هەڵۆ محەمەد عەلی
هەر کاتێک قەمپاڵ لە یادەوەریم دەدەیت
زمانی شیعرییم ڕاست و چەپ لوشکە دەهاوێت
جیاوازیی لە نێوان دڵی من و ترمزدا:
ئەو ئاڤ بە ساردی دەهێڵێتەوە
دڵی منیش تۆ بە گەرمی دەهێڵێتەوە
لە تەونی جاڵجاڵۆکە سەرنجڕاکێشتر
تەونی ژنە بۆ پیاو
شیعرەکانی من عەبابەسەرن
هەمیشە ماناکانی خۆی
دەشارێتەوە
لە بێژینگم دەیت
کەپەکی یادەوریم
تەنێ تۆیت
جوانیی تۆ
شەقشەقەیەکە
هەمیشە دڵمی لە گریان
پێ ژیر دەکەمەوە
خەنی لە خۆیان
ئەسپێیەکانی سەرت
بە خوێنی شیرینت
لێوەکانیان سوور دەکەن
تەزووی کارەبا
ئاوی بۆیلەر گەرم دەکات
تۆیش
خوێنی دڵی من
تۆ وەک گریز
زیکە زیک
بە ماشێنی شیعریم ناهێڵی
من و ئیسفەنج
یەک چارەنووسین
ئەو ئاوکێش و منیش خەمکێش
ناوەکەت هەچە لە زمانم دەکا
دڵم ناوکی کەوتووە
سەربەند و ناوبەند و دوابەندی نێو حەیرانێک
بە پانکەی بنمیچێکەوە دەتریقێنەوە
زەڕینی کەر
سکاڵای گوێچکەکانە
هەر کاتێک خەیاڵم تەنگاو دەبێ
یەک تەشتە شیعری دەکات
هێرشبەرێکی هێندە جوانی
هیوایەتمە بەردەوام گۆڵچی تۆبم
ستوونی شیعرەکانم
لە ئاغای دامە دەچێت
بۆیە هەمیشە
بەسەر پشتی شیعری ئافرەتاندا
بە سواری دەمێنێتەوە
لەمەودوا
زمانم وەک سوپانە
ماشێنی شیعری کوردی
تەعمیر دەکاتەوە
بە بینینت
دڵم سەرچۆپی دەگرێ
چاوەکانیشم گاوانی
حەزم دەکرد
هاندێك
یان تیڤییەکەی ماڵێتان بومایە
بۆ ئەوەی بەردەوام
نیگام بکەی
شاعیری بوێر ئەو کەسەیە
کە دۆخینی شیعری بەزی
نابێت شەرم لە عەیبوعاری بکاتەوە