تەیب قادر
١
چۆن دەتوانیت هەوا لەبەر بکەیت
ئەگەر کوشتن لەگەڵ خۆڵ ڕانێت؟
دەبێت ئارەزووت پێخواس بکەیت،
هەتا بزانیت کەمێک لە پیتی یەکەمی ژیان لەبەر بکەیت
دەنا وەک خۆر کەس ڕووناکت ناکاتەوە
وەک خۆر خۆت لەبیر دەکەیت
هەر لەنێو باوەشی خۆتدا خەریکی مژینی زمانت دەبیت
هەر لەنێو گژوگیای خۆتدا،
خەریکی لەرینەوەی با دەبیت
ئەوەش سەرمات دەکات،
کەس حەوشەت بۆ ناباتە ژوورەوە
لە زەرفێک دەچیت، چاوەڕێی نەفەرێک بکەیت
بتبات و لەسەر مێزێک خەمت پێ بخوات
خەم بە چی دەخۆیت؟
ڕۆیشتنت لەبیر دەباتەوە، بۆ کوێ؟
بەردەڵانێک هەیە، بنی پڕە لە ڕووناکی
چەقۆکەی تیژە،
واقیعت بۆ دەکاتە کراس.
٢
دەریاچەیەک، کە گۆزنگی بەشی ناکات
هاوار بۆ ڕووخساری دەبات و
دڵ و سنگی دەنێرێتە سەفەر
نایەوێت خۆی بە لابردنی قەوزەکانی سەر پشتی، ماندوو بکات
دەیەوێت هەناوی ڕابخات و بە گەپکردنەوە،
ڕیشی ئاو بتاشێت و
باخچەکەی، کە نازانم ئێوە چی پێ دەڵێن،
با، بەردەکانی بۆ بماڵێت
بۆیە، سەری داخستووە و
بە بن سکی مێشولەکاندا دەڕوات
لە تابلۆیەک ورد دەبێتەوە، هیی ئێرە نییە
هیی کۆشی کەسێکە هەزار کیلۆمەتری خواردووە
لە زەمەنێکدا دڵی داخستووە، خەو حەرام بووە
لە ژێرزەمینی ساڵێکدا، تەنیایی شاردووەتەوە،
کە نەیدەزانی، بۆچی زیخ و مردن هەیە.
٣
هێرشی زەنگی ڕەش، بۆ سەر مرۆڤ تەواو نابێت
جارێک تیرێک بەر گوێت دەکەوێت و
جەستەت ناڕوات
جارێک شەقێک بەر کەش و هەوا دەکەوێت و
ڕۆژهەڵات لە بەینی هیچ پەنجەیەکدا جێگەی نابێتەوە
هێرشەکان لە غەیبەوە نایەن،
هیی سەدان ساڵەن و لەنێو جانتای زۆر جوان بۆت هەڵگیراون و
هەر جارە و هەندێکت لە قاپێکی سەفەری،
بە دیاری بۆ دەهێنن
بۆ ئەوەی قەبری باپیرت لەبیر نەبێت و
قەبری خۆت ببەیتە تەنیشت قەبری بەچکەکانیان
بۆیە جەنگ خواردنە، دەبێت شانت ئامانەتت بێت
لە نێوان شەربەت و پیاسەدا، هیچیان باش نین
باشی، سەر بە گیای پشوو نییە
لە پشوودا مرۆڤ دەبێتە شقارتە،
لە خەوندا، بە لای قەبردا وەردەگەڕێت و
دواتر،
ئاماژەکانی دەچنە نێو کفنێکی چوارگۆشەیی،
کە نازانێت لە کوێوە شمشێرێک هاتووە و
لەنێو سەبەتەی جەنگدا داینیشاندووە.
٤
لە بەینماندا چۆڕێک ئاو بە یەکتریمان دەبەستێتەوە
خۆڵ دەدەینە یەکتریی،
بۆ ئەوەی لە پیاڵەی یەکتردا،
لە تەنیشت یەکتر،
ژیان بخۆینەوە
ژیان ناخۆینەوە، ئەوەی دەیخۆینەوە جلوبەرگە!
ژیان لەسەر گاشەبەرد ڕاناوەستێت و لەسەر ناسنامە نامانناسێت
ژیان پێویستی بە تەختاییێکە،
تا لەنێو ئاگردانێکدا خۆییمان پێ بناسێنێت
کەی دەتەوێت گەردوون بتناسێت؟
وەها بە ئاسانی وشە ناناسیت،
وشە پێویستی بە چاڵە، چاڵ خودی ژیانە
گەڕانە بەنێو شمەکی ئاسماندا و
هانادانە، بە پڕوشی گەڵا و هێنانیانە بۆ نێو مەرەکەبی دڵنیایی
لەوێوەوە پەنجەکانی باران لە یەکتریمان دەئاڵێنێت و
وەک گردی بچووک بچووک، لە تەنیشت یەکتردا،
گەورە دەبین و خوناوی یەکتر، لەسەر تەختی یەقین،
دەخۆینەوە و زەنگەسۆرەکانی سەرسنووری کوشتن،
ناتوانن لە کاتی نانخواردندا، لافاومان بخەنە ژێر پشتمان.
٥
لەنێو پێخەفەکە، لاشەت کەڵکی شووشتنی نییە
جارێک پەرداخێکت کوشت،
کە چۆلەکەیەکی منداڵ دەیوست ئاوی تێدا بخواتەوە
جارێک نیوەی درەختێکت خوارد،
کە بەشی خشتێک بوو، لە ژێریدا دەخەوت
جارێک ستوونێکت لە باران برد،
کە لە نێوقەدیدا دادەنیشت و عەشقی بۆ هەتاو شیدەکردەوە
هەموو ئەوانە، جارێکی تریش…
لاشەکەت لەنێو چ کاتژمێرێک دەشاریتەوە،
هێشتاش نینۆکت بە دەرەوەیە و
چاوەڕێی ڕووخساری پەنجەرەیەکە!
پەنجەرەت ناتوانێت بگاتەوە ساڵەکانی چۆلەکە،
تەنیا دەتوانێت گۆرانیی نەڵێت
ئەگەر توانیشت وشەیەک ئازاد بکەیت،
کە لە بەینی چەندان ڕستەدا گیریخواردووە و
ناتوانێت کڵاوەکەی چاک بکاتەوە،
چیدەکەیت؟
خۆ من گەردوونم، هەتاو دەناسیت؟
٦
لە ڕۆژهەڵات، لە کاتی مردندا ژیان دەبیندرێت!
لەو کاتەی مردن ڕاتدەکێشێت و قەمپ لە ڕۆحی کلۆرت دەدات
دەنا کاتێک ڕووخسارت لەسەر سکی ئاودا دەژیێت
کیسەڵان توندن، باش ڕادەکەن و ناتبینن
بۆیە سواری سەرپشتی ئاو دەبیت و دەتەوێت ژوورەکەت چۆڵ بکەیت و
بیدەیتە دەست با
هەر ئەو بایە ڕۆژێک لە قەبرەکەت نزیک دەبێتەوە و
ناو لە گۆڕدا دەردەهێنێت و خشتە سەراوژێرەکان،
دەتبەنە نێو بازاڕ و
ئارەزووت لەنێو قاپێکی بۆش دادەنێن
دەتکەنە چای چایخانەیەک و پیرێک بە مڵاکێکی هەراش تێکتدەدات
لەگەڵ بیرەوەرییەکاندا، بە کەمێک وێنەی لۆچگرتووەوە،
دەبیتە کەپر، کەپر لەنێو وێنەدا نابێتە ژیان.
٧
مێژوو غاری دەدا، بە کلکی سوسکە بگاتەوە
بیخاتە نێو باوەشی و لە پەڕێکی ڕەش بیهێڵێتەوە
بەڵام مێژوو خەڵکی کوێیە؟
منداڵەکە بە زۆر گۆرانییەکی قوتدا و بە دڵی نەبوو
دایکەکە نانێکی بە سکی هەڵگرتبوو و
منداڵەکە فریا نەکەوت بزانێت بنەچەی چ ڕەنگێکە
مێژوو دارکاریکردنی واقیع نییە
مێژوو هەڵگرتنی سزا نییە
مێژوو تەنیا درختێکە و سەیری ئازاری ئێمە دەکات
ئازاری مرۆڤ تف ناکاتەوە
کەف دەکات و ڕۆح شاریی نییە
شاری ڕۆح لە بۆشایی دایە، بۆشاییەک ڕەنگی نییە
مێژوو ڕەنگی هەیە، ڕەنگی مێژوو سەراوژێرە
کە دەڕوات، ناگەڕێتەوە دەموچاوی جزدانێک بدڕێنێت
پێڵاوەکە قۆڵی چەندان داری شکاندووە
قۆڵەکان ناتوانن نەخۆش نەبن و غەرغەرە بە پێکەنینێک بکەن.
٨
کۆیلەیەکم لەنێو پاپۆڕێکدا دۆزیەوە،
کە لە ترسی زمان هەڵدەهات
دەیویست خۆی لەنێو جلوبەرگی شاعیردا بشارێتەوە و
تا ئازادی پێی نەزانێت
نازانێت ئەگەر دەنگی ئەسپیش داهاتووی تۆمار بکات،
هەر دەنگی خۆی دیارە، کە ناتوانێت نەشەلێت
هەر لە دوورڕا، کە وشە لەنێو ڕستەدا ڕادەخات،
چۆلەکەیەک دەزانێت وشەکان مەیموونن
ڕووناکی ئەگەر خۆیشی بشوات،
کە پەنجەرەی نەبوو، هەر خوارە
ناتوانێت خۆی لەبەر ڕووناکیی دڵی مرۆڤ ڕابگرێت،
چاوی بە زەوی دادەهێنێت و
سەری، شەقیش بهاوێت، ناڕوات
چۆن دەفڕێت؟ باڵ پێویستی بە ئازادی هەیە
ئازادی لە دەمی مەغریبێکی سەراوبندا نییە
لە ئازارێک دایە، تامی هەشتا ساڵ ڕێ دەڕوات.
٩
تەقەمەنییەکانتان بنێرن، لە کوێ دەمکوژن؟
تەنیا دەتوانن کەمێک نێوقەدی ساڵ خاو بکەنەوە،
کاتێک،
کچێک، کە ئێوە سنگی دەبەن
کوڕێک، کە ئێوە دەستی دەبەن
سەریان لە کوێ دەشارنەوە، بەو هەموو وێنەیەوە
وێنەی ئاو، کە ئارەزووێکی زۆری هەیە بۆ ڕۆیشتن
وێنەی کات، کە ئارەزووێکی زۆری هەیە بۆ گەڕانەوە
وێنەی پێکەنینێک، کە ئارەزووێکی زۆری هەیە بۆ گەڕانەوە
کە کات لەشی گەرم دادێت
مێوژی منداڵەکانی ئێمە لە کوێ دەشارنەوە؟
هیچ کەنتۆرێک وەرتان ناگرێت
ڕستەکان دەمنخوون،
لەسەر دۆشەکی هاوارکردن،
ڕادەکشێن و قۆخە کوژراوەکان دێنەوە
یەک
یەک
گوللەکانی لاشەیان دەژمێرن
بخۆوە، خۆ هەر تۆ کات نییت
بجوو، خۆ هەر تۆ قامچی نییت
یاداشتێک هەیە، لەسەر کاخەز نییە، سەر پێی دەزانێت
شیرینییەکانتان هەڵدەگرێت، دەیخاتە نێو پردە ڕماوەکانمان
سێ سبەی، ڕەنگە درەنگ نەبێت،
لەسەر سنگی لە ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات،
کتێبێک دەکرێتەوە و شیرینییەکان دەژمێرێت!
١٠
مێروولەیەک قاچێکی کەمی کردووە،
ڕۆمانسییەت جگە لە وشەیەکی پووچ، هیچی تر نییە
مرۆڤ دەبێت ئاگای لە زەوی قالۆنچەکان بێت کون نەبێت
ئەگەر سکی ماسییەک بڕوخێت،
دەبێت پشتی چۆلەیەک ژانی هەبێت
ئەگەر پشتی قیتارێک ژان نەکات،
کە سەرنیشنێکی لە ژیان دوابکەوێت، ئاگر نییە
ئاگر مرۆڤێکی دڵسافە
حەزی لێ نییە پێست بخوات
پێست ئەگەر خۆی هیچ نەبێت
حەزی لێ نییە پەپولەیەک بکاتە ئازارکێش
ئەگەر قالۆنچە سەراوژێر نەڕوات،
کێ دەتوانێت قاپێک دەمنخوون بکاتەوە؟
لقی دارەکان پێچەوانە دەڕۆن
تەختاییەک ڕادەخەم
کەی کۆترێکی ڕووناک بووە سەرپەرشتکاری ڕووناکی
ڕۆمانسییانە دەنووسم،
زۆر جوانییت.
١١
دەست بە ئاسمان دابهێنە، ڕووخسار ژمارەکانی کۆتایی هات
کەی گۆچانەکەت تام دەکەیت؟
لە هەموو لایەک جەنگە، جەنگی تۆ کوا؟
بۆچی لە دڵت هەڵاتیت؟
زانیبووت ئەو هەموو سڵاوە نابنە درەخت؟
ڕووبار خشۆکە، ئازار جێگەی خۆی لە هەموو شوێنێک دەکاتەوە
جارێک زیاتر مردم، بۆ ئەوەی لە ژیانی کیسەڵ بگەم
پیتەکانی ژیان درواسێم بوون،
بە پێخواسی کەمێک مارم بەخێو کرد
دەستم نەترسا، بەڵام تووشی غەریبی دەبووم
دەکەوتمە لاتەریکێک لە ژوورێکی خڕدا
هاتیتەوە؟ تامی ئاو چۆن بوو؟
نەمگوت، زەردەخەنە لە دەرەوەدا گەورە نابێت!
١٢
خولەکەکانی خستە سەر سنییەک،
ڕەوانەی نێو هەنارێکی کرد
هەنارەکە، کە جنۆکە نەبوو، دەلەرزی
کۆڵانێک وەک پەتێکی خەمگین،
بە بەردەم ژیاندا دەڕوات
شەو، هەنگاوی یەکتر ناسینە،
هەنار، کە جنۆکە نییە
لە تەنیشت قومەئاوێکدا شمەکەکانیان دەدەنەوە یەکتر
تۆش دەتوانیت پەنجەکانت چاک بکەیتەوە و
خۆت بۆ پشووێک بە زەردەخەنەوە،
بۆ لای چەند گۆشەیەک بنێریت
گۆشەکان غەریبە نیین، بە مووی گەردوون دروواون
هەیە نەوەد ساڵ خوێ لە گۆشەیەک دەخوات و ناکەوێتە نێو بێ چرایی
هەیە چل ساڵ لەنێو گۆشەیەکدا غاردەدات و ناوەستێک بۆ هەناسەیەک لەبەردەم گوڵی نایلۆن
هەیە چەند ڕۆژێک دەچێتە نێو گۆشەیەک و ناتوانێت لەسەر بەردێکی نووکتیژ دانەنیشێت
هەیە هەر ناچێتە گۆشەوە و هەر لەنێو زەمبیلەیەکی بەڕەڵادا دەژیێت
خولەکەکان دەبێت بچنە باوەشی وشەیەکی بڵند
لە گۆڕەپانە بەرینەکان بمێننەوە، سەرمابردوو دەبن
خولەکەکان ئاو بیانبات، چاو کوێر دەبێت
چاو کوێر بێت،
کێ ئاگای لە کاتژمێرەکان دەبێت؟
١٣
لە ڕابردووتدا، کە یەک یەک پەنجەرەکانت خنکاندووە و
گۆچانەکەت کردووەتە شەو،
بەچی لە ئاوێنەیەکدا جێگەی خۆت دەکەیتەوە؟
مرۆڤ کە گەورە بوو، دەست لە ئاوشکاندن هەڵدەگرێت
تۆ نەهاتی، دڵت ڕابخەی بۆ بۆقێک، کە قیڕەی نەمابوو
نەهاتی سەرت بخەیتە نێو ئاسمان و
چاوی ئەستێرەکان لەسەر سنگت دابنێیت
ژوورەکەت بنمیچەکەی لە خوارەوە بوو
ژوورەکەت هەقایەتەکانی جێگەی متمانە نەبوون
گریای، گریان هیچ باغێکی پێنەدەزانی.