داستان بەرزان
من ئاگرێکم
مەودا هەرە دوورەکان دەبڕێت/ بڵێسەم
من دەگڕێم
بەبێ دەنگ دێت/ نێڵەم.
دەنگی من لە ناوەوەیە
من دەنگ نیم
من دەنگدانەوەم.
لە گوێیی ئەوانی دیکەدا
کە لە ڕۆژی حەوتەمەوە بێدەنگن
من دەنگ نیم/ بێدەنگیم!
ئەوان کە لە ڕۆژی حەوتەمەوە کوژاونەتەوە!
ئەوان کە لە توانایدا نییە
مەودا دوورەکان ببڕێت/ بڵێسەیان!
ئەوان کە بۆ چرکەیەک نەبیستراوە/ نێڵەیان!
لە هیچ کوێدا هەواڵی نییە/ زایەڵەیان!
ئەوان کە ناویان ڕووناکییە
لێ ڕووناک نین!
من کە کوڕی تاریکییم
دەبریسکێتەوە بوونم!
بوونی من کە سنوورەکان دەبەزێنێت
کە ڕووبەرە ڕەشەکان سپی دەکاتەوە.
من دەنگ نیم/ دەنگدانەوەم
تاریکیی نیم/ بریسکانەوەم.
لە کوێدا داگیرسا ڕۆژ
ئەوە منم کە بەرپام
لە کوێدا تاریک داهات دنیا
ئەوانن کە بەرکەماڵن
ئەوان لە ماڵن
ماڵانێکی بێدەنگ
ماڵانێکی تاریک.
من بێماڵم
بێماڵ دەزرینگێمەوە
بێماڵ تاوم سەندووە.
ئەوان کە قەرارە بەرقەرار بن
من کە قەرارە بێقەرار بم.
سەکۆکان سازدەکەن
من سەکۆکان دەڕمێنم
ئەوان بۆ دانیشتی هەمیشەیی
من بۆ هەمیشە فڕین.
ژیان ئیشێکە پێشوەختە بڕیاری لێنادرێت
ژیان دەریایەکە بۆ هەندێک خۆی دەڕوات/سەرکێشانە!
ژیان دەریایەکە بۆ هەندێک خۆی دەڕوات/سەرگێژانە!
من ئەگەر سەرگێژبوومایە
بەو ئەندازەیەی ئێستاکە خۆمم لەبەرچاو نەدەگرت
خۆمم وەکو ئێستا پەسەند نەدەبوو
خۆمم هاوشێوەی ئێستاکە خۆشنەدەویست و
بەزەییم بەوانەدا نەدەهاتەوە
کە دەریای ژیان لەگەڵ خۆی بەکێشیان دەکات/سەرگێژانە
من زۆرجار دەریای ژیان لەگەڵ خۆم بەکێش دەکەم/سەرکێشانە!
من تاریکیی دادەگیرسێنم
من ڕەشایی ڕەش دەکەمەوە
لە دوور دەڕۆم
من مەوداکان
من سنوورەکان
دەگۆڕم بۆ تیشک
من تیشکەکان لێدەگەڕێم
کوێوە دەچن با هەر بچن
من کە هەرگیز ڕاستەهێڵێک نیم
من کە هەمیشە تیشکێکم
واوە دەچم… واوە دەچم.
گۆرانییەکم نابڕێمەوە
چیایەکم ناتوێمەوە
برینێکم تا ناکۆتا دەکولێمەوە
درەختێکم چەندی بمبڕن و بمبڕنەوە
هەر دەڕوێم و دەڕوێمەوە.
من زەمینم
گاهێک بە دەوری خۆر و
گاهێک بە دەوری خۆمدا
بێپەروا خول دەخۆم و دەخولێمەوە
ئەوەی لە مندا دەبێتە هاوار
سبەی هەرگیز نایڵێمەوە.
من قیژەی مرۆڤێکی نوێم
بێ مەودا/ بێ سنوور
بە تازەیی دەمێنمەوە
من بوونێکی نیگەرانم
دەنگدانەوەیەکی گەردوونی
وێنەی مەودای بێ مەودا
وێنەی سنووری بێ سنوور
هەر دەڕوم و دەڕۆم و
قەت بۆ جارێکیش چییە
ئاوڕ بۆ مەنزڵ نادەمەوە
من کە ئەمڕۆم جێدەهێڵم
سبەی بۆی ناگەڕێمەوە
من کەنارییەکی غەمگینم
هەرچیم لە زارم دەربڕی
بە مردوویش نایڵێمەوە
ئازارێکم لە ناو خۆمدا
بەم ڕۆژگارە دەتلێمەوە
مرۆڤێکم بەبێ ڕێسا
بەبێ هەوار
بەبێ وەرز
بەبێ هاوەڵ
بەبێ دڵدار
بەبێ هۆز
واوە دەڕۆم بەرەو کەشکەلان
هیچ ڕۆمایەک شک نابەم
هیچ بانەیەک زێدم نییە
تاکو بۆیان بگەڕێمەوە
نە بۆ ڕۆما/ نە بۆ بانە
هەرگیز… هەرگیز نایەمەوە.
ئەی ئەوانەی لە ڕۆژی حەوتەمەوە تەنیا کڕن
ئێوە لە کوێن؟
بۆچی پرسیارێک بۆچی وەڵامێکتان بۆ ئێمە نییە؟
پێمان بڵێن: ئێمە تاکو کەی لێرەداین؟
تاکو کەی چاوەڕوان؟
پێمان بڵێن: ئەم گەمەیە کەنگێ دێتە دووماهی؟
تاکو کەنگێ ئێوە تاریک
ئێمەی شەڤانانی ڕووناکی هەر چاوەڕوان؟
پێمان بڵێن: تاکو کەنگێ
تاکو کە-نگێ
تاکو کەنگێ ئێوە پەشیمان؟
تاکو کەنگێ ئێمە چاوەڕوان؟
لەگەڵ ئێوەمە ئەی ئەوانەی لە ڕۆژی حەوتەمەوە کوژاونەتەوە
کو-ژا-و-نە-تە-وە…
لە ڕۆژی حەوتەمەوە بێدەنگ و بێڕەنگن
لەگەڵ ئێوەمە ئەی ئەوانەی لە ڕۆژی حەوتەمەوە پشووتاندا
بەڵام دەبوو لە بیری نەکەن هاوکات وریاش بن.
لە ڕۆژی حەوتەمەوە
بەبێ مەودا و
بەبێ سنوور
بەبێ دەنگ و
بەبێ ڕەنگ
مردوون
مردوون
مردوون.
بەخێربێن بۆ ژیان…