بـەخـتیار ئـۆغـەن
مرۆڤێک دەڕوات، لەسەر دیوارەکانیش ڕووناکییەکی زۆر، بەری دەستی کردووەتە کڵاو
دەستی لەسەر دەنگی دادەنێت و
بۆ خۆ شاردنەوە لە کامیرا، بۆ ناو تاریکایی دەگەڕێتەوە
بە شارێکی بێ ئاودا ڕۆیشتم، لە بن هەر گلۆپێک نەفەرێک هەبوو، پارچە ئاگرێکیش
نەفەرێک هەبوو
بەردەوام لە دەنگێک دەگەڕا
هەبوو لە جادەکان لە قژێکی یەکڕەنگ
هەبوو لە پشت چەند پەلکە کاهوویەک لە دەستی خۆی
هەبوو لەناو گۆرانییەکی کۆن لە چەقۆیەک، بۆ نزیک دەمارەکان
لە زۆر مانەوە لە ئاودەست، لە باشنەخەوتن،
لە بە تەنیا ڕۆیشتن بە شەقامێک، کە لە نیوەیدا دەبێتە خۆڵ پرسیارێکی گەورەم جێهێشت
گولـلەیەک دێت و بەردێکیش بۆ بن سەرم،
سەرم لە دەست دەدەم
لەو شیعرە
دەربارەی جەنگ، نە فیشەکێکم هەیە نە قسەی چروک،
جگە لە هەندێک تف
لە بەرانبەر هوتێلێک کە چەند ئەستێرەیەکی هەیە
ئاسمانی شەوی سەر ماڵێک
تاریکە
سەرەتای شەو بوو ئازار بە ئێسکەکانمدا کەوت،
کەوتم بەناو جێگەدا
دیار بوو
ئازارم درێژە دەکێشێ، شەویش
سەیری دیوارم کرد بەیانیی زۆر دوور بوو
ئازارم زۆر بوو، لە حەوشەش پشیلە
بۆقێک لەبن گوڵەکان بازیدا
پشیلە لە دیوار
ئازاریش بۆ شوێنێکی دی لە جەستەم
دەستم لەناو گریان بوو
گاسم دەکردی، دەرگە لە کوێی دیوارە؟
لە چاوەکانت کە پێکەنین دەخنکا
ئاوڕت دایەوە و ڕووبارێک بە پێشمدا تێپەڕی
لە ڕووبارەکە پەڕیمەوە بە بەلەمێکی دار، دارەکان کە پێشتر پێکەوە درەختێک بوون،
گاسم دەکردی
بەردەکان، بەردە گەورەکان هەڵمەگرە
قرژاڵێک ماڵی تێکدەچێت
بەربوومەوە و دەنگت هەتا کن گوێم هاتوو گەڕایەوە
دەستم لەو دێڕەدا ژێر ئاو دەکەوێت
چاوت لە کوێیە؟
کە زانیم وەستانیش ئازاری هەیە
بۆ لەبیرکردنت دەریام خستە ناو مەلەیەکەوە
بۆ لەبیرکردنت ڕۆیشتم و لە باڕەکان شەوم تەواو کرد
مرۆڤ هەیە درەختێکی نییە تەیرێک میوانی بێت
مرۆڤ هەیە خەوی کەوتووەتە ناو تڕومبێلێکەوە و دەڕوات
بۆ مرۆڤێکی تەنیا، خانووش هەر دەشتێکە و هەندێک دیواری هەیە
ئاگام لە تاریکیی نەبوو کە هات، لە گەواڵەی هەورەکانیش،
ڕادەکەم و دەرگە نزیک دەکەمەوە لە دەستم،
لە پشتم خۆڵ چی لێدێت؟
کەسێک لەسەر پشتی خۆی دەنوێت و سکی لە دەرەوەیە
قسەیەک لە بن کەپووی دەکەوێت و
دەبێتە چەند پشکە خوێنێک بە کراسێکەوە
لە دەرگە دەدرێت و
نازانێت دەرگە لە کوێی دیوارە