زامێکم هەیە، کۆچ ناکات

0 59

نەهرۆ جەرجیس

بەدەم خواردنەوەی پیاسەیەک،
ئەندێشەی جێهێشتنی شەقامی ژیان،
ئاو دەدەم
لە سەوزی بیرۆکەی مردن، ڕادەکشێم
هیوایەکی تازە نییە، بەیانیم جوان نییە
نیوەڕۆیان ماندووم، شەو چێژی نییە
دەکۆخم…
لە پانتایی برینێکی کۆن دانیشتووم
جگەرە دەکێشم
بیری شیعرێکی ئەدۆنیس دەکەم
زامێکم هەیە، کۆچ ناکات…
لە باخچەیەکدا، لە قووڵایی هەناسەیەکیدا،
ڕۆشنایی، گریان دەڕژێنێتە جۆگەلەی
کێڵگەی خەونەکانی لاوییم.

ڕەنگی داهاتووم ون کردووە
خەیاڵەکانم تاریکن
لە ناوەڕاستی سنگی شۆستەیەک،
نائومێدی دەدۆزمەوە
دەترسم چیتر کۆتری نامەبەر،
نەچرپێنێت: “نوێبەرەوە”.
نەچرپێنێت: “خاتوونێک بە ئاڵای خۆشەویستییەوە،
دەگاتە کوێستانەکانی هەناسەت.”
دڵنیانیم، نا هێشتا نەمسەلماندووە،
مردن باشترە یان ژیان؟
هیوای درەوشاوەی سەرابیی،
یان نائومێدییەکی گەش لە تاریکییدا،
قژی سپێدانی من شانە دەکات
نا، بانگ نادات، ژیان.

ئەستێرەی چاوەڕوانی،
تووشی خەمبارییەکی ڕەشم دەکات
ژیان لە مزگەوتەکانیدا؛
تەنیا لەو ژووری مردووی لێ دەشۆرن،
میواندارییم قبوڵ دەفەرمووێت.

باڵە ماندووەکانم،
لای خونچەی سیسی کاتژمێرێک دەنیشنەوە
هیچ خولەکێکم بۆ نەماوەتەوە
چرکەکان قسەی ناخۆش بۆ تەمەنم دەکەن
باشترە بمرم، باشترە ژیان قووت بدەم
باشترە چیتر نەورەسەکان نەبینم
باشترە چیتر نەچمە کانی
چیتریش لەسەر درەخت دانەنیشم و
سوالفەی خەونێکی بریندار نەکەم
ژیان، دەرفەتی پیاسەکی ترم،
لە وەهمدا پێ نابەخشێت.

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.