ئومێد قەرەنی
لە ژوورێکدا بەندکراوم
تار و تاریک
تروسکەییەک لە درزیکەوە دێت
تاقە هاوڕێم کە مشکێکە، وەڕسی دەکات
نایەڵێت وە ئارەزووی خۆی وازی بکات
دوێنێ پرسی چما بەند کراویت؟
– کاتێک بە شەقاماندا دەڕۆم،
هەر لە خۆوە زێرکم دەچێت
نە هیچم کردووە… نە هیچم گوتووە
بەڵام پۆلیس…
”ئەوانە گوماناوین
کاری ئەوانە
بڕۆنە پێشێ و بیانگرن
بیانکوتن و بیانگرن
بیانگرن و بیانکوتن…”
مشکی هێژا
دەڵێن جەللادی نێرگزیی مەی
دەڵێن تۆ تەمی نێو ئاوەزی مەی
تۆ ئەو ڕکوکینە دەچنیەو،
کە ئێمە دەیچێنین…
دواجار گوتیان: ئیدی تۆ ئومێد نیت
تۆ ناوت ڕیچاردە و بڕایەوە
دەبێت بڕۆیت بۆ واشنتۆن!
گەرنا، کەڕەنایەک لە بڕبڕەی پشتت چێ دەکەین!
دەتکەینە پەنجەرەیەکی کوێر
دەرکەیەکی ترسناک
کە بەرەو هیچ شوینێک نەچێت
یان کۆترێک،
لە باخە ئەفسووناوییەکەی پاشا
ئەی بەڕێزت؟
– بە نیازن دامڕزێنن
تا بۆ دادوەر، بە بەڵگەوە،
بیسەلمێنم کە من فیل نیم!