برینی پێچراوە

0 155

ئەمیر ئەمین

ئەی شەوی لە ژمارە نەهاتووی نەهاتییەکانی من
ئەی بەردی بەرەوە بوو بەسەر برینەکانمدا
ئەی ئاسمانی شکاو بەسەر شەوی شان ومل ڕووتمدا.

ئەی برینی پێچراوەی من کێ ناڵێت؟
شێتی دوایین وەسیەتی عەقڵ بێت بۆ ئەوەی ڕاوی نەکەن.
با ئەم یاخیبونە وەک سەگێکی دڕ بەربێتە هەناوم
گۆشت و ئێسقانی ئەو یادەوەرییانە جیا بکاتەوە
گۆشت و ئێسقانمیان جیا کردەوە.
با چڕنوکی ئەم دڵگەرمییەم ئەو دیوارە سەهۆڵییانە بتاشێت
ئاهی ساردم دروستی کرد
با ئەم ژەهری یەقینە بە گەرووی گوماندا بچێتە خوارەوە
با هەڵوەرێن ئەوانەی وەک کەڕوو بەگیانمدا بڵاو بوونەوە.

ئا‌‌‌هـ ئەی برینی پێچراوەی نێو زەمبیلەکەی موسا
بەنێو نیلی دڕەندەکاندا خودا بە شەپۆلی ئێستەی سپاردیت
ئاهـ ئەی وشەی ڕاڤەنەکراو
خودا وەک چیرۆکێک بەنێو کتێبەکانیدا بڵاوی کردیتەوە
بۆ ئەوەی من باوەڕم کۆبکەمەوە
بەڵام من کەڵبە و چڕنووک و ژەهری سەردەم بڵاوەی پێکردووم
گەر وەک تاج سەرمت پێبدەم تاج بەبێ سەر دەمکات بە چی؟
گەر وەک ڕاز دڵمت پێبدەم ڕاز بەبێ دڵ دەمکات بە چی؟
گەر وەک پەیڤ زارمت پێبدەم پەیڤ بەبێ زار دەمکات بە چی؟

تەماشا بکە لەنێو دوکەڵی کەڵبە و چڕنووک و ژەهردا چۆن شپرزەم
دەبینی بەگڕی سووتانم ستایشم دەنوسنەوە
ئەوانەی بەرەو دەریام بردن و ئاوێکیان نەکرد بەم ئاگرەدا!
لەنێو قوڕپێوانی خۆری ئێوارەدا لە خۆم دەدا
بۆ مانگێک لە خۆیدا کوژاندیانەوە
هەڵدێم گەر بەدوومدا هەڵهاتیت ڕابکە دارستان
با لەگەڵ ئەو مشکانە بژین هیچ لە تاقیگە نازانن.
با بەشفرەی ئەو بەرازانە گۆڕێک بۆ خۆمان هەڵبکەنین
هێشتا مرۆڤ نەیکردوون بە شفتە
با دەنگمان فڕێبدەین
با هەرچی زوبانی دونیایە لەژێر دارچنارێکدا بنێژین
ئێمە زمان نەیهێشت بژین وەرە ڕابکەین و خۆمان فێری لوورە بکەین
خودا لەهەموو دەنگێک تێدەگات
وەرە تکا بکەین لە سمۆرەیەک ڕێگە بدات
لە تەنیشت ماڵەکەیەوە هێلانەیەک دروست بکەین
ماڵ بۆ ئێمە وشەیەک بوو بۆنی هەموو شتێکی لێدەهات ئاوەدانی نەبێت
ئەوکاتەی نەیانهێشت لەژێر باڵەخانەی سی نهۆمیدا
لەسەر کارتۆنێک بژین.
وەرە مرۆڤ ڕوناکییەکانی وەک خۆی کوێر بوون
کاتێک بەژێر ڕۆشنایی گڵۆپەکانی ئەواندا ڕۆشتین و ونیان کردین
چراکە بکوژێنەوە و دڵت بدە بە گوڵە ئەستێرەیەک
ناهێڵێت لە دارستاندا ون ببین.

من زیندەوەرێکی بچوکی بێ کەڵبە و چڕنووک و ژەهرم
لەنێو ئەم دارستانە گەورەیەی پڕ لە چڕونوک و کەڵبە و ژەهرەدا
مرۆڤایەتیم داوە بەکۆڵمدا و
لە ژەهر ڕادەکەم بۆ بەردەمی کەڵبە
لە کەڵبە ڕادەکەم بۆ بەردەمی چڕنووک
غار دەدەم و عەقڵ قامچی ماندوو بوونە.

خواردمیان ئەوانەی شیعریان پێ نەدەخورا
فڕێیان دامە خوارەوە ئەوانەی لە ئاسمانەوە دابەزین
حەواڵەی ئاسمانیان کردم ئەوانەی
لەژێر زەوییەوە وەک حەشەرات هاتنە دەر.

ئەو بەیانییەی بەرلەوەی ڕابکەم بۆئەوەی ببمەوە بە مرۆڤ
بەژێر ژێرپێ و نێو لاقی مرۆڤەکاندا هەڵهاتم…
برینێکم لەنێو نامەیەکدا بۆ پێچایتەوە،
بۆئەوەی کە نامەکەت کردەوە
دڵم ببینی چۆن بووە بە مۆزەخانەی شوێنپێ
بۆ ئەوەی زمانم ببینی چۆن پڕ بووە لە چغە
بۆ ئەوەی سەرم ببینیت
کە چۆن وەک مەنجەڵە بن ڕەشەکەی دایکم
هەمووان سەریان لە لەسەرمدا دەکوڵاند.
بۆ‌ ئەوەی چاوەکانم ببینیت چونکە دەمویست
وەک دوو چرا لە تاقی ژوورەکەی (لەتیف هەڵمەت)دا بگەڕێن
بەڵام وەک بیرەکانی بەدر پڕیان کردنەوە!

نیگەران مەبە نابینا بم باشترە
ڕەنگەکانی ئەوان دڕن ڕەنگەکانی ئەوان دەمانخۆن
ڕەنگی سپی ئەوان ئاوی سپی سەرچاوەکانمان بوون
ڕەنگی ڕەشی ئەوان لافیتەی پرسەی خەونەکانمان بوون.

مەڕێکی بێ زمانی تۆقیوی نێو لورەی جیهانی نوێم
کتێبم داوە بە خۆمدا بۆ ئەوەی تەڕ نەبم
شیعرم کردووەتە بەرم بۆ ئەوەی ڕەق نەبمەوە.

دەستەکانت بێنە بەرلەوەی ببمە خۆڵەمێش
سەرمای تەمەنێک لە گیانت دەربکە
من کە نەمتوانی لە دڵتدا ئاگرێک بکەمەوە
با ئاگری خۆم دۆزەخی خۆم بێت.

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.