بەیبوونە خزەکانی مەهی

ئاکام کەوسەری

بەیبوونەکان لە جوانیی نیگاتا کوا دەردەچن؟
کوا وەرزێ بۆ تێکەڵاوی هەستەکان لە چاوی گەڕیدەیەکی رۆژئاواییدا
دوور دوور بگاتە ئامانج و
لە نزیک کافەیەکی ئەم شارە کاولەدا و
لە شەوێکی نیوەزستانی گەرما
پڕ بە سییەکان
بۆنی قاوە و قژەکانت هەڵمژم؟

کوا ئەو دەستانەی تێکەڵ بە نەرمی هەناسە و
خەونی کوکەختییە شینباوەکە
دەمڕژاندە نێو سەمای تیشکە زەردهەڵگەڕاوەکانی پیادەڕەو و
تۆیش پەنجەت لەسەر شانۆیەکی درامایی و تاڵ رێ دەخست؟
کە لێرەوە تا رووتی ئامێز و
قژە بەیبونییەکانت
دەبێ هەناسەکانم داکەنم

هەناسەکان و
ئێوارەیە کە تێیدا هەموو ئازارەکانت هاوارکەم…
هەناسەکان و تۆ لە درێژەی شێعرێکا ئاڵۆز…
هەناسە و بۆنێ
کە هەموو دەمارەکانی گیانت دەورووژێنێ و
ئاسمان کە ئاوی دەرژێتە چاوەکانت
گەرمی دەستەکانت لە گیانما رەنگ دەپێوێ.

من دەشپرزێمە ئەو ساتەی قاوە و قژ بە تامێ ئارام
بکێشمە تابلۆیە پڕ لە بەیبوون و بۆن و
دەستەکانت
لە ئەگریجەی لوولی تابلۆکەدا
گێج بخوات.

یا ئەوانەی ناجۆر خزاونەتە شەوانەی ئەم شارە زامارە !
یا ئەوانەی هەناسە لە سەر رەنگەکان گرێ نادەن !
یا ئەوانەی بە ئەیوهەل/ لەززینە ناو نەبرێن
فام ناکرێن!
ئەم شارە بێ ئێوە تاریکیی تیا سەوز نابێ.

تاریکم و سەوزم تیا ئاو دراوە
ئاویم و پڕ لە شەپۆلی قژەکانت
ئاویم و درێژەی نیگام رژاوەتە
تابلۆیەکی سێ گۆشە.

یا ئەوانەی چوارمێخەی حەرامتان …
یا ئەوانەی لە رۆحمانا ڕق …
یا ئەوانەی لە دەروونمانا …
یا ئەوانەی سێ گۆشە رژاونەتە ژیانمان و
ڕۆژ نییە درێژەی غەدرەکان نەدەن
گەوزاوین لە درێژەی مێژووی سێ سووچتانا.

ئەی کە تۆ لە قژەکانتا نائارامییەکانم کێش دەکەی
پرچە بەینوونییەکانت داهێنە بە سور مێژووی تاریک و سێ سووچیانا و
دەستێکم لە درێژەی گیانتا
بکێشە نێو تابلۆ زامارەکانی ئەشقدا و
ئارام بمڕەنگێنە.