ڕاکردنم دەبێتە فڕینێکی ئابڕووبەرانە

0 974

نەوڕەس محەمەد

لە ناندینەکە گۆرانیم دێم دەدا
خەونەکانم دەق دەکرد و
یادەوەرییم لە پاڵ زماندا ورد دەکرد
کاتێک وێنەت لە خواردنەکانمدا تامی دەدا
کێوی دەبووم
مرۆڤە کێوییەکەی نێو دارستانت
بەدوای سمۆرەیەکی
وردیلەدا دەگەڕام، بزێوییم هەرس بکات
چونکە هەمیشە زەردەخەنەم
پێی خۆشە لێوت هەڵ قوڕێنێ/ کە بانگم دەکەیت
نەرم نەرم دەبمە کێکی دڵخوازت
بەلێوتدا دەخورێم.

دڵنیام ڕۆژێک شێتی
لەم شارانە — لەم کۆڵانانە، کە هی خۆم بوون،
لەسەر زەوی خەڵک لێی زەوت کردووم،
هەر دەمخوێنێتەوە.

ئەمن دەزانم ئەو پێکەنینانە هیی خۆم بوون
وەکو تەماتە لە کاتی تەقینەوەیان پێمدا؛ لە دەمیان دەردەهێنمەوە
وەک کەسێک کە هێشتا داوای خوێنی خۆی دەکات.

دوام دەکەون/ بە چاوشارکێی دەزانم
بانگم دەکەن/ بە پەیکەریان دادەنێم
منداڵەکان زمانم تێ دەگرن
ڕاکردنم،
دەبێتە فڕینێکی ئابڕووبەرانە.

لەو ناندینەی کە ناتەوێ بیرت لێ بکەمەوە
بۆت دەنووسم
پێم بڵێ ـــ چۆن بەرگەی ئەو بیرکردنەوەیە بگرم؟
کە تۆ
شەیدام نەبیت و
تامی مرۆڤێکی دیکە، ڕووت لێم بکات.

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.