نامەیەک بۆ ئەو قوتابییە خەمگینەی کە لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی کۆنمرەی سەدی نەهێنا
ئیسماعیل سابیر
شتەکانت لێ ئاڵۆز ناکەم
لە دونیایەکی ناشریندا
من حەزم بە مۆسیقا بوو
بەبێ ئەوەی وەڵامی ئایندەم لەلا بێ
دەمویست بڕۆم
شەوان چونکە لەبەر پڕخە پڕخی باوکم
خەوم لێ نەدەکەوت
بەڵام چەندی هێنام و بردم
وەک فێرنەبوونی چێشت لە بەشەناوەخۆیییەکاندا
جگە گوێگرتن لە گۆرانی
فێرە ژەنینی هیچ ئامێرێکی مۆسیقا نەبووم.
وەکوو خولیایەک دەمویست ببمە یاریزانی تۆپی پێ
لەپشت بنەماڵە یاخییەکان
شەق لە سیستەم و کۆیلەکان بدەم
کێشم لەبەر ئەوەی زیاد و قورس بوو
نەمدەتوانی وەک ڕۆناڵدۆی پورتوگال
ڕابکەم و
سنوورەکان ببڕم
بۆیە ڕاهێنەری تیپەکەمان
پێشنیاری کرد ببمە گۆڵپارێز
چەند یارییەک
ئاستم لە تیپە میللییەکاندا ئەگەرچی
زۆر خراپیش نەبوو
بەڵام زۆری نەبرد،
دەستێکم
وەک ڕۆحی نەتەوەیەکی داگیرکراو نا
وەک سوپای وڵاتەکەم خراپ شکا.
بە پێی گێڕانەوە دێرینەکان بێ، لە قوتابخانە زۆر زیرەک بووم
بەڵام کێشەکە لەوەدا دەست پێ دەکات
هیچ بەرچاوڕوونییەک لە گوزارشتەکانمدا نەدەبینرا
کاتێک فێری جگەرەکێشان نەبووم
چونکە برادەری خراپ دەورەیان دەدام
لە ڕۆژی تاقیکردنەوەکان
تەنانەت شتەکانم هەموو بیر دەچووەوە
بۆیە کچێکم خۆشویست و
ناویم ئەگەرچی لەسەر دەفتەری وانەکان نەنووسی
بەڵام کاتێک شووی کرد
ئەی بۆچی بیرم نەچووەوە؟
شەقامەکانم خۆش دەوێ
بەڵام لە ترسی بازگە و مەفرەزەکانی مروور
من کاتێک سەیارە لێ دەخوڕم
نیوەڕۆح دەبم
چونکە بە پڕکردنەوەی دوو فایلی یەک لە دوای یەک
تا ئێستایش ناتوانم مۆڵەتی شۆفێری دەربێنم.
هاوسەرگیریم کرد
خێزانەکەمم
تەنانەت لە خەویشدا خۆش دەویست
بەڵام ئەو
لە درەنگانی شەوێکدا
بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە
ڕۆیشت و
جێی هێشتم.
شیعر لە بڕوانامە و وانەکاندا بە تەنیا کردمی بە گەشتیاری زمان
لە شاری جیاواز جیاوازم ڕوانی
درەخت و باڵندەم وەک سەرمایەی ڕۆحی
بە دەوری خۆمدا کۆ کردەوە
وەک ڕۆماننووسێکی لێزان
بیری پیاسەم دەکرد
وەک بەلەمە خنکاوەکان
چونکە خەیاڵاویی بووبووم
سەبارەت بەو کەسەی کە دکتۆرای هێنابوو
باسی ناکەم چ گەمژەیەکی لێ دەرچوو بوو
چونکە هیچی لە مۆسیقای کلاسیک نەدەزانی
پاش تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵە
بە سودفە دیتمەوە
کۆرسی «ژیانێکی سەرکەوتوو»-ی پێشکەش دەکرد
شاهانە دەژیا
شەوان بەڵام وەک نیشتیمانێکی داگیرکراو
لە خۆی دەڕوانی و
بیری لە کوشتنی هاوسەرەکەی
وەک بارگرانییەک دەکردەوە
چونکە بەختەوەر نەبوو
لە بنکەی پۆلیس کاتێک ددانپێدانیان لێ وەرگرت
هەموو ئەمانەی گوت.
٨ ی ٧ ی ٢٠٢٦