سوپا هەمزە – دابان عەتار
لە زمانی گڕ نەگەیشتی
لە دووکەڵ خۆڵەمێش جێ نامێنێت
خۆری شەو شکاوە، بووە بە هەزار ئەستێرەوە
وەک بای سەرگەردان، لە سۆراغ ناسرەوی
تا ئەوسەری چاوەڕوانی، پرسیاری،
لە خۆتدا وێڵ، بە شوێن خۆتدا
تۆ لە ڕێیەکی بزری
گۆمێکی چاوەڕوان، بە باڵای قامیشدا هەڵدەزنێ
لە شەونم، لە نەمانی ماسییەکەت دەپرسی
خەمی پڕ تەمی ماتەمی، لە پانتایی دەشتدا دەڕێژێ
دەنگی تینووی کڵاوکوڕەی حەسرەتی
بە بادا بۆ هەوری پەنهان دەنێرێت
هەگبەت پڕە لە بارانی بزربوو
لە بەهاری نەهاتوو
لە هاواری لە دەنگ کەوتوو
لاولاوێک، بەم هەموو چاوە مۆرەوە
ئاڵاوەتە چاوەڕوانیت.
***
بۆچی نەهاتیی، لە نەهاتنتەوە دەپێچی؟
تا کەی یادەوەریم وەک پۆستە بە چاوەڕوانی دەسپێری؟
ڕێگا وەک قژت درێژ
مەودات خستە نێوان دێرەکانەوە
تا ئاسمان لە زەویم هەڵاتی
وەک شەوەزەنگ خۆت لە خۆرم شاردەوە
بۆچی فەرهەنگت بە جودایی مینڕێژ کرد؟
بۆچی دەریامت لە خوێوە پێچا؟
ماسییەکانمت لە جۆگەلەکانت ڕەتاند
دێوودرنجت خستە خەونمەوە
بۆچی منت لە پێدەشتی لەبتدا بە سەرگەردانی سپارد؟
ئایا لە وشکەڵانی مندا ئاو دەڕوێ؟
بە جۆگەلەنی خۆتم بسپرێرە
با حیکایەتی قاقڕم گوڵ بگرێ
ئەرێ چی لە چییەوە دێ؟
من یان تۆ
کێ لە کێوە هەڵدەقوڵێ؟
بۆچی گەڕان بەدواتا وەک ئەفسانە
دۆزینەوەت وەک یەقینێکی کەشفنەکراو
دەستلەملانت وەک ئاشتبوونەوەی زەوی و ئاسمان
بزەت وەک بارانی بەهاران
گریەت وەک لافاو، وەک زریان
وەک شێتی شەپۆلی شەوەزەنگ
تەفسیر دەکرێ؟
بینینت وەک بینایی، نابینرێ!
کێ شەڕی کوێریی و ڕووناکیی بۆ وێنا دەکرێ؟
هەستت پێ دەکەم! جەمالت نابینرێ
هەستی پێ دەکرێ
بۆچی و چۆن
گوندم دەکەیت، یان ناکەیت بە شار
نەمامم بە دار
خۆم لە خۆم دەخەیتەوە یان دەمبەی لەبار؟
سنوورمان لادەبەیت،
یان لێکمان دەکەن؛ تەلبەند و دیوار؟
مەوداکان بپسێنە
قەسیدەی دووری بدڕێنە
هەڵاتنەکان بوەستێنە
لەنێو لەپت بمنوێنە
یا لە خۆتدا بممرێنە
یا لە مندا خۆت
لە خۆتدا من
وشەکانمان بلکێنە
سندوقی پۆستەکە بشکێنە
نەهاتن و نەهات بڕوخێنە
خۆت هەڵدە ژووری خوێنمەوە
ڕووباری شیر و هەنگوین بە جەستەمدا بڕژێنە
بە ویستی خۆت
بە ببەیەک بممرێنە
بە یەکی دی
بمژیێنە
بمفرێنە
بمدوێنە
بمڕوێنە
بڵێ ببە و بملاوێنە
بڵێ ببە و بمڕوێنە
لە خاکی خۆت
قاتوقڕم بکە بەباخ
ڕەشم بە سەوزاییت بسپێرە.