“بە دارشەقی زمانەوە، ڕووەو ئەڤرێستی نالیزا”
هاودەنگ سەباح
دەستێک هەمبانەی تەمەنی کردۆتە بازووبەند
لەوسەرەوە سەد قەتماخە و سفربەدەست پۆک پۆک دەڵێت:
” خودایە ئەدی حیکمەتم؟ “
دەی ڕۆح تا کەی پێڵاوی بالێیەکەت داناکەنی؟
دەی دڵ دەهۆڵی کام جەنگ دەکوتی؟
دەدەی بینایی، خۆشت هاوگۆڕی ڕۆندکەکان
لە چاوانم دابەزە
لەبەر ئەوە نا ئەو دەستە هیی منە
لەبەر ئەوەی دەمەو مرۆڤئاوابوونە و
من هێشتا دەڵێم “هێشتا “.
سەردەمی ئەنفالی ویژدانەکان
“من دەمێنمەوە، کەواتە نییم”
مامانەکەم داوای گەردەن ئازادیم لێ دەکا
لە قوماتەکەمەوە تا ئێرە…
شوێنپێیەکم ناخوێنیتەوە بە دەستخەتی ساتمە نەنووسرابێت؛
لێرەشەوە تا تەپە و ترپە بڕ دەکا عەرعەر و زیلان…
پشیلەیەکە بە پێنج پەراسووی زەقەوە، دەروونم.
خۆی هەڵدەسوێ لە قاچی ئاڵایێکی بێسێبەر.
بیستیاری چیت؟
بەم سینە پڕ قروسکەوە سروودی نەڕە لە کوێ بێنم؟
نالیزا… هۆ شیرینەکەم کە ڕێسی ئومێد دەبێتەوە خوری
لاپەڕە ئاوێنەکانت تەڵاق بدە و تەمەننامەکەم هەڵدەرەوە
لە تێهەڵدانی تەمەنناکانم بنۆڕە
مەپرسە بۆ باڵەکانم بڕاوە
ئاخر دەبوو جەنتام لە شان بکەن
ڕێژنەی ڕەنگەکانی ناخم نمرە ڕەساسەکانی بێزار دەکرد
ئیتر خەتیان بەسەر ویستەکانم کێشا.
پێنووسی هێڵە لاولاوییەکانی خۆم بووم
ڕاستەکانیان شەلیان کردم
لێشم مەپرسە ئەوان کێن نالیزا
چما خۆشیان دەزانن کێن؟
چما ساتێ (پێ) و (دال) و (میم)ـەکانیان دادەکەنن ببینن چین؟
کارگەی تووتین، نازانن خۆیانن یان باپیریان
خۆیانن یان بژمێر و ڕەشنووسی لەبەرگیراوە؟
ئەوان ئاسمانێکیان نەبوو پیشانم بدەن نالیزا
نەشیان دەهێشت نیگام لە پەنجەرەکەوە هەڵفڕێنم
گەردوونی بیرکردنەوەمیان پڕ کرد لە ترافیک
دەترسان لەوەی هێمای پرسیار لەدوای خاڵی ئەوانەوە دابنێم
لەوەی تینووی وەڵامێک بم لە دەرەوی پرسیارەکانیان
لەوەی بێباک لە بەهەشتەکانیان شوێن کفرەکانی خۆم بکەوم.
ڕاستیشیان دەکرد زانستەکانیان چرا بوو،
ئەو کاتەی گەلان بە تیشکی داهێنان کەشکەڵانەکانیان ڕۆشن دەکردەوە.
ئەوان وێنەی خۆریان لە تەختە تاریکەکە دەکێشا،
دەشیان گوت دەمانکەن بە ڕۆڵەی داهاتوو
بەڵام من دەمزانی ئەم تەختە کەللـە ڕەقە
دەمانکاتە فارگۆن بۆ سککە سواوەکان
من دەمزانی ئەو داهاتووەی خەریکە دەمانکەنە ڕۆڵەی،
ئەوپەڕی میهرەبانییەکەی
دامەزرانی خەیاڵە چەموشەکانە، وەک ئەسپی شاری یاری،
سەوزبوونە بۆ چیمەنی یاریگای سەرمایەداری
سەرکەوتووبوونە بەسەر لوتکەیەکی هەڵەوە.
خولاسە… ئاویلکەی خەونەکانم، کاتژمێر هەشتەکانی ناو بوو.
ئەو کاتژمێر هەشتانەی بە ئەستەم تاکە گۆرەوییەکەی ترم تێیدا دەدۆزیەوە
خەونەکانی خۆم تیا ونکرد نالیزا.
دەتۆش مەڵێ بە من چی “نالیزا”
هۆ هەلهەلە و وەلوەلەی من
هۆ ئیتاڵیای ڕێگەکانم
هۆ پەنجەرەی من ئەو دەمەی کەشتییەکە نوقم دەبێ
هۆ وەڵامی من ئەو ساتەی لەبەر دەرگای بەهەشت،
فریشتەکە پرسیاری ئاوڕدانەوەم دەکا
هۆ کۆتایی من، کە بەسەر شانۆی بوونم پێڵووەکانت دادەدەیتەوە
دەتۆش مەڵێ بە من چی!
لای من هەموو شتێک تۆ، تۆش بە مانا و بێ مانا
ئاخر دوای بیست و گوفەکێک تەمەن
گوێیە بێگوارەکەی تۆم دۆزیوەتەوە بێدەنگییەکانم بدوێنێ
دوای ئەو هەموو خنکانە لە سێبەرکان،
تیرۆژێک خۆتم بدەیە تێیدا بژیم یان هیچ نەبێ تیای بنێژرێم.
ببە دایکم، بە گوێ ڕاکێشان لەم جیهانە تڕوهاتە بمبەرەوە
هەڵمبڕە، دەست بە دامەنی جوانییەوە بدرووم نالیزا
ئاخر نامەوێت یەخەی دنیا بگرم
نەبادا لە دەمم دربچێت و ئاشکرا بێ:
“براوە ئەو دۆڕاوانەن لە ڤالوب بە جێمان”
وەک چەلۆیەک بمخە کۆشی خۆت نالیزا
چەهچەهە بڤەلێکراوەکانم هەڵفڕێنە
ئاسۆمبە ئەودەمەی دەمەوێت ببمە
یەکەم هەنگاو دژی پاڵنان.
بۆ جاڕسیم، هەست بەو گەنجە بکە
نیشتمان جگە لە کۆنکان، شوێنێکی تری بۆ نەهێشتۆتەوە لێی براوە بێت
بۆ پیتەکانی بێهودەییم، ڕۆحی ئەو دەرچووانە بخوێنەوە
لەبری ئەوەی هەسارەی نوێ بدۆزنەوە، بوونەتە کاشێری ماڕکێتێکی خەونکڕ و
خەوتنان بۆیان دەردەکەوێت مانگە شەوە.
بۆ داچەقینی کۆڵەکەشم هیچ شتێک مەکە نالیزا
تۆ پەی بەوە نابەی چ کفرێکە
وێنەی ئەڤینە دڵخوازەکەت بخەیتە جزدانێکی بەتاڵەوە.
هۆ هۆ کاڵەبەی
نالیزا… هۆ کەنیلەی قەڵەمەکان
تاکە ترپەی من خشپەی پێنووسە بەناو تونێلەکانی ڕووخان
ترپەیەکی سازم گەر هەبێ، زرنگانەوەی دەنگمە لە گوێچکەت
دەتۆش ئەفسونی هۆنینەکان هەڵدڕێنە، دوگمە دوگمە ڕەوانبێژییەکەی بترازێنە
مەمکەکانیشی لەبەر داکەنە و دڵە نەفرەتبارەکەی تیمار بکە.
خودنەفرەتی ئەو مرۆڤە ببینە
لەپەنا دیواری ئەم کاولستانە زبڵدانێکە لە جوانی و غروری لەبەر دەڕوا.
ئاخر گەر بە هەژەندی پەنجەرەکان گیربخۆین، دەرگای پیتەکانمان بۆ ناکرێتەوە
دەرگای پیتەکان نەکەینەوە، تێناگەین چەند ئەرز و ئاسمانن پێنووس و بڵندگۆ!
تێناگەین، هەموو جەنگی نەبڕاوە و نەبراوەی شاعیران لەگەڵ زمان،
بۆ ئەوەیە بیری ببەنەوە
ڕێگەبدا لەتەک وشەی (جوان) بنووسرێت (بوو).
لە من مەپرسە نالیزا کێیە؟ نالیزا
بە هەورییەکەی سەرت بێت، تۆ نالیزایت.
بە هەوداییت، بە شەڕت دژی پەتکەکانی ملی مانا، تۆ نالیزایت
سا وەرە سەیری هەنگەکان بکە نالیزا
چۆن لەناو مەکینەدا دەژین؟
سەیری ئەو سەدەفە خەسێنراوانە
ئەو گزنگە کرێکارانەی بیریان چۆتەوە گوێ بۆ دەنگی کوکو بگرن
ئەو هەڵۆیانەی لە قوماری شاشە ئاسمانیان دۆڕاند
ئەو کەوانەی بۆ تیکەیەک تەمەن، لە قاسپە کەوتن و بوونە سیسارک
ئەو لەیلایانەی بە ئاوی ئاتەڵ پاک کرانەوە لە ڕۆح
ئەو شارانەی بە هەوای سەرمایە کارگەخوارد کران
ئەو هەموو زیندوو و مردووانەی لەسەر لمی کەنارەکان نووسییان:
نیشتمانم قۆرییەک بوو و فرۆشتیان، منیش پیاڵەکەم نخونکردەوە.
پەنجە لەو پەلاپیتکەیە هەڵگرە نالیزا، ناو لەوە مەنێ وڕێنە، کە وەسیەتمە.
ئاخر دەترسم بە پێڵاوی زێڕ فڕۆکە کاخەزییەت لێ بکڕنەوە
دەترسم بە بیانوی تەندرووستی تاڤگەی بیرت لە دەبەیەک نیشتەجێ بکەن
دەترسم ئەڵقەیەک بخەیتە پل و چیتر نەکاری پیانۆکەت بژەنی
دەترسم بچیت بۆ شام
دەترسم ڕۆژانێک بێت قاچی پیاسەت ژان نەیگرێ
دەترسم ڕۆژێک لەبەرخۆتەوە بڵێی: “ئیدی ژیانەکە وایە”
نالیزا وەرە با ئێمە خولیا کوشندەکانمان بژیێنین
با ئەو وشانە تف بکەینەوە کە لەسەر زمانمان کوتراوە
تۆ لێرە بیت، من ئامادەم نێرگزی ژێر قاچی شۆفڵەکان بین و
نەبینە خشتێک لەم بینا لوتبەرزانەی دەستیان گەشتۆتە قوڕگی هەتاو
تۆ وەرە دوو باویلکە بین، فەرامۆشکراو، بەدەم باوە بفڕین
نەبینە گوڵی دەستکردی سەر شاشەکان.
تۆ لێرەبە، با وەک دوو لالەنگی هاوزا بە لقی بوونمانەوە بڕزین و
لەپێناو بستێک مانەوە نەچینە ناو هیچ قتوێک
بەس ڕادەستی ئەم ژیانەم مەکەوە،
ئامادەم تا قیامەت بەدیار وشکەساڵی باکی تۆوە، قۆڕەقۆڕەکانم بژمێرم.
باپیرە گەورەم لەبەر قەپێک سێو بەهەشتی دۆڕاند
دەی دنیا چییە من بە قۆخەکەی گەردەنت نەیگۆڕمەوە نالیزا
دەی حەبیبەم تێبگە (دەستم لە گەردەنی خۆت هەڵمەگرە) یانی چیی؟
تێبگە دوا بکوژی شاعیر لە بۆشایی ناو دێڕێکە.
دەدەی ڕابە و مەتەڵی ئەم خوێنساردییەم هەڵبێنە:
ژینێکم هەیە لە ژینان خنکاندوومە بە پینان
ڕادەکا قاچی نییە، تاڵان دەکرێ بەهای نییە، هەڵدەواسرێ ملی نییە،
ئەولای برین، ئەملای برین، ناوەڕاستی لانەی ئەڤین.
نالیزا تازە کە لە باڵکۆنی ئەو زیندووخۆرانەوە
خۆم سپاردووەتە ئاسمانی ئەوینی تۆ
ئەی تروسکەترینم، تۆش مەڵێ فڕینت وەهمە،
ئاخر دوای تۆ دنیا تۆڕێکە و بە جواندۆزی پینە ناکرێت
دوای تۆ درەختانە چاوەڕێی بەدیهاتنی کابووسەکانم دەکەم
سوێندی تەریبی چاویلکە و پەنجەرەکەم دەشکێنم
نیوەشەوێک
لەو شەوانەی بەقەد نەرمایی گوێت لەناو پرچتەوە
مانگ دیارە
لە لێواری پردێکی سەر سەهۆڵاو بۆت دەنووسم:
ئەویندار ماسییێکە،
هەموو دوڕی دەریا،
بە ماچی قولاپێکی بەتاڵ دەگۆڕێتەوە.