سێبەرەكان

0 147

ئازاد بەهین

١
ڕووداوێکی سادەیە
وەک چارەنووسی درەختەکان
مەرگ لە سەرمەوە.

٢
پێڵاوەکانم دەفرۆشم
شیعرەکانم هەڕاج دەکەم
لە برساندا درەختەکان ئاو دەدەم.

٣
جەنگیش تەواو،
بەڵام کوا دێنە ئەژمار
ئەستێرەکانی زستان.

٤
پڕ لە مەزار،
جێیەک کە رۆژێک
ڕێی بەهاران بوو.

٥
ئاخ گۆڕستان…
نزیک دەبیتەوە لە باخمان
بەردەوام و بەردەوام.

٦
ئێمە لە نیشتمان
بۆ جێهێشتن لە دایک بووین!

٧
چاوی بۆ قاچە ونبووەکانی دەگێڕا
ڕێگا ڕۆیشتنی بیر چووبۆوە!

٨
مەنفا
بۆ زستانی پەیوەندییەکان
نیشتمان ئەنبار دەکات!

٩
سێبەرەکەی
پەناگەی باوكم
چەند باقە گەنمی نیوەڕۆ.

١٠
هەڵمی گوێسوانان
لە پەنجەرەی ژوورەکەمەوە
بەهار دەبینم.

١١
دڵت چۆنە؟
زستان کە هات
دەزانی.

١٢
پیاوێک:
لە دوای مردنم ئیتر
بە کۆڵانەکەتاندا تێناپەڕم!

١٣
خۆزگە دڵم لە کۆڵانێک جێ بهێڵم و
بگەڕێمەوە و سەیر بکەم
نەماوە!

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.