برینێکم هەیە ناتوانیت نوقتەی لە پشت دانێیت

0 137

بـەخـتیار ئـۆغـەن

تەماشای بازدانی ئاسکەکان بکە لە کێوە سەختەکان
لەو درەختەش لەناو تاشە بەردێکدا
بێ خاک گەشە دەکات
بێ خاک و خۆڵ،
بێئەڤین،
تەرمێکی نەنێژراوی

سەرم کەوتووەتە حەوشەیەکی چۆڵ، پێش گەڕانەوەی شاندی مێروولەکان لە پەرێز
ئەگەر بە لای چاومدا بێیت باشە
دەنگم هیچ شوێنێکی نییە بۆی بچێت
لە دوورترین شوێن لە خەڵک، لە ئاوایی، لە نزیک دەستی خۆم دانیشتووم
بۆ دەشتایی دەڕوانم، بۆ ئاسمان،
بۆ دنیای پڕ لە نیگەرانی

لە پشت هەندێک برینی کۆنەوە تووتن دەکێشم،
دیسان بە بتلێک ئارەقەوە هەتا خوارەوەی شەو دەڕۆم
سەرم بە غەمگینی بەسەر قۆڵێکمدا کەوتووە، ئاوها دیارم
لە دیوی دەرەوەی پەنجەرەکە

بە ئارامیی خەوتوون خەڵکی شارەکە، بێ ئاگان لە سەرمای دەرەوە و بێ شوێنی سەگەکان
لەو دەستانەی لەبەر ئاگرن لە ڕۆخی شەقامە سارد و
باڵەخانە تەواونەکراوەکانیش

پێیەکانم بە شەقامێکەوەن لە پشتی نیوەڕۆ
قاچم دەکەوێتە ناو کۆڵانێکی باریک و دەکەونە چاوم چەند دەرگەیەکی قەپات
نە دەگەڕامەوە، ئەگەر بە پشتی ئەو شارەدا ڕۆیشتبا ڕووبارێک

لە گەڕانەوە بەرەو ماڵ، ماڵم لە کوێیە؟
پشتەسەری خۆم دەخوراند و بە ڕاکێشانی موو لە لووتیشم لە ڕۆیشتن، بەردەوام
قسەیەک لە دەستم دەکەوێتە خوارەوە و
دەنگم خوێنی لێ دێت
وەی برا
وەک هەنجیرێک بەربوومەوە کن چەند مێشێک
وەک ئەسپێکی برینداری ناو جەنگەکان ئازارم هەیە
دیسان
بە ڕابەرایەتی فانۆس
بۆ ناو برینەکانی شەو دەگەڕێمەوە
برینێکم هەیە ناتوانیت نوقتەی لە پشت دانێیت!

بەهار دێت، بۆنی گۆشتی برژاویش لەناو سەوزایی دەشتەکان،
دەنگیی گۆرانییەک لەسەر گردێکەوە،
کەسێکیش بە تەنیا لە بن درەختێکەوە دەڕوانێت
بەڵام تەنیا دەتوانم نیگەرانبم بۆی

قوڕەکە دەشێڵم، بەردەکان دەتوانیت لەسەریەک دانێیت؟
ڕووەو بەندەرەکە پەنجەرەیەکیش؟
لە کاتێکدا ڕادەمێنم لە کەشتییەکان،
دڵخۆشدەبم بە گەڕانەوەی خەڵکی بۆ هەر شوێنێک کە دەگەڕێنەوە

شوێنم کوێیە ئەگەر دەستی تۆم نەبێت؟
دەستت لە لای ملم نەبێت لە ئاوەکان دەخنکێم، لە شارەکانیش
ڕایەخێکی خووری و قاپێکی خۆشەویست کە لە دایکمەوە بۆم ماوەتەوە لە باخەکە دادەنێم
بەیەکەوە پەنجە لەناو ئەستێران دەگێڕین

بۆ بەردەکانیش کە دەهاوێژران قسەمان هەبوو
بەڵام ئێمە سەیری ئاسمانمان دەکرد

کاتێک حەزم لە شەوە لەگەڵت دەرکە پێوەدەم
قژت ئەگەر درەختێکی کراوە بێت، دەستم دەبێتە باڵندە
داهاتووم لە کۆشی تۆ دەنێم و
بەینم لەگەڵ خزمەکانم گەیشتووەتە هەڵاتن
دەمەوێت لە وێنەیەکدا بە منداڵێکەوە دانیشین بەسەر لا دیوارێکەوە

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.