ئیسماعیل سابیر
بە ناوی تاوەر و باڵەخانە بەرزەکان
کە ڕۆژ بە ڕۆژ هەوریان لێ دەشاردمەوە
پەڕاگندەی کات و کۆڵان بووم.
بە ناوی شار هەنگاوم نا
لە شێوەی باڵات
دەستم بۆ برد
ژیان کە ئیدی بووبوو بە لانکەی سەرمایە.
بە ناوی جوانی کاتێک دەستخەڕۆی تێڕامان کرام
چاوت کە سەرمی لە قوڕنا و
لە حەژمەتان ئەو دەمەی من شوێنێکم دەهێشا
بەڵام لەبەر ئەوەی تەنیا وشەم هەبوو
بۆیە هاوارم نەکرد.
بە ناوی شیعر و هەموو میتافۆڕەکانی گوتن
نەخشەم کێشا
شێوەت کە لەبیرم نەچووەوە
وەک شاعیرێک هیچم نەکرد
چونکە ئاگری ئەو هەموو چیرۆکە
سەبارەت بە تۆ
قەت ڕۆژێک لەناو مندا خامۆش نەبوو.
بەناو ئۆتۆمبێلەکاندا تێپەڕیم
کۆڵان و درەخت و خەتی جادەکان
تەنانەت هۆکارگەلێکی تریش هەبوون بۆ ژماردن
وەک غەریب و قوڕبەسەرەکان بە تەنیا
چەندین شەو
لە تاریکیی کاتێک بەسەر هەستەکانی مرۆڤبووندا کەوتم
بە ناوی عەشق
کە پاشماوەیەکی فڕێدراو بوو
تەنانەت تاقە کەسێکیش نەهات هەڵی بگرێتەوە.
دڵشکان بانگەوازێکی تازەی مرۆڤەکان نییە
هەمووان ئەو ڕاستییە باش دەزانن
بەڵام هەرچی منە بۆ دەرچوون لە ئەزموونێکی وادا، چووم خۆپیشاندانم دژی دووریی ڕێک خست،
لەبەر گریان تا تۆم لەبیر بباتەوە، یاداشتم پێشکەش بە وەزارەت و
دەستەکانی شیعر کرد
لەجیاتی باڵات،
دەربارەی جێهێشتن کە هێندە خەمناک بوو چاوت
من خێمەم لەناو زمان و سەرچاوەکانی خەمگینی هەڵدا
لەپێش شوورا و پاسەوانانی شەو، ئەگەرچی
ڕۆژم کردەوە و
بۆ چەندین سەعات؛
پڕ بە قوڕگم کە خوێنی ئەم ڕۆژگارە ساردانەی لێ دەهات
هاوارم بۆ شۆڕشی ژیان و
چاکسازی لە سێکتەری خۆشەویستیدا کرد.
ئەوەی بە ناوی ڕەسەنییەتی هونەر
دڵنیایی تەرک کرد و
لە چایخانە میللییەکاندا فەرامۆش؛ بەسەر کتێب و فەرهەنگەکانی سووتاندا لار بووەوە
فریوی جوانیی و ساتە تێپەڕبووەکانی خوارد
من بووم.
دەست لەناو گیرفان و سەرمابردوو
لە قەیسەریی و چواردەوری قەڵا
عەسران بە حەسرەتەوە
ئەوەی کە پیاسەی کرد و
دەستبەرداری هەموو کار و کەسابەتێک بوو
لەگەڵ ئەوەش بەدوای کەسێکی ڕۆیشتوودا ڕۆیشت تا…
چایی بخواتەوە.
من بووم
لە سەردەمی نەمانی بەهادا
بەدوای کڵاوی بابردوودا خەڵکەکە دەیانگوت
خراپ کەوتم بەسەر تەنیاییی خۆمدا
پەرچەکردار کە هیچکاتێک بژاردەی هەڵسانەوەم نەبوو
لە قووڵاییی ئەم ڕۆچوونەدا
لەگەڵ هاوڕێکانمدا کە ئومێدبەخش نەبوون بەو جۆرە
کاتێک مانام لە ژیانی کۆمەڵایەتیی دابڕی
زۆر زەحمەت بوو بە تەنیا مانەوە.
لە دیسکۆکان شەو ئەو ساتەی هاتمە دەرەوە،
نیوە مەست
دڵم چونکە لە ژیانی ئەم شارە پڕ بووبوو
شۆفێریم کرد و
سەرەڕای گوێگرتن لە میوزیکی دڵنشین
بەڵام لەبەر ئەوەی لە یادی کچێکدا
چونکە هێشتا سەرگەردان و خەیاڵ بووم،
چاوبەفرمێسک وەک دڵشکاوێکی تازە، بۆیە ئۆتۆمبێلم کە لێ دەخوڕی و
کەمێکیش دڵتەنگ بەو جادانەدا
دەڵێی شیعر بووم،
لە ژیانی مرۆڤەکاندا؛
بێ بەش کرام.
کۆتاییی پاییزی٢٠٢٢