کودەتا

0 87

سۆما مەلا

مردن بە پێوە دەڕوات،
ئێمە دانیشتووین و
ژیان لە ناوەڕاستدا وەستاوە
زەوی گوێچکەکانی گیراون و
هەور باڵی شکاوە!
شاخ خەریکی فڕێدانی تفێکی خەستە بۆ
پاککردنەوەی قوڕگی
دارستانەکان خەریکی فڕکردنی کۆکاکۆلان
مرۆڤ خەریکی قووتدانی هەموو شتێکە
ئەو هەموو لووتی فیلە لە کوێ پەیدا بوون؟
خەریکە دەخنکێم!
ئەم شارە هەموو شتێکی قووت دام،
جگە لە ژنبوونم،
کە وەکوو ئاگرێکی بریسکەدار،
لەناو بەفرگرێکی بێ کارەبادا،
سەما دەکات
شارە بێ دەنگەکانم خۆش ناوێن،
وەک گسکی کارەبایی،
هەموو شتێک هەڵدەڵووشن
ئەو شارانەی هاوار دەکەن،
مرۆڤەکانی ناوی زیندوون
زیندووبوون پێویستی بە هاوارکردنە
من قوڕگم گیراوە،
هاوارکردن دەنگەژێی پچڕاوی ناوێت
لێرە هەموو شتێک بە بێ دەنگی هاوار دەکات
تاریکی هەموو شتێکی خواردووە
ڕەنگی سپی لە مێژە ونە،
چاوی پڕ لە ئاگر
دەستی پڕ لە ئاسن
مقاشی پڕ لە سەهۆڵ
سەری پڕ لە بەرد
ورگی پڕ لە کا
قاچی پڕ لە بزمار
دەمی پڕ لە جوێن
گیرفانی پڕ لە مووس
کورسی پڕ لە مرۆڤ
ئاسمانی پر لە دووکەڵ
پڕە لە هاواری ناشیرین،
ئەم شارە پێویستی بە کودەتایەکی بێ دەنگی جوان هەیە!

من مرۆڤێکی کۆنم، ئەوەندە کۆن،
لە ئینجانەیەکی باخچە
هەڵواسراوەکانی بابل بە جێ ماوم
لەسەر باڵی پەپوولەیەکی دارستانەکانی مۆزەمبیق،
دەورانی زەویم تەواو کردووە
بۆ ئەوەی لە تینوویێتیدا نەخنکێم،
لە ناوەڕاستی دەریای سپیدا مەلەم کردووە
لەگەڵ قرشەکان هاوڕێ بووم
تا لەسەفەری خێزانەکەمدا، وەک هاوڕێ بیانناسنەوە
بێز لە گازگرتن و خواردنیان بکەنەوە!
من خۆڵەمێشی بە جێ ماوم،
لە ئاگری زەردەشتەوە بۆ سپیکردنەوەی پیسی ئەم سەدەیە.

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاو ناکرێتەوە.