منداڵێک بنووسێت و
لە شیعرەکەدا، وشەی بۆ بکاتە نان،
تا هەست بکات مرۆڤە.
ئەو دەیەوێت تەنیا ببێت بە دایک.
ئەو دەیەوێت تەنیا ببێت بە باوک.
ئەو دەیەوێت ببێتە وێنەگر و
وێنەی چۆلەکە و دەرگەی کۆن و ڕووبار… بگرێت و
بیانهێنێتە لای ئێمە،
بۆ ئەوەی جوانی لەپێش چاومان نەڕوات.
ئەو دەیەوێت…
ئێمە کاتی خۆمان خۆش دەوێت
دەمانەوێت هەفتەیەکی تر بچینە سەیران
مانگێکی تر سەفەر بۆ دڵخۆشی بکەین
ساڵێکی تر گوڵ بچێنین
لە داهاتوودا ببینە دڵی یەکتر.
کچێک هەیە نابێت بمرێت
کوڕێک هەیە نابێت بمرێت
منداڵێک هەیە نابێت بمرێت
کوڕ و کچەکە دەیانەوێت یەکتر بناسن و بچنە ماڵێک و
جەستەی یەکتر بە یەکتر ئاشنا بکەن و
دواییش منداڵەکە بخەنە باوەشیان و
بینێرنە ژیان.
مووشەکەکانتان هەڵگرنەوە،
من لە ناوەڕاستدام
هەر کاتێک خۆتان دەجووڵێنن، من دەمرم
مەجووڵێن
بجووڵێن،
ڕۆحێک کەم دەکات.
من کوردم، هەموو مرۆڤێکم خۆش دەوێت،
مرۆڤ ڕووناکییە
نابێت بکوژێندرێتەوە
دەبێت گەش بێت
مرۆڤ گەش نەبێت، زەوی بۆ چی باشە؟
شەڕ زمان دەڕووخێنێت
شەڕ وشەکان دەکاتە دووژمنی یەکتر
شەڕ بە خوێن ئیش دەکات
من زمانم نانێرمە شەڕ
وشەکانم ناکەمە دووژمنی کەس
خوێنم دەبێت هەر لە جێگەی خۆی بێت،
شیعری پێ دەنووسم
لە شیعرەکانم هەموویان بران
هەموویان خوشکن
جەنگ لەنێو شیعری مندا نییە
خۆشەویستی هەیە
ئەگەر دەزانن خۆشەویستی چییە، دڵتان کوا؟
من ئاشتییم خۆش دەوێت، ئاشتی مرۆڤە
من شەڕم خۆش ناوێت، شەڕ تاریکە.
لێ ناگەڕێم جەنگ بزانێت ماڵم لە کوێیە
ماڵم لە هەموو ماڵێکە تەنیا لە شەڕ نەبێت
ماڵی هەمووان لە ماڵی منە تەنیا لە شەڕ نەبێت
ماڵەکان نابێت مردنیان بۆ بچێتەوە
ماڵەکان دەبێت ژیان ببەنەوە
ئەگەر ژیانتان دەوێت، شەڕ ببەنە نێو نووسین
شەڕ بە گوللە خەتەرە، ژن دەکوژێت
شەڕ بە مووشەک خەتەرە، شار دەکوژێت
دڕۆنەکان بکەنە کۆلارە، بیدەنە دەستی منداڵێک با یاری پێ بکات
یاری ئێوە جوان نییە، خوێنی تێ دایە
یاری منداڵ جوانە، پێدەکەنێت.
مووشەکەکان لە دڵی منداڵدا جێگەیان نابێتەوە
دڵی منداڵ بچکۆلەیە
مووشەکەکان گەورەن.
مووشەکەکان لە دڵی ژندا جوان نین
دڵی ژن ناسکە
مووشەکەکان توڕەن.
مووشەکەکان لە دڵی پیردا هەڵەن
دڵی پیر بە ئەزموونە
شەڕ ڕاست نییە.
مووشەکەکان…
هەر یەکە و شوێنی خۆی، کوا شوێنی تۆ؟
لە دڵی خۆتدا دانیشە، گەردوون تەنگ نییە
ئەوەی تەنگە، شوێنی کوشتنەکانە
ئەوەی تەنگە شوێنی برینەکانە
برینەکانم زۆرن
کوا برینی تۆ ناوی چییە؟
من لە خۆمدا وەستاوم و ها گوڵ، شارت خۆش
ها وشە، سەرت باش
ها ڕەنگ، ڕەنگت جوان
نامەوێت لە بەختی کەسدا بمرم
بەختی خۆم هەیە
بەختم زمانمە و زمانم لە کوشتندا لێ مەشارەوە
مرۆڤ بە
با زەوی ڕاخەین و سروودێکی هاوبەش بڵێین
سروودەکە با ناوی مرۆڤ بێت
مرۆڤ جیهانە
جیهان نابێت بە خوێن بێت.