شیعر هێزێكی ڕامنەكراوە

چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیسماعل سابیر، سەبارەت بە کتێبی، هەوری مات.

ئیسماعیل سابیر، دەنگێکی نوێی شیعری کوردییە، تا ئێستا دوو کتێبی شیعری چاپ و بڵاو کردووەتەوە و یەکێک لە کتێبەکان، هەوری مات، ناوەندی تەم بۆ نووسینی کوردی، لە دووتوێی ١٤٣ لاپەڕەدا، ساڵی ٢٠٢٤ چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. لەم چاوپێکەوتنەدا دوو پرسیار ئاراستەی ئیسماعیل دەکەین سەبارەت بە کتێبە شیعری هەوری مات.

سازدانی: حەمە هیوا

پرسیار: هەڵبەت ئێمە دەزانین کە مانای یەکەمی هەر دەقێکی شیعر لای شاعیرە و لە پشت هەر دەقێکی شیعردا، چیڕۆکێک هەیە، یان تێڕوانینی ناوەکی شاعیرانە هەیە، بۆ ژیان و مردن و ئازار و جیهان…
‎دەمانەوێت باسی ئەو کتێبەمان بۆ بکەیت. چیڕۆکەکان و تێروانینەکانی پشت ئەو شیعرانە چین؟

‎وەڵام: كتێبی “هەوری مات” دووەمین کتێبی بڵاوکراوەی من کە لە بنچینەدا لە دوو پڕۆژە یان دەتوانم بڵێم لە دوو كتێبی بچكۆڵانەی شیعریی پێکهاتووە، لێرەدا وا پێویستی كردووە لە دووتوێی كتێبێكدا بەیەكەوە كۆ بكرێنەوە. شیعرەكانی ناو ئەم كتێبە بەپێی بارودۆخی هەر تێكستێك، هەوڵم داوە جیاوازی دروست بكەم، هەم لە دەربڕین و دنیابینیی شیعریی، هەم لە مانا و تەكنیك و فۆرمی داڕشت. بۆ ئەوەی خوێنەر هەست بە خۆدووبارەکردنەوە لە ئەزموونی مندا نەکات. وەك مێژووش كاتی نووسینی بەشی یەکەمی کتێبەکە (سەرزەمینی ئەشکەنجە و یادێک لە غەریبەکان) دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ساڵانی (٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩) بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی خۆشم نازانم چۆن بوو کاتێک لە ساڵی (٢٠٢٠) لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کتێبی (سۆراغ بۆ شیوەنێکی نەبڕاوە)ـم نووسی و دواتر هەر لە هەمان ساڵدا بێ دوودڵی و بەوپەڕی باوەڕی ئەدەبیمەوە نۆرە بڕیم لێ کرد و بڵاوم کردەوە. ئای کە دڵم پێ خۆش بوو!
‎ئەمەش بووە هۆی درەنگکەوتنی ئەم کتێبە و پێداچوونەوە و قووڵبوونەوەی زیاتر، لە نێوان ئەم ساڵانەشدا (٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣) کۆمەڵێک شیعری ترم نووسی وەک پڕۆژەیەکی سەربەخۆ لەژێر ناوی (وادەیەکی خەمناک) وا بە باشم زانی لە سەرەتای (٢٠٢٤) هەموو شیعرەکان لەژێر ناوی «هەوری مات» لە ڕێی ناوەندی تەم بۆ نووسینی کوردی، چاپ و بڵاو بکەمەوە.
‎ناوەڕۆكی شیعرەكان ڕەنگە كەمێك قورس بێت، من وەکو نووسەری ئەم دەقانە بتوانم ناوەڕۆكی شیعر لە چەند دیمەن و سات و دیاردەیەكی دیاریكراودا قەتیس و بچووك بكەمەوە، رەنگە ئەمە بۆ خۆشم و شیعرەکانیشم دواتر خراپ بێ، چونكە ڕام وایە شیعر هەر خۆی هێزێكی ڕامنەكراوە، بەپێی خوێنەر و سەردەمە جیاوازەكان بەردەوام بە دوای مانا و شیكاری نوێدا دەگەڕێت، بەڵام وەک وەڵامێکی سەرەتایی و بۆ پرسیارەکەت دەتوانم ئەوە بڵێم تەنیا شتێك ئەوەیە ئەم كتێبە هەر لە سەرەتاوە هەوڵی بۆ ئەوە بووە هەر دالێك گوزارشت بێت لە چەندان دال و مەدلوولی جیاجیا، تا خوێنەری قووڵ و وردبین ئاوێتەی خۆی بكات و بیكات بە بەشێك لە مانای تێكستەكە، یان بە جۆرێكی تر ڕام وایە دەبێت شیعر تیشك بخاتە سەر ئەو وێنانەی كەوا كۆمەڵگە بایەخی پێ نادات. دواجار ڕەنگە كاری شاعیرانیش هەر ئەمە بێت كە هەڵوەستە لەسەر ئەو دیمەنگەل و وێنە پەراوێزخراوانە بكەن كە خەڵكی گشتی هەستی پێ ناكەن، چونكە لەبەر ئەوەی شاعیران بارگاوین بە هەست و خەیاڵی درەوشاوە، بۆیە دێن لە ڕێی هێزی زمانەوە، تەكنیكەكانی دەربڕین دەدۆزنەوە. بە جۆرێك خەیاڵ و وشە بۆ خزمەتی شیعرییەت و بوونی مرۆیی وەگەڕ دەخەن، تا لە كۆتاییدا ئیستاتیكا و وێنەگەلێكی هونەریی لەناو خەم و ژیانی مرۆڤەكاندا بەرجەستە بکەن، منیش لەو شیعرانەدا هاتووم وەک دڵۆپاندنی خوێن لە ڕۆحی یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆم و جەستەی بیماری کۆمەڵگاکەم ئەمەم کردووە!

پرسیار: باسی خۆدووبارە نەکردنەوەت کرد، ئەوە گرنگە، بەڵام ئەوە دەزانین کە شاعیر ئەگەر زمانێکی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەو زمانە لەگەڵی دەڕوات، واتە زمان خۆی دوور ناخاتەوە لە شاعیر و ئەو زمانە دەبێتە تایبەتمەندی شاعیر. شاعیر هەیە نەک لە کتێب بۆ کتێبێکی تر، بەڵکو لە شیعرێک بۆ شیعرێکی تر زمانی شیعری دەگۆڕێت، ئەوەش پەیوەندی بە بەوەوە هەیە، کە شاعیرەکە زمانێکی تایبەت بە شیعری خۆی نییە، هەردەمە و بە زمانی شاعرێکی تر دەنووسێت. تۆ پێت وایە ئەو تایبەتمەندییە زمانییەت پاراستووە لە کتێبی هەوری مات؟

وەڵام: من سەبارەت بە زمان وەک تیۆرسازێکی وشک بیر لە ئاڵۆزکاندنێکی بابەتەکە ناکەمەوە، بەڵکو لە ناواخنی ئەزموونی شیعرییمەوە دەربارەی قووڵایی ئەو پرسە دەدوێم. بۆیە وای نابینم کە نووسەر دەبێت وەک سکەیەکی قیتار لە زمان بڕوانێت یان بە درێژاییی ژیانی وەک شوناسنامەیەک لەسەر یەک ڕیتمی دیاریکراودا بڕوات. ئەمە بۆ ژیانی واقیعیشمان هەر ڕاستە، لەبەر ئەوەی خودی ژیان پڕیەتی لە هەڵکشان و داکشان، مرۆڤیش بە پێی سەردەم و ڕۆژگار، گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت، زمانیش وەک هەر شتێکی تری ئەم دنیایە بێبەری نییە لەم گۆڕانکارییانەی کەوا ڕوو دەدەن.
بە دیوێکی تردا شوێن کاریگەری زۆری لەسەر ئاخاوتن و شێوازی زمان و دەربڕین دادەنێت، هەر وەک دەزانن ئێمە تەنانەت لە کاتی چوونمان لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر، ئەتەکێت و ئاستی زمان و دەربڕینمان گۆڕانکاری تێدا دەکەین، ئینجا چ بگات بە نووسین. بۆنموونە هەر یەک لە ئێمە ئەگەر شتێکمان لە فەرمانگەیەکی حکومی بوێ ئایە بە هەمان ئاست و دەربڕینی ئەو زمانە داوای دەکەین کەوا لە ماڵ یان لە بازاڕ داوای دەکەین؟ بێگومان نەخێر.
سەبارەت بە خۆدووبارەکردنەوەش نایشارمەوە دەرچوون و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە کەمێک قورس و ئاڵۆزە. بۆیەش لە خوێندنەوەی ئەزموونی بەشێکی بەرچاوی شاعیر و نووسەرانی ئێمەدا، ئەم خۆجوینەوە و خۆدووبارەکردنەوەیە بە زۆر ڕەنگ و شێواز دەبینرێت. چونکە بازدانی ئەم دیاردەیە هۆشیارییەکی وردی پێویستە، ئێ نووسینیش بە تایبەت ژانری شیعر لەبەرئەوەی پانتایییەکی زۆری لەناو ناهۆشیاریی دایە، ئەم ناخودئاگاییەش بە هەبوونی مەعریفەی قووڵ و خوێندنەوەی بەردەوام بێدار دەکرێتەوە. بۆیە لەگەڵ وەستانی نووسەر لە کتێب و خوێندنەوەی ئەوی تر، ئیشکالیەت و پارادۆکسی ئەدەبی دەهێنێتە ئاراوە.
بە دەربڕینێکی تر، خاڵی جەوهەریی ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ ئاستی تێگەیشتنی نووسەر کەوا چی لە زمان دەوێت، دەیەوێت زمان بکات بە کەرەستەی جوانکاری یان بیرکەرەوەیەک بێت بۆ گەیاندنی مانا یاخود ئامرازی تێکدان و شاردنەوە لە ڕێی بنیادنانی شێوازەکانی هونەرەوە.
لەلایەکی ترەوە زۆرجار بابەت و تێما، چۆنیەتی زمان و دەربڕین دیاری دەکەن. بۆ نموونە تۆ ئەگەر بتەوێ ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی بنووسیت، دەبێت بە زمانێکی ڕاشکاو و ڕوون، دوور لە هەر ئاڵۆزکاندنێک بابەتەکە ئامادە بکەیت و تا زۆرترین خەڵک لێت حاڵی بن، بەڵام ئەمە لە ئەدەبدا بەو جۆرە نییە، چونکە لە بنەڕەتەوە ماهیەتەکەیان جیاوازی هەیە. بۆیە کاری ڕۆژنامەوانی هەوڵی گەیاندن و تێگەیشتنە. ئێ بەڵام ئەم وێنەیە لە فەلسەفە یاخود لە شیعردا بەو جۆرە خۆی دەرناخات، بەڵکوو تەنانەت ڕووبەرێکی زۆر لە شیعر و فەلسەفەی دونیا تاوەکوو ئەمڕۆش بە ناڕوونی و تێنەگەیشتنی زۆر ماوەتەوە.
سەبارەت بە خاڵی کۆتاییی پرسیارەکەت ئەوەی کەوا ئایە من لە کتێبی «هەوری مات» ئەو تایبەتمەندیی زمانییەم پاراستووە یاخود نا، لەبەر ئەوەی نووسین وەک جۆرێک لە ڕاهێنان و خۆتێپەڕاندن، دەمانخاتە بەر ئەزموونی جیاواز و تاقیکردنەوەی مێژوویی، بۆیەش دیاریکردنی ئەم تایبەتمەندییە هەروا ئاسان و سانا لە ساتەوەختێکی کورتدا ناکرێت، بە تایبەت بۆ منێک کە بەردەوام لە هەوڵی ڕەخنەکردنی خۆم و دەوروبەردام.
بەپێی تیۆرییە نوێیەکان، دوای بڵاوبوونەوەی دەق ئیتر خاوەنداریەتەکەی بە جۆرێک لە نووسەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ خوێنەر. بە دیوێکی تریشدا لەبەر ئەوەی کتێبەکە ئێستا لە زۆربەی شارەکان بەردەستە و لە کتێبخانەکان ئامادەیی هەیە، بۆیە نامەوێ چێژی دەق نەهێڵم و فەزای شیعرەکان لە مانایەکی دیاریکراودا کورت بکەمەوە. بەڵکو تێگەیشتنی کۆتایی ئەم پرسە بۆ خوێنەر و وەرگر بە کراوەیی جێدەهێڵم. تا دوای خوێندنەوە و وردبوونەوە، دوور لە هەر هاوسۆزییەکی ئەدەبی، ڕا و سەرنجی خۆیان لەبارەی ئەم کتێبە بدەن.